له زاری کەسێک کە شایەتحاڵی ڕووداوەکە بووە (٣ی ئازاری ١٩١٨)
نووسینی: یەعقوب بار مەلیک ئیسماعیل
لە “تیاریی” سەروو،
وەرگێڕان: ڕامان میخائیل
لە کتێبی “ئاشوورییەکان و دوو جەنگی جیهانی”
ئامادەکردن: محەمەدساڵح قادری
بانگهێشتنامەکەی باوەگۆری پیرۆز- پاتریاک، مار بنیامین،
بڵاوکراوەی «دەستەی ئەدەبیی لاوانی ئاشووری»؛ تاران، ١٩٦٤.
ئەمە گێڕانەوەی ئەو بانگهێشتەیە کە ئیسماعیل ئاغا (سمکۆ) ئاراستەی باوکە ڕۆحانی، پاتریارک مار بێنیامین، کرد بۆ ئەوەی بێتە شارۆچکەی کۆنەشەهر لە ناوچەی سەڵماس، بە مەبەستی یەکگرتن و هاوپەیمانیی نێوان ئاشوورییەکان و کوردان. ئەم ڕووداوە مێژووییە و کوژرانی پاتریارک مار بێنیامین لە لایەن ڕاب-تڕیما (فەرماندەی دوو سەد کەسی) دانیێل د-مەلیک ئیسماعیل، خەڵکی تێیاریی سەرێ گێڕدراوەتەوە، کە پاسەوانی تایبەتیی پاتریارک بووە. ئەو لە کاتی ڕووداوەکەدا یاوەری پاتریارک بوو و فەرماندەیی و سەرپەرشتیی ئەو دەستە سوارەی دەکرد کە بەرەو دیلەمان چوون.
پاتریارک لە شاری ئورمیە بوو، لە ئەنجومەنی ناوەندیی
ئاشووریدا گفتوگۆی ئەوەیان دەکرد کە چ وەڵامێک بە ئیسماعیل ئاغا سمکۆ بدەنەوە سەبارەت بە پێشنیارەکەی بۆ یەکگرتنی ئاشوورییەکان و کوردان. ئەنجومەن بڕیاری دا و داوای لە باوکە ڕۆحانی (مار شیمۆن) کرد کە یەکگرتن لەگەڵ کوردان زۆر گرنگە؛ چونکە وایان دەزانی دوای ئەم یەکگرتنە، “دەتوانین خۆمان لە پەلامارەکانی دەوڵەتی ئێران و تورکیا بپارێزین”. بۆ ئەم نێردراوەییە، “شموئێل خانی” کوڕی بێجان، خەڵکی گوندی ماوانا، [لە ناوچەی ترگەوەری ئورمیە] لەگەڵ “ئیشێ”ی برای و دەستەیەک سوارە دیاری کران. ئەوان نامەکەی پاتریارکیان پێ بوو بۆ چاوپێکەوتنی ئیسماعیل ئاغا لە گوندی چاری-چەهریق. شموئێل خان بۆ ئەم ئەرکە هەڵبژێردرا چونکە دۆستایەتییەکی دێرینی لەگەڵ ئەو ئاغایەدا هەبوو.
شموئێل خان گەڕایەوە و بە باوکە ڕۆحانیی وت کە بە ڕێز و خۆشەویستییەکی زۆرەوە پێشوازیی لێ کراوە. ئەم قسانەی لە بەردەم هەموو ئەنجومەنەکەدا کرد و باسی چەند شتێکی فەرمیی تریشی کرد کە ئێمە نەماندەزانی. ئەو قسانەی شموئێل خان لەگەڵ پاتریارک کردی، کاریگەریی زیاتری لەسەر باوکە ڕۆحانی دانا و ڕەزامەندیی دەربڕی بۆ چاوپێکەوتنی ئیسماعیل ئاغا.
پاش ئەوەی مار شیمۆن بێنیامین لە ئورمیەوە گەڕایەوە سەڵماس، ڕۆژی هەینی ٢ی ئاداری [١٩١٨]، کاتی نیوەڕۆ، نامەیەکی لە حاکمی شاری دیلەمان بەدەست گەیشت، بۆ ئەوەی ڕۆژی شەممە بۆ نانخواردن سەردانی بکات، بە مەبەستی ئارامکردنەوەی ناکۆکییە بچووکەکان و بە تایبەت بۆ گفتوگۆی تایبەت.
باوکە ڕۆحانی داوای لە ڕاب-تڕیما دانیێل کرد کە ١٠٠ سوارەی چەکدار بۆ ڕۆژی شەممە، کاتژمێر حەوتی بەیانی ئامادە بکات. کاتژمێر حەوت دانیێل بانگی باوکە ڕۆحانیی کرد و وتی: “گەورەم، سوارەکان وەک فەرمانت کردووە ئامادەن”. کاتژمێر هەشتی بەیانی گالیسکەی باوکە ڕۆحانی بەڕێکەوت. لە ناو گالیسکەکەدا ڕاب-خەیلە (گشتی) داوید، کە برای پاتریارک بوو، لەگەڵ پالکۆنیک کۆندراتۆ دانیشتبوون. سوارەکانم کردە دوو دەستەوە، ٥٠ کەسم لەگەڵ خۆم لە پێش گالیسکەکە و ٥٠ کەسم لە دواوەی گالیسکەکە دانا. کاتێک گەیشتینە نزیکەی ١٠٠ مەتریی دەروازەی شارەکەـ سەڵماس]، سوارەکانم ڕاگرت. خۆم بە ئەسپ ڕۆیشتم تا گەیشتمە فەرماندەی پاسەوانانی دەروازەکە، لێم پرسی: “ئایا لە لایەن دەوڵەتەکەتانەوە پەیوەندیتان پێوە کراوە سەبارەت بە هاتنی مار شیمۆن و چاوپێکەوتنی لەگەڵ حاکمی شاردا؟”،
وەڵامی دایەوە: “بەڵێ، فەرموو بچنە ژوورەوە”.
گەڕامەوە لای سوارەکان و فەرمانم بە دە کەسیان کرد لەگەڵ پاسەوانانی ئێرانی لە دەروازەکە بمێننەوە بۆ ئەوەی چاودێریی هەر ڕووداوێک بکەن. کاتێک دەچووینە ژوورەوە، فەرماندەی پاسەوانە ئێرانییەکان وتی پێویست ناکات پاسەوانەکانتان لێرە بەجێ بهێڵن. من وەڵامم دایەوە: “ڕاست دەکەیت، بەڵام بۆ ئێمە پێویستە لێرە بمێننەوە”، لە هەموو گۆشەیەکدا پاسەوانم لە سوارەکانمان دانا تا گەیشتینە دەروازەی حەوشەی بینای حاکم. کاتێک گالیسکەی باوکە ڕۆحانی گەیشت، حاکم و ژمارەیەک لە پیاوماقووڵانی شارم بینی کە هاتبوون بۆ پێشوازیی پاتریارک. بە ڕێزەوە بردیانە ژوورەوە و چوونە نهۆمی سەرەوە بۆ ژووری کۆبوونەوەکە.
باقی سوارەکانم لە بەردەم حەوشەکەدا جێگیر کرد و پێنج سەربازم لەگەڵ خۆم برد. چووینە نهۆمی سەرەوە بۆ ئەوەی بزانین کێ لەوێیە. یووزباشی (فەرماندەی سەد کەسی)یەکم بینی لەسەر کورسییەک لە بەردەم ژووری کۆبوونەوەکە دانیشتبوو، لەگەڵ ئۆنباشییەک (فەرماندەی دە کەسی) و پێنج سەربازدا. سڵاومان لێ کردن و لەسەر کورسییەکەی بەرانبەریان دانیشتین. هەردوولا بێدەنگ بووین و بۆ ماوەی چارەکە کاتژمێرێک قسەمان نەکرد. تێبینیم کرد هەردوولا چەکەکانیان پڕی فیشەک بوو. هەستام و چوومە بەردەم دەرگای ژوورەکە و گوێم گرت، چونکە زۆر دڵەڕاوکێم بوو. هیچ دەنگێکی قسەکردنم نەبیست، کەمێک کشامەوە و دووبارە چوومەوە، دیسان گوێم لە دەنگ نەبوو. گومانم بۆ دروست بوو کە ئێرانییەکان بێ ئاگاداریی ئێمە پیلانێکیان بۆ پاتریارک داڕشتبێت. بە سەربازێکیم وت بچێتە دەرەوە و نامەیەکم بۆ بهێنێت بۆ ئەوەی بیانوویەکم هەبێت بۆ چوونە ژوورەوە.
سەربازەکە نامەکەی هێنا، هەستام و بە یووزباشییەکەم وت کە پێویستە ئەم نامەیە بە زوویی لە لایەن فەرماندە “کۆزمین”ەوە بگەیەنمە دەست باوکە ڕۆحانی. یووزباشییەکە وتی مۆڵەتی چوونە ژوورەوەت نییە. ئەو کاتە دڵنیابووم گومانەکەم ڕاستە، بۆیە ڕێگەی نەدەدا بچمە ژوورەوە. دیسان هەستام و هەنگاوێکم نا و وتم “دەچمە ژوورەوە”، ئەو وتی “مۆڵەتت نییە، مەچۆ”. هەستایە سەر پێ و هەنگاوێکی نا بۆ پێشەوە، لەو ساتەدا تفەنگەکەم لە دەستی ڕاستمەوە گواستەوە بۆ چەپم و خستمە سەر سنگی یووزباشیەکە و پاڵم پێوە نا، هەردوولا هەستانە سەر پێ، دەمانچەکەم دەرهێنا و خستمە سەر سنگی و پێم وتن: “بجوڵێن، ئێستا دەست بە شەڕ دەکەین!”، ئەوان وەک بەرد ڕەق بوون و بوێریی جووڵەیان نەبوو.
دەرگاکەم کردەوە و چوومە ژوورەوە، کەسێکم نەبینی، گیانم لێ بڕا و نەمدەزانی چی بکەم. بیرکردنەوەم ئاڵۆز بوو، سەیری هەموو ژوورەکەم کرد، دەرگایەکم لە لای ڕۆژهەڵات بینی. وابیرم کردەوە داخراوە، بەڵام دەستم لێی دا و کرایەوە، بینیم باوکە ڕۆحانی لە ناوەڕاستی ژوورەکە دانیشتووە و نانی نیوەڕۆ دەخوات. ژوورێکی زۆر پاک و جوان و ڕازاوە، مێزێکی شایستە و پڕ لە خواردنی جۆراوجۆر. وەک ئەوەی ئاگر لە ژێر شتێکی کوڵاودا دەربهێنیت و هەڵمەکەی نیشتەجێ بێت، منیش بەو شێوەیە ئارام بوومەوە. دڵم خۆش بوو و بیرکردنەوەکانم ئارام بوونەوە. نامەکەم دایە باوکە ڕۆحانی و وتم داوای لێبوردن دەکەم کە بەبێ ڕێکار هاتمە ژوورەوە، چونکە گوێم گرت و دەنگم نەبیست، بۆیە زۆر نیگەران بووم و دەبوو بزانم بارودۆخەکە چۆنە. ئەم نامەیە تەنها بیانوویەک بوو بۆ هاتنە ژوورەوە.
باوکە ڕۆحانی بە شێوەیەک سەیری کردم وەک ئەوەی نامەکە بخوێنێتەوە و وتی: “دانیێل، خەمت نەبێت، ئەوانەی لەگەڵیان دانیشتووم ناتوانن هیچمان لێ بکەن”. خواحافیزیم کرد و هاتمە دەرەوە بۆ لای یووزباشییەکە، ئەوان هەموویان بە بێدەنگی و تفەنگەکانیان بەدەستەوە دانیشتبوون. منیش بێ قسەکردن لەگەڵیان دانیشتم. چاوەڕێی هاتنە دەرەوەی پاتریارک بووین. دوای سێ چارەک کاتژمێر، لە ژووری نانخواردن هاتنە دەرەوە و چوونە ژووری دانیشتن، پاتریارک فەرمانی پێ کردم ئامادە بین بۆ گەڕانەوە.
باوکە ڕۆحانی لە پیاوماقووڵە ئێرانییەکان جیابووەوە و ئەوان تا حەوشەی پشتەوە بەڕێیان کرد، خواحافیزییان کرد و ئێمەش بەرەو پاتریارک نشین بەڕێکەوتین. من لە دواوە مامەوە و پاسەوانەکانم کۆ دەکردەوە کە بۆ پاراستن لە شوێنە جیاوازەکان دامنابوون. لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ [ئاوایی] “خوسرەوا” [لە نزیک سەڵماس] بووین کە بەفر باری. کاتێک گەیشتینە سەرەتای ڕێگەی خوسرەوا، سوارەیەکی ناوچەکەم بینی کە پێشتر بۆ ئیسماعیل ئاغا کاری دەکرد، ئەو کەسە مەسیحی بوو، بەڵام ببوو بە موسڵمان. هاتە پێش گالیسکەکە و ڕایگرت و نامەیەکی دایە باوکە ڕۆحانی. باوکە ڕۆحانی نامەکەی خوێندەوە و بە نێردراوەکەی وت: “باشە، تۆ بڕۆ و کاتێک گەیشتینە ماڵەوە وەڵامی ئیسماعیل ئاغا دەدەینەوە”.
باوکە ڕۆحانی دەستبەجێ ئەنجومەنی ناوەندیی [ئاشووریەکانی] سەڵماسی بانگ کرد کە لەو کاتەدا ئامادە بوون. ئەوان لەم ئەنجومەنەدا بەشدارییان کرد لەگەڵ پالکۆنیک کۆندراتۆی ڕووسی، کاپتن گڕەیسی بەریتانی و لیوتێنانت مەکدۆوێڵی ئەمریکی. باوکە ڕۆحانی نامەکەی [سمکۆی] بۆ ئەنجومەن خوێندەوە و وتی: “بانگهێشت کراوین بۆ ئەوەی بڕۆینە شارۆچکەی “کۆنەشەهر” تاکو بە حزووری [لەگەڵ سمکۆ] چاومان بە یەک بکەوێت و گفتوگۆ بکەین لەسەر ئەو بابەتانەی پێشتر لەگەڵ شموئێل خان باسمان کردووە”.
