خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی چیرۆکەشێعری خرتێ

هانا جەهانی

کتێبی خرتێ نووسراوەی فەرید ڕاژین و وێنەکێشی “شەقایەقی نوسرەتیـ”ـیە کە لەلایەن چاپەمەنیی زانستـ”ـەوە بۆ گرووپی تەمەنی ئەلف چاپ کراوە.

ئەم کتێبە، سێهەمین بەرهەمی فەرید ڕاژینە کە بە شێۆەی شێعر نووسراوە.

ئەم چیرۆکەشێعرە بە کورتی ئاوایە : سمۆرەیەک سەرەڕای قسە و وریاکردنەوەکانی دایکی، لە ماڵ دوور ئەکەوێتەوە و ڕێوی و قاڵاو ڕێی پێ ئەگرن و ئەیانەوێت لەگەڵ خۆیان بۆ ماڵی بەرن، بەڵام پەپوولە فریای ئەکەوێت و لە پیلانەکانی ئەو دووانە ئاگاداری ئەکاتەوە و ئەیباتەوە بەرەو ماڵ.

ناوەرۆکی ئەم کتێبە، ناوەرۆکێکی منداڵانەیە و شاعێر، ناوەرۆکێکی هەڵبژاردووە کە لە ژیانی منداڵاندا هەیە و منداڵ بە ئاسانی پەیوەندی لەگەڵ ئەگرێت. زمانی ئەم کتێبەش، زمانێکی سادە و منداڵانەیە و تێکەڵێکە لە زاراوەی ئەردەڵانی و زمانی پێوەر، جگە لە چەند وشە که لەوانەیە لەلایەن گەورەکانەوە پێویستی بە ڕێنوێنی بێت، شاعێر‌ هەوڵی داوە وشەگەلێکی سادە و ئاشنا بەکار بێنێت.

هەڵبژاردنی ناوی کتێب و نووسراوە، کارێکی دژوارە و هەندێک جار لە نووسینی ئەو نووسراوە دژوارترە. ناوی کتێب ئەبێ هەم پەیامی بگەیەنێت و هەم خوێنەر هان بدات بۆ کڕێن و خوێندنەوەی ئەو کتێبە، ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدا دژوارتر ئەبێت کە نووسەر ئەزانێت چەندین نموونەی‌ تری وەکوو کتێبی ئەو هەیە. پێویستە نووسەر هۆشیار بێت و بۆ ئەوەی کتێبێکی سەرکەوتووی هەبێت، ناوێک هەڵبژێرێت کە هەمووان سەرسام بکات.

یەکەم خاڵی سەرنجڕاکێشی ئەم کتێبە، ناوی کتێبەکەیە

بە بینین و بیستنی ناوی “خرتێ” هەر خوێنەرێک ئەزانێت کە ئەمە کتێبێکی منداڵانەیە و بگرە گرووپی تەمەنی بەردەنگیشی پێوە دیارە، “خرتێ” ناوێکی منداڵانە و ئاشنا و شیرینە و بە ئاسانی خوێنەر بەرەو لای خۆی ڕائەکێشێت و لەوانەیە بۆ هەمیشە لە مێشکی منداڵدا بمێنێتەوە.

ئەم کتێبە کتێبێکی وێنەیییە و وێنە و نووسراوە، شانبەشانی یەک، لە سەرەتاوە تا کۆتایی پێکەوە، بە هاوئاهەنگیەکی جوان دانراون و چاوی خوێنەر لەنێوان وێنە و نووسراوەدا ئەگەڕێت و هەروا کە وتراوە ئەبێت وێنە و نووسراوە تەواوکەری یەکتر بن، لەم چیرۆکەشێعرەدا ئەمە بە جوانی نمایش کراوە و وێنە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم کتێبە، بەشێکی گەورەی لە گەیاندنی پەیامی شێعرەکەدا، گرتووەتە ئەستۆ.

لەنێو بنەماکانی شێعردا، یەکێک لەو بنەما سەرەکییانە کە ئەبیتە هۆی گۆڕینی نووسراوەیەکی پەخشان بۆ شێعر یان نەزم، سۆزە. لەم کتێبەدا، ئەمە لە دەسپێکی شێعرەکەدا دەرئەکەوێت و دواتر لە سەرجەم دێڕی شێعرەکاندا بەدی ئەکرێت.

