جهستهی دهوڵهتی مۆدێرن
د. عیرفان موستەفا
ئهژدیهاكهی دهوڵهت و دۆخی لهیاسابهدهر
(گفتووگۆ له گهڵ وتاره رهخنهییهكه د. سوهیلیدا)
بهشی یهكهم
سهرهتا دهستخۆشی له د. رێبوار سوهیلی دهكهم بۆ نوسینی ئهو وتار رهخنهیهی كه له بارهی پۆستی (ئهوهی روودادات چییه؟) نوسیوویهتی، ئهوهندهی بیرم بێت یهكهمجاره له دهركهوتهیهكی ههنهكویی سیاسی تایبهت به ههرێمی كوردستانهوه لێكدانهوه بهپێی ئهو بنهمایانهی بكهم كه دهركهوته سیاسی و مێژووی و ئاینی و زمانییهكانی بوونی كوردم له كارهكانی پێشوومدا پێ لێكداوهتهوه. بهواتایهكی تر ئهوه یهكهمجاره كه بهشداری له لێكدانهوهی رووداوه ههنوكهییهكاندا بكهم. بۆیه له لێكدانهوهكهدا دهبێت رهچاوی ئهوه بكرێت كه ئامانجی من له پۆستهكهدا له راستیدا ئهوهندهی ئهوهبوو كه چۆنییهتی كاركردنی سیستهمی كوردبوون له بهرههمهێنانی دهركهوتهیهكی سیاسی بهشهكیدا بخهمهڕوو، ئهوهنده ئهوه نهبوو شیكردنهوهیهكی سیاسی بۆ بارودۆخه ههنكوكهییهكه بكهم.
من ویستم له رێگهی ئهو رووداوهوه كه له بارودۆخێكدا روودهدات نه پهرلهمان بوونی ههیه نه حكومهتیش وهك دهسهڵات بوونی ههیه و تهنها ئهوهیه كه كاری بهڕێوهبهری دهكات و به پێی رێنماییهكان نهك كاری جێبهجێكاری بكات به پێی یاساكان. لهم دۆخهدا حكومهت كاری بهڕێوهبردنه و بهرێوهبردنیش به رێنمایی دهكرێت نهك به یاسا، ئهمهش به هۆی ئهوهوه كه پهرلهمان كارهكانی وهستاوه یاسای نوێ دهرناچێت تا حكومهت دهسهڵاته جێبهجێكارییهكهی مومارهسه بكات كه دهسهڵاتی جێبهجێكاری ئهو لهوهدا ئاشكرا دهبێت كه یاساكان جێبهجێ بكات، بۆیه حكومهت ههیه بهڵام بهبێ ئهوهی دهسهڵاته جێبهجكارییهكهی كارا بێت بۆ ئهو یاسا نوێیانهی كه پهرلهمان دهریان دهكات و دهبێت حكومهت جێبهجێیان بكات.
لهلایهكی ترهوه حكومهتی ناوهندی بۆ كاراكردنهوهی پهرلهمان ناتوانێت دهسهڵاتهكانی خۆی بهكاربهێنێت، چونكه له بنچینهدا پهیوهندی نێوان ههرێم و بهغدا و ههموو پرۆسه سیاسییهكهی عیراق له سهر دیموكراسی ئێتفاقی دامهزراوه، ئهمهش وایكردووه بهغدا بهبێ رێكهوتنی سیاسی نهتوانێت دهسهڵاتهكهی خۆی بهكاربهێنیت بۆ ئهوهی ههڕێم ناچار بكات بهوهی پهرلهمان كارا بكاتهوه. به هۆی ئهو جۆره له پهیوهندییهوه كه له بنچینهوه ههرێم لهگهڵ بهغدا ههیهتی، ههرێم جۆرێك لهسهروهری سیاسی ههیه كه زیاتر له سهرهوهری دهوڵهت دهچێت نهك ئۆتۆنۆمی حكومهتێكی فێدراڵ. جۆری ئهو پهیوهندییه سیاسییهی كه دیموكراسییه ئیتقاقییهكه هێناوهیهتییه ئاراوه، مۆدێلێكی له دهوڵهتداری دروستكردووه، له راستیدا جگه له عیراق له هیچ شوێنێكی دنیادا بوونی نییه و ناتوانین بهراوردیشی بكهین به هیچ دهوڵهتێك له دهوڵهته فیدراڵهكان.
ههرێمی كوردستان به پێی ئهوه دهسهڵاتانهی كه ئهو مۆدیڵه به شێوهیهكی كارهكی پێی بهخشیووه، له راستدا نه دهتوانین وهك ههرێمێكی فیدارڵ پێناسه بكهین، نه دهشتوانین وهك دهوڵهتێكی سهربهخۆ پێناسهی بكهین. ههرێم دۆخێكی نێوانگیری ههم بۆ خۆی و ههم دهسهڵاته ناوهندییهكه عێراق دروستكردووه. ئهمهش دهگهڕێتهوه بۆ سهر له نوێ دروستكردنهوهی دهوڵهتی عێراق دوای نهمانی دهسهڵاتداری عهرهبی سوننه له عێراقدا كه ناسنامه سیاسییهكهی عێراقی دیاریدهكرد. لهبهشی دووهمی باسهكهدا ئهوه رووندهكهمهوه كه چۆن نه حكومهتی بهغدا حكومهتێكی ناوهندییه و نهحكومهتی ههرێمیش حكومهتێكی ناوچهییه سهر به حكومهته ناوهندییهكهیه.
دهوڵهتی عێراق بهر له رووخانی، تایپی دهوڵهتهكه تایپی دهوڵهت-حزب بوو، دهوڵهت-حزب پێكهاتهیهكه له یهكهی سیاسی كه دهوڵهته لهگهڵ یهكهیهمی ئایدیۆلۆجی كه له حزبێكی تاقانهدا بهرجهسته دهبێت و ههموو ئهوانهی له سنوری سیاسی ئهو دهوڵهتهدان ئهگهر ئهندامی ئهو پارتهش نهبن، دهبێت ههڵگری ئایدیۆلۆجیاكهی بن. لێرهشهوه بوو كه سهدام دهیوت ههموو عێراقییهك بهعسییه ئهگهرئهندامی پارتهكهش نهبێت، لهم تایپهی دهوڵهتدا له بری ئهوهی یهكهی كلتوری لهگهڵ یهكهی سیاسیدا پڕاوپڕی یهك بن و ببن دوو رووی یهك دراو، یهكهی ئاریدۆلۆجی لهگهڵ یهكهی سیاسیدا دهبێت پراوپڕی یهك بن و ببن به دوو رووی یهك دراو. ئهم تایپه ئایدیۆلۆجییه دهوڵهت، لهو تایپهبوو له دهوڵهتی مۆدێرن كه یهكه ئایدیۆلۆجییهكهی تۆتالیتاره و یهكه كلتورییهكهی تۆلیتارنییه و رێگهی داوه كه سیستهمی پهرهوهرده ههم به كوردی و ههم به عهرهبی ههبێت. بهڵام دوای دروستكردنهوهی دهوڵهتی عێراق لهلایهن كوردهوه، دهوڵهتی عێراق تایپهكهی له دهوڵهت-حزبهوه نهگۆڕا بۆ تایپی دهوڵهت-نهتهوه، ههرچهنده لهلایهن بهریتانیا و ئهمریكاوه ههوڵێكی وا درا كه تایپهكهی بگۆڕن به تایپی دهوڵهت-نهتهوه، بهڵام به هۆی ههرهشهكانی سهركرده سیاسییهكانی كوردهوه بهوهی كه له پرۆسهی سیاسی عێراق دهكێشێنهوه، ئهوان ناچار كران كه بهپێی ئهو بهرنامه سیاسییه دهوڵهتی عێراق دامهرزرێتهوه كه سهركرده سیاسییهكانی كورد پێشنیاریان كردبوو. ئهوهش تایپێك له دهوڵهتی دروستكرد كه له ناو سیستهمی دهوڵهتی مۆدێرندا بوونی نییه و ناتوانرێت به پێی ئهو سیستهمه لێكدانهوه بۆ تایپهكهی بكرێت. كورد عێراقی ناچار كرد كه دهوڵهتهكه نه به تایپی دهوڵهت-حزب دامهزرێنێتهوه، وهك ئهوهی كه لهسهردهمی بهعسدا ههبوو و له ئێرانی دوای شۆرشی ئیسلامیشدا ههیه و بهردهوامه، نه به تایپی دهوڵهت-نهتهوه عێراق دابمهزرێتهوه كه نموونهكه تایپه ناسیونالیستیهكهی توركیای كۆمارییه.
ئهم تایپه نوێیهی دهوڵهتداری له عێراقدا كه ناونراوه عێراقی فیدراڵ، له راستیدا تایپێكه جیاوازه له دهوڵهته فیدراڵهكانی جیهان كه سهر به دوو تاپیهكهی دهوڵهتی مۆدیرنن. ئهمهش له بهر ئهوهیه لهو دوو تایپهی تردا ئهگهر پهیڕهوی له فیدارڵیزم بكرێت، ئهوه لهو تایپهدا كه دهوڵهت-حزبه ئهگهری ئهوه ههیه كه ههرێمهكان ئۆتۆنۆمی زمانی و كلتورییان ههبێت، بهڵام ئۆتۆنۆمی سیاسییان نابێت، واته ههرێمهكان یهكه سیاسییهكه كهرت ناكهن و بهوهش پهیڕهوی لهو بنهمایه دهكهن كه سهرهوهری دهوڵهت یهكه و نابێت كهرت بكرێت.
لێرهدا دهوڵهت سهروهرییهكهی بهوه له دهستدهدات كه پارته سیاسییهكه كه تاكه نوێنهری یهكه ئایدیۆلۆجییهكهی دهوڵهتكهیه نه ببێت به دوو پارت یان زیاتر. لهم جۆره له فیدراڵیزمدا كه لهو تایپهی دهوڵهتی مۆدیرندا ههیه، سهروهری له یهكبوونی سیاسیدایه كه تاكه پارتێك نوێنهرایهتی یهكه سیاسییهكهی دهكات و دیموكراسی سیاسی لهو دهوڵهتهدا پهیرهو ناكرێت و دهبێت تۆتالیتاریزمی سیاسی پهیڕهو بكرێت. بۆیه رێگه به دروستكردنی هیچ پارتێكی سیاسی نادرێت و به یاسا ئهوه قهدهغهكراوه. له دهستوری ئهو دهوڵهتهدا پارتی حاكم به تاكه پارتێكی سیاسی رهوا پێناسهكراوه و دروستكردنی ههر پارتێكی تری سیاسی مهترسی بۆ سهروهری دهوڵهت دروست دهكات و لهگهڵ دروستبوونی ئهو پارته سیاسییهدا كه لهگهڵ دهوڵهتدا بوون به دوو رووی ههمان دراو، دهوڵهتهكهش به ناچاری دهبێت ببێت به دوو دهوڵهت كه دوو پارتی سیاسی جیاواز تێیدا حاكم بێت. ئهوهی كه دهوڵهتی عێراق به دهوڵهتێكی فیدراڵ پێناسه دهكات، بهم واتایه دهوڵهتێكی فێدراڵ نییه، چونكه عێراقی فیدراڵ تایپهكهی وهك سهردهمی بهعس ئهو تایپه نییه كه تێیدا سهروهری دهوڵهت بهندبووبێت بهو تاقه پارته سیاسییهوه كه لهگهڵ دهوڵهتدا تهماهیكردووه و بوون به دوو رووی ههمان دراو. بهڵكو دهوڵهتێكی كه پهیڕوهی له فرهیی لهسیاسیهتدا دهكات، وهك ئهوهی كه دهوڵهتێك بێت له تایپی یهكهم كه نابێت یهكه كلتورییهكهی كه سهرهوهری دهوڵهت تێیدا چڕبووهتهوه دوولهت بكرێت، واته نابێت فرهیی كلتوری و زمانی تێدا بێت، بهڵام ئهم دهوڵهته ههر به دهستور له یهكه كولتورییهكهشدا پهیڕهوهی له فرهیی دهكات و رێگهی داوه دوو یهكهی كلتوریی سهربهخۆ ههبن. یهكه كلتورییهكهی ههرێمی كوردستان و یهكه كلتورییهكهی ناوهند.
فیدرالیزم له تایپی دووهمی دهوڵهتی مۆدێرندا كه تایپی دهوڵهت-نهتهوهیه، ههرێمهكان ئۆتۆنۆمن بهڵام ئۆتۆنومییهكهیان ئۆتۆنۆومی زمانی و كلتوری نییه، بهڵكوو ئۆتۆنۆمی سیاسییه و پارته سیاسییهكان له ههر ههرێمكدا له ههڵبژراردندا ببنهوه، لهو ههرێمدا حكومهته خۆجێییهكه دادهمهزرێنن، باشترین نموونهی ئهم جۆره له دهوڵهتی فیدراڵ ئهڵمانیایه. ئهڵمانیای دوای نهمانی دیوارهكه بهرلین و یهكگرتنهوهی ههردوو ئهڵمانییهكه كه باكورییهكهیان تایپهكهی تایپی دهوڵهت-حزب بوو و باشورییهكهیان تایپی دهوڵهت-نهتهوه بوو، بوونهوه به یهك و تایپهكهش بوو به تایپی دهوڵهت-نهتهوه. واته ئهڵمانیای باكور دهستبهرداری تایپهكهی خۆی بوو و له یهكگرتهنهوهكهدا تایپی دهوڵهتهكهی ئهڵمانیای باشوری وهرگرت.
لهم تایپهی دهوڵهتی مۆدیرندا كه فیدراڵه نموونه روونهكهی كه پێویستی به شیكاری وهرد نییه، ئهڵمانیای دوای نهمانی دیواری بهرلینه. له ئهڵمانیادا ههرێمهكان فیدارڵن و ئۆتۆنۆمییهكهیان ئۆتۆنۆمی سیاسی و ئابوری و ئیدارییه، بهڵام دهوڵهتی ئهڵمانیای فیدراڵ لهبهر ئهوهی دهوڵهت-نهتهوه یه، ههرێمهكانی له یهكهی كلتوریدا ئۆتۆنوم نین، واته فیداڵیزمی كلتوری كه دهكرێت له تایپهكهی تری دهوڵهتی مۆدێرندا بوونی ههبێت، له ئهڵمانیادا بوونی نییه. بۆ نموونه ههریمێ بایرن ئهگهر بیهوێت زاری قسهكردنه رۆژانهییهكهی بكات به زمانی خوێندن و نوسینی مۆدێرن و سیستهمی پهروهردهی خۆی دامهزرێنێت و بهو زمانه و بهو كلتوره ئیتنییهی خۆیان منداڵهكانیان له قوتابخانهكاندا بخوێنن، ئهژدیهاكهی ناو دهوڵهت خهبهری دهبێتهوه، چونكه بهوه بنهمای سهرهوهری كه له دستوری ئهڵمانیادا جێگیر كراوه، ههتك دهكرێت و ناسیونهكهی كه سهرهوهری ههیه و دهوڵهت له رێگهی سوپاكهیهوه دهیپارێزێت و رێگه به كهرتبوونی نادات، دهبێت به دوو ناسیۆن، ئهو كاته ههرێمهكه وهك نیمچهدهوڵهتێكی لێدێت و دۆخی لیكسمبۆرگ وهردهگرێت. بۆیه دیموكراسی زمانی و كلتوری له ههرێمهكانی ئهڵمانیادا رێپداراو نییه و هیچ ههرێمێك بۆی نییه دهستكاری سیستهمی پهروهردهی ئهڵمانی بكات و ناسیونهكه بكات به دوو ناسیوون. له حاڵهتێكی واشدا بۆ نموونه ئهگهر رێگه بدرێت بایرنییهكان ئیتنییهكهی خۆیان بكهن به ناسیون، ناتوانن له چوارچێوهی دهوڵهتی ئهڵمانیا فیداراڵ بمێننهوه و دهكهونه دهرهوهی ئهو دهوڵهتهوه. ئهو كاته پێویستیان بهوه دهبێت رێكهوتنی نێودهوڵهتی لهسهر دانان به ناسنامه نوێكهی ناسیونهكهیاندا بكرێت و وهك دهوڵهت-نهتهوهیهكی نوێ له سیستهمه نێو دهوڵهتییهكهدا پێناسه بكرێتهوه و بێته رێزی دهوڵهتهكانهوه.
ئهڵمانیای فیدراڵ سهروهرییهكهی لهوهدایه كه یهكه كلتوریی و زمانییهكهی یهك یهكه بێت و ههرێمهكان یهكه كلتورییهكه دابهش نهكهن و نهیكهن به چهند یهكهیهكی كلتوری، ئیتر گرنگ نییه یهكه سیاسییهكه دابهش ببێت بۆ چهند یهكهیهكی سیاسی جیاواز و به پێی ههڵبژاردن چ پارتێكی سیاسی لهو ههرێمهدا بردییهوه حكومهت هی ئهو بێت و ئهو حكومهته نوێیهكه دوای ههڵبژاردن له رێگهی پهرلهمانهوه دروست بكات.
