شەهاب شەیخی
جەنگی ئێران و ئەمریکا ئیسرائیل: نەزمی وێستفاڵیا و دەوڵەت نەتەوە ، پێترۆدۆلار نەزمی نوێ
ئەوەی ئەمڕۆ وەک جەنگێک لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا دەردەکەوێت، لە ڕاستیدا ململانێیەکی فرەڕەهەندە کە چەندین دەیەیە لە ژێر ڕووکەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا خەریکە گەشە دەکات. ئەم ململانێیە تەنیا پەیوەندی بە مووشەک و چەکی سەربازییەوە نییە؛ بەڵکوو پەیوەندی بە پرسیارێکی بنەڕەتییەوە هەیە: کێ نەزمی جیهانیی داهاتوو دیاری دەکات، ئەو نەزمە لەسەر بنەمای چ یاسا و ڕێسایەک دادەمەزرێت و بەرژەوەندیی کام هێز و دەسەڵات تێیدا دەپارێزرێت؟
١. ئاستی یەکەم: چەکی ئەتۆمی و مانەوەی ئیسرائیل
هۆکاری فەرمیی دەستپێکردنی جەنگەکە، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانە. دوو هەفتە پێش هێرشەکە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) پشتڕاستی کردبووەوە کە ئێران زیاتر لە ٤٠٨ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە ڕێژەی ٦٠ لەسەدی هەیە؛ بڕێک ماددە کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی پرۆسەی پیتاندندا، دەتوانێت بۆ بەرهەمهێنانی تا نۆ چەکی ئەتۆمی بە کار بهێنرێت. لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە، هێڵی سوور ڕوونە: ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی، هەڕەشەیەکی بوونییە کە ناتوانرێت قبووڵ بکرێت…
«ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی تەنیا هەڕەشەیەک بۆ سەر ئیسرائیل نابێت، بەڵکوو دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی تەواوی سیستەمی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.»
(بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا، ٢٠١٥.)
بەڵام لە پشت ناکۆکییە ئەتۆمییەکەوە، پێکهاتەیەکی قووڵتری ئەمنی و ستراتیژی هەیە.ئێران لە سەرەتای دروستبوونییەوە و بە تایبەت لە ساڵی ١٩٧٩ەوە تۆڕێکی فراوانی هێزە چەکدارە هاوپەیمان و نیابەتییەکانی لە ناوچەکەدا پەرەپێداوە؛ لەوانە حیزبوڵڵای لوبنان، بزووتنەوەی حووسییەکان لە یەمەن، هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق و گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە سووریا و غەززە.
ئەم تۆڕە، کە بە «تەوەری بەرخۆدان» ناسراوە، ئیسرائیل لە چەندین ئاراستەوە دەخاتە ژێر گوشاری ئەمنی و سەربازی.
«ئێران حیزبوڵڵا بە گرنگترین هۆکاری ڕێگریکردن لە هێرشی ئیسرائیل یان ئەمریکا بۆ سەر خۆی دەزانێت.»
میکی ئالۆن، ئەفسەری پێشووی هەواڵگریی ئیسرائیل، بە گوێرەی ڕادیۆی ئەورووپای ئازاد.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئێران لەنێوان ساڵانی ٢٠١٢ تا ٢٠٢٠دا زیاتر لە ١٦ ملیار دۆلاری بۆ هێزە نیابەتییەکانی لە عێراق، سووریا و یەمەن دابین کردووە. تەنیا حیزبوڵڵای لوبنان ساڵانە نزیکەی ٧٠٠ ملیۆن دۆلار وەردەگرێت.
لەبەر ئەوە، هێرش بۆ سەر ئێران تەنیا هێرشێک بۆ سەر دەوڵەتێک نییە، بەڵکوو هێرشێکە بۆ سەر تەواوی ئەو سیستەمە سەربازی، ئەمنی و جیۆپۆلیتیکییەی کە تاران لە ماوەی چەندین دەیەدا لە ناوچەکەدا دامەزراندوویەتی.
2.ئاستی دووەم: نەوت، دۆلار و کۆنترۆڵی بازرگانیی جیهانی
ئەمریکا لە ڕووی وزەوە، ئەمڕۆ تا ڕادەیەکی زۆر پێویستی بە نەوت و گازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەماوە؛ چونکە خۆی یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت و گاز لە جیهاندا.
بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک مانای کەمبوونەوەی گرنگیی
ستراتیژیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە.
پرسیارە سەرەکییەکە سەبارەت بە نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە نییە کە ئایا ئەمریکا پێویستی بەو نەوتە هەیە یان نا؛ بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە کە کێ دەیفرۆشێت؟ بە کێ دەفرۆشرێت؟ لە کوێوە دەگوازرێتەوە و لە هەمووی گرنگتر، بە کام دراو مامەڵەی پێوە دەکرێت؟ «ئێمە خۆمان پێویستمان بەو نەوتە نییە؛ بەڵام ئێمە دیاری دەکەین کێ دەستی پێی دەگات.»سیستەمی ناسراو بە «پترۆدۆلار» (PETRODOLLAR)، کە لە دەیەی ١٩٧٠ەوە یەکێک بووە لە پایە سەرەکییەکانی هەژموونی جیهانیی ئەمریکا، داواکارییەکی بەردەوام بۆ دۆلاری ئەمریکی دروست دەکات؛ چونکە بەشێکی زۆری مامەڵەکانی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا بە دۆلار ئەنجام دەدرێن. ئێرانێک کە نەوتی خۆی بە یوانی چینی دەفرۆشێت و بەم شێوەیە هەوڵ دەدات لە سیستەمی دارایی زاڵی ئەمریکا دوور بکەوێتەوە، تەنیا هەوڵ نادات کاریگەریی گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەر خۆی کەم بکاتەوە؛ بەڵکوو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بناغەکانی هێزی دارایی و دراویی ئەمریکا دەخاتە ژێر پرسیار.لە هەمان چوارچێوەدا، گەرووی هورمز، کە ڕۆژانە نزیکەی ٢٠لەسەدی بازرگانیی جیهانیی نەوت بەناویدا تێ دەپەڕێت، تەنیا ڕێڕەوێکی تەسکی دەریایی نییە؛ بەڵکوو خاڵێکی گرنگی جیۆپۆلیتیکییە.
