کورد باوکی نییە

د. پژواک کوکەبیان


لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، ڕووسەکان گەیشتوونەتە ئەو تێگەیشتنەی کە بۆ مانەوە و بەردەوامبوون وەک نەتەوە و نیشتمان، پێویستیان هەم به دایکه و هەم به باوک. نەتەوەی ڕووس لە ڕووی ڕۆحی و کولتوورییەوە وەک بنەماڵەیەکی تەواو دەردەکەوێت. دایکیان تۆڵستۆییە و باوکیان دۆستۆیۆڤسکییە. دۆستۆیۆڤسکی لێرەدا تەنها ناوی نووسەرێک نییە؛ بەڵکوو نموونەی ئەو عەقڵەیە کە ڕێگا نیشان دەدات، پرسیار دەکات و نەتەوەکە بەرەو پێش دەبات. ڕۆمان و نووسراوەکانی دۆستۆیۆڤسکیی وەکوو پەند و ڕێنمایی ژیان بۆ ڕووسەکان ماوەتەوە. ئەو ئەو کەسەیە وا وەکوو باوکی نەتەوەی ڕووس ناسراوە.



بگەڕێینەوە بۆ کوردستان

کورد باوکی نییه، نەتەوەی کورد باوکی کوژراوە.
باوک چییە؟ باوک، باڵە، باڵت لە ئاسمانەکانە، سەقفە، پەنایە، عەقڵە و مێشکی خوڵقێنەرە. باوک هەمان باوان و خانووە (house)، که دایک ئەیکات به ماڵ(home).
هەمووی ئەوانە وا خۆیان به سەرۆک، عەشیرەت و رێبەر و حێزب نیشان ئەدەن، درۆ دەکەن و باوکایەتی ناکەن، هاوکاری دزەکانن، دەبوایە حەکیمانە هێزیان کۆ بکردایە و ماڵیان بۆ دایک و منداڵان ڕێک بکردایە.
نەتەوەی کورد وەکوو بنەماڵەیک، زەوی و ماڵێکی دەوڵەمەندیان هەیە، بەڵام دراوسێ و هاوساکان داگیریان کردووه و خۆیانه به کەسی دایکەکە دەناسێنن.
باوک ئەو هێزەیە کە موئەسەسات و یاسا دادەنێت، سنوور دیاری دەکات، کۆ دەکاتەوە، بەرپرسیاریی دروست دەکات و نەتەوەکە فێری بیرکردنەوه له مێژوو، خۆی و دەوروبەری دەکات. باوک عەقڵی خوڵقێنەرە، نەک تەنها دڵی بەخشندە.
کێشەی کورد لەوەدایە کە هەتیوی باوکییە. لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، نە تەنها زۆرێک لە باوکەکانی کوژراون، بەڵکوو زۆرجار ڕێگەش نەدراوە باوکێکی نوێ سەرهەڵبدات. هەر کەسێک کە ویستوویەتی ببێتە هێزی باوکی، یان شکاندراوە یان کوژراوە، به گەلەکۆمەی دراوسێ دوور و نزیک.

دایکی کورد کییە؟

بۆ نەتەوەی کورد، دایک زمانەکەیە. زمانی کوردی دایکی کوردە؛ ئەو هێزەیە کە لە سەدان ساڵی سەختی و ستەمدا نەتەوەکەی پاراستووە و نەیهێشتووە ون بێت.
دایک زەویە. دڵە. بەزەیی و میهرەبانییە. دایک ڕەحمە، خۆبەخشە. کە منداڵەکانی خۆی لە هەموو دۆخێکدا لە باوەش دەگرێت و خۆی بۆیان تەرخان دەکات.
دایکی کورد، وەکوو دایکه پشیلەیەک هەرکوێ چووە منداڵانەکانی به دەم و زارەو گرتووە، چۆن ماڵی نییه، مێردەکەی کوژراوە.
کورد نەتەوەیەکی زمانییه، منداڵەکان و ڕۆڵەکانی به دەم دایکیەوە و هەرکوێ زمانی لە دەست داوە، خاکی لە دەست داوە (لوڕەکوردەکان و زازاکوردەکان لەبەرچاومانه)، کاتێک زمانی لەبیردەچێت وەکوو ئەوەیە پشیلەکە له دەم دایکی بکەوێت. ئیتر کورد نییه.

باوانتان دروست بکەن.