ئهوهی له ئهڵمانیادا یهكه و نابێت ببێت بهدوان تا سهرهوهری دهوڵهت پارێزراو بێت و كهرتنهكرێت، یهكه كلتورییهكهیهتی كه لهگهڵ دهوڵهتدا تهماهی كردووه و دهوڵهتیش دهتوانێت سوپاكهی -كه یهك سوپایه و نابێت به دوو- وهك پارێزهری ئهو سهرهوهرییه بۆ سهركوتكردنی ههر ههوڵێك بۆ كهرتكردنی ئهو سهرهوهرییه، به كار بهێنێت. ئهو دۆخهش كه سهرهوهری دهوڵهت له رێگهی كهرتكردنی یهكه كلتورییهكهوه دابهش دهكات، دۆخێكی له یاسابهدهره و هیچ یاسایهك كه پهرلهمان دهریدهكات نایگرێتهوه. بۆیه لهو دۆخهدا پهرلهمان به مهرسومێك دهسهڵاتهكانی دهدات به سهرۆكی دهوڵهت كه سهرۆكی هێزه چهكدارهكانی دهوڵهتیشه، بهوه رهوایهتی پهیدا دهكات خۆی بڕیار بدات بۆ بهكارهێنانی سوپاكه، لێرهشدا دهسهڵات دهكهوێتهوه دهست ئهژدیهاكهی دهوڵهت و ئهوهی كه له یاسابهدهر و به پهرلهمان و حكومهت چارهسهر ناكرێت له رێگهی بهكارهێنانی سوپاوه چارهسهر دهكرێت. ئهمهش لهو حاڵهتهدا روودهدات كه سهرهوهری دهوڵهتهكه بكهوێته مهترسییهوه. سهروهری دهوڵهتیش له تاقهنهیی یهكه كلتورییهكهدایه كه به ناسیون ناونراوه.
واته دۆخی له یاسابهدهر ئهو كاته بۆ ئهڵمانیا دێته پیشهوه كه سهرهوهرییهكهی بههۆی ئهوهوه دووكهرت بكرێت كه ههوڵ ههبێت بۆ ئهوهی ناسیونێكی تر دروستبكرێت و ناسیونهكهی ناو دهوڵهت كه یهكه كلتورییهكهیهتی بكات به دوو ناسیونی جیاواز و سهربهخۆ، ئیتر ئهوه گرنگ نییه ئهو دۆخه له ناوخۆی دهوڵهتهكهدا دروست دهبێت یان له دهرهوهی دهوڵهتهكهوه دروست دهبێت و له ناو دهوڵهتهكهدا كار لهسهر كهرتكردنی سهرهوهرییهكه دهكات. ههر ههوڵێك له ههر شوێنێكهوه بدرێت بۆ دروستكردنی ناسیونێكی تر، ئهژدیهاكهی دهوڵهت زیندوو دهكاتهوه كه پێویستی به پهرلهمان نییه تا یاسای بۆ دهربكات و پێویستی به حكومهتیش نییه یاساكهی بۆ جێبهجی بكات و دۆخهكه له رێگهی توندووتێری رهواوه كۆنترۆڵ بكات. چونكه ئهمه ناوچهیهكی دهوڵهته كه دهكهوێته دهرهوهی ئهو ناوچانهی كه به یاسا له رێگهی پۆلیسهوه كۆنترۆڵدهكرێن. ئهمه دۆخێكه تهنها له رێگهی ئهو سوپایهوه كۆنترۆڵدهكرێت كه بۆ پاراستنی سهرهوهری دهوڵهت دروستكراوه. سهرهوهری دهوڵهتیش له تاقانهیی یهكه كلتورییهكهدایه و ئهگهر ئهو یهكه كلتورییه ببێت بهدوان، دهوڵهتهكه سهرهوهرییهكهی خۆی لهدهست دهدات.
لهم دۆخی له یاسهبهدهرهدا دهوڵهت بهبێ گهڕانهوه بۆ پهرلهمان و حكومهت و پۆلیس بۆی ههیه سوپا بجوڵێنێت و ئهو ههوڵانه سهركوت بكات كه له سنوری سیاسی دهوڵهتدا بۆ ئهوه دهدرێن ناسیونێكی تر دروست ببێت و یهكه كلتورییهكهی دهوڵهت ببێت به دوو یهكهی جیاواز. لێرهدا ئهو هێزه دهردهكهوێت كه بهر له دروستبوونی دهوڵهت دهوڵهتهكهی دروستكردووه. دهوڵهت به یاسا دروست نابێت و به هێز دروست دهبێت، ئهوهی كه بههێزترینه دهست دهگرێت به سهر جوگرافیایهكی دیاریكراودا و دوای ئهوه خۆی بریاردهدات ئهو دهوڵهتهی كه دروستی دهكات كام تایپه لهدهوڵهت وهرگرێت.
دهوڵهت لهو كاتهدا كه سهرهوهرییهكهی دهكهوێته مهتریسییهوه ئیتر له ناوخۆیدا بێت یان لهدهرهوه، بۆی ههیه بگهڕێتهوه بۆ خاڵی سهرهتا كه خاڵی بهر له وهرگرتنی تایپهكهیهتی و له رێگهی هێزهوه جارێكی تر دهسهڵات بهسهر ئهو شوێنانهدا بگرێتهوه كه كار بۆ ئهوه دهكهن سهروهرییهكهی كهرت بكهن و دهست بۆ ئهو پیرۆزیانهی دهوڵهت بهرن كه بهر له بوونی پهرلهمان و حكومهت لهلایهن ئهو هێزه براوهیهوه بڕیاری لهسهردراوه كه توانیویهتی كۆتای به هێزه نهیارهكانی بهێنێت و خۆی ببێت به تاكه بڕیاردهری ئهوهی چ تایپێك بدات بهو جوگرافیا سیاسییهی كه تێیدا جهنگهكهی لهگهڵ نهیارهكانیدا بردووهتهوه و بووه به خاوهنێكی سیاسی له رێگهی ئهو هێزهوه كه له لهو ناوچانهدا ههیهتی بهبێ ئهوهی هیچ هێزێكی نهیار له بهرامبهرییهوه ههبێت و له بهرامبهر ئهودا بهرگری لهو ناوچهیه بكات و رێگری لهوه بكات بهسهر خاك و دانیشتوانی ئهو ناوچهیهی جوگرافیاكه سهروهری ههبێت. لهم قۆناغهدا هێز سهروهری بهسهر خاك و دانیشتوانهكهیدا دروست دهكات بۆ خاوهن هێزهكه، به مهرجی ئهوهی خاوهنهكانی هێزهكانی تر له بهرامبهریدا كۆڵیان دابێت و دانیان به دۆڕانی خۆیاندا نابێت و به یهكجاری دهستبهرداری ئهوه بووبن كه لهگهڵ ئهو هێزهدا بهرامبهر بنهوه و ببن به نهیاری ئهو خاوهن هێزه و قبوڵی ئهوهیان كردبێت كه تهنها خاوهنی ئهو هێزه خاوهنی هێز بێت و ههر ئهویش خاوهنی سهروهری بێت لهو ناوچهیهدا. واته رازی ببووبن بهوهی كه خاوهنی ئهو هێزه نهیار بێت و به پێچهوانه وهك یارێك دانی پێدا بنێن و هێزهكهی خۆیان رادهستی ئهو بكهن و رازی بن بهوه له بری ئهوان ئهو خاوهن هێزه بۆ ئامانجهكانی خۆی بهكاری بهێنێت.
حاڵهتی له یاسابهردهر ئهو حاڵهتهیه كه مهترسی لهسهر كهرتبوونی سهرهوهری دروستدهكات، ئهم مهترسیهش له دهولهت-حزب دا لهسهر یهكه سیاسییهكه دروست دهبێت و له دهوڵهت-نهتهوهدا لهسهر یهكه كلتوریهكه دروستدهبێت. ئهگهر سوپای دهوڵهتهكه و سهركردهی سوپاكه كه سهرۆكی دهوڵهتهكهیه، له سهركوتكردنهكهیدا شكستی هێنا، هێزه سهركهوتووهكه دهست بهسهر جوگرافیا سیاسییهكهی دهوڵهتدا دهگرێت و بۆی ههیه تایپی دهوڵهتهكه بگۆڕێت و سهروهری له یهكهی سیاسییهوه بگۆازێتهوه بۆ یهكهی كلتوری یان به پێچهوانهوه.
كاتێك دهمانهوێت له دهوڵهتێكی فیدارڵ بكۆڵینهوه، بهر له ههموو شتێك دهبێت بزانین ئهوهی كه ههرێمهكانی ئهو دهوڵهته تێیدا یهكن و جیاواز نین چییه؟ بۆ ئهمهش دهبێت لهوه بڕوانین تایپهكهی تایپی دهوڵه-حزبه یان دهوڵهت-نهتهوه. واته یهكبوونهكهی یهكبوونێكی ئایدیۆلۆجییه و له یهك پارتی سیاسییدایه كه یهك ئایدیۆلۆجیای سیاسی ههیه، یان یهكبوونهكهی زمانی و كلتورییه و لهو یهكه كلتورییهكهدا كه به ناسیون پێناسهكراوه. ئهوهش كه له دهوڵهتدا یهكه و ههمان شته دهبێت یهك سوپاش ههبێت پاسهوانی لهوه بكات كه تاقانهیه و لهوه بیپارێزێت لهناو ئهو سنوره سیاسییهدا -كه دهوڵهت تێیدا خاوهنی سهروهرییه- بكرێت به دوان و شهریكی بۆ قهرار بدرێت. شهریكقهراردان له دهوڵهتی مۆدێرندا ئهوهیه كه خاوهن هێزێك بكهیت به دوو خاوهن هێز، خودایهك بكهیت به دوو خودا، سهرێك بكهیت به دوو سهر. بهڵام دهبێت بزانیت ئهو سهرهی كه نابێت ببێت به دوو سهر و سهرهوهرییهكه لهوهدایه چییه؟ ئایا یهكهیهكی ئایدیۆلۆجییه پارتێك نوێنهرایهتی دهكات یان یهكهیهكی كلتورییه و ناسیونێك نوێنهرایهتی دهكات؟ ئهگهر ئهمانهش نهبوو دهبێت خودایهك ههبێت و سوپا پاسهوانی له تاقهنهبوونهكهی بكات و ههموو ئهوانهی كه له ناو ئهو دهوڵهتهدا جیاوازن لهودا یهك بن و جیاواز نهبن.
نموونه سادهكهی ههردوو تایپهكهی دهوڵهت كه فیداراڵ له ئێستا چین و ئهڵمانیان، نموونه ئاڵۆزهكانیشی ئهمریكا و سویسران. له نێوان ئهو دوانهشدا پێكهاته فیداراڵی نیمچه ساده و نیمچه ئاڵۆز ههن و ههر ههمووشیان به پێی ئهو بنهمایهی كه نموونه سادهكانی پێ شیكرانهوه، دهتوانرێت ئاڵۆزهكانی ئهوانیشی پێ شی بكرێتهوه. بهڵام لیرهدا ناچمه ناو شیكردنهوهی نموونه ئالۆزهكانی پێكهاته فیداراڵه ئاڵۆز و نیمچه ئاڵۆزهكانهوه، بۆ ئهوه پێویسته لهسهر ههریهكهیان مێژووی دروستبوونهكهی بخوێنرێتهوه و دۆخهكانی دوای دروستبوونهكهی و ههڵسوكهوتهكانی له پهیوهندییه نێودهوڵهتییهكاندا ببن به جێگهی بیركردنهوه. بهڵام له كۆتاییدا ههر بهپێی ئهو بنهمایه دهگهین به ئامانج كه دهوڵهتی مۆدێرن دهوڵهتێكی تاكخوداوهندییه و دهبێت خوداوهندێكی تاقانه ههبێت و سوپای ئهو دهوڵهته پاسهوانی تاقهنییهكهی بكات و رێگری بكات لهوهی هاوهڵی له ناو دهوڵهتهكهدا بۆ دروستببێت. ئهم دیوهی دهوڵهتی مۆدێرن كه بنچینهكهیهتی بهپێ یاسای سروشتی دامهزاروه كه یاسای ململانێی نێوان هێزهكانه، ئهوهی كه لهو ململانێیهدا دهباتهوه، ئهوه كه ئهو دهوڵهته دروست دهكات و ئهوه بریار دهدات خوداوهندی دهوڵهتهكه كه تاقانهیه چی بێت و چۆن بهو هێزهی ههیهتی پاساوانی له تاقهنهبوونهكهی بكات. واته ئهوه بڕیار لهسهر ئهوه دهدات تایپی دهوڵهتهكه كام تایپه بێت و چۆن له رێگهی ئهو هێزهوه كه ههیهتی رێگری لهوه بكات تایپهكهی بگۆڕێت به تایپهكهی تری دهوڵهتی مۆدێرن.
ئهم خوداوهنده دهتوانێت سیستهمێكی حوكمڕانی بهبێ هیچ رهوایهتییهك كه له یاسایهكی مهدهنی وهرگیرابێت دامهزرێنیت، واته تهنها رهوایهتی له یاسای سروشتی وهردهگرێت و یاسای سروشتیش یاسای هێزه. بۆیه دهوڵهتی مۆدێرن سهرهتا به جهنگ و توندوو تیژی دروست دهبێت و ئهوهش سنوره سیاسییهكهی دهوڵهت دیاری دهكات یاسای سروشتییه نهك یاسای مهدهنی. بهڵام دوای دروستكردنی دهوڵهتهكه لهلایهن ئهو هێزهوه كه سهركهوتووه بهسهر هێزهكانی تردا و دهستوری بۆ دهوڵهتهكه داناوه و بریاری لهسهر نهگۆڕهكانی دهوڵهت داوه، بهبێ ئهوهی بگهڕێتهوه بۆ هیچ یاسایهكی مهدهنی، پهرلهمان و حكومهت دادهمهزرێت و له لایهن ههمووانیشهوه دهبێت ئهو نهگۆرانه پارێزراو بن كه ئهو هێزه تاقانهیه بریاری لهسهرداون كه نهگۆڕی ئهو دهوڵهته بن، سوپاس تهنها بۆ ئهوه بهكاردههێنرێت كه پارێزگاری له مانهوهی ئهو نهگڕۆانه بكات كه هێزه براوهكه وهك تهوهتهمێك و پیرۆزێك بۆ دانیشتوانی ئهو جوگرافیا سیاسییه پێناسهی كردوونهتهوه. بۆیه ئهو نهگۆڕه پیرۆزانه دواتر ناخرێنه ناو ئهو یارییه سیاسییهوه كه پارته سیاسیهكان له ناو دهوڵهتدا دهیكهن.
دیموكراسی یارییهكه بۆ بردنهوه دۆڕانی ئهو شتانهی كه دهوڵهت بڕیاری داوه یارییهكهیان لهسهر بكرێت. بهڵام نهگۆڕهكانی دهوڵهت نهگۆڕ و تاقانهن و به هیچ شێوهیهك ناخرێنه ناو یارییهكهوه و ئهوانهش یارییهكه دههكهن دهبێت ئهوانه لهلایان پیرۆز بن و به هیچ شێوهیهك بیر لهوه نهكهنهوه كه بیانهێنه ناو یارییهكهوه و بیانكهن به بابهتی بردنهوه و دۆڕان. حاڵهتی له یاسابهدهر لهو كاتهدا دروست دهبێت كه دهست بۆ ئهو نهگۆڕانهی دهوڵهت ببرێت. كاتێك لایهنێك دهست بۆ نهگۆڕهكانی دهوڵهت دهبات و دهیهوێت بیاتگۆڕێت هیچ یاسایهكی یارییهكه نایگرێتهوه. بۆیه خوداوهندهكه ناچار دهبێت به خۆی و سوپاكهیهوه پهیدا دهبێتهوه بۆ ئهوهی ئهو هێزه سهركوت بكات كه دهستی بۆ پیرۆزییهكانی ئهو بردووه. خوداوهندهكه تهنها لهو دۆخانهدا دهگهرێتهوه بۆ یاسای سروشتی و ئهوهی كه بڕیاردهدات سوپا و هێزه و بریارهكهش رهوایهتی له یاسای سروشتی وهردهگرێت كه ئهوهیه ئهوهی بههێزه ئهو فهرمانڕوایه و ئهوهی كه له بهرامبهریدا شكستی هێناوه دهبێت به فرمانهكانی ئهو بجوڵێتهوه.
(گفتووگۆ لهگهڵ رهخنهی یهكهمی وتارهكهی د.سوهیلیدا)
بهشی دووهم-
دكتۆر سوهیلی له یهكهم خاڵی وتاره رهخنهییهكهیدا دهنوسێت: (ئەو نووسوێتى: «ئهوهی روودهدات سهیرترین یاری سیاسییه كه كوردبوون به كارێكتهره سیاسیهكانی خۆی له ههرێمدا دهیكات.» گرنگیی ئەم دەربڕینە لەوەدایە کە نووسەر دەیەوێت لە ڕووداوە سیاسییە ڕۆژانەکان تێپەڕێت و بگاتە بنەمایەکی قووڵتری شوناسیانە و فەلسەفی. بەڵام دەکەوێتە چەندین هەڵەى فەلسەفىى و تیۆرییەوە. وەلێ جیاوازیی من لەگەڵی لە هەمان دەستپێکدا دەردەکەوێت و دەشزانم دوکتۆ بۆخۆى بە سنگێکى فراوانەوە سەرنجەکانم لێوەردەگرێت: ئایا کوردبوون دەتوانێت وەک بکەرێکی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، یان ئەوە مرۆڤ، حیزب و دامەزراوەکانن کە بە ناوی کوردبوونەوە هەڵسوکەوت دەکەن؟ ئەگەر کوردبوون بکەینە هێزێکی سەربەخۆ کە بەبێ ئاگاییی کارەکتەرە سیاسییەکان یارییان پێ دەکات، ئەوا مەترسیی ئەوە هەیە بەرپرسیارێتیی ئەو کارەکتەرانە لە پشت چەمکێکی گشتی و نادیارەوە ون ببێت و وەک بەرزەکى بانان بۆى دەربچن و وڵاتەکەش لە نێو کارەسات و دوولەتبووندا جێبهێڵن. بێنێدیکت ئەندەرسن نەتەوە وەک کۆمەڵگەیەکی سیاسیی خەیاڵکراو پێناسە دەکات؛ ئەمەش بە واتاى ساختەبوونی نەتەوە نییە، بەڵکو نیشاندانی ئەوەیە کە شوناسى نەتەوەیی لە ڕێگەی مێژوو، زمان، وێناکردن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە دروست دەبێت (٢). لەم ڕوانگەیەوە، کوردبوون دەتوانێت چوارچێوەیەکی هاوبەشی واتابەخشین بە سیاسەت بێت، بەڵام بەڵگەی ئەوە نییە کە هەموو هەڵسوکەوتە ناکۆکەکانی سیاسییەکان لە خواستێکی شاراوەی یەکگرتوووە سەرچاوە دەگرن. گفتوگۆی من لەگەڵ د. عیرفان لەسەر ڕەتکردنەوەی گرنگیی کوردبوون نییە؛ لەسەر ئەوەیە کە نابێت شوناسێکى مێژوویی بکەینە جێگرەوەی شیکردنەوەی بەرپرسیارێتیی سیاسی).