ئێران چەندین جار ئەم ڕێڕەوەی داخستووە یان هەڕەشەی داخستنی کردووە.ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی (WTO) پێشبینی دەکات کە بەرز مانەوەی نرخی وزە بەهۆی جەنگی ئێستاکەوە، دەتوانێت گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی کۆی جیهان (GDP) لە ساڵی ٢٠٢٦دا لانیکەم ٠٫٣ خاڵی سەدی کەم بکاتەوە.
بەم پێیە، ململانێی ئەمریکا و ئێران تەنیا ململانێیەکی سەربازی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە ململانێیەکی گەورەتر لەسەر کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی وزە، ڕێڕەوەکانی بازرگانی و سەروەریی دراویی لە سیستەمی ئابووریی جیهانیدا.
٣.ئاستی سێیەم: ستراتیژی نوێی ترەمپ بۆ «ناتۆ»
لە ڕوانگەی دۆناڵد ترەمپەوە، پەیمانی باکووری ئەتڵەسی، واتە ناتۆ، هاوپەیمانییەکە کە ئەمریکا بە بەراورد لەگەڵ ئەندامە ئەورووپییەکانی، بارێکی دارایی و سەربازیی نایەکسانی لە ئەستۆ گرتووە. ترەمپ چەندین جار بە ئاشکرا ئەم بۆچوونەی دەربڕیوە.
جەنگی دژی ئێران بۆ ئەو دەرفەتێکی ستراتیژییە بۆ نیشاندانی ئەوەی کە ئەمریکا دەتوانێت بەبێ پشتیوانیی ناتۆ، بە تەنیا هێزی سەربازیی خۆی بەکار بهێنێت و ئۆپەراسیۆنی گەورە ئەنجام بدات و نیشانیشی بدات ناتۆ ئەو هێزە نییە کە هەر کات ئەمریکا پێویستی بێت پشتیوانی ئەمریکا بێت!
پەیامە سیاسییەکە بە وردی حیسابی بۆ کراوە: ئەمریکا پێویستی بە ناتۆ نییە. دەرەنجامە ستراتیژییەکانی ئەم بیرکردنەوەیە زۆر قووڵن. لاوازبوون یان هەڵوەشانەوەی ناتۆ دەتوانێت دەستی ئەمریکا لە سیاسەتی دەرەوە و بەکارهێنانی هێزی سەربازیدا ئازادتر بکات؛ تەنانەت بەرامبەر ئەو هاوپەیمانانەشی کە بە شێوەیەکی سەربەخۆتر هەڵسوکەوت دەکەن.
تورکیای ژێر دەسەڵاتی ئەردۆغان نموونەیەکی دیاری ئەم دۆخەیە.
تورکیا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەربەستی لەبەردەم فراوانبوونی ناتۆ دروست کردووە، سیستەمی چەکی ڕووسی کڕیوە و سیاسەتێکی دەرەوەی پەیڕەو کردووە کە زۆر جار لە دژایەتیی ڕاستەوخۆی پرەنسیپەکانی ناتۆ و بەرژەوەندییەکانی واشنتندایە. تا ئەو کاتەی تورکیا ئەندامی ناتۆ بێت، ئەم هاوپەیمانییە لە ڕووی دامەزراوەیی و سیاسییەوە سنووردارە لە بەکارهێنانی هێز بەرامبەری. بەڵام ئەمریکایەک کە خۆی لە ناتۆ دوور بخاتەوە، چیتر پابەندی ئەو سنوور دارییانە نابێت.
لەو ڕوانگەیەوە، جەنگی ئێران دەتوانێت بەشێک بێت لە هەوڵێکی فراوانتری ئەمریکا بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی خۆی لەگەڵ هاوپەیمانەکان و دووبارە پێناسەکردنەوەی شوێن و ڕۆڵی ناتۆ لە نەزمی جیهانی نوێدا. لە پاش ئەم شەڕە بە هەر ئەنجامێک تەواو بێت دەستی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ دەستتێوەردان لە ناتۆ دا بەرفراوان دەبێت، ئەگەر هەڵی نەوەشێنێتەوە.
٤.ئاستی چوارەم: خەونی ئیمپراتۆرییەت؛ فارس، عوسمانی و نەزمی کۆن و نەزمی وێستفالیایی/ناسیۆنالیزم
لێرەدا دەگەینە یەکێک لە قووڵترین ئاستەکانی ئەم ململانێیە.
لە دوای پەیمانی ئاشتیی وێستفالیای ساڵی ١٦٤٨ەوە، سیستەمی مۆدێرنی دەوڵەتەکان شێوەی گرت؛ سیستەمێک کە لەسەر بنەمای سەروەریی دەوڵەتەکان لەناو سنوورە دیاری کراوە کانیاندا دامەزرا و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی بوو بە یەکێک لە بنەماