چۆن چاپی پارە ئەرجەنتین وێران کرد و دەتوانێت ئەوانی دیکە لەناو ببات

دانیال لەکال

و: پژواک کوکەبیان

مەترسیدارترین وشە لە سیاسەتی دراو و ئابووریدا بریتین لە “ئەم کاتە جیاوازە”. هەڵەی گەورەی سیاسەتمەدارانی ئەرجەنتین ئەوەیە کە پێیان وایە هەڵاوسان فرە هۆکارە و هەموو شتێک بە زیادبوونی ژەمی دەستێوەردان چارەسەر دەکرێت.

پێوەرەکانی نرخی بەکاربەر لە ئەرجەنتین لە مانگی نیسانی ٢٠٢٢دا بە ڕێژەی لەسەدا ٥٨ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، کە بە واتای ٢.٩ خاڵ زیاترە لەو گۆڕانکارییەی کە لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوودا تۆمارکراوە. کارەساتێکی ڕاستەقینە. هەڵاوسان لە ئەرجەنتین زیاتر لە شەش هێندە زیاترە لە چاو ئۆرۆگوای، پێنج هێندە زیاترە لە شیلی، هەروەها چوار هێندە زیاترە لە بەڕازیل و پاراگوای کە وڵاتانی دراوسێ ڕووبەڕووی هەمان کێشەی جیهانی دەبنەوە.

نەخێر، هەڵاوسان لە ئەرجەنتین فرە هۆکار نییە؛ تەنیا یەک هۆکاری هەیە: سیاسەتێکی دراوی دەرهێنان و دەستبەسەرداگرتن. چاپکردنی پێسۆ بەبێ کۆنترۆڵ و بەبێ داواکاری. ئەرجەنتین بنکەی دراوی خۆی بە باڵۆن دەکات بۆ دابینکردنی دارایی خەرجییە گشتیەکانی زیادەڕۆیی و هەڵاوسان و وێرانکەر.

تا ئێستا ئەمساڵ بنکەی دراو بە ڕێژەی ٤٣.٨٣% زیادی کردووە، ئەمەش شێتییەکی تەواوە. هەڵاوسانی نرخەکان لەسەدا ٥٨.٢یە.

لە سێ ساڵی ڕابردوودا بنکەی دراو بە ڕێژەی ١٧٩.٧٣% زیادی کردووە و لە ماوەی دە ساڵدا بە ڕێژەی زیاتر لە ١٥٤٣.٨% زیادی کردووە. ئەوە لادانێکی ئابوورییە، نەک “سیاسەتی دراوی گشتگیر” وەک ئەکسێل کیسیلۆف، پارێزگاری بوینس ئایرێس ناوی لێنا.

لە دە ساڵی ڕابردوودا، پێسۆی ئەرجەنتین لەسەدا ٩٩ی بەهای خۆی بەرامبەر بە دۆلار لەدەستداوە. ئەمەش زەوتکردنی سامانی وڵاتەکەیە بە چاپکردنی پێسۆی بێسوود.

زۆرێک لە پیرۆنیستەکانی ئەرجەنتین دەڵێن کە ئەمریکاش بە شێوەیەکی بەرفراوان پارەی خۆی زیاد دەکات و هیچ هەڵاوسانێکی نییە. ئارگیومێنتەکە ناگرێتەوە. بنکەی دراوی ئەمریکا بە ڕێژەی ٩.٩% گەشە دەکات، کە شەش هێندە کەمترە لە ئەرجەنتین، جگە لەوەش ئەمریکاش بەدەست هەڵاوسانی ٨.٥%ەوە دەناڵێنێت. لە لوتکەی زۆری پارەی ئەمریکادا، بنکەی دراو بە ڕێژەی لەسەدا ٢٦.٩ گەشەی کردووە. هەر لەو ماوەیەدا، نرخی ئەرجەنتین سێ هێندە گەشەی کرد- لەگەڵ کەمبوونەوەی خواست لەسەر پێسۆ، لە کاتێکدا خواستی جیهانی و ناوخۆیی لەسەر دۆلاری ئەمریکی گەشەی کرد.

بە کۆی گشتی، لە ماوەی دە ساڵدا لە ئەرجەنتین بە ڕێژەی ٢٣٢٨.٠٩% زیادی کردووە، لە کاتێکدا لە ئەمریکا دوو هێندە زیادی کردووە. بە واتایەکی تر، کۆی دابینکردنی پارە لە ئەرجەنتین لە دەیەی ڕابردوودا بە ڕێژەی زیاتر لە یازدە هێندەی ڕێژەی پارەی ئەمریکا زیادی کردووە. تەنها ڤەنزوێلا شێتییەکی لەو شێوەیەی ئەنجامداوە.

تەنها بیانییەکان نین کە داوای پێسۆ ناکەن یان لە مامەڵە نێودەوڵەتییەکاندا وەری ناگرن، ئەمەش واقیعێکە. هاوڵاتیانی ئەرجەنتین زۆربەی کات دراوی خۆیان وەک یەدەگی بەها و یەکەیەکی پێوانە و شێوازی پارەدان قبوڵ ناکەن.

لە هەمووی دڵتەزێن ئەوەیە کە زۆرێک دەڵێن پێشتر ئەرجەنتین دۆلار کراوە و کاریگەری نەبووە. لە ئەرجەنتین هیچ دۆلارکردنێک نەبوو: فێڵێک هەبوو کە تێیدا ڕاگەیەندرا کە یەک پێسۆ یەکسانە بە یەک دۆلار. وەک چۆن ئەمڕۆ دراوی جێگیر لە بازاڕدا دەکەونە خوارەوە، ئەوەی پێی دەوترێت دۆلارکردن تەنها هەڵەیەک بوو و کاتێک بڵقەکە تەقیەوە، داڕێژەرانی سیاسەت ڕۆیشتن بۆ زیاتر لەناوبردنی هێزی کڕینی دراوەکە.

ئەمریکا ئەم کێشەیەی نییە … هێشتا. هێشتا متمانە بە دۆلاری ئەمریکی دابەزینی نییە؛ لە بەرزبوونەوەدایە و هەر بۆیەش لە ئاستی جیهانیدا بەهێز دەبێت بە بەراورد بە زۆربەی دراوە سەرەکییەکان لە ئاستی جیهانیدا. هۆکاری سەرەکی ئەم بەهێزییە ڕێژەییە ئەوەیە کە بانکی فیدراڵی چاودێری خواستی جیهانی دۆلاری ئەمریکی دەکات و وەک گرتنەبەری ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە لە دژی هەڵاوسان سەیر دەکرێت. بەڵام ئەو هەڵەیەی کە زۆرجار دووبارە دەبێتەوە کە چاپکردنی پارەی بەرفراوان نابێتە هۆی هەڵاوسان لەناکاو بەو کارەساتە کۆتایی هات کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا ڕوویدا. ئەمریکا و ناوچەی یۆرۆ و زۆربەی ئابوورییە جیهانییەکان بڕیاریاندا بە سیاسەتی بەرفراوانی لایەنی خواست، شۆکی دابینکردن چارەسەر بکەن، پارەدارکردنی… زیادبوونی بێ وێنە لە خەرجییەکانی حکومەت بە پارەی تازە دروستکراو، و هەڵاوسان بە توندی بەرزبووەوە.

دۆلاری ئەمریکی زەرەرمەند نییە، چونکە بەدیلەکان خراپترن. گەلانی دیکە یان بە شێوەیەکی شەڕانگێزتر دراوەکانیان چاپ دەکەن یان کۆنترۆڵی سەرمایەیان هەیە و ئاسایشی وەبەرهێنەر و یاساییان نییە. بەڵام نابێت بانکی فیدراڵی لەسەر شانازییەکانی پشوو بدات. متمانە بە دراوێک وەک یەدەگی بەها و یەکەیەکی پێوانە و ئامرازی پارەدان دەتوانێت خێراتر لەوەی کە داڕێژەرانی سیاسەت خەیاڵی دەکەن، نەمێنێت. سیستەمی چێک و باڵانسی ئێستای ئابووری ئەمریکا و سیستەمی دارایی کراوە دۆلاری ئەمریکی وەک دراوی یەدەگی جیهان لە شوێنی خۆیدا دەهێڵێتەوە، بەڵام هەورەکان خەریکە کۆدەبنەوە. لە لایەکەوە سیاسەتمەداران لە ئەمریکا زیاتر بەرگری دەکەن لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی دراوی شەڕانگێزتر بۆ دابینکردنی بودجەیەکی ناگونجاو و بەرزبوونەوەی حکومەت. لە لایەکی دیکەوە هەندێک لە گەلان دەستیان کردووە بە گەڕان بەدوای بەدیلێک بۆ دۆلاری ئەمریکی بۆ فرۆشتنی کاڵاکان. ئەمانە هێشتا هەڕەشەی دوورن، بەڵام نابێت پشتگوێ بخرێن. ڕەنگە خوێنەر پێی وابێت کە ئەرجەنتین نموونەیەکی شێتانەیە بۆ بەراوردکردن لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام زیادەڕەویکردنەکە بە ئەنقەست دەکرێت. تەنها سەیری مێژووی ئەو حکومەتانە بکەن کە پاڵ بە زیادکردنی بودجەی بەرفراوانەوە دەنێن و بە دراوێکی تادێت ناجەماوەریی پارەدار دەکەن، مەترسییەکان بۆ یۆرۆ یان دۆلار زیاتر دیار دەبن. ڕەنگە خوێنەر بڵێت هاوڵاتیانی ئابوورییە پێشکەوتووەکان هەرگیز ڕێگە نادەن شتێکی وا لە نەتەوەکانیان ڕووبدات، بەڵام ئەرجەنتینیش ئابوورییەکی دەوڵەمەند و ئاوەدان بوو کە دەیان ساڵ لەمەوبەر. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا یەکێک بوو لە دەوڵەمەندترین و گەورەترین ئابوورییەکانی جیهان. تێکەڵەیەک لە پارێزگاریخوازی و سیاسەتی دەستێوەردانی پۆپۆلیستی و بڕیاری دراوی شێتانە ئابووریی تێکدا و هەرگیز نەگەڕاوەتەوە.

هەموو ئەو بڕیارە شێتانەیەی سەرەوەی حکومەتەکانی ئەرجەنتین کە باسمان کرد، ئێستا لەلایەن سیاسەتمەدارانی سەرتاسەری ئەمریکا و ئەوروپاوە پاڵپشتی دەکرێن: “بەسەرماندا نابێت” و “ئەمجارە جیاوازە”. جیاواز نییە.

ئیمپراتۆریەتەکان هەمیشە دەکەونە خوارەوە چونکە دەست دەکەن بە لەناوبردنی هێزی کڕینی دراوەکەیان و لەبەر ئەوەی پێگەی ئەوان لە جیهاندا دەڕوخێت لەگەڵ ئەوەی پارێزگاریخوازی و دەستێوەردانخوازی متمانە بە حکومەت و دامەزراوەکانی دەشێوێنێت. کاتێک وێرانکاری دەستی پێکرد، تەنها پرسی کاتە تا هاوڵاتیان دەست بکەن بە پاشەکەوتکردن لە زێڕ یان یەدەگی ڕاستەقینەی بەهای تر. وانەیەک هەیە بۆ هەموو ئەوانەی کە بەرگری لە بەردەوام پاڵنانی سنووری سیاسەتی دراو و ڕێوشوێنی گۆشەگیری دەکەن. کاتێک زۆر پاڵت ناوە، هیچ گەڕانەوەیەک بۆ دواوە نییە.

جەی پی مۆرگان دەیگوت زێڕ پارەی ڕاستەقینەیە و هەموو جۆری تری پارەکان (بە کاغەزیەوە) قەرزە. قەرزکردن بریتییە لە متمانە. کاتێک متمانە لەدەست دەچێت، دراوەکە هەڵدەوەشێتەوە. ئەمە وانەیەکە بۆ هەمووان.

https://mises.org/wire/how-money-printing-destroyed-argentina-and-can-destroy-others

Website | + posts