ئهوهی لهم خاڵهدا گرنگه و بیانووهكه دهدهات به دهست منهوه كه له بارهی كوردبوونهوه بدوێم ئهوهیه كه كوردبوون به ناسیونالیزم بهراورد بكرێت كه كوردایهتییه. كوردبوون كوردایهتی نییه و جیاوازه له كوردایهتی. دهكرێت كوردایهتی وهك فۆرمێكی كوردیانهی ناسیونالیزم پێناسه بكرێت. بهڵام وهردترین دیاریكردن بۆ كوردایهتی د. عهباسی وهلی دهیكات و دوای ئهوهش دهگات به ئهنجامێكی زۆر سهیر و پارادۆكساڵ، ئهویش ئهوهیه كورد ناسیونالیستی ههیه، بهڵام ناسیونالیزمی نییه. واته ناسیونالیستی كورد ناسیونالیزمی نییه تا وهك بهرنامهیهك بۆ دروستكردنی ناسیونه كوردییهكه پهیڕهوی لێیكات. بهڵام د. وهلی بهداخهوه ئهوه پرسیارهی نهكرد ئهوهی ناسیونالیسته كوردهكان له خهباتهكهیان پهیڕوهیان لێكردووه، ئهگهر ناسیونالیزم نهبووه چی بووه؟ ئایا دهكرێت بهبێ ئایدیایهك یان بهرنامهیهك ناسیونالیسته كوردهكان خهباتی سیاسی بكهن؟ ئهگهر ئهو بهرنامهیه ناسیونالیزم نهبووبێت چی بووه؟ ئهگهر ئایدیاكهی كه ئهو بهرنامهیهی مه بۆ بهدیهێنانی ههیه ئهگهر ناسیونێكی دروستكراو نهبێت، چییه؟ ئهمه ئهو پرسیارانهیه كه له دوای ئهنجامهكهی د. وهلییهوه ههر له ئهنجامهكهوه سهرههڵدهدهنهوه.
كوردبوون ناسیونالیزم نییه، كوردبوون له پێكهاتهی دهوڵهتی مۆدێرندا و لهناو جهستهی ئهو ناسیونانهدا كه ناسیونالیزمی سهردهستی ئهو چواردهوڵهتهیه كه كوردیان بهسهردا دابهشكراوه، وهك هێزێكی ئینترۆپی كار دهكات له بهرامبهر ئهو هێزه دروستكهرهدا كه له پشت ئهو دهوڵهتانهوه وهك هێزێكی خواوهندی راوهستاوه و پاسهوانی دروستكراوهكانی خۆی دهكات.
كوردبوون وهك هێز -نهك وهك سیستهم- لهلایهن ناسیونالیزمی دهوڵهتییهوه، وهك هێزێكی ئینترۆپی دژ بهو هێزه دروستكهره پێناسهدهكرێتهوه. كاتێك ئهو هێزه دروستكهره رۆژههڵاتی ناوین ههڕهمهكیانه پارچه پارچه دهكات و له پارچهكانی كۆمهڵه دهوڵهتێك دروست دهكات و بۆ راگرتنی چهقی هێزه دروستكهرهكهی خۆی له چواردهوڵهتی بههێزهدا كوردبوون وهك هێزێكی بێ ئاراسته و ههڕهمهكی و ههڵوهشێنهرهوه له بهرامبهر هێزه دروستكهرهكهی خۆیدا پێناسه دهكاتهوه و له بهرامبهر خۆیدا رایدهگرێت، ئهمهش بۆ ئهوهیه ئهو ناهاوسهنگییهی پێ بشارێتهوه كه له ناو باڵهخانهی ئهو چوار دهوڵهتهدا ههیه كه لهلایهن ئهوهوه وهك دروستكراوێكی دهستی خۆی دروستیكردوون.
بهڵام دیالێكتییكی نێوان كودربوون وهك هێزێكی ئینترۆپی و تێكدهر لهگهڵ ئهو هێزه دروستكهرهدا كه له پشت ئهو چوار دهوڵهتهوه شاراوهیه، چارنوسی ئهو چوار دهوڵهته به ئاراستهیهكدا دهبات كه لهگهڵ ویستی ئهو هێزه دروستكهره و دروستكراوهكانیدا نایێتهوه، بهڵام له ههمان كاتدا ناچاره بهوهی ئهنجامی ئهو دیالێكتیكه قبوڵ بكات.
لێرهدا دهمهوێت باسی كوردبوون بكهم له پێكهاتهی دهوڵهتی مۆدیرندا وهك ئینترۆپی ناو دیواری ئهو باڵهخانانهی كه له رێگهی هێزێكی دروستكهرهوه دروستكراون و بهردهوامیش چاودێرییان دهكات بۆ ئهوهی له كاتی پێویستدا ئهگهر هێزی ئینترۆپی زیادی كردوو و بوویه هۆی مهترسی لهسهر ستراكچهرهكهیان، هێزی زیاتری خۆی به كاربهێنێت بۆ راگیركردنیان.
لێرهدا دهمهوێت باس له دیالێكتیكی نێوان كوردبوون وهك ئینترۆپی و هێزێكی ههڵوهشێنهرهوهی ههڕهمهكییانه بكهم بۆ ههڵوهشانهوهی ئهو باڵهخانهیه كه له دۆخی دروستكردندایه بۆ دۆخی سروشتی لهگهڵ ئهو هێزی دروستكردنهی دهوڵهتی مۆدێرندا كه هێزێكی دروستكهره و به پێی سیستهمی دهوڵهتی مۆدێرن چوار باڵهخانهی به ناوی دهوڵهتهوه دروستكردووه و بهو ستراكچهرهی كه ستراكچهری دروستكردنی باڵهخانانهیه پهیوهندی نێوان كهرهستهكانی ناو ئهو جوگرافیا سیاسییانهی راگرتووه و پێكهاته پارچهپارچهكراوهكانی كوردیشی وهك كهرهستهیهك له كهرهستهكانی دروستكردنی ئهو چوار باڵهخانهیه بهكارهێناوه،
ئهوهی مهترسی لهسهر ئهو باڵهخانانه دروستكردووه و ئهو هێزه ئینترۆپییهیه كه له ناو ئهو چوارپارچه له كهرهستهدا ههیه كه به ستراكچهرهكه خراوانهته ناو پهیوهندییهوه له گهڵ پارچه كهرستهكانی تردا بۆ دروستكردنی باڵهخانهكانی ئهو چوار دهوڵهته.
كاتێك ئهندازیارهكانی ئهو چوار دهوڵهت له رێگهی هێزه دروستكارهكهوه بهپێ نهخشهی دهوڵهتی مۆدیرن ئهو چوار باڵهخانهیه دروست دهكهن، ئهو پارچانهی كه له جهسته پارچهپارچهكراوهكهی كورد وهریان دهگرن بۆ ئهوهی له دروستكردنی ئهو چوارباڵهخانهیهدا بهكاریان بهێنن، له تاقیكردنهوهی سازی و ناسازی پارچهكانی جهستهی كورددا وهك كهرهسته بۆ دروستكردنی ئهو چوار باڵهخانهیه ئهو هێزه پهنهانهیان بۆ ئاشكرانهبوو بوو، كه وهك هێزێكی ئینترۆپی گهوهره لهو پارچانهدا ههیه. بۆیه پیشبینی ئهوهشیان نهكردبوو كه به هۆی ئهو پارچانهوه له پێكهاتهی ئهو باڵهخانهیهدا، ههمیشه مهترسی له سهر روخانی باڵهخانهكان دروست دهبێت و ئهو هێزی ئینترۆپییهی كه لهو چوار پارچه كهرهستانهی ئهو باڵهخانانهدا ههیه، زۆر بههێزتره لهوهی كه له رێگهی ستراكچهری باڵهخانهكانهوه كۆنترۆڵ بكرێت و وای لێبكرێت لهبری ئهوهی مهترسی بێت لهسهر روخانی باڵهخانهكه و هێزهكهی، به پێی سیستهم له بهرژهوهندی راگرتنی باڵهخانهكهدا كۆنترۆڵ بكرێت. ئهوان به پێی ئهو لێكۆڵینهوه تاقیگهییانهی كه لهسهر ئهو پارچانهی جهستهی كورد كردبوویان، گهیشتبوون بهو ئهنجامه كه هێزی ناو ئهو پارچانه له رێگهی ئاراسته پێدانییهوه كۆنترۆڵدهكرێت و وهك ئیتنرۆپی له جهستهی ئهو باڵهخانانهدا كار ناكات و نابێته مهترسی لهسهر رووخانیان. بهڵام له واقعدا ئهوان به ههڵهداچوون و ئاراستهی هێزی ئهو پارچانه به كۆنترۆڵنهكراوی ماوتهوه و له ههر بارودۆخێكی دیاریكراودا ئهگهر ئهوه ههیه ئاراستهیهك به دژی ئاراستهی راگرتنی باڵهخانهكه وهربگرێت و باڵهخانهكه به هۆی ئهوهوه بڕوخێت.
كوردبوون چییه؟ وهك هێزێك چۆن كاردهكات؟ چون له دیالێكتیكهكهیدا لهگهڵ هێزی دروستكهری دهوڵهتی مۆدێرن یاری بهو كارێكتهره ساسییانهی كورد دهكات كه له قۆتاغێكی دیاریكراوی دیالێكتیكه مێژووییهكهییدا نوێنهرایهتی توخمهكانی پێكهاتهی پارچهیهك له جهستهكهی دهكهن؟ بهبێ ئهناتۆمییهكی وردی ههر پارچهیهك له پارچهكان كه بووهته كهرهستهی یهكێك لهو باڵهخانانهی ئهو هێزه دروستكهره، ناتوانین لهو دیالێكتیكه تێبگهین كه هێزه ئینترۆپییهكهی كوردبوون له ههر پارچهیهكیدا له گهڵ ئهو هێزهدا یارییهكهی خۆی دهكات كه له ناو ئهو باڵهخانهدایه كه ئهو پارچهیهی تێدایه و باڵهخانهكهی راگرتووه.
گێلنهر له كتێبهكهیدا به ناوی (نهتهوهكان و ناسیونالیزم) كه له ساڵی 1983 چاپ بووه -له رێگهی تیۆرهكهیهوه بۆ ناسیونالیزم كه به دروستكهری نهتهوه پێناسهی دهكات له ناو پهروهردهی شوشهییدا كه به پهروهردهی باخچهی ناوی دهبات- دهگات بهوهی ناسیونالیزم له رێگهی پهروهردهوه له قوتابخانه مۆدیرنهكانی توركیادا كورده شاخاوییهكانی وهك روهكێكی شاخاوی هێناوهته ناو باخچه شوشهییهكهی خۆیهوه و كهشو ههوایهكی دهستكردی به زمان و كلتوره تاسیونه توركییهكه بۆ رهخساندوون و رایهێناون لهگهڵ ئهو كهش و ههوا دهستكردهدا. ئینجا زۆر به یهقینهوه پیشبینی ئهوه دهكات ئهو روهكه شاخاویانه كه به ساوایی هێنراوهنهته ناو ئهو ژینگه كۆنترۆڵكراوه زمانی و كلتورییهوه و لهوێ گهوهره كراون، ئهگهر بهرهڵاشیان بكهین ناچنهوه بۆ شاخهكان و له كهش و ههوا سروشتییهكهی شاخهكاندا ناژین. بۆیه هیچ مهترسییهك له سهر ستراكچهری دروستكردنی دهوڵهته-نهتهوهكهی توركیا دروستناكهن و خۆیان رادهستی ئهو ئهمری واقعه دهكهن و دهبن به ئهندامی ناسیونه توركییه. بهڵام رێك ئهوهی كه گێلنهر له ساڵی 1983 پێشبینی كردبوو، دوای چهند ساڵێك پێچهوانهكهی روویدا. لهبری ئهوهی ئهو قوتابیه گهنجانهی كه بهو زمان و كلتوره دروستكراوه له باخچه شوشیهكانی ناسیونالیزمی توركیدا پهرهوهرده كرابوون، هێزه ئینترۆپییهكهی ناویان ئهو ئاراسته وهر بگرێت كه به پێی بهرنامهكه بۆی دانرابوو، ئاراستهیهكی پێچهوانهی وهردهگرێت و ههموویان دهگهڕێنێتهوه بۆ شاخهكان و دهبنهوه به رووهكی كێوی و لهوێ ههناسهی ئازادییان ههڵدهمژن. ئهوهی وایكرد كه پیشبینییهكهی گێڵنهر لهسهر كوردانی باكور رێك پێچهوانهكهی بێتهدی، ئهوهیه كه زانایانی ئهورپی تا ئێستاش كار لهسهر ناسینی كورد دهكهن وهك كهرهستهیهك بۆ دروستكردن، بهڵام ههرگیز ئهو مهعدهنهی كوردیان نهناسیووه تا بتوانن پێشبینی ئهوه بكهن كه له بارودۆخه جیاوازهكاندا هێزهكهی ناوی چ ئاراستهیهك دهدات به جهسته كوردییهكه.
ئهوهی كه كارهساته له ناو رۆشنبیرانی ئێمهدا ئهوهیه كه گێلنهر دهخوێننهوه و ئهم پیشبینییهی ئهو له كتێبهكهیدا دهبینن و دوای ئهوهش له نهوهدهكانی سهدهی پیشوودا ئهوه دهبینن كه پیشبینییهكه پێچهوانهكهی له واقعدا دهبینرێت، پرسیاریان لا دروست نابێت كه بۆ ئهم پێشبینییهی گێلنهر لهسهر كوردی باكور كه به پێی تیۆرهكهی حهتمییهتێكی مێژووییه، بهڵام ئهمه لهلایهن كوڕان و كچانی باكورهوه پێچهوانهكهی دهسهلمێنرێت.
یهكێك له رۆشنبیره دیارهكانی كورد له نهوهدهكاندا له بری ئهوهی ئهم پیشبینییهی گێلنهر و واقعه كوردییهكه رایچڵهكێنێت و له كوردبوونی خۆی رامێنێت، رێك ئهوهی كه گێلنهر له بارهی كوردهوه له شوێنێكی تری كتێبهكهیدا وتوویهتی، وهریدهگرێت و وهك ئایهتی قورعان مامهڵهی لهگهڵ دهكات و ئینشاییهكی دوورودرێژ بۆ سهلماندنی دهنوسێت. له كاتێكدا گێلنهر خۆی ترسی ههیه لهوهی ئهو حوكمه بدات و له ناونیشانێكی فهرعیدا حوكمه دهدات، كه ئهم ناونیشانهیه: (ئهوهی نه دهبوو بیڵێم) بهڵام ئهو رۆشنبیره كه رابهری رۆشنبیرهكانی دوای راپهڕینه، ئهو حوكمهی گێلنهر وهك ئایهت وهردهگرێت و به ئینشاكهی بۆی دهسهلمێنێت كه وایه، حوكمهكهی گێلنهر كه به راراییهوه لهسهر كورد دهیدات و بۆ رواندنهوهی رارایهكهشی حوكمهكه ههر لهسهر كورد نادات و سوماڵیهكان دههێنێت دهڵێت: كورد و سوماڵییهكان له ناوهوه خێڵن و له دهرهوه نهتهوهن. سوماڵییهكان دهخاته پاڵ كورد و یهك حوكم لهسهر ههردووكیان دهدات بۆ ئهوهی راراییهكهی خۆی هێور بكاتهوه، بهڵام ههر به هۆی ئهوهوه دهكهوێته ناو ههڵهیهكی تیۆرییهوه كه پهیوهندی به بنهمای تیۆرییهكهی خۆیهوه ههیه، ئهویش ئهوهیه كه دهبێت دهوڵهت ههبێت جا نهتهوه دروستدهكرێت. ههڵهكهش ئهوهیه سوماڵییهكان دهوڵهتیان ههیه و كورد نییهتی، بۆیه ئهگهر حوكمهكه بۆ سوماڵیهكان راست بێت و به هۆی دهوڵهتهوه لهدهرهوه وهك نهتهوه دیاربن، ئهوه بۆ كورد راست نییه، چونكه كورد دهوڵهتی نییه تا وهك سۆماڵییهكان له ناو دهوڵهتدا خێڵ بێت و له دهرهوهش وهك نهتهوه خۆی نیشان بدات.
ئهو رۆشنبیره كه وتارهكهی لهسهر ناسیونالیزمه له بری ئهوهی لێكدژی حوكمهكهی گێلنهر لهگهڵ بنهما تیۆرییهكهیدا ئاشكرا بكات، یهكسهر دێت دهڵێت گێلنهر بریارهكهی لهسهر كورد ئایهتی قورعانه و ئهوهتا منیش بهڵگهم لایه لهسهر ئهوهی كه كورد له ناوهوه خێڵه و له دهرهوه نهتهوهیه. ئینجا دێت ئینشاییهك لهسهر ئهو خێڵه كوردییانه دهنوسێت كه تهنها له خهیاڵی خۆیدا ههن.
ئهمهم تهنها بۆ ئهوه هێنایهوه باس لهوه بكهم كه كوردبوون وهك هێزێك له لایهن ئهو هێزه دروستكهرهوه دهستهمۆنهكراوه و ئاراستهكهی كۆنترۆڵ نهكراوه، بۆیه له بارودۆخه جیاوازهكاندا چاودێرهكانی ئهو هێزه دروستكهره ناتوانن پێشبینی ئاراستهكانی ئهو جوڵانه بكهن كه كوردبوون به پارچهكانی خۆی له ناو باڵهخانهكانی ئهو چوار دهوڵهتهدا دهیكات. پیشبینییهكهی گێلنهر بۆ كوردی رۆژئاوا ئهگهر بۆ ویلیزییهكانی بهریتانیا یان سوكوتییهكانی بهریتانیا بوایه، به دڵنیاییهوه راست دهردهچوو، یان بۆ نموونه بۆ ئازهرییهكانی ئێران بوایه یان چهركهسهكانی توركیا، یان عهرهبهكانی ئیران و توركیا یان بهلوجهكانی ئێران و پاكستان، راست دهرچوون. بهڵام بۆ كورد پێچهوانهكهی راست دهرچوو.
كوردبوون ئهو هێزهیه كه له دۆخێكی دیاریكراودا جهستهكهی به ئاراستیهك دهجوڵێنێت كه پێشبینی ناكرێت. تهنانهت ئهو كارێكتهرانهش كه خانهكانی جهستهی كوردن، ههر خۆشیان ناتوانن پێشبینی ئهوه بكهن كه كوردبوون وهك هێزێك له بارودۆخێكی دیاریكراودا چ ئاراستهیهك به جووڵهكهیان دهدات. كوردبوون وهك هێزێكی جوڵێنهر بهم جۆره له پهیوهندیدایه له گهڵ خانهكانی جهسته نهتهوهییهكهیدا كه ئهو تاكانهن بهو كوردبوونه كوردن و تاكی نهتهوهیین.
بۆ ئهوه لهوه تێبیگهین كوردبوون وهك سیستهمی پهیوهندی نێوان ئیتنییه كوردییهكان چۆن لهلایهكهوه له رێگهی ئیتنییهكانییهوه -كه كراون به كهرهستهیهك بۆ دروستكردنی ناسیوونهكانی ئهو دهوڵهتانه- كار دهكات و له لایهكی تره یهكبوونه نهتهوهییهكهی خۆی له رێگهی ئهو ئیتنیانهوه دهپارێزێت، پێویستمان بهوه دهبێت لهلایهكهوه له كوردبوون تێبگهین وهك سیستهمی رێكخهری پهیوهندییه نهتهوهییهكانی نێوان ئیتنییه كوردییه جیاوازهكان، له لایهكی ترهوه پێویستمان بهوه دهبێت لهو دیالێكتیكه تێبگهین كه كوردبوون وهك هێزێك ئینترۆپی له رێگهی ئیتنییهكانیهوه دهكهوێته ناو پهیوهندییهكی دیالێكتیكی لهگهڵ ئهو هێزه دروستكهرهی دهوڵهتی مۆدیرندا له ناو ئهو چوار دهوڵهتهدا كه ئیتنییه كوردییهكان له رێگهی دروستكردنی ناسیونهكانی ئهو چوار دهوڵهتهوه دهكات به كهرهستهی دروستكردنی ئهو ناسیونانه. ئهگهر تایپی ئایدلۆجی دهوڵهتی مۆدێرنیش وهربگرێن، ئهوه ئیتنییهكان و خێڵهكان به ناوی سوشیالیزم یان سونییزمهوه یان شیعیزمهوه یان ههر ئایدیۆلۆجیایهكی ترهو ئیتنییه كوردییهكان به پرۆسهی دروستكردندا دهبات بۆ دورستكردنی ئهو یهكه ئایدیۆلۆجییهی كه تایپی دووهمی دهوڵهتی مۆدیرنی لهسهر دامهزراوه. بهڵام ناتوانێت هێزهكهی ناویان كه ئینترۆپییه له ئینترۆپییهوه بیكات به هێزێك كه ئاراستهكهی كۆنترۆڵكراوه.
له خاڵی یهكهمی رهخنهكهی د.سوهیلیدا باس له پهیوهندی كوردبوون به كارێكتهره سیاسییهكانهوه دهكات، دهیهوێت سروشتی ئهو پهیوهندییه كه كوردبوون به كارێكتهره سیاسییهكانهوه ههیهتی دیاری بكهم. رهخنهكهشی لهوهی كه من له پۆستی <ئهوهی روودهدات چییه؟) نوسیومه: «ئهوهی روودهدات سهیرترین یاری سیاسییه كه كوردبوون به كارێكتهره سیاسیهكانی خۆی له ههرێمدا دهیكات.» به پشت بهستن به تیۆرهكهی ئهندرسن گرتووه، تیۆرهكهی ئهندرسن بۆ دروستكردنی ناسیۆن، بنهماكهی به نیسبهت پهیوهندی دهوڵهت و ناسیون ههمان بنهمایه كه گێلنهر بۆ دروستكردنی ناسیون دایناوه و هوبزباوم له كارهكهی خۆیدا بۆ لێكۆلینهوه له ناسونالیزمی نادهوڵهتی جهختی لهسهر دهكاتهوه. بهڵام جیاوازی نێوان گێلنهر و هوبزباوم لهگهڵ ئهندرسندا تهنها ئهوهیه، ئهوان پێیان وایه ئهو كلتور و زمانهی نهتهوه دروستدهكات، ئهو كلتور و زمانهیه كه له قوتابخانه مۆدێرنهكاندا تاكهكانی ناسیوونه دروستكراوهكهیان پێ دروست دهكرێت، بهڵام ئهندرسن پێی وایه كلتورهكه ئهو كلتوره پیشهییه فهرمییه نییه، بهڵكو ئهو كلتوره نوێیهیه كه رۆشنبیران له سهرانسهری جوگرافیای سیاسی دهوڵهتدا له رێگهی گۆڤار و رۆژنامهكانهوه بهرههمی دههێننهوه. واته ئهو كلتوره نییه كه له كتێبی قوتابخانهكاندا چونییهككردنه كلتورییهكهی له رێگهی ئهو وانانه پێ ئهنجام دهدرێت كه دهكهونه ناو بواری زانسته مرۆییهكانهوه، بهڵكوو له رێگهی ئهو ئهدهبیاتهوهیه كه رۆشنبیرهكان و ئهدهبیهكان بهرههمی دههێننهوه و كارێكترهكانی ناو كارهكانیان كارێكتهری نوێی ناو كۆمهڵگان. واته لای گێلنهر كارای دروستكردنی ناسیون مامۆستاكانی قوتابخانه مۆدێرنهكانن، بهڵام كارای دروستكردنی ناسیون لهلای ئهندرسن رۆشنبیرهكان و ئهدیبهكان و ئهو نوسهرانهن كه له رێگهی بڵاو كردنهوه كارهكانیانهوه كلتورێكی هاوبهش بۆ خوێنهرانی ناو چوارچێوهی یهكه سیاسییهكهی دهوڵهت دروست دهكهن و وا دهكهن خهیاڵێكی هاوبهشیان ههبێت و ناسیون وهك كۆمهڵگایهكی خهیاڵكرد له زهینیدا دادهمهزرێنن. ئهوانه به هۆی ئهمهوه ههر ههموویان یهك زهینییهتی هاوبهشیان دهبێت و پاڵهوانهكانی ناو خهیاڵیان ههمان پاڵهوان دهبن . بۆیه كلتوری هاوبهشی ئهوان كلتوری قوتابخانهیی نییه كه ناسیونالیستهكانی مامۆستاكانی قوتابخانه له قۆتاغی بنهرهتییهوه تا قوناغی زانكۆ، بهڵكو ناسیونالیستهكانی ئهو كۆمهڵگا خهیاڵكرده ئهو نوسهرانهن كه رۆمانهكان دهنوسن، ئهو رۆژنامهنوسانهن كه وتارهكانیان له سهر ئهو كارێكتهرانه دهنوسن كه بوونێكی واقعییان ههیه له ناو كۆمهڵگاكهدا و چیتر ئهو كارێكتهرانهی رابردوو نین كه له ناو كتێبه مێژووییهكاندا باسدهكرێن. بهڵام ئهمانه له شوێنێكی دیاریكراوی جوگرافیا سیاسییهكهدا ههن و لهلایهن رۆژنامه نوسهكانهوه و رۆماننوسهكانهوه دهبرێنه ناو نوسینهوه و لهوێشهوه له رێگهی گۆڤار و رۆژنامه و چاپهمهنییهكانهوه پۆستدهكرێن بۆ كۆی تاكه خوێندهوارهكانی ناو كۆمهڵگا مۆدێرنهكهی ئهو دهوڵهته. رۆژنامهكان و چاپهمهنییهكانی تر ئهو ئامرازه كارایهن كه له رێگهیانهوه ئهو چونیهككردنه زمانی و كلتورییه بۆ دروستكردنی ئهو كۆمهڵگا خهیاڵكردهی -كه ناسیوونهكهیه- ئهنجام دهدرێت. ئهندرسن له بنهما تیۆرییهكانی دروستكردنی نهتهوه لهلایهن ناسیونالیزمهوه -كه گێلنهر داینابوون- لا نادات، جیاوازییهكهی لهگهڵ گێلنهر و هوبزباومدا تهنها ئهوهندهیه كه ئهو كلتور و زمانهی ناسیونالیزم یهكه كلتورییهكهی پێدروست دهكات و دهبێت لهگهڵ یهكه سیاسییهكهدا جووت بێت، ئهو زمان و كلتوره مهكتهبییه نییه كه ناسیونالستهكانی، مامۆستاكانی قوتابخانه مۆدیرنهكانن، بهڵكوو ئهو رۆشنبیر و رۆژنامهنوسه ئازادانهن كه وهك نوسهر و ئهدهیب و رۆژنامهنوسی سهربهخۆ كاردهكهن و ئهو زمان و كلتورهی كه دهوڵهت بڕیاری لهسهر ئهوهداوه ناسیونهكهی پێدروست بكرێت، لهلایهن ئهوانهوه دادرێژریهتهوه و چونیهككردنه زمانی و كلتورییهكهی پێ ئهنجام دهدرێت.
كوردبوون وهك سیستهمێك و وهك ئهو هێزهی كه بهو سیستهمه كاردهكات و پهیوهندی نهتهوهییهكانی نێوان ئیتنییه كوردییهكان رێكدهخات، دوور و نزیك پهیوهندی نه به دهوڵهتی مۆدێرنهوه ههیه و نه پهیوهندی به بهیهككردنی ئیتنییهكانیشهوه له ناو ئهو ناسیونهدا ههیه كه ناسیونالیزم به چوونییهكردنی زمانی و كلتوری دروستی دهكات.
بۆیه رهخنهكردنی ئهوهی من ناوم ناوه كوردبوون، له رێگهی ناسیونه دروستكراوهكهی ئهندرسنهوه، كێشه له تێگهیشتن له كوردبوون دروستدهكات وهك هێزێك كه به سیستهمێك پهیوهندییه نهتهوهییهكانی ئیتنییه كوردییهكان رێكدهخات، لهلایهكی تریشهوه پهیوهندی نێوان ئهو هێزهو كارێكتهره سیاسییهكان و ههر كارێكتهرێكی تری ناو جهسته نهتهوهییهكه ناتوانین بهو پهیوهندییه لێكبدهینهوه كه له نێوان ناسیونالیزم وهك هێزێك ههیه لهگهڵ ئهو كارێكتهره سیاسیانهدا كه ناسیونالیزم دهیانكات بهو كارێكتهره نهتهوهییانهی كه دهبێت له كۆمهڵگا خهیاڵكردهكهدا وێنا بكرێنهوه.
بۆ ئهوهی چۆنیهتی كاركردنی هێزی كوردبوون به سیستهمهكهی و پهیوهندی لهگهڵ كارێكتهره سیاسیهكانی كورددا روونبكرێتهوه، دهبێت بگهڕێمهوه بۆ سهرهتاكانی دروستبوونی ههرێمی كوردستان و ئهو رووداوانهی كه لهسهرهتاوه روودهدهن و دوای ئهوهش بێمهوه سهر باسكردنی ئهو پرۆسه دیالێكتیكییهی نێوان كوردبوون و ناسیونه عهربییه سهردهستهكهی دهوڵهتی عێراق له دوای روخانی رژێم و سهر له نوێ دروستكردنهوهی عێراق له رێگهی ههرێمهوه.
ئهوهش كه پاردۆكسه و كوردبوون له ناو سیستهمدا دروستیكردووه، ئهوهیه له ههموو دنیادا دهبێت حكومهتێكی ناوهندی ههبێت تا حكومهتێكی ههرێمی ههبێت كه لهلایهن ناوهندهوه دانپاینراو بێت، بهڵام حكومهتی ههرێم بهر له حكومهتی ناوهندی بهبێ ناوهند و به شێوهیهكی سهربهخۆ ههیه و هیچ پهیوهندییهكی لهگهڵ رژێمهكهی پێشوودا نییه. بهڵام له دوای روخانی ئهو رێژێمه، ئهوهی ناوهند دروست دهكاتهوه ههرێمهكهیه. واته منداڵهكه بهر له باوهكه له دایك بووه و دواتر له منداڵهكهوه باوكهكه دروست دهبێت؟ ئهمه یهكێكه لهو پاردۆكسانهی كه له دیالێكتیكی نێوان كوردبوون و سیستهمی دهوڵهتی مۆدێرندا دروستبوو، واته له بری ئهوهی ناوهند ههرێمهكهی دروست بكات و لهوهوه كه ههمهكییه ئهوه دروست ببێت كه بهشهكییه، رێك به پێچهوانهوه ههرێم ناوهند دروست دهكاتهوه و ئهوهی بهشهكییه ئهوه دروستدهكاتهوه كه ههمهكییه.
د. سوهیلی زۆر به ئاگاییهوه لهو رهخنهیهدا بهراوردهكه بۆ ئهوه ناكات كه رهخنه بگرێت، بهڵكوو بهراوردهكه له نێوان كوردبوون و ناسیونالیزمدا لهوێوه دهكات، كه من بهێنته قسه و ئهو دیالێكتیكه نێوان كوردبوون و ناسیونالیزم بخهمه روو، كه یهكهمیان پهیوهندییه نهتهوهییهكانی نێوان ئیتنییه كوردییهكان له نهتهوهیهكدا رێكدهخات كه كورده و كورد وهك ناسیونێك دروست ناكات، دووهمیان به زمان و كلتوری ئیتنییهك له رێگهی سهركوتكردنی ئیتنییهكانهوه ئیتنییهكی ههڵئاوساو دروستدهكات و ناوی دهنێت ناسیون و زمان و كلتوری ئهو ئیتنییهش ناو دهنێت زمان و كلتوری ناسیون، واته نهتهوه.
كێشهی میتۆدی و تیۆری له خوێندنهوهی دۆخی كورد وهك نهتهوهیهك له رێگهی تیۆرهكهی ئهندرسهنهوه لهوێدا دروست دهبێت، كه كورد نهتهوهیهكی مێژووكرده، بهڵام ناسیونهكهی ئهندرسن كه به كۆمهڵگایهكی خهیاڵكردی ناو دهبات، كۆمهڵگایهكه به ناوی نهتهوهوه دروستكراوه. ئهو تیۆر و میتۆدهی كه ئهندرسن بۆ لێكدانهوهی ناسیونالیزمهكانی ئهمریكای لاتینی كاری پێدهكات ئهگهر بۆ لێكدانهوهی بوونی نهتهوهیهكی دهستكرد یان خهیاڵكرد دهست بدات، ئهوه به دڵنیاییهوه بۆ نهتهوهیهكی مێژووكرد دهست نادات، ناسیونهكهی ناسیونالیزم دهستكرده و نهتهوهكهی كوردبوون مێژووكرده، ئهوهی دهستكرده له رێگهی هێزێكی دورستكهرهوه به سهپاندنی فۆرمێك بهسهر كهرهستهیهكدا دروست دهبێت، ئهمهش له رێگهی بهكارهێنانی فشارهوهیه لهسهر ئهو كهرهستهیه، بهڵام كوردبوون وهك ناسیونالیزم تهختهتراش نییه تهختهڕێكخهره.
…………………..
تێبینی (1): تهختهتاش و تهختهرێكخهر له پهندێكی ههرورامییهوه وهرگیراوه، مهبهست لێی ئهوهیه كه پهیوهندییهكان به زۆر دروست نابن و دهبێت سروشتی ئهو شتانهی كه دهكهونه ناو ئهو پهیوهندییهوه، بۆ ئهو پهیوهندییه سازبن و شتهكان به زۆر سازنهكرێن بۆ ئهو پهیوهندییه. پهندهكهش ئهمهیه: خوا تهختهتاش نیا تهختهرێكوزا. به سۆرانییهكهش ئاوا دهبێت: خودا تهختهتراش نییه و تهختهرێكخهره.
تێبینی دووهم: كورد چۆن نهتهوهیهكی دهستكرد نییه، بێگومان نهتهوهیهكی سروستكردیش نییه، چونكه سروشت نهتهوه دروست ناكات. ئهمهیان بۆ ناسیونالیسته رۆمانسییهكانه كه نازانن ناسیونالیزم چییه و خۆیان به ناسیونالیست دزانن، كهچی لێكدانهوهكانی من به رۆمانسیهت تێگهیشتوون.
بهشی سێههم
بۆ ئهوه سروشتی ئهو دیالێكتیكهی كه له نێوان كوردبوون و دهوڵهتی مۆدێرندا ههیه، به وهردی تێبگهین، دهبێت توێكارییهكی ورد بۆ جهستهی دهوڵهتی مۆدێرن و هێزهكهی و سیستهمی بهكارهێنانی هێزهكهی له رێگهی ئاراستهپێدانییهوه و گۆڕینی بۆ دهسهڵات بكهین. دوای ئهوهش توێكارییهكی ورد بۆ جهستهی نهتهوهی كورد و هێزهكهی و سیستهمی بهكارهێنانی هێزهكه بۆ بهرگریكردن له بوونی خۆی بكهین و ئهوه روون بكهینهوه كه چۆن جهستهی دهوڵهتی مۆدێرن سیستهمهكهی بۆ ئاراستهدان به هێزهكهی و گۆڕینی بۆ دهسهڵات، سیستهمێكه یهك ئاراسته دهدات به هێزهكه، بهڵام سیستهمی ئاراستهدان به هێز له جهسته نهتهوهییهكهی كورددا سیستهمێكه له یهك كاتدا چهند ئاراستهیهك دهدات به هێزهكهی و له رێگهیهوه بهرگری له بوونی خۆی دهكات.
ئهگهر جهستهی دهوڵهتی مۆدێرن هێز به پێدانی یهك ئاراسته بگۆڕێت بۆ دهسهڵات و زاڵبوون به سهر ئهوهدا كه دهیگۆڕێت به ئهویتری خۆی یان به واتا شمیتیهكهی دهیكات به دوژمنی سیاسی خۆی، ئهوه هێز له جهسته نهتهوهییهكهی كورددا به وهرگرتنی ئاراستهی جیاواز و -له حاڵهتی پێویستیشدا ئاراستهی پێچهوانه- لهلایهن سیستهمی كوردبوونهوه هێزهكهی دهكات بههێزێكی بهرگریگریكار كه پارێزگاری له بوونی جهسته نهتهوهییهكهی خۆی دهكات، بهبێ ئهوهی ئهویتر بگۆڕێت بۆ دوژمنی سیاسی خۆی. بۆیه دهبێت توێكاری بۆ ههر دوو جهستهكه و سیستهمی بهكارهێنانی هێز له ههردوو جهستهكهدا بكهین و ئهو جیاوازییه بنهڕهتییه دیاری بكهین كه له نێوان جهستهی نهتهوهیهكی بێدهوڵهت و كۆمهڵه دهوڵهتێكی بێنهتهوهدا ههیه.
كێشهكهش له بنچینهدا پهیوهندی به كیشهیهكی لۆجیكییهوه ههیه، ئهویش ئهوهیه ئایا دهوڵهت هی نهتهوهیه یان نهتهوه هی دهوڵهته؟ ئایا سهروهری هی نهتهوهیه یان سهروهری هی دهوڵهته؟ ئایا نهتهوه بوونی دهوڵهت رادهگرێت یان دهوڵهت بوونی نهتهوه رادهگرێت؟ ئهگهر دهوڵهت بوونی نهتهوهی راگرت، له كاتی نهمانی دهوڵهتدا نهتهوه دهمێنێت یان كۆتایی پێدێت؟ ئهی ئهگهر نهتهوه بوونی دهوڵهتی راگرت ئایا به نهمانی دهوڵهت نهتهوه كۆتایی پێدێت یان نهتهوه دهمێنێتهوه و دهتوانێت فۆرمێكی تری دهوڵهتداری بۆ خۆی دامهزرێنێتهوه؟
هێگڵ جارێك وتی: ئهوهی عهقڵییه واقعییه و ئهوهش واقعییه عهقڵییه. كاتێك ئهوهی واقعییه عهقڵییه لهسهر بنهمایهكی لۆجیكی مرۆیی دامهزرابێت نهك لهسهر بنهمای لۆجیكی سروشتی كه لرجیكی هێزه، بهپێی بنهمای لۆجیكه مرۆییهكه دهوڵهت هی نهتهوهیه و نهتهوه هێ دهوڵهت نییه، بهڵام له دهوڵهتی مۆدێرندا نهتهوه نهك ههر هی دهوڵهت نییه، بهڵكو دهوڵهت خۆی وهك خواوهندێك نهتهوهكه بۆ خۆی دروستی دهكات، ئهوهش دروستكهری شتێكه خاوهنی راستهقینهی ئهو شتهیه. بۆیه دهوڵهتی مۆدێرن لهسهر ئهوه دامهزراوه كه نهتهوه هی دهوڵهت بێت نهك به پێچهوانهوه، ئهمهش پێچهوانهی ئهوهیه كه لۆجیكه مرۆییهكه داوای دهكات. بۆیه ئهوهی كه لۆجیكه مرۆییهكه داوای دهكات ئهوهیه كه دهوڵهت ئهو فۆرمه سیاسییه ههبێت كه بوونی ئهو نهتهوهیه سیاسیانه دهركهوتی تێدا دهكات. واته دهبێت سیستهمی دهوڵهتداری ههمان سیستهمی پهیوهندییه نهتهوهییهكانی نهتهوهكه بێت، نهك به پێچهوانه. بۆیه دهوڵهتی مۆدێرن له بنچینهدا بوونێكی واقعی نییه، چونكه بوونی بهپێی لۆجیكی هێز دامهزراوه نهك لۆجیكه مرۆییهكه.
بوونی دهوڵهتی مۆدێرن ئهمری واقعه، ئهمری واقعیش بهرهههمی ململانێی هێزهكانه و گۆڕینی ئاراستهی هێزه لاوازهكانه له لایهن بههێزترینیانهوه بۆ ههمان ئهو ئاراستهیهی كه بههێزترینهكه ههیهتی. ئهمهش له راستیدا بهتاڵه له لۆجیكی مرۆیی و یاساكهی كه كاری پێدهكات یاسایهكی تهواو سروشتییه نهك عهقڵانی، مهبهست له یاسای عهقڵانی ئهو یاسایهیه كه پهیوهندییه مرۆییهكانی جیهانی مرۆیی رێك دهخات، نهك ئهو یاسا سروشتییانهی هێز كه پهیوهندییهكانی بوونهوهره مادییهكان رێكدهخات، واته ئهو پهیوهندییان نێوان یهكه سیاسییهكان لهسهر بنهمای لۆجیكه مرۆییهكه دانهمهزارون و لهسهر بنهمای لۆجیكی هێز دامهزراون، له كاتێكدا دهوڵهت بوونێكی مرۆڤكرده و سروشتكرد نییه. ئهم كێشه لۆجیكییه به هۆی به سیاسیكردنی زمان و كلتورهوه له زمانی ستانداردیشدا ههیه كه پێمان دهڵێت زمان پێوهری نییه و پێوهر زمانی ههیه، له كاتێكدا ئهوهی عهقڵانییه ئهوهیه كه زمان پێوهری ههیه و رێزمانهكهیهتی، نهك به پێچهوانهوه كه پێوهر زمانی ههبێت. به ههمان شێوه ئهوهی ناونراوه زمانی ستاندارد پهیڕهوی له ئهمری واقع دهكات و له رێگهی ململانێی نێوان هێزهكانهوه دروست بووه، كه ههمیشه (بههێزهكه) ئاراستهكهی (بێهزهكه) نهرێ دهكات و ئاراستهكهی خۆی پێدهدات و دهیكات به بهشێك له خۆی، زمانی ستانداریش ئهو زمانه (بههێزه)یه كه ئارساتهكهی خۆی دهدات به هێزی ههر زمانێك كه له گهڵیدا له ململانێدایه و نهرێی ئاراستهكهی دهكات و دهیكات به بهشێك له خۆی و ناوی دهنێت دیالێكێت. دیالێكت هیچ نییه جگه لهو زمانه بهزیووهی كه له ململانێدا لهگهڵ ئهو زمانهدا كه سوپای دهوڵهت له پشتییهوه ههیه بهزیووه. ئهو كێشه لۆجییكییهش لهو شوێنهدا سهر ههڵدهدات كه یهكهكی كلتوری دهبێت به شوینكهوتهی یهكهی سیاسی پێكهاتهی دهوڵهتی مۆدێرندا كه پێكاهاتهیهكه له یهكهیهكی سیاسی و یهكهیهكی كلتوری، یهكهمیان به یاسایی سروشتی كاردهكات كه یاسای هێزه و دووهمیان به یاسای مرۆیی كار دهكات كه یاساكانی ویسته ئازادهكهی مرۆڤه. بهڵام پهیوهندی ئهو دووانه له پێكهاتهكهدا پهیوهندی ئهوهیه كه سروشتییه بهوهوه كه مرۆییه، لێرهشدا ئهوهی سروشتییه بوونی ئهوه دیاری دهكات كه مرۆییه، له كاتێكدا دهبێت پهیوهندییه لۆجیكییهكه پێچهوانهی ئهمه بێت و ئهوه مرۆییه ئهوه بدرێته پاڵی كه سروشتییه. لێرهشدایه كه نهتهوه دهبێت به هی دهوڵهت و زمان دهبێت به هی پێوهر، كه ئهمه بهپێی بنهما لۆجییهكییهكهی دانهپاڵ پێچهوانهكه راسته. ئهمه وهك ئهوه وایه بڵێین مرۆڤ هی خانووه و خانوو هی مرۆڤ نییه، بهڵام ئهوهی لۆجیكییه ئهوهیه كه خانوو هی مرۆڤه و مرۆڤ هی خانوو نییه.
ئهمهش ئهوه دهگهیێنێت له پێكهاتهی دهوڵهتی مۆدێرن لۆجیكی سروشتی كه پهیوهندییه ناچارییهكانی نێوان بوونهوهره سروشتییهكان رێكدهخات لۆجیكی زاڵه نهك لۆجیكی مرۆیی كه پهیوهندییه بهویستهكانی نێوان بوونهوهره مرۆییهكان رێكدهخات. كه لۆجیكی جیهانه سورشتیهكهیه تێدا زاڵه بهسهر لۆجیكی مرۆیی كه پهیوهندییه بهویستهكانی ناو جیهانی مرۆیی رێك دهخات. واته دهوڵهتی مۆدێرن پێكهاتهیهكه ئهوهمان نیشاندهدات توخمه سروشتیهكهی زاڵه بهسهر توخمه مرۆییهكهیدا.
ئهگهر بهپێی نهتهوهكان دهوڵهتهكان ههبوونایه ئهو شهڕهپشیلهی كه ناونراوه نهخشهی سیاسی دهوڵهتهكانی رۆژههڵاتی ناوهراست بوونی نهدهبوو، ئهو لۆجیكه سروشتیهی هێز رێگه بهوه بدات بۆ نموونه كوێت یهكهیهكی سیاسی بێت -به واته شمیتیهكهی- بهڵام به ئهمری واقع رێگه نهدرێت كورد دهوڵهتی خۆی ههبێت، له كاتێكدا بهر له دروستبوونی دهوڵهتی مۆدێرن كوێت یهكهیهكی بهڕیوهربهری بووه و بههاكهی ههمان به های ههڵهبجه بووه، بهڵام كاتێك دهوڵهتهكانی رۆژههڵاتی ناوین دروست دهبن، كوێت دهبێت به یهكهیهكی سیاسی و بههاكهی له سهر روقعهی شهترنجهكه دهگۆڕێت بۆ بههای ههر یهكهیهكی سیاسی كه روایهتی ئهوهی ههیه یارییهكه لهسهر روقعهی شهترنجهكه بكات.
سهدام حسین له یارییهكهی خۆیدا ههڵهبجهی كیمیابارن كرد ئهمه پێی یارییه سیاسیه ناوخۆییهكهی دهوڵهت جووڵهیهكی سیاسی رهوا بوو، بۆیه مرۆڤایهتی لێی بێدهنگ بوو، بهڵام كاتێك هێرشی كرد بۆ كوێت ههموو سیتسهمهكه جوڵاند و هێزهی سیستهم ئاراستهی رێژێمهكهی سهدام حسین كرا و كۆتایی پێهات. ئهمه ئهگهر شتێكمان پێ بڵێت ئهوه دهڵێت كه دهوڵهتی مۆدێرن به یاسا سروشتییهكان كار دهكات كه یاسا جهبرییهكانی هێزن له ناو جیهانی سروشتدا نهك به یاسا عهقڵانییهكانی جیهانه مرۆییهكه. ئهگهر به یاساكانی جیهانه مرۆییهكه كاری بكردایه كیمیابارانكردنی ههڵهبجه كاراساتێكی گهوهری جیهانه مرۆییهكه بوو، نهك داگیركردنی كوێت.
دوای راپهرێن و كۆڕهوه مرۆییهكهی باشور پشتوێنێكی بهرگری به رێككهوتنێكی نێودهوڵهتی دروستكرا، ئهمهش له ژیر فشاری كۆمهڵگا مهدهنییهكانی جیهاندا دروستكرا. ئهو سنورهش كه به لۆجیكه مرۆییهكهی كۆمهڵگا مهدهنییهكان وهك پارێزبهندێك بۆ كوردی باشور دروستكرا، ئێمهی باشوریی كردمان به یهكهیهكی سیاسی به ناوی ههرێمی كوردستانهوه. ههرێمی كوردستان له بنچینهوه سنوره سیاسییهكهی بهرههمی ململانێی هێزهكان نهبووه، بۆیه جهستهیهكی سیاسی نییه كه به یاسا سروشتییهكانی هێز كار بكات، بهڵكوو جهستهیهكی سیاسی جیاواز كه بوونی لهسهر بهرگری دامهزراوه، نهك لهسهر هێز و ئهمری واقعی هێز.
ئهوهش كه پهیوهندی دهوڵهتی عێراق به ههرێمهوه رێك دهخات، ئهوهیه كه ههرێم مافی بهرگری ههیه لهو سنوره سیاسییهی كه رێكهوتنی نێودهوڵهتی لهسهر كراوه، بهڵام وهك سنوری سیاسی دهوڵهتێك نا، بهڵكو وهك پارێزبهندییهكی نێودهوڵهتی بۆ رێگریكردن له دهوڵهتی عێراق كه هێزهكهی بهرامبهر خهڵكی مهدهنی بهكاربهێنیت. ئهوهی ئێمه خۆمان گۆڕیمان به یهكهیهكی سیاسیی كه لهسهر بنهمایهك كه ههمان ئهو بنهمایه نییه دهوڵهتی عێراق و دهوڵهتهكانی تری دنیا ههیانه. ئێمه مافی ههڵگیرساندنی جهنگمان لهگهڵ عێراق و له گهڵ هیچ وڵاتێكی دهرهاوسێدا نییه، بهڵام مافی بهرگریكردنمان لهو پارێزبهنده مرۆییه ههیه، ئهگهر له بهرامبهر دهوڵهتی عێراقیش بێت.
ههڵهی ریفراندۆم ئهوه بوو، ئهو سنورهی كه له بنچینهدا پارێزبهندێكی نێودهوڵهتی مرۆییه بگۆڕێت بۆ سنورێكی سیاسی كه ههر دهوڵهتێك له دنیادا ههیهتی. ئهویش له رێگهی ئهمری واقعهوه. ئهو ئهمری واقعهی كه له جهنگی داعشدا دروستبوو و پێشمهرگه لهو جهنگهدا چووه دهرهوهی پارێزبهندییه نێودهوڵهتییهكهی ههرێم و ئهو ناوچانهی كه دهكهونه ناو سنوری سیاسی عێراقهوه وهك هێزێك تێیدا دامهزرا و سهرۆكی ههرێم ئهمهی به ئهمری واقع دانا كه له دهرهوهی سنوری پارێزبهندییهكه له رێگهی هێزهوه حكومهتی عێراق ناچار بكات دهستبهرداری ئهو ناوچانه ببێت بۆ ههرێم و ماده دستورییهكانی ناوچه ناكۆكی لهسهرهكان له رێگهی هێزهوه چارهسهر بكات. لێرهدا حكومهتی ههرێم هێزهكهی خۆی له بهرگریكردنهوه گۆڕی بۆ ئهو جۆره له هێز كه دهوڵهتی مۆدیرن رهوایهتی بهكارهێنانی ههیه و به یاسای سروشتی كار دهكات. بهڵام لهم كاتهدا كۆی سیستهمهكه دژی كورد وهستا و حكومهتی عێراق رهوایهتی وهرگرت كه هێز بجوڵێنێت بۆ بهدهستهێنانهوهی ئهو ناوچانهی كه له سنوری سیاسی خۆیدا ههن، بهڵام ئهم هێزه تا ئهو شوێنه جوڵێنرا كه سنوری پارێبهندییهكهی ههرێمی كوردستانه. ریفراندۆم ههڵهیهك بوو پێویست بوو بكرێت، بۆ ئهوهی خۆمان لهوه تێبگهین، سنوری ههرێمی كوردستان سنورێكی جیاوازه له سنوری سیاسی دهوڵهتێكی وهك كوێت، ههر له سنوری دهوڵهت جیاواز نییه بهڵكو له سنوری ههرێمه فیدارڵهكانی ناو دهوڵهتهكانیش جیاوازه. واته سنوره سیاسییهكهی نه له جۆری سنوری ههرێمه فیدارڵهكانی ناو دهوڵهته فیداراڵهكانه و نه له جۆری سنوری سیاسی دهوڵهتهكان. بهڵكو جۆرێكه له سنوری سیاسی كه نێوانگیره، لهلایهكهوه له سنوری سیاسی دهوڵهتهكان دهچێت و لهلایهكی ترهوه له سنوری سیاسی ههرێمه فیدراڵهكان دهچێت و بهڵام هیچیشیان نییه.
ئهو سروشتهی كه ئهو سنوره سیاسییهی ههرێم ههیهتی سیستهمی كوردبوون پێیداوه و لهوێشهوهیه كه بوونێكی نێوانگیری ههیه له نێوان سنوری سیاسی دهوڵهت و سنوری ههرێمه فیداڵهكانی ناو دهوڵهت كه دهكرێت سیاسی بن به واتایهكی جیاواز لهو واتایهی كه سنوری دهوڵهتهكه سیاسییه، دهشكرێت سیاسی نهبن و یهكهیهكی بهرێوهربردنی ئۆتۆنۆم بن.
كارل شیمت به وردی له كارهكهیدا به ناوی (چهمكی سیاسی 1927) ئهو دوو جۆره له سنوری جیا دهكاتهوه، واته سنوری ههرێمی فیداڵ و سنوری سیاسی دهوڵهت. بهڵام سنوری ههرێم به هیچ یهكێك لهو دوو واتهیه سنورێكی سیاسی نییه و بهڵكو جۆرێكه له سنوری سیاسی كه له نێوان ئهو دوو جۆرهیه له سنوری سیاسی كه دهكرێت له دۆخێكدا وهك جۆرێكیان خۆی نیشانبدات و وابزانرێت سهر بهو جۆرهیه و له دۆخێكی تردا به جۆرهكهی تر خۆی نیشانبدات كه وا بزانرێت سهر بهو جۆرهی تریانه. بهڵام له راستیدا سهر به هیچ لهو دوو جۆره نییه و جۆرێكی سهربهخۆیه، كه بهپێی تیۆری نێوانگیری دیاری دهكرێت، تیۆری نێوانگیری ئهو تیۆرهیه كه له كۆی دهركهوتهكانی بوونی نهتهوهیی كورد دهكۆڵێتهوه و توانای ئهوهی ههیه دهركهوته ناكوردییهكان یان ساختهكانی ئهو بوونی نهتهوهییه له درهكهوته راستهقینهكانی جیا بكاتهوه، ئهویش له رێگهی شیكردنهوهی سروشتی ئهو دهركهوتهیهوه كه بهپێی تیۆرهكه دهخرێته ناو تاقیكردنهوه. ئهگهر ئهو دهركهوتهیه سروشتێكی نێوانگیری ههبوو، دهركهوته راستهقینهكهی بوونه نهتهوهییهكهیه و ئهگهر سروشتێكی جهمسهرگیری ههبوو، دهركهوتهیهكی ساختهی ئهو بوونه نهتهوهییه. دهركهوتهی ساختهش ئهوهیه كه له جهسته نهتهوهیهكهدا دهردهكهوێت، بهڵام دهركهوتهی بوونی خۆی نییه و دهركهوتهی بوونی ئهویترێكه و له جهستهكهدا دهركهوتووه. نێوانگیری مۆركی سیستهمی كوردبوونه و له ههر دهكهوتهیهكی دهدات كه سهرچاوهی له بوونی نهتهوهیی كوردهوه گرتبێت.
ئیمانوئیل كانت وهك كارل شمیت بیركردنهوهی نهچووه دهرهوهی سیستهمی دهوڵهتی مۆدێرن و لهوێوه لهو سیستهمه رامێنێت كه پهیوهندی نێوان دهوڵهتهكان به پێی ئهو سیتسهمه مۆدێرنه رێكدهخات، كانت له كارهكهییدا به ناوی (پرۆژهی ئاشتییهكی جیهانیی بهردهوام)، له دهوڵهتهكان راما بهپێی بنهما ناوهكییهكهی كاركردنی ئهو دهوڵهتانه. ئهو كارهی ئهو بنچینهیهك بوو بۆ دامهزارندنی پهیوهندییه مهدهنییهكانی نێوان دهوڵهتهكان نهك پهیوهندییه سیاسییهكانی نێوان دهوڵهتهكان. بهڵام كارڵ شمیت وهك فهقیهێكی دهستوری و یاسایی توانی بچێته دهرهوه سیستهمه جیهانییهكهی دهوڵهتی مۆدێرن و لهوێوه له دهوڵهت رامێنێت و ئهوهی كه ئهوانیتر له بارهی دهوڵهتی مۆدێرنهوه بوێری ئهوهیان نهبوو بێڵێن، ئهو پهرده لهسهر ههڵماڵی، بۆیه دوای سهدهیهك بهسهر سێ كاره گرنگهكهیدا، ناو بهناو لهگهڵ گۆرانی بارودۆخه سیاسییه نێودهوڵهتییهكاندا گهرانهوه بۆ ئهو كارانه ههیه و ئهوهی كه روودهدات بنهماكهی له كارهكانی ئهودا دهدۆزرێتهوه.
بۆ تێگهیشتن لهو پهیوهندییه دیالێكتییكییه نێوان كوردبوون و سیستهمی دهوڵهتی مۆدێرن له عێراقدا دهبێت سهرهتا توێكاریهكی (ئهناتۆمی) جهستهی دهوڵهتی مۆدێرن بكهین و دوای ئهوهش توێكاری جهستهی نهتهوهیی كورد بكهین كه بهرامبهر دیالیكتێكییهكهی جهستهی دهوڵهتی مۆدێرنه، ئینجا دهست به شیكردنهوه (ئهنالیزه)ی پهیوهندییه دیالێكتیكییهكهی نێوانیان بكهین، كه له بنچینهوه پهیوهندی دیالێكتیكی نێوان جهستهی دهوڵهتێكی مۆدێرنی بێ نهتهوهیه لهگهڵ جهستهی نهتهوهیهكی بێدهوڵهتدا.
بۆ توێكاری جهستهی دهوڵهتی مۆدێرن، دهگهڕێنهوه بۆ ئهو بنهما ئهوپهڕێنهی دهوڵهتی مۆدێرن كه كارڵ شیمت به هۆی ئهوهوه توانی له دهرهوهی سیستهمی دهوڵهتی مۆدێرنهوه له دهوڵهتهكه رامێنێت، دۆزیهوه و فهلسهفه سیاسییهكهی خۆی لهسهری دامهزراند.
كاتێكی سهرقاڵبووم به نوسینی كتێبی (بوونی نهتهوهیی كورد 2010) ئاگاداری كارهكانی كارڵ شمیت نهبووم، ئهمهش لهبهر ئهوه بوو من سهرقاڵبووم بهو دیالێكتیكهوه كه له نێوان كوردبوون ناسیونالیزمدا ههیه، بۆ ئهمهش پێویستم به مهرجهعهكانی تیۆرییهكانی ناسیونالیزم ههبوو نهك مهرجهعه تیۆرییهكانی دهوڵهتی مۆدێرن. ئهمه هۆكارێك بوو كه وایكرد ئاگاداری كارهكانی كارل شمیت نهبم. جگه لهوهش سێ كاره بنچینهییهكهی ئهو دوای بڵاوبوونهوهی چاپی یهكهمی كتێبی (بوونی نهتهوهیی كورد) وهرگیڕدراون بۆ سهر زمانی عهرهبی. منیش زمانی خوێندنهوهی ئهو سهرچاوانهم عهربییه.
چوارساڵێك لهمهوبهر له رێگهی بهرنامهیهكهوه كه له گهڵ د. عهباسی وهلیدا سازدرابوو، بۆ یهكهمجار كارل شمیت سهرنجی راكێشام، ئهویش به هۆی ئهوهوه بوو كه د. وهلی لهو بهرنامهیهدا باسی له بۆچوونهكانی شمیت كرد له بارهی سهرهوهرییهوه. ههر ئهو كاته مهسهلهی سهروهری بوو به بابهت لهلام و ههستم بهوه كرد كێشهی كورد به پلهی یهك لهگهڵ دهوڵهتی مۆدێرندا -نهك لهگهڵ ناسیونالیزمدا- له گهڵ بنهمای سهرهوهریدایه له دهوڵهتی مۆدێرندا.
دوای ئهوه دهستم به كاركردن كرد لهسهر مهرجهعه تیۆرییهكانی دهوڵهت و له هۆبزهوه دهستم به خوێندنهوهیان كرد. بهرنامهم بۆ ئهوه دانا كه دهست به نوسینی كتێێك بكهم له بارهی كێشهی كورد و دهوڵهتی مۆدیرنهوه. ههوڵیشمدا بیكهم به كۆسیمنارێك به ئۆنلاین، چوار زنجیره لهو كۆسیمناره تۆمار كراو و بهڵام تهنها یهكێكیان له زانین بڵاوكرایهوه و دوای ئهوه كارهكهم دوا خست و نهمتوانی بهردهوام بم. كه گهڕمهوه بۆ كوردستان دهستم به كۆرسێك كرد له بارهی پهروهردهوه و دوای ئهوهش دهستم به پرۆژهكهی خۆم كرد له بارهی كوردبوونهوه و بوارێكی ترم وهرگرت ئهویش بواری فهلسهفه بوو، واته دهستم بهكار كرد لهسهر دهركهوته فهلسهفییهكانی كوردبوون. ئهمهش كارهكهمی لهسهر كورد و دهوڵهتی مۆدێرن دواخست بۆ دوای ئهو كاره. بهڵام وتاره رخنهییهكهی د. سوهیلی بانگهێشتێك بوو بۆ ئهوهی تێڕامانهكانم لهسهر كێشهی كورد و دهوڵهت له رێگهی ئهم گفتووگۆیهوه بكهم به نوسین و ببێت به سهرهتایهك بۆ ئهو كارهی كه دواتر له سهر كیشهی كورد و دهوڵهت دامناوه بیكهم. بۆیه لێرهدا كاتی ئهوهم نابێت تێرامانهكانم له فۆرمێكی ئهكادیمدا پێشكهش بكهم، بهڵام تێرامانهكانم له بارهی دهوڵهتی مۆدێرنهوه -نهك له بارهی كوردبوونهوه- بنهماكانی له مهرجهعه تیۆرییهكانی فهلسهفهی سیاسیدا ههن و دواتر له لێكۆڵینهو ئهكادیمییهكهدا ئاماژه بهوه بنهمایانه دهكرێت كه لهو مهرجهعه تیۆرییانهدا ههن. لێرهدا ههر ئهوهندهم پێدهكرێت كه بهرههمی تێرامانهكانم لهو مهرجهعه تیۆرییانه بخهمه روو.
دهمهوێت ئاماژهش بهوه بدهم له ساڵی (2009-2010) له كۆنفرانسێدا له زانكۆی سهلاحهدین له گهڵ گهروه ئینترۆپۆلۆجیستی فهرهنسی (مۆریس گۆدلییه) كه جێگرهوهی كورسیهكهی لیفی شتراوس بوو، مشتومرێكی له نێوانماندا روویدا و داوای ئهوه كرد كه مایكهمهم لێ بسێنرێت، مشتومڕهكه له بنچینهدا لهسهر ئهوه بوو، كه لێكۆڵهره فهرهنسیهكان كه لهگهڵیدا هاتبوون له باسكردنی مێژووی عێراقدا باسی یهك مێژوویان دهكرد كه مێژووی ناسیونالیزمی عهرهبی-سوننهیه و لێكۆڵهره كوردهكانی خۆشمان تهنها بهڵێیان بۆ دهكردن و منیش به تهنیا خۆم پێداگریم لهسهر ئهوه دهكرد كه دوو مێژوو له عێراقدا ههیه، مێژوویهك كه مێژووی كورده و مێژوویهكی تر كه مێژووی دهوڵهتی عێراقه به ناسیونالیزمه عهربییه سونییهكهیهوه. دواتر لهو پانێڵهدا كه گۆدلییه خۆی قسهكهری سهرهكی پانێڵهكه بوو، باسهكه چوویه سهر دهوڵهت و موشتومڕهكه كهوته نێوان من و گۆدلییه، له باسكردنی ئهوهدا كه دهوڵهتی مۆدێرن له مهسهلهی سهروهریدا پهیڕهوی له هامان سیستهمی دهمارگیری دهكات كه خهلدوون بۆ دروستكردنی دهوڵهته پریمۆدێرنهكان دهستنیسانی كردووه، گۆدلییه وهك دۆخی ئهو كۆڵۆنیالیسته ئهكادیمییه وهرگرتهوه كه له ههشت ساڵ له ناو شاخهكانی بابواسیا ژیا بۆ ئهوهی جلوبهرهكه خێڵهكییهكانیان بگۆڕێت به جلوبهرگی مۆدێرن و تیر و شیرهكهی دهستیان بگۆڕێت به چهكی مۆدێرن و له دهوڵهتێكدا بكه كۆڵۆنیزه دهكرێت به ناوی غینیای نوێوه، ئهو موعجزهی دروستكردنی نهتهوهیه لهو خێڵانهدا له لایهن دهوڵهتهوه ببینێت كه هێشتا به تیروكهوان له نێوان خۆیان جهنگ دهكهن. ئهو وهك كۆڵنیالیستێك له بهردهممدا قوت بوویهوه و به شێوازێكی زۆر دیكتاتۆرانه داوایكرد مایكهكهم لێ بسێنن، ئهمهش بۆ بێدینگكردنی ئهو دهنگی كوردبوونه بوو له ناومدا كه دهیویست بدوێت. ئهوه توشی شۆكی كردم، شوكێك كه له بهرئهنجامی ئهوه دروست دهبێت له پڕ شتێك له بهردهمتدا له دۆخێكهوه بگۆڕێت بۆ دژهكهی، دواتر بیرم لهوهكردهوه گۆدلییه بۆ وایكرد. بۆ له ناو گۆدلیهدا دكتاتۆرێك هاته دهنگ و منی بێدهگ كرد. ئهو له راستیدا لهو كاتهدا خۆی له ناو خێڵه غینیهكاندا بینییهوه و پێشبینی ئهوهی نهدهكرد كه یهكێك له ناو ئهو هۆڵهدا ههبێت و ئهوهی به خۆی بهرهوا بینینبێت كه بیر بكاتهوه و به بیركردنهوهی ئهوی كۆلۆنیالیزكهر بیرنهكاتهوه. واته ئهو پێشبینی ئهوه نهدهكرد كه زهینێك له هۆڵهكهدا ههبێت كه پێشتر به بیركردنهوهكهی ئهو كۆڵۆنیزه نهكرابێت. ئهوه نهیدهتوانی لهوه تێبگات كه كورد كۆڵۆنیزه نهكراوه و كۆڵۆنیزهش ناكرێت. ههر له ناو ئهو هۆڵهدا پرۆفیسۆر حهمید بوز ئهرسلانم ناسی و زانیسم كه پرفیسۆر هیشام داد كوردێكی فهیلهییه. دوای ئهوهی مایكهكیان لێ سهندم من دانهنیشتمهوه و چومه دهرهوه و هۆڵهكهم ماڵهكهی خۆمم كه زانكۆكهم بوو بۆ میوانه فهرنسییهكان جێهێشت، بهڵام ئهوهی روویدا جگه لهوهی كه له بیركردنهوهی خۆمدا وهك داڕمانی باڵهخهنهیهك روویدا، هیچی له هۆڵهكهدا دروستنهكرد و ههر ئهوا به ئاسایی ئهوان گهڕانهوه سهر قسهوباسهكانی خۆیان.
دوای ئهوه بریارم دا ئهوهی كه ئهو ویستی بێدهنگی كا بواری بۆ سازبكهم ئهوه بڵێت كه گۆدلییه منی بێدهگ كرد بۆ ئهوهی نهیبیستێت. بوونی نهتهوهیی كورد له بنچینهدا بهرههمی گفتووگۆ تهواونهكراوهكهی نێوان من و گۆدلییه بوو. ئهمه بۆیه باس دهكهم بۆ ئهوهی باس له ساتهوهختێكی تێرامانم بكهم له دهوڵهتی مۆدێرن، كه بینینی ئهو هێزه سهركوتكارهیه كه له گۆدیلیهدا وهك پیاوی دهوڵهت و وهك زانایهكی گهوهرهی ئهنترۆپۆلۆجیا دهركهوت رێك له ناو دهوڵهتی مۆدیرندا بینیم. بینیم دهوڵهتی مۆدیرن بنهماكهی دیموكراسی نییه، بهڵكو بنهمای هێزه، واته دهوڵهت بهر له دروستبوونی له رێگهی دیكتاتورییهتی هێزهوه دروستدهبێت، بهڵام ئهوهی سهیره له ناو خۆیدا پهیڕهوی له ئازادی و دیموكراسی دهكات. بۆ نموونه له تایپی یهكهمیدا ئازادی سیاسی ههیه و ئازادییهكی راستهقینهشه، بهڵام ئهوهی سهیره ئهوهیه ئهو دیموكراسییه لهسهر بنهمایهك دامهزراوه كه دیكتاتوریهته. ئهم پاردۆكسه سهیره یهك ههفته له نوسین رایگرتم. كه بینیم ههستم به دیوه ترسناكهكهی دهوڵهتی مۆدێرن كرد.
له كتێبی بوونی نهتهوهیی كورد دا به وردی باسم لهم پارادۆكسه سیهیره كردووه. بهڵام ئهوهی كه پێی گهیشتم لهراستیدا له رێگهی تێرامان له دهوڵهتی مۆدێرنهوه پێی نهگهیشتم، بهڵكو له رێگهی تێرامان له ناسیونالیزمهوه پێی گهیشتم. بهڵام بیرم لهوه دهكردهوه بۆچی دیموكراسی وهك بنچینهیهك پێویستی به دیكتاتوریهتێكی پێشینه ههیه؟ نیتشه وتهنی ئاخر چۆن دهبێت چاكه له خراپه بكهوێتهوه. چۆن دهبێت دیموكراسی له دیكتاتورییهوه پهیدا ببێت. لهوێدا ئهوه تێگهیشتم كه لۆجیكی كوردبوون ئهم پاردۆكسه قبوڵ ناكات.