بەڵام زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنەکە، چوونە لای سمکۆیان لەو کاتەدا بە باش نەدەزانی. دەیانوت: ئەمڕۆ سەرەتای ڕۆژووی گەورەیە و بەفر دەبارێت، ئەگەر [سمکۆ] زۆر پێویستی بە بینینی باوکە ڕۆحانی هەیە، با خۆی بێتە ئێرە. مار شیمۆن لە وەڵامدا وتی: ڕاست دەکەن، بەڵام تەنها یەک کێشە لەم ناکۆکییانە ماوەتەوە، با ئەمڕۆ کۆتایی پێ بهێنین، چونکە ئەو لە دوورەوە هاتووە و [دیدارەکەمان] زیاتر لە دوو کاتژمێری پێ ناچێت.»
پاشان کاپتن گڕەیسی و لیوتێنانت مەکدۆوێڵیش هاوڕا بوون لەگەڵ باوکە ڕۆحانی. لەم بارودۆخە بەپەلەیەدا ١٥٠ سوارەیان ڕێکخست لەگەڵ پالکۆنیک کۆندراتۆ، چوار ئەفسەری تری ڕووسی و ڕاب-خەیلە داوید، برای باوکە ڕۆحانی، وەک فەرماندەی سوارەکان. بەرێکەوتین و گەیشتینە کۆنەشەهر و لە ڕێگەی بازاڕەوە چووینە ژوورەوە. لە کۆتایی ڕێگاکەدا، ڕاب-خەیلە داوید فەرمانی بە ئێمە کرد بوەستین، ئەو خۆی لەگەڵ شەش سوارەدا چوو بزانێت ڕێگەیەک بۆ گالیسکەی باوکە ڕۆحانی هەیە بۆ ئەو شوێنەی ئیسماعیل ئاغا (سمکۆ) دیاریی کردووە. دوای دە خولەک، “ڕاب-خەیلە داوید” گەڕایەوە و وتی: ڕێگاکە باشە. ئێمەش پێشڕەویمان کرد و گەیشتینە بەر دەروازەی حەوشەکە؛ بینیمان هەموو سوپاکەی سمکۆ، وەک ڕێکارێکی سەربازی، لە دوو ڕیزدا وەستاون و خودی سمکۆش بە دووریی دە پێ لە پێشەوەیاندا ڕاوەستاوە.
گالیسکەی باوکە ڕۆحانی وەستا و مار شیمۆن لە گالیسکەکە دابەزی. سمکۆ هاتە پێشەوە و وەک نەریتی کوردی دوو جار کڕنۆشی برد و دەستی خستە سەر سنگی و سڵاوی لە باوکە ڕۆحانی کرد و دوای تەوقەکردن، کەوتە دوای باوکە ڕۆحانی کە [لەو کاتەدا] سەیری ڕیزەکانی سوپای (سمکۆی) دەکرد و بە سمکۆی وت، زۆر دڵخۆشین بە بینینی سوپاکەت کە بەم شێوەیە ڕێکخراوە. ڕیزی یەکەم تفەنگی ڕووسی و ڕیزی دووەم تفەنگی تورکییان پێ بوو. پاشان سمکۆ دیسان دەستی خستە سەر سنگی و کڕنۆشی بۆ باوکە ڕۆحانی برد و وتی: “فەرموو بچینە ژوورەوە”، [ئێمەش] چووینە ناو حەوشەکە.
مار شیمۆن لەگەڵ کۆندراتۆ، ڕاب خەیلە داوید، شموئێل خان و چوار ئەفسەری ڕووسی لەگەڵ سمکۆ و دەستەکەیدا چوونە ژووری کۆبوونەوەکە. لەوێ گفتوگۆکەیان دەست پێ کرد و ئێمەش لەگەڵ ١٥٠ سوارەکە لە حەوشەکە ماینەوە و چاوەڕێی هاتنە دەرەوەی مار شیمۆن بووین بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ خوسرەوا. وامان دەزانی باوکە ڕۆحانی مار شیمۆن لە نیو کاتژمێر زیاتر دواناکەوێت. بۆیە سوارەکان لە ئەسپەکانیان دانەبەزین و تفەنگەکانیان لە تەنیشتیانەوە هەڵواسرابوو.
