شەڕی حدکا و پارتی

مەسعود بارزانی

نهێنی دەرهێنانی گۆڕی بارزانی هەڵگیرسانی شەڕی پارتی و دیموکرات

یەکێک لەو تاوانانەی هەرگیز له یادماندا ناسڕێتەوه، تاوانی دەرهێنانی جەنازەی بارزانی له 1ی تەمووزی ١٩٨١ دا بوو. تاوانەکه له هەموو ڕوویەکەوه تاوانێکی قیزەون و دژی بەها ئەخلاقی و ئایینی و کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەکان بوو. مەبەست لەو تاوانه نانەوەی ناکۆکی و شەڕ و کوشتار بوو لەناو گەلی کورددا. هەرچەند زانیاریی جیاجیامان لەسەر تاوانباران و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانه قیزەوەنه بۆ دەهات، بەڵام هیچ کات حزبی دیموکراتمان به ئەنجامدانی دەرهێنانی جەنازەکه تاوانبار نەکردووه. تەنانەت چەندین جار داوامان له عەبدولڕەحمان قاسملوو کرد بۆ ئەوەی له دۆزینەوی تاوانباران هاوکاریمان بكات و بۆ ئەم مەبەسته چەندین نامه و کەسایەتیمان نارده لای بۆ ڕێگەگرتن له تەشنەکردنی ڕووداوەکه و تەقینەوەی بارودۆخەکه. یەکێک لەوانه مەلا حەسەنی ڕەستگار بوو.
کاتی خۆی هەوڵمان دا پاسەوان بۆ زیارەتی بارزانی دابنرێت، بەڵام حزبی ديموكرات ڕێگەیان نەدا و ڕایانگەیاند خۆیان پاسەوانیی لێ دەکەن. بەر له دەرهێنانی جەنازەکه پاسەوانەکان شوێنەکەیان بەجێ هێشتبوو. دوای دەرهێنانی جەنازەکه پرسیارم له عەبدولڕەحمان قاسملوو کرد که هۆی چۆڵکردنی گۆڕستان لەلایەن پاسەوانەکانەوه بەر له دەرهێنانی جەنازەکه چی بوو، بەڵام عەبدولڕەحمان قاسملوو بابەتەکەی پشتگوێ خست و بەلایەوه گرنگ نەبوو.
دیسان بۆ ڕێگەگرتن له ڕوودانی گرژی و شەڕ داوام له عەبدولڕەحمان قاسملوو کرد که پێکەوه سەردانی زێوه بکەین و ئەو قسه بۆ جەماوەر بکات. داوام لێ کرد تەنیا به جەماوەر ڕابگەیەنێت ئێمەش هاوسۆزین له گەڵتان و تاوانەکه دژی هەموو کورده؛ بارزانی بەرلەوەی پەیوەندیی به ئێوەوه هەبێت به موڵکی خۆمانی دەزانین و داواتان لێ دەکەین بابەتەکه بۆ ئێمه بەجێ بێڵن. داوام له عەبدولڕەحمان قاسملوو کرد، به خەڵک بڵێ ئامادەین هاوکاریتان بکەین بۆ دۆزینەوەی تاوانباران، جا له هەر کەس و لایەنێک بێت، کەچی له وەڵامدا قاسملوو گوتی: «نەخێر ئەمه بوختان و بەخشینەوەی تۆمەته به ئێمه و تاوانەکه دەخرێته سەرشانمان، ئەگەر ئەم تاوانبارکردن و بوختانبەخشینه بەردەوام بێت به ٦ ملیۆن کورد ڕووبەڕووتان دەبینەوه».

لەبەر ئەوەی زۆر پەرۆشی یەکڕیزی و تەبایی بووم و دەمزانی له ئەگەری تەقینەوەی بارودۆخەکەدا زیانی گەوره بەر هەموو لایەنێک دەکەوێت، هەموو هەوڵ و تواناکانمم خسته گەڕ لەپێناو ئەوەی دۆخەکه له دەست دەرنەچێت. بۆیه به عەبدولڕەحمان قاسملووم ڕاگەیاند که دیاره ناوی سەید ڕەسووڵی بابی گەوره لەو بابەتەدا دێت، بەبێ ئەوەی تاوانباری بکەین، بەڵام له بەرژەوەندیدا نییه مادام ناوی ئەو کەسه دێت، بیکەنه فەرماندەی سەربازیی حزبى ديموكرات له ناوچەی مەرگەوەڕ. ئەویش لەبەرچاوی پەنابەران که مورید و دڵسۆزی بارزانین و ئامادەن بۆ هەرشتێک لەپێناو بارزانیدا و به کەس و هیچ شتێکیش کۆنتروڵ ناکرێن، چونکه خەڵکەکه بەر له پارتیبوون، موریدی بارزانین، بەڵام دیسان له بڕی هاوکاری و هەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەی بارودۆخەکه، عەبدولڕەحمان قاسملوو له وەڵامدا گوتی: «ئێمه بڕیار دەدەین، نەک ئەوەی ئەوامرتان جێبەجێ بكەين».
لێرەدا دووپاتی دەکەمەوه، هیچکات هەموو سەرکردایەتیی حزبی دیموکراتی کوردستانمان به دەرهێنانی جەنازەی بارزانی تاوانبار نەکردووه، بەڵام به ڕەفتاری هەڵە و له خۆباییبوون لەسەر خۆیان کر دەماڵ. ڕەنگه ئەمه بۆ زۆر کەس جێگەی سەرسووڕمان بێت و من يەكێكم لەوانه، بەڵام ڕاستیی تاوانەکه که دواتر به پێی زانیاریی پشتڕاستكراو بۆمان دەركەوت که ئەفسەرێکی بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای (ئیتڵاعات)ی ئێران به ناوی (مێحرابعەلی يونس قودسی) له ڕێگەی بەرپرسێکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوه پیلانی دەرهێنانی جەنازەی بارزانیی داڕشتووه، کەچی هەتا ئێستاش ئەو بەرپرسەی حزبی دیموکراتمان بۆ نەناسراوەتەوه. ئەوكات دەزگای ئیتڵاعات سەر به نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بوو، دواتر بوو به وەزارەتێکی تایبەت و سەربەخۆ بەناوی وەزارەتی زانیاری (ئیتڵاعات).
به پێویستیشی دەزانم ئاماژه به هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی خەڵکی شنۆ بدەم لەكاتی دۆزینەوەی جەنازەی پیرۆزی بارزانیدا، چونکه هەموویان هاواریان بوو که دەبێ دیسان هەر له شنۆ به خاک بسپێردرێتەوه، بەڵام لەژێر گوشار و داواکاریی جەماوەرەکەمان جەنازەکەمان گواستەوه گوندی هەلەج (4) و لەوێ به خاکمان ئەسپاردەوه. ڕۆژێکی خەمناک و ناخۆش بوو و له هەمان كاتدا تاوانێکی گەوره بوو. بەداخەوه بۆ ماوەیەک بووه هۆی سەرهەڵدانی کێشه و گیروگرفت له نێوان پارتی و حدکادا. دوای ئەم ڕووداوه پێگەی حدکا لەناو جەماوەر و خەڵکی کوردستان زۆر دابەزی.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(4) هەلەج، گوندێکە له ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەوتووەته نزیک سلیڤانای ورمێ، له ساڵی ١٩٦٧ دا چوار بارزانی له شەڕی هەلەج لەگەڵ سوپای شای ئێران شەهید بوون.

سەرچاوە: بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد
نووسینی: مەسعود بارزانی

بەرگی چوارەم/بەشی یەکەم