چوار ساڵێك لهمهوبهر كه سهرقاڵبووم به مهرجهعه تیۆرییهكانی فهلسهفهی سیاسییهوه و دواتریش كه لاهوتی سیاسی كارل شمیتم خوێندهوه، ئهو دیوهی دیمهنهكهشم بینی كه پێشتر له تێرامانهكانم له ناسیونالیزم نهمبینیبوو، ئهمهش وایكرد بگهم بهوهی كه كتێبی بوونی نهتهوهیی كورد تهنها دیوێكی دیمهنی دیالێكتیكهكهی نێوان كوردبوون و دهوڵهتی مۆدێرنی نیشانداوه و دیوێكی تری ئهم دیالێكتیكه ماوه نیشانی بدات كه دیالێكتیكی نێوان كوردبوون یهكه سیاسییهكهی دهوڵهتی مۆدێرنه نهك یهكه كلتورییهكهی. له رێگهی ئهم گفتووگۆیهوه دهوراوزهیهك بۆ خستنهرووی ئهو دیالێكتیكه دهخهمه روو و دواتر ئهگهر تهمهن باقی بوو ئهو دیووهی دیالێكتیكهكهش له كتێبێكی وهك بوونی نهتهوهیی كورد دا كه ببێت به بهرگی دووهمی ئهو كاره نیشان دهدهم.
لێرهدا ویستم ئهوه روون بكهمهوه، ئهوهی كه له وتاره كورتهكهی (ئهوهی روویدا چییه؟) وتم وهك د.سوهیلیش له وتاره رهخنهییهكهیدا ئاماژهی پێداوه، تهنها وتارێكی كورت نهبوو بۆ وهروژاندنی ههست و سۆز و یان شیكردنهوهیهكی سیاسی بۆ بارودۆخهكه، بهڵكو نیشاندانێكی خێرایی پهیوهندییه دیالێكتیكییهكهی نێوان كوردبوون و دهوڵهتی مۆدێرن بوو.
له بهشی چوارمهوه دهست به توێكاری جهستهی دهوڵهتی مۆدێرن و جهسته نهتهوهییهكهی كورد دهكهم، له رێگهی ئهو بنهمایانهوه كه له بهشی یهكهم و دووهمی ئهم باسهدا كارم پێكردوون. دوای ئهوهش ئیتر بزانین تێرامانهكان بهرهو كوێمان دهبهن و گفتووگۆكه به كوێ دهگهیێنین. خاڵه رهخنهییهكانی د. سوهیلی زۆرینهیان له بارهی ئهو مهسهلانهوهن كه لێرهدا كاریان لهسهر دهكهم و دواتریش به پێی ئهوهی كه لێرهدا دهیكهم، خاڵ به خاڵی رهختهكان وهڵام دهدرێتهوه. دوای ئهوهش چاوڕێی درێژهدان به گفتووگۆكه دهبین له رێگهی رهخنهكارییهكانی د. سوهیلییهوه، كه منی پهلكێشكرده ناو ئهو گۆكه قووڵهوه كه له ئێستادا نهمدهویست مهلهی تێدا بكهم.
(ئهو لینكهی كه له كۆمێنت دامناوه، لینكی یهكێكه لهو چوار سیمنارهی كه لهسهر دهوڵهت بوو و لهم نوسنهدا باسكرا. بهداخهوه سێ سیمنارهكهی تر پهخش نهكران و پهخشیش ناكرێن)
بهشی چوارهم
دهوڵهتی مۆدێردن له سهر سێ بنهما دامهزراوه، بنهمای فیزیۆلۆجی و بنهمای سۆسیۆلۆجی و بنهمای تهشریعی (یاسای) . ئهم سێ بنهمایه له سیاسیهتی تیۆریدا -كه پێشدهكهوێت بهسهر دروستبوونی دهوڵهتی مۆدێرن و سیاسهته پڕاكتكییهكهیدا- له ناو كاره فهلسهفییهكانی (تۆماس هۆبز 1588-1679 و (جۆن لۆك 1632-1704) و (دیڤپد هیوم 1711-1776) دا دهدۆزرێنهوه. واته دوو سهدهی پێدهچێت تا ههرسێ بنهماكهی دروستكردنی دهوڵهتی مۆدێرن دهكهونه بهردهست.
تۆماس هۆبز بنهمای یهكهم دادهنێت كه بنهمای هێزه و لهوه دهكۆڵێتهوه چۆن دۆخی بهر له دهوڵهت -كه دۆخی جهنگی ههمووه لهگهڵ ههموو- كۆمهڵه ویستیێك ههن كه هێز بهسهر جهستهكانیاندا دابهشبووه و ههریهكهیان له ململانێی زاڵبوونێكی زیاتردا بهسهر جهستهكانی تردا هێزهكهی خۆی به ئاراستهیهكی دژ به ئاراستهی هێزهكانی ویستهكانی تر بهكاردههێنێت بۆ زاڵبوون بهسهر ویستهكانیاندا و گۆڕێنی ئاراستهی هێزهكانی جهستهكهیان بهو ئاراستهیه كه خۆی داویهتی به هێزهكهی خۆی و جهستهكهی خۆی پێدهجوڵێنێت.
له جهنگی ههموو دژ به ههموودا رهوایهتی ههیه بهڵام یاسا نییه. واته ههموو ویستێكی خاوهن هێز و خاوهن جهسته، رهوایهتی ئهوهی ههیه هێرش بكاته سهر جهستهیهكی تر و ویستی ناو جهستهكه نهفی بكاتهوه و هێزی ناو جهستهكه لهگهڵ هێزهكهی خۆیدا بكاتهوه بهیهك هێز و جهستهكهش لهگهڵ جهستهكهی خۆیدا بكاتهوه به یهك و ههر ئاراستیهكی دا به هێزهكهی خۆی له ههمان كاتدا بیشدا به هێزه ئاوێتهبووهكه به هێزهكهی خۆی و جهستهكهش كه لهگهڵ جهستهی خۆیدا كردوویهتییهوه بهیهك به ههمان ئاراستهی جهستهكهی خۆی بیجوڵێنێت.
له ململانێی دوو هێزدا له دۆخی بهر له دروستبوونی دوڵهتدا، ئهوهی كه توخمه زاڵهكه له توخمه بهزیووهكهدا نهفی دهكاتهوه، نه هێزی توخمه بهزیووهكهیه و نه جهسته مادییهكهیهتی، بهڵكوو ئهو ویستهیه كه لهو جهسته بهزیووهدا بهر له بهزینهكهی به سهربهخۆ ئاراسته دهدات به هێزی ناو جهستهكه و جهستهكهی پێ دهجوڵێنێت.
بنهماكهی هۆبز له بنچینهدا بنهمایهكی فیزییكییه بۆ جووڵهی تهنهكان، به پێ ئهم بنهمایه، تهنێكی وهستا و تهنێكی جوڵاو كاتێك بهر یهك دهكهون له جهستهی تهنه جوڵاوهكهدا هێزێك ههیه كه ئاراستهی داوه به جهستهی ئهو تهنهجوڵاوهی كه بهرهو تهنه وهستاوهكه دهجوڵێت، كاتێك دهگات به تهنه وهستاوهكه، تهنه وهستاوهكه بۆ ئهوهی له دۆخهكهی خۆیدا بمێنێتهوه، هێزه متبووهكهی ناوی بهو بهركهوتنهی تهنه جوڵاوه ئاراستهدارهكه له دۆخی متبوونهوه دهكهوێته دۆخی چالاك بوون و هێزهكهی بۆ بهرگری كردن له مانهوهی له دۆخی وهستاندا بهكاردههێنێت.
ئهگهر هێزی تهنه جوڵاوهكه له هێزه كاراكهی تهنه وهستاوهكه زیاتر بێت، ئهوه زاڵ دهبێت بهسهر هێزه كاراكهی تهنه وهستاوهكهدا كه ئاراستهكهی پێچهوانهی ئاراستهی هێزه هێرشهبهرهكهیه و له ئهنجامدا تهنه وهستاوهكه به ئاراستهی جووڵهكهی خۆی دهخاته ناو جووڵهوه. ههم له تهنییهتی و ههم له هێزدا تهنه جووڵاوهكه تهنه وهستاوهكه دهكات به بهشێك له جهستهكهی خۆی و هێزهكهشی ههمان ئاراستهی هێزهكهی خۆی پێدهدات. بهمهش تهنه جوڵاوهكه زاڵ دهبێت به سهر تهنه وهستاوه بهرگریكارهكهدا و لهگهڵ خۆیدا وهك هێز و وهك تهن دهیكاتهوه به یهك.
ههتا ئهم دۆخهش بهردهوام بێت، ئهو دوانه یهك تهن و یهك هێزن و بهو ئاراستهیهش دهجوڵێن كه تهنه زاڵهكه داویهتی به هێزهكهی ههردووكیان و جهستهكهی ههردووكیان بهو ئاراستهیهش ئاراسته دهكات. واته ئهوانه ئیتر بوونهتهوه بهیهك.
بهڵام ئهو دوانه له بنچینهدا پێكهاتهیهكن له هێزێكی زاڵ و هێزێكی بهزیوو، جهستهیهكی زاڵ و جهستهیهكی بهزیوو. ئهوهش كه ههردووكیان كردووهتهوه بهیهك و رێگا به جیابوونهوهیان نادات، مانهوهی ئهو دوو پێكهاتهیهی ناو پێكهاتووهكهیه كه یهكێكیان له دۆخی زاڵبووندایه و ئهویتریان له دۆخی بهزیندایه و بۆ ئهوهی له یهك پێكهاتهشهوه نهبنهوه به دوان، دهبێت له ناو پێكهاتهكهدا ههریهكهیان له دۆخهكهی خۆیدا بمێنێتهوه و رازی بێت بهوهی كه لهو دۆخهدا بێت. واته دهبێت پێكهاته زاڵهكه كه تهنه جوڵاوه هێرشبهرهكهیه بۆ پاراستنی ئهو یهكبوونهیان ههمیشه وهك پێكهاتهیهكی زاڵی ناو پێكهاتووهكه بمێنێتهوه و بهزیووهكهش به ههمان شێوه ههمیشه وهك پێكهاتهیهكی بهزیووی ناو پێكهاتووهكه بمێنێتهوه. ئهمهش كاتێك دهبێت كه یاساكهی نیوتن كه یاسایهكی میتافیزیكییه له پهیوهندی ئهو دوانهدا له ناو پێكهاتهكهدا كارا بێت و له كاركردن نهكهوێت. واته ئهو دووانه ئهگهر هیچ كاریگهرییهكی دهرهكی لهسهریان دروست نهبێت، ئهوه ههتاههتایه ههر ئاوا دهمێننهوه و وهك یهك تهنی جوڵاو به جووڵه نهگۆڕهكهیانهوه دهمێننهوه.
بهڵام بۆ ئهوهی یاساكهی نیوتن كار بكات و له كار نهكهوێت، له راستیدا دهبێت ئهو پێكهاتووه كه له توخمی زاڵ و بهزیووی تێدایه، له بوونهوهره فیزییكیهكانهوه كه دوو تهنی فیزیكین، بكرێن به دوو توخمی ناو جیهانه مرۆییهكه كه دهكرێت دوو مرۆڤ بن یان دوو خێزان بن یان دوو خێڵ بن، یان ههر یهكهیهكی سۆسیۆلۆجی ناو جیهانه سۆسیولۆجییهكه بن. ئهمهش لهبهر یهك هۆی ساده ئهویش ئهوهیه یاساكهی نیوتن بۆ جووڵه بۆ دهووربهرێك دانراوه كه ئهو دوورووبهره بۆ هیچ دوو تهنێكی ناو ئهم گهردوونه بوونی نییه، واته ئهو یاسایه له دهوربهرێكی متافیزیكدا كاردهكات. له گهردووندا هیچ دهوربهرێكی ئاوامان نییه كه كاریگهری لهسهر ئهو تهنه پێكهاتووه فیزكییه دانێت كه له توخمێكی زاڵ و توخمێكی بهزیوو پێكهاتووه. واته ئهگهری بوونی دهورووبهرێكی ئاوا بۆ ئهو تهنه پێكهاتووه نییه كه هێزی سێههم تێیدا بهشداری له یارییهكهی هێزه بهزیوو و زاڵهكهی ناو پێكهاتهكهدا نهكات.
لهم گهردوونهدا هیچ تهنێكی جووڵا و یان وهستاومان نییه كه له دهوربهرهێكدا بێت كاریگهری هیچ تهنێكی تری لهسهر نهبێت. بهڵام ئهگهر ئهم یاسایهی -كه له بنچینهدا بۆ تهنه فیزكییهكان دانراوه- ئێمه بیگوازینهوه بۆ جیهانی تهنه مرۆییه به ویسته عاقڵهكان، ئهو كاته ئهو دهووربهره میتافیزكییه ئهگهری بوونی دهبێت، بهڵام لهوێوه نا كه دهوروبهرێكی فیزكییه، بهڵكوو لهوێوه كه دهوربهرێكی سایكۆلۆجیی و سۆسیۆلۆجییه. لهو دهوربهرهدا دهكرێت بوونهوهرێكی وهك دهوڵهت ههبێت و له دوو توخمی پێكهێنهر پێكهاتبێت كه یهكێیكان زاڵه و ئهویتریان بهزیووه، بهڵام له ناو خودی پێكهاتهكهدا بهرگرییهك ههبێت بۆ ئهوهی كه پێكهاتووهكه به هۆی گۆڕانی پهیوهندی توخمه زاڵ و بهزیووهكهدا ههڵنهوهشێتهوه و ههر وهك خۆی بمێنێتهوه.
هۆبز بۆ ئهوهی تیۆرهكهی لهسهر بنهمای هێز دابنێت، ههمان یاسای هێز له جیهانه فیزكییهكهوه وهردهگرێت، بهڵام ئهو دوو توخمه پێكهێنهرهی پێكهاتووهكه له دوو تهنی سروشتییهوه دهگۆرێت بۆ دوو جهستهی مرۆیی، یان بۆ دوو یهكهی سۆسیۆلۆجی كه دهكرێت دوو خێزان یان دوو بنهماڵه یان دوو هۆز بن. كاتێك توخمهكان دهگۆڕێت به توخمی مرۆیی و یاسای هێز له نێوان توخمه مرۆییهكاندا تاقیدهكاتهوه، دهگات بهو ئهنجامهی كه ئهو یاسایه بۆ دوو توخمی مرۆیی باشتر كار دهكات تا بۆ دوو تهنی فیزیكی. ئهمهش لهوێوهیه كه دهكرێت دوو توخمه مرۆییهكه له ناو پێكاتووهكهدا مانهوهیان له دۆخهكانی خۆیاندا زامن بكرێت، كه زامنكردنی له دوو تهنه فیزكییهكهدا له ناو پێكهاتهكهوه مهحاڵه و له دهریشهوه ههر مهحاڵه. بهڵام بۆ دوو توخمه مرۆییهكه مانهوهیان له دۆخهكانی خۆیاندا بۆ راگرتنی بوونی پێكهاتووهكهیان نهك ههر ئهستهم نییه، بهڵكوو كارێكی ئاسانه. ئهمهش لهبهر ئهوهیه توخمهكانی ناو جیهانه مرۆییهكه بوونهوهری خاوهن ویستن و دهكرێت بكهونه ناو پهیمانهوه و ههریهك لهو دوو توخمه به پهیمانێك بۆ ههمیشهی دۆخهكهیان له پێناو ههڵنهوهشانهوهی جهسته پێكهاتووهكهیان بپارێزن و بهزیووهكه رازی ببێت به نهرێكردنی ویستهكهی لهلایهن زاڵهكهوه و زاڵهكهش رازی ببێت بهوهی كه ویستهكهی خۆی له بری ویستی ههردووكیان بۆ پاراستنی بوونی پێكهاتهكه بهكاربهێنێت و له پهیوهندی ئهو پێكهاتووهدا به دهرهوهی خۆیهوه ئاراسته به هێزهی پێكهاتووهكه بۆ جووڵاندنی جهستهی پێكهاتووهكه بدات.
ئهگهر تهنه فیزكییهكان ویستیان ههبووایه و جووڵهكهیان وهك تهنه مرۆییهكان جووڵهیهكی به ویستیبووایه، یاسا میتافیزكییهیهكهی نیوتن پێویستی به دهوربهرێكی نهگۆڕ نهدهبوو بۆ ئهوهی تهنه جووڵاوهكه یان وهستاوهكه دۆخهكهی خۆی بپارێز و بۆ ههمیشه لهو دۆخهدا بمێنێتهوه. ئهوهی كه سهیره لێرهدا ئهوهیه یاسا میتافیزكییهكهی جووڵه له فیزیای نیوتندا به هۆی نهبوونی ئهو دهورووبهره ئایداڵهوه كه له یاساكهدا گریمانهكراوه، له ناو جیهانه فیزكییهكهدا بوونێكی نهك ههر واقعی نییه، بهڵكوو بوونێكی مهحاڵیشی ههیه، چونكه له گهردووندا بوونی دهوروبهرێكی ئاوا بۆ تهنێكی جوڵا و یان وهستاو مهحاڵه، كهچی ئهو یاسایه له جیهانی بوونهوهره به ویستهكاندا كه مرۆڤهكان و كۆمرۆڤهكانن نهك ههر مهحاڵ نییه، بهڵكو ئهو یاسا بنچینهییهشه كه دهوڵهتی مۆدێرن لهسهری دامهزراوه.