بەڵام لەوەی چاوەڕێمان دەکرد زیاتر دواکەوتن. بۆیە جەنگاوەرێکی زیرەکم بە ناوی “جەججی” (جۆرج) خەڵکی “تێیاریی” خوارێ، کە زۆر بوێر و زیرەک بوو، بانگ کرد و پێم وت بڕواتە ژووری کۆبوونەوەکە و بزانێت چەند کەسی بیانی لەوێیە و بە پەلە بێتەوە و پێم بڵێت. کە چووە ژوورەوە و گەڕایەوە، وتی: «ژووری کۆبوونەوەکە پڕە و زۆربەیان کوردن و لەسەر چۆک دانیشتوون و هەریەکەیان تفەنگەکەی لە باوەشیدایە». کاتێک ئەمەم بیست، وتم “ئەی خودایە، ئەی بۆچی ئێمەیان ئاگادار نەکردەوە”. بە جەججیم وت: “ئێستا دەچمە ژوورەوە، تۆ حەوت کەس لە بوێرترین و زیرەکترین ئەو پاسەوانانەی داتناون، چواریان لەگەڵ من بنێرە ژوورەوە و سێیان لەگەڵ خۆت لە پێشەوە بمێننەوە، دەبێت زۆر بە وریاییەوە چاودێریی هەر جووڵەیەک بکەیت و دەستبەجێ بە منی ڕابگەیەنیت”.
پاشان کە ڕۆیشتمە سەر سەکۆی پێش ژووری کۆبوونەوەکە، دیتم ئەوێ چۆڵ بوو، کەسی لێ نەبوو، دەرگاکەم کردەوە و چوومە ژوورەوە، بینیم ژوورەکە پڕە لە پیاو و مار شیمۆن لە سەری کۆبوونەوەکە دانیشتووە. لە لای ڕاستی کۆندراتۆ، ڕاب خەیلە داوید، شموئێل خان و ئەو چوار ئەفسەرە ڕووسییە دانیشتبوون، لە لای چەپیشی سمکۆ و پیاوماقووڵانی کورد دانیشتبوون.
دەرگاکەم داخست و لەسەر پێ وەستام، چونکە جێگەی دانیشتن نەبوو. لەو کاتەدا ئەو چوار کەسە بوێرەی داوام کردبوون هاتنە ژوورەوە و لە تەنیشتم وەستان. پاشان بینیم یەکێک لەو شکاکانە (کوردێکی هۆزی سمکۆی شکاک) هاتە ژوورەوە و شتێکی بە گوێی سمکۆدا چرپاند و ڕۆیشت. زانیم ئەمە یەکێکە لە فەرماندەی جەنگاوەرەکانی و ڕەنگە شتێکی شاراوەی پێ بێت. ویستم بیانوویەک بدۆزمەوە بۆ ئەوەی بەرپەرچی ئەم پەیامە شاراوەیە بدەمەوە. لەو کاتەدا بینیم ئێرانییەک چا بەو پیاوماقووڵانەی کورد دەگێڕێت، بەڵام چای بە ڕووسییەکان نەدا. بە چاگێڕەکەم گوت: “بۆچی چا بە ڕووسییەکان نادەیت؟ هۆکارەکەی چییە؟ ئاخۆ ڕەنگە هەرگیز چایەکی وەک چای ئێوەیان نەدیبێت؟”. یەکێک لەو کوردانەی لەوێ بوو، وەڵامی دامەوە: “با ڕووسییەکان ژەهری مار بخۆنەوە”.
بەو قسەیە دڵنیابووم کە گومانەکەم لە جێی خۆی بووە، بۆیە بەو کوردەم وت: “خۆت ژەهری کوێری بخۆیتەوە”. لەو کاتەدا کوردێکی بەتەمەن کە لە پێشەوەی دانیشتبوو، وتی: “بێدەنگ بە ئەی نەزان”؛ وشەکە بە زمانی ئاشووری بوو، هەر بەو قسەیەش بێدەنگی کرد.
بەڵام قسەکانی ئەو کوردە، خەمباری کردم و خۆمم بە تاوانبار زانی؛ چونکە بیرم کەوتەوە لە دیلەمانیش ئەم گومانانە ئاڵۆزیان کردبووم، کەچی ڕاست دەرنەچوون. بەهۆی ئەمەوە مێشکم لەو بیرکردنەوەیە ئاسودە کرد و ئەوەی پلانی بۆ دانابوو، ئەنجامم نەدا.
پاشان گوێم لێ بوو سمکۆ بە شموئێل خانی وت: “بە مار شیمۆن ئەفەندی بڵێ: بیستوومە زمانی کوردیی ئێمە زۆر بە باشی دەزانێت، بۆیە پێویست ناکات وەرگێڕانی بۆ بکرێت.” شموئێل خان ئەمەی وەرگێڕا. باوکە ڕۆحانی، مار شیمۆن، وەڵامی دایەوە: “ڕاستە ئاغا، کە زمانی کوردیی ئێوەم بە باشی دەزانی، بەڵام لەو سێ ساڵەوە کە ڕۆیشتووین، قسەمان پێ نەکردووە، بۆیە قسەکردن پێی بۆمان سەختە. سمکۆ وەڵامی دایەوە: «ئەگەر خوا سەرکەوتوومان بکات، دوای ئەم یەکگرتنە وەک جاران بەم زمانە قسە دەکەیت.» دوای چەند خولەکێک، سمکۆ وتی: «ئەگەر فەرموون، ژوورێکی ترمان بۆ ئێوە، کۆندراتۆ، شموئێلخان و میرزا ئاغا ئامادە کردووە.» پاش ئەوەی چوونە ئەو ژوورە، نەمانزانی چییان بە یەکتر وت.
چووینە دەرەوە بۆ حەوشەکە و چاوەڕێی باوکە ڕۆحانی «مار شیمۆن» بووین، بەڵام من ئەو چوار چەکدارەم لە ژوورەوە هێشتەوە. نزیکەی نیو کاتژمێر چاوەڕێ بووین و گفتوگۆکەیان هێشتا کۆتایی نەهاتبوو. من و ڕاب خەیلە لە حەوشەکەدا وەستابووین؛ بینیم کوردێک بە وردی سەیری ڕاب خەیلە دەکات. هەموو جارێک دەچوو بۆ لای هاوڕێکانی و دەهاتەوە نزیک ئێمە و بە وردی سەیری ڕاب خەیلەی دەکرد. بە ڕاب خەیلەم وت: «ئەو کوردە دەتناسێت، وادیارە لەو شێوازەی سەیریت دەکات.» ڕاب خەیلە وەڵامی دایەوە: «ڕەنگە بینیبێتم؛ چونکە ئەوەی بیرم بێت، کوردێک هەبوو لە دەوروبەری گەڤەرەوە دەهات بۆ قوچانس، بۆ لای ماڵی بازرگانی، زۆر لەو دەچێت.» وتم: «پێت وانییە شتێکی خراپ لە دڵی ئەم پیاوەدا هەبێت، بەو چرپەچرپەیەی لای سمکۆ؟» ڕاب خەیلە وەڵامی دایەوە: «وا بیر ناکەمەوە، ڕەنگە چەند خاڵێک بووبێت کە بە ئیسماعیل ئاغایان بیر دەخستەوە.»
لەو ژوورەدا کەمتر لە کاتژمێر و چارەکێک مانەوە. کاتێک باوکە ڕۆحانی، پاتریارک، هاتە دەرەوە، سمکۆ بەوپەڕی ڕێزەوە بەڕێی کرد؛ تا گەیشتنە حەوشەی ناوەوە، لەوێ ماڵئاوایییان لە یەکتر کرد و سوپاسی یەکتریان کرد.
مار شیمۆن و ئەوانەی لەگەڵیدا بوون هاتنە دەرەوە بۆ ئەو شوێنەی سوارەکان چاوەڕێیان دەکرد، ئەسپەکەم ڕێکخست و نزیکەی بیست مەتر چوومە نزیک گالیسکەکە. پاتریارک دەستی خستە سەر گالیسکەکە و پێی نایە سەر پلیکانەکەی بۆ ئەوەی سەرکەوێت؛ لەناکاو دەنگی تەقەی تفەنگێکم لە پەنجەرەی ئەو ژوورەوە بیست. دیار بوو خودی سمکۆ ئەم فیشەکەی بە شۆفێری گالیسکەکە نا و کوشتی. ئەمە ئەو نیشانەیە بوو کە سمکۆ بۆ دەستپێکردنی هێرشەکەی دیاری کردبوو.
باوکە ڕۆحانی هەرکە بینی شۆفێرەکە کوژراوە؛ یەکسەر خۆی فڕێ دایە سەر ئەسپەکان بۆ لایەکەی تری گالیسکەکە. لەو کاتەدا لە هەموو لایەکەوە، لەسەر بانەکانەوە تەقەیان لەو حەوشەیە دەکرد کە ئێمەی تێدا بووین. پشێوی و ئاڵۆزییەکی زۆر پێشبینینەکراو ڕووی دا؛ دەنگی تفەنگەکان وەک هەورەگرمە و فیشەکەکانیش وەک تەرزە، لە ئاسمانەوە بەسەر سوارەکانماندا دەبارین.
لەو ساتەدا تەنیا ئەوەندەم زانی کە فڕێ دراومە ئاسمان و بە لەسەر دەستی چەپمەوە کەوتوومەتە سەر زەوی. ئەسپەکەم، کە نزیکەی دە پێ لێمەوە دوور بوو، کەوتبوو و گیانی لە دەست دابوو. لە چرکەساتی یەکەمی تەقەکردنەکەدا، بەهۆی دەنگی ئەو فیشەکانەوە کە بە تەنیشت دەموچاومدا تێپەڕ دەبوون، گوێچکەکانم هیچ نەدەبیستن. هەرچەند هەوڵم دەدا گوێم لە دەنگی تفەنگەکان بێت، نەمدەبیست. تەنیا بە چاوەکانم ئەو دیمەنەم دەدیت و مێشکیشم وشیار بوو. ئیتر بیرم لەوە کردەوە چی بکەم، بە پەلە هەوڵم دا هەستمەوە، بەڵام دەستی چەپم یارمەتی نەدەدام؛ وابیرم کردەوە بریندار بووم، بەڵام هەر کە تفەنگەکەم بە دەستی ڕاستم هەڵگرت، دیتم بە فیشەک پارچەپارچە بووە.