دایک یەکێک لە سەرەکیترین هێماکانی سۆزە لە ئەدەبیات و ژیانی ئاساییدا، ئەم هێما و کاریگەرییەکانی لەسەر کەسایەتییەکان، بە جوانی نیشان دراوە. بۆ نمونە لە لاپەڕەی یەکەمدا ئەڵێ:

خرتێ کە لەخەو هەستا

تا لای دایکی نەوەستا

وتی بە دایکی، دایە

قەینا بچم بۆ کایە

یان لەو کاتەدا کە سمۆرە ون بووە و دایکی بە دوایدا ئەگەڕێ:

کە گوێچکەی دا بە خاسی‌

دەنگی دایکی خۆی ناسی

هاواری خرتێ خرتێ

تائەم بەری ڕووبارتێ

تاکوو دەنگی دایکی هات

بۆ لای ئەو دەنگە هەڵات

سەمبولێکی دیکە کە بەکارهێنراوە، پەپوولەیە. پەپووله هێمای ئارامی و خۆشەویستییە و ئەم هێمایشە بە خۆشەویستییەک کە بۆ خرتێ نواندوویەتی، ڕەهەندی سۆزی ئەم چیرۆکەشێعرەی زەقتر کردووەتەوە.

خاڵێکی‌ تر کە لەم کتێبەدا ئەکرێ ئاماژەی پێ بکرێت، موتیفە(motif)

لەوانەیە مووتیف یەک نیشانەی تایبەت، یەک وێنەی دووپاتەکراو یان نموونەیەکی زارەکی بێت، زۆرێک لەم نیشانەگەلە کە بە هۆی چەندپاتەبوونیانەوە لەناو نووسراوەکاندا بوون بە هێماگەلێکی ئاشنا، هەرچەنده لەوانەیە بە چەندپاتەبوونەوەیان خوێنەر وەڕز بکەن، بەڵام واتاگەلێکی ماناییی بژاردە و تایبەت لەگەڵ خۆیان دێنن. (ازاین باغ شرقی، دکتر پروین سلاجقە، لاپەڕەی ۱۵۱).

یەکێک لەم سەمبۆلانە، سەمبۆلی ئاژەڵ و زیندەوەرانە کە لە ئەدەبیات و بەتایبەت ئەدەبی منداڵاندا، بە زۆری کەڵکی لێ ورگیڕدراوە. ڕێوی یەکێک لە سەمبۆلە ناسراوەکانە و هەموو کاتێک واتای فێڵبازی و پیلانگێڕان بۆ فریۆدانی کەسانی‌ تر لەگەڵ خۆیا دێنێت.

ئەمە هەم ئەکرێت وەکوو خاڵێکی بەهێز بێت و هەم خاڵێکی لاواز، لەبەر ئەوەی خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەدا زۆر بە ئاسانی ئەتوانێت پێشبینی ئەوە بکات کە شاعێر لە چ هێمایەک کەڵکی وەرگرتووە بۆ بەرەوپێشبردنی چیرۆکەکەی.

ئەم کتێبیشە وەک زۆربەی کتێبە چیرۆک و شێعرییەکان کە بۆ منداڵ ئامادە کراون، هەم ڕۆڵ و دەوری فێرکاریی هەیە و هەم بیرۆکەی سەرەکیی نووسینی لەبەر فێرکاری و بەئاگاهێنانەوەی منداڵ لە کارەساتێکی ناخۆشە کە لە کۆمەڵگەدا ڕووبەڕوویان ئەبێتەوە و ئەیهەوێت بەردەنگی ئەم کتێبە، لەو کێشانەی کە بەهۆی نەبوونی دووربینییەوە ڕوو ئەدات ئاگادار بکاتەوە.

بە وتەی نووسەری ئەم کتێبە (فەرید راژین)، هۆشیارکردنەوە و فێرکردنی منداڵ بۆ بڕوانەکردن بە کەسانی بێگانە، ناوەڕۆک و هۆی سەرەکیی نووسینی ئەم کتێبەیە.

ئەدەبیاتی منداڵ، زۆر کات، ئەکرێت بە ئامرازێک بۆ مەبەستەکانی فێرکاری و زۆربەی نووسەران، زۆر جار بۆ فێرکاری لە بوارە جۆراوجۆرکانی ئایینی و ئەخلاقی و … کەڵکیان لە ئەدەبیات وەرگرتووە.

بەڵام نابێت ئەوەیش لە بیربکەین، کاتێک مەبەستی نووسەر تەنیا فێرکاری بێت، نووسراوەکەی ئەچێتە ژێر کاریگەریی ئەو مەبەستەوە و لە جیاتی نووسراوەیەک کە لە دڵەوە هەڵقوڵابێت، ئەبێت بە هەوڵێکی زۆر نووسراوەیەک ساز بکات و ئەو کاتەیە کە بنەماکانی جوانکاریی نووسراوەکە ئەبێتە قوربانیی ڕەهەندی فێرکاری و لەوانەیە تا ڕادەیەک لە چێژ و جوانیی نووسراوەکە کەم بکاتەوە.

Website | + posts