بنهمای یهكهمی دروستبوونی دهوڵهت له جیهانی فیزیكهوه لهلایهن هۆبزهوه وهرگیراوه، ئهم بنهمایه بنهمای ههردوو یاسا ئایدیاڵییهكهی نیوتنه بۆ دۆخی جووڵان و دۆخی وهستان له تهنه فیزیكییهكاندا. نیوتن بێگومان له دوای هۆبزهوه یاسا ئایدیاڵهكانی بۆ جوڵان و وهستان دادهنێت، كه دهبن به یاسای ههمهكی بۆ ههڵهێنجانی ههموو یاسا بهشهكییهكانی جووڵه و وهستان له تهنه فیزكییهكاندا.
ئهوهی كه لێرهدا سهرسوڕهێنهره ئهوهیه یاساكانی نیوتن هی جیهانی تهنه بێویستهكانه كه جیهانی تهنه فیزكییهكانه و جگه لهوهش یاسای ئایدیاڵین چونكه بهو جۆرهی كه ئهو دایناوه له ناو دهوربهرێكی ئایدیاڵدا كاردهكهن كه له ناو جیهانی فیزكیدا ئهو دهوبووبهره بوونی نییه. بهڵام ئهم دوو یاسایه كاتێك دهگوازرێنهوه بۆ ناو جیهانی بوونهوهره بهویستهكان، جێبهجیكردنهكهیان واقعی دهبێتهوه و ئهگهری جێبهجێبوونیان ههیه، چونكه له جیهانه مرۆییهكهدا دهكرێت زامنی دووربهرێكی وا بۆ ماوهیهكی زۆر بكرێت و تهنه وهستاوهكه یان جووڵاوهكه له دۆخهكهی خۆیاندا به درێژایی ئهو ماوهیه بمێننهوه بهبێ ئهوهی له دهوروبهرهكهوه هیچ كاریگهرییهك لهسهر ئهو تهنانه ههبێت كه دۆخه جێگیركراوهكهیان بگۆڕێت. ئهو تهنه سهیرانهش كه هوبز پیشبینی ئهوهیكرد له ناو جیهانه مرۆییهكهدا بوونیان ئهگهری ههیه، دهوڵهته مۆدێرنهكانن. ئهوهش ئهوهیكرد به ئهگهر كه له جیهانه فیزكییهكهدا مهحاڵبوو، ئهو دوو بنهمایهی ترن كه یهكێكیان سۆسیۆلۆجییه و ئهویتریان تهشریعییه یان یاساییه و دواتر باسی ههر یهكهیان به جیا دهكهین و ئهوه روون دهكهینهوه كه له ناو دهوڵهتدا چۆن كاریان پێكراوه.
ئێستا گرنگ باس لهوه بكهین چۆن هۆبز پهی بهوه برد كه بنهمای هێز لهگهڵ ئهوهشدا بنهمای دامهزاردنی سیستهمی پهیوهندی نێوان تهنه بێویستهكانی ناو جیهانه فیزكییهكهیه، بهڵام ئهگهری ئهوهی ههیه له ناو جیهانی بوونهوهره بهویستهكاندا سیستهمی پهیوهندی نێوان بوونهوهره بهویستهكانی لهسهر دامهزرێنرێت كه كار بكات، له كاتێكدا به هۆی نهبوونی دوورهبهرێكی ئایدیاڵهوه، مهحاڵه له جیهانی تهنه فیزیكیهكاندا كار بكات.
هۆبز سهرهتا پێناسهی هێز دهكاتهوه له ناو جیهان مرۆییهكهی بوونهوهره بهویستهكاندا، بێگومان هێز له ناو جیهانی بوونهوهره بهویستهكاندا ههمان ئهو هێزه نییه كه له ناو جیهانی بوونهوهره فیزكییهكاندا ههیه، واته هیزهكه جۆرێكی تره له هێز و ههمان ئهو جۆره نییه كه له تهنێكی فیزكیدا ههیه و له بهركهوتنیدا له گهڵ تهنهكانی تردا دهردهكهوێت. بۆیه ئهو سهرهتا دێت له جیهانی بوونهوهره بهویستهكاندا سهر لهنوێ یێناسهی هێز دهكاتهوه و ئهوهمان بۆ دیاری دهكات چهند جۆر له هێز لهو جیهانهدا ههیه و كامیان بههێزتره لهوانهتریان و كامیان لاوازتره لهوانی تریان. ئهی بوونی ئهو هێزانه له ناو تهنه مرۆییهكاندا چۆن به یاسای هێز كاردهكهن؟ چۆن هێزهكانی ناو تهنه جیاوازهكان دهبنهوه بهیهك و چۆن ههما هێزیش له یهك تهندا دابهش دهبێت بۆ دوو هێز و تهنه بهو ویستهكه و ویستهكهشی دهكات به دوو تهن و دوو ویستی جیاواز؟ واته ئهوهمان بۆ دیاری دهكات چۆن ویستێك دوو هێز دهكاتهوه به یهك و چۆن هێزێك دابهش دهبێت بهسهر دوو ویستی جیاوازدا.
هۆبز له پێشهكی كـێبهكهیدا باس لهوه دهكات كه مرۆڤی سروشتی مرۆڤێكی به لاسایكردنهوهی ئهو سهنعهتكارییه دروستكردووه كه خودا بوونهوهره سروشتییهكانی پێ دروستكردووه، مرۆڤ به سهنعهتكارییهكهی خۆی لاسایی زۆر شت دهكاتهوه، به رادهیهك كه بهلاساییكردنهوه ئهو سهنعهتكارییهی كه خودا له دروستكردنی زیندهوهرێكی خۆجوڵێندا بهكاری هێناوه، ئهویش دهتوانێت به سهنعهتكارییهكهی خۆی ئامێری خۆجوڵێن دروست بكات، ئهی مهگهر زیندوویهتی ئهوه نییه كه جووڵه له ناوهوهی جهستهیهكهوه دهست پێبكات و جهستهكه به ههموو ئاراستهیهكدا بجوڵێنێت؟ ئهی كاتژمێرێك كه به هۆی زهنبهلهك و سوڕینهرهكانهوه له ناوهوه جووڵه دهدات به چركه ژمیرهكه، بهبێ ئهوهی له دهرهوه بجوڵێنرێت، بوونهوهرێكی زیندووی خۆجوڵێن نییه؟
لای هۆبز سهنعهتكاری مرۆڤ ههر بهوهوه ناوهستێت كه ئهو بوونهوهره خۆجوڵێنانی ناو جیهان سروشتییهكه به شێوهیهكی دهستكرد دروست بكاتهوه، بهڵكو دهتوانێت لهوه دوورتر بڕوات و ئهو كاره عهقڵانییهی ناو سروشت له ئاستێكی زۆر بهرزدا لاسایی بكاتهوه و بههۆی سهنعهتكارییهكهیهوه ئهو ئهژدیها زهبهلاحه دروست بكات كه به كۆمار یان به دهوڵهت ناو دهبرێت، كه ئهویش هیچ نییه جگه له مرۆڤێكی دهستكرد كه خاوهنی هێزێكی زۆر گهورهتره له هێزی مرۆڤی سروشتی، له كاتێكدا له پێناو پاراستنی ئهو و بهرگریكردن لهو دروستكراوه. سهروهریش له ناو دهوڵهتدا كه روحی دهوڵهته دهستكردی مرۆڤ خۆیهتی و ئهو روحهشه كه جووڵه و ژیان دهدات به كۆی جهستهكه. پاداشت و سزاش وهك دهمارهكانی جهستهی وان و ههمان كاری ئهوان له جهستهی دهوڵهتدا دهكهن. موستهشارهكان كه ئاماژه به ههر شتێك دهدهن كه پێویسته، یادهوهرییه دهستكردهكهی دهوڵهتن و یهكسانی و یاساكانیش عهقڵ و ویسته دهستكردهكهی دهوڵهتن و تهندروستی جهستهكه سازانی توخمهكانی ناو جهستهكهن و یاخیبوونیش نهخۆشییه و جهنگی ناوخۆش مردنهكهیهتی و دواجاریش بهڵێننامهكان و پهیماننامهكان كه به هۆیانهوه بهشهكانی ئهو جهسته سیاسییهیان لێدروستكراوه، ئهو وتهیهی خودان كه له تهوارتدا له سفری تكویندا دهڵێت دهی با مرۆڤ دروست بكهین.
ئهم لێكچزاندنه له نێوان مرۆڤ وهك بوونهوهرێكی خواكرد كه مرۆڤێ بچوكه لهگهڵ مرۆڤ وهك بوونهوهرێكی مرۆڤكرد كه دهوڵهته و مرۆڤی گهوهریه، ئهگهر شتێكمان پێ بڵیت ههمان ئهوهمان پێدهڵێت كه نیشته وتی: خودا مرد و مرۆڤ جێگهی خودا گرتهوه.
(خودا مرد) بهو واتایهی كه له دهوڵهتی بهر له مۆدێرندا كه لهسهردهمی هۆبزدا له ههڵوهشاندنهوهدایه واته له گیانهڵادایه ئهوهی دهوڵهت رهوایهتی بۆ سهرهوهرییهكهی خۆی لێوهردهگرێت، مهزههبه ئاینییهكانی وهك كاتۆلۆیك و ئهرتۆدۆكس بوون، واته روایهتی بۆ سهروهری رهوایهتییهكی مهزههبی بوو و ئهمهش له جیهانی ئیسلامیدا ههر ههمان شت بوو، له مێژوودا سهردهمی ئهیبویهكانی لێدهر بكه، رهوایهتی بۆ سهروهری دهوڵهتی خهڵافهت له مهزههبی شیعه و سوننهوه وهرگیراوه، له جیهانی مهسیحیشدا رهوایهتییهكه له مهزههبی كاتۆلیك و ئهرتۆدۆكس وهگیراوه كه ئیمپراتۆریهتی رۆمانی كرد به دوو ئیمپراتوریهت كه له ململانێی بهردهوامدابوون لهگهڵ یهكتریدا. ئهمهی هۆبز لێرهدا دهیڵێت پێشبینكردنی دروستكردنی دهوڵهتێكه له دوای نهمانی دهوڵهته پرۆیمۆدێرنهكه كه رهوایهتی بۆ سهرهوهرییهكهی له خهڵك وهربگرێت، نهك له خودای مهزههبه ئاینییهكان. بێگومان دوای پێشكهوتنی تهكنۆلۆجیا و زانستهكان له رۆژئاوادا ئهو دهوڵهته پێشبیتكراوهی هۆبز له لهلایهن مرۆڤ خۆیهوه دروستدهكرێت و ههر لهلایهن مرۆڤ خۆیهوه رهوایهتی پێدهدهرێت. بهڵام یهكهم ئهندازیاری دروستكردنی ئهو دهوڵهته هوبزه كه دیزاینی سهرهكیترین بهشی ئهو دهوڵهته دهكات كه لای خۆی روحهكهیهتی، واته ئهو بهشهی دهوڵهت كه سهروهری دهوڵهتی له خۆیدا كۆكردووهتهوه و ئهویش یهكه سیاسییهكهی دهوڵهته و له كاتی دروستكردنی دوڵهتهكهشدا دهبێت یهكهمجار ئهو یهكه سیاسییه دروستبكرێت و بهدوای ئهودا یهكه سۆسیۆلۆجییهكه دێت و دوا ئهویش ئینجا یهكه یاسیاییهكه دێت. بۆ توێكاری یهكهم یهكهی دهوڵهت -كه یهكه سیاسییهكهیهتی- دهبێت لهگهڵ ئهندازیارهكهیدا بمێنێتهوه تا بزانین چۆن دیزاینی كردووه، تا بتوانین توێكاری بكهین.
هۆبز به له خۆباییبوونێكی زۆرهوه باس لهوه دهكات ئهوهی له بارهی دهوڵهتهوه نوسیوویهتی له ئهنجامی خوێندنهوهی كتێبهكانهوه نهبووه، بهڵكو له ئهنجامی خوێندهوهی مرۆڤهوه بووه، مرۆڤ نهك وهك تاكه مرۆییهكان بهڵكو مرۆڤ وهك جۆرێك له زیندهوهر كه له توانایدا ههیه به لاسایكردنهوهی سهنعهتكاری دروستكهرهكهی خۆی كه خودایه به سهنعهتكارییهكهی خۆی بوونهوهرێكی وهك خۆی دروست بكات كه زۆر به هێزتر بێت له خۆی. نهبهستیشی لهمه ئهوهیه مرۆڤ وهك ئهو جۆره له بوونهوهر كه تاقانهیه و ههر ئهو بوونهوهره له ناو بوونهوهره سروشتییهكاندا بوونی ههیه كه خاوهنی توانای سهنعهتكارییه و له توانایدا ههیه بوونهوهری بههێزتر له ههموو بوونهوهره خواكردهكان -به خۆیشییهوه- دروست بكات.
ئهو پێمان دهڵێت ئهو جۆره له دهوڵهت كه باسی دهكات دروستكراوی دهستی مرۆڤه وهك جۆر نهك مرۆڤی ئهورپایی، واته ئهوه تاكه فۆرمێكی دهوڵهته و ئهگهر ههر مرۆڤێكیش وهك هۆبز له مرۆڤ رامێنێت وهك جۆر دهگات بهههمان ئهو فۆرمه له دهوڵهت و ههمان ئهو ئهژدیهایه دروستدهكات كه هۆبز دیزاینی دهكات بۆ ئهوهی له داهاتوودا مرۆڤ خۆی دروستی بكات. ئهو به تیۆرهكهی لهسهر دهوڵهت دیزاینی یهكه بنچینهییهكهی دهكات كه یهكه سیاسییهكهیه و سهروهری دهوڵهوت له ناو ئهودا پهنهانه و سهرچاوهی ههموو جووڵهكانی جهستهی دهوڵهته و بهبێ فرمانهكانی ئهو، جهستهی دهوڵهت هیچ فرمانێك بۆ جووڵهی خۆی وهرناگرێت و له دۆخی وهستاندا دهمێنێتهوه.
ئهو پێی وایه مرۆڤ له ههر كات و شوێنێكدا بێت، ئهگهر بیر له فۆرمێكی حوكمڕانی بۆ خۆی بكاتهوه، ئهوه ههر دهگات بهو فۆرمه له حوكمڕانی كه ئهو پێی گهیشتووه. لهو بارهشهوه دهڵێت: ئهوهی كه ئهركه لهسهری ئهوهی كه فهرمانڕوایی كۆی نهتهوهیهك بكات پێویسته له خۆیدا مرۆڤ بخوێنێتهوه، بهڵام ئهم مرۆڤ و ئهو مرۆڤ نا، بهڵكو مرڤییهتییهكه بخوێنێتهوه. ئهمه راسته كارێكی قورسه و قورستره له فێربوون ههر زمانێك و ههر زانستێك، بهڵام من دوای ئهوه خوێندنهوهی تایبهتی خۆم به رێگایهكی رێك و پێك و روون بۆ ئهو مرۆڤه كرد كه له ههموو شوێنێك ئارهزووهكانی ههمان ئارهزوون، ئهوه هیچ نامێنێتهوه بۆ ئهوانیتر جگه لهوهی ئهوانیش وهك من له ناو خۆیاندا له مرۆڤهكه بڕوانن تا بزانن ئایا ئهوانیش ههمان شت نابین. ئهگهر ئهوان گهیشتن بهوهی كه ههمان ئهوه دهبنین كه من دهیبینم، ئیتر باوڕهێنان بهوهی كه ئهوه تاكه فۆرمێكی مرۆڤانهی دهوڵهتدارییه پێویستی به بهڵگهیهكی تر نییه.
لای ئهو ئهم فۆرمهش بۆیه تاكه فۆرمی حوكمڕانییه، چونكه دهوڵهتێكه كه مرۆڤ خۆی له خۆی دروستی دهكات، واته كهرهستهی دروستكردنهكهی خۆیهتی و خۆیشی ئهو دروستكهریه كه فۆرمهكه دهدات بهو كهرهستهیه و لهو فۆرم و كهرهستهیه ئهو مرۆڤه زهبهڵاحه دروست دهكات كه پێی دهوترێت دهوڵهت.
هۆبز لێرهدا دهیهوێت پێما بڵێت ئهو زانینهی كه بۆ دهوڵهت له تێرامان له مرۆڤ وهك جۆر پێی گهیشتووم، زانینێكی ئیشراقییه و پێویستی به بهڵگهكاری نییه، له كاتێكدا ههر خۆی دهڵێت ئهو مرۆڤه گهوهرهیهی كه له مرۆڤی بچوك دروست دهكرێت، به لاسایكردنهوه زیندهوهره سروشتییهكان مرۆڤ دروستی دهكات، ئهمهش ئهوه دهگهیێنێت زانینهكهی ئهو به دهوڵهت زانینێكی ئیشراقی نییه تا به یهقین وهر بگیرێت. بهڵكو له رێگهی ئهنالۆگییهوه پێی گهیشتووه.
دیكارتیش كه دهگات به كۆجیبۆ و زانینی (من) زانینهكهی خۆی به زانینێكی راستهوخۆ دهزانێت كه زانینێكی راستهوخۆی بێمیانهیه و ئیشراقییه، بهڵام ئهویش ههر له رێگهی پێوهركاریی لۆجیكه ئهرستۆییهكهوه دهگات بهو زانینه و زانینهكهی ئیشراقی نییه.
له بهشی داهاتووهدا باس له دیزاینی یهكه سیاسییهكهی دهوڵهت دهكهم كه سهروهری دهوڵهت لهودا شاراوهیه و جهسته نهتهوهییهكهی كوردیش لهگهڵ ئهو یهكه سیاسییهدا له دیالێكتیكدایه.