پاشان کە بیرم کردەوە، لەو ڕاستییە تێگەیشتم کە هیچ ڕێگەیەک بۆ ڕزگاربوون نەماوە و ئەمە دوا ساتی ژیانمە. کاتێک چاوم بە حەوشەکەدا گێرا، تەرمی ئەو جەنگاوەرە ئازیزانەم بینی کە لە تەنیشت ئەسپەکانیانەوە کەوتبوون و خوێنیان لێ دەچۆڕا.
بە خۆمم وت: با دەستی چەپم توانای یارمەتیدانم نەبێت، بەڵام بە دەستی ڕاستم بە هەموو هێزمەوە تا دوا هەناسە تێدەکۆشم بەڵکو بتوانم تەرمی باوکە ڕۆحانی ڕزگار بکەم. هەرچی هەوڵمدا، نەمتوانی بە یەک دەست تەرمەکەی بیخەمە سەر پشتم، بەتایبەت لەو لافاوی فیشەکبارانەدا. بە ناچاری تەرمەکەیم بەجێهێشت و لەوێوە بەسەر جۆگەی ئاوەکەدا بازم دا بۆ دیوەکەی دی و نزیکەی سی یارد بەو ڕێگەیەدا ڕۆیشتم. گەیشتمە لای چوار کورد کە لەناکاو لە پێشمدا دەرکەوتن؛ لە سنگیان دام و ئەوانیش لە سنگیانم دا، بینیم یەکێکیان کەوت و ئەوانی تر هەڵاتن. بەسەر ئەوەی کوژرابوو بازم دا و گەیشتمە سەرەتای ڕێگەکە.
لە سووچێکدا سەیری دواوەی خۆمم کرد و بینیم ئەو سێ کەسە دیسان بە پەلە بە دوامدا دێن، سێ فیشەکی تریان پێوە نام، و منیش فیشەکێکم پێوە نان و دواکەوتن. بەو ڕێگەیەدا چوومە ژێر بازاڕی شارەکە و لەوێش تووشی دەستەیەک ئێرانی (عەجەم) بووم کە نزیکەی بیست کەس یان زیاتر بوون بەرەو ڕووم دەهاتن. بینیم هیچ دەرفەتێکم نییە جگە لەوەی بەردەوام بم، بە دەمانچەکەم تەقەم لێ کردن و بینیم دووانیان کەوتن و ئەوانی تر هەڵاتن. کیسە بەتاڵەکەی باروتەکەم فڕێ دا و یەکێکی پڕم هەڵگرت و بە ناو تەرمەکاندا بەو ڕێگەیەدا ڕۆیشتم. هیوایەکی کەم بۆ ژیانم مابوو، چاوەڕێی دوا سات بووم کە تێیدا بکەوم و ژیانم کۆتایی پێ بێت. بەڵام لە ناو هەموو ئەم ترس و شۆکەدا، خودا بە میهرەبانیی خۆی پاراستمی، و گەیشتمە شوێنێک کە کەمێک لێی شارەزا بووم. بەرەو کۆتایی گۆڕەپانی بازاڕەکە، لەوێ لە ڕاکردنەکەم وەستام، کەمێک هەناسەم دایەوە، و ئاسوودەتر بووم. گەرچی دەڕۆیشتم، بەڵام بیرکردنەوەکانم هێشتا لە دواوە بوون و بیری باوکە ڕۆحانیم دەکرد، و ئەو کارەساتە خراپەی کە ئەو نەفرەتییە ئەنجامی دا.
لەم بیرکردنەوانەدا گەیشتمە ئاشەکەی تەنیشت کۆنەشار، لە تەنیشت ڕێگاکە، بەرەو خوسرەوا دەچوو. لەوێ دانیشتم تا لە ماندوێتییەکەم پشوو بدەم. جەستەم سڕ ببوو، دەمم وشک و لێوەکانم دڕابوون. پاشان دەستم بە جەستەمدا هێنا و بینیم بریندار نەبووم، بەڵام بەهۆی کەوتنەخوارەوەم لە ئەسپەکەوە لەسەر بەردەکانی حەوشەکە، تووشی ئازار ببووم. جلوبەرگەکانم بەهۆی فیشەکەکانەوە کون کون ببوون، کڵاوەکەشم هەروا. بەڵام هیچ فیشەکێک بەر جەستەم نەکەوتبوو، دڵنیابووم کە تەندروستم. لە هەمان کاتدا، ئەو دیمەنە سامناک و پڕئازارەم بە بیردا دەهاتەوە کە تەرمی جەنگاوەران لە حەوشەکەدا کەوتبوون و خوێنیان لێ دەچۆڕا؛ خودای مەزن بە میهرەبانیی خۆی ڕزگاری کردبووم.
لەو دەمەدا بڕیارم دا؛ یان دەبێ تەرمی باوکە ڕۆحانییەکە ڕزگار بکەم، یان با منیش لەگەڵ ئەوانی تردا بمرم، چونکە ژیان ئیتر هیچ واتایەکی بۆ من نەما بوو. کاتێک بەم بیرکردنەوانەوە سەرقاڵ بووم، لەناکاو بیست جەنگاوەری ئاشووری لە دەستەکەی خۆم، بە فەرماندەییی ڕاب خامشی خەنانیای تالیا، گەیشتنە لام. هەرچەند هەوڵیان دەدا قسەم لەگەڵ بکەن و دیار بوو بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد، بەڵام نەمدەتوانی دەنگی ئەوانم ببیستم؛ تەنیا جووڵەی لێوەکانیانم دەبینی. پاشان پێم وتن: “ناتوانم ببیستم، چونکە گوێچکەکانم کار ناکەن.” بە ئاماژە دەستیان کرد بە قسەکردن لەگەڵم و بارودۆخەکەم وەک خۆی بۆ ڕوون کردنەوە، هەروەها پێم وتن چی دەبێت بکرێت.
بە ئاماژە قسەیان کرد و وتیان: “تۆ لێرە بمێنەرەوە و ئێمە هەموو ئەوەی فەرمانت کردووە ئەنجامی دەدەین”. وەڵامم دانەوە و وتم: “هیچ سوودێکی نییە ئێوە بچن، چونکە شوێنی تەرمی باوکە ڕۆحانیکە نازانن، دەبێت لەگەڵ ئێوە بێم، یان دەبێ تەرمی مار شیمۆن دەردەهێنین، ئەگەر نەشبوو، با هەموومان بمرین”.
بووین بە دوو دەستەوە؛ یەکێک لە لایەکی ڕێگاکە و ئەوی دیکەیان لە لایەکەی تر. من لەو ڕێگەیەوە گەڕامەوە کە پێیدا هاتبووم. کاتێک گەیشتینە منارەیەک کە لە ژێر دەستی ئێرانییەکاندا بوو، بۆ ماوەیەک لەوێ بە شەڕەوە سەرقاڵ بووین تا ئەوەی شەو زۆر تاریک بوو؛ بە هێواشی، بە وریایی و بێدەنگییەوە بەو ڕێگەیەدا تێپەڕین. هەر کە گەیشتمە دەروازەکە، خەڵکم لە حەوشەکەدا بینی کە چۆن خەریکی گەڕان بە دوای تەرمەکاندا بوون و هەرچی شتێکی بەنرخ هەبوو، لێیان دەکردنەوە.
بە بێدەنگی مامەوە تا هەموو هاوڕێکانم گەیشتنە لام. بە دەنگی تفەنگەکەم، هاوڕێکانیشم دەستیان کرد بە تەقەکردن لەوانەی خەریکی داکەندنی جلی تەرمەکان بوون. یەکێکیان کە لە دەروازەکە نزیکتر بوو، کەوت و ئەوانی دیکەیان بەرەو حەوشەی ناوەوە ڕایان کرد. لەو کەسەی کە کەوتبوو زانیمان ئەوانەی سەرقاڵی داکەندنی تەرمەکان بوون، ئێرانی بوون. کاتێکی زۆرمان پێ چوو تا تەرمی باوکە ڕۆحانیمان دۆزییەوە، چونکە لەو شوێنەی تێیدا کەوتبوو دووریان خستبووەوە و جلە فەرمییەکانیشیان لێ داکەندبوو. بە پەلە خستمانە سەر پشتی «پاتۆ کۆنایا»ی تێیاریی سەرێ، دواتر گواسترایەوە بۆ ئیسحاق چادۆی گوندی چەمبا، ئۆدیشۆ تۆمای هالمۆنیش تا لە شارەکە دەرمانی هێنا. لەوێ ڕادەستی «ڕاب خامشی» (فەرماندەی پەنجا کەسی) خەنانیای تالیای گوندی چەمبامان کرد کە پانزە سەربازی لەگەڵ بوو و بردیان بۆ گوندی خوسرەوا.
- کوژرانی “مار شیمۆن” لە زاری فەرماندەیەکی ئاشوورییەوە - 11/07/2026
- ئاڵمان و دژایەتی ڕۆژئاوای کوردستان - 11/06/2026
- نەزمی وێستفاڵیا و دەوڵەت نەتەوە ، پێترۆدۆلار نەزمی نوێ - 10/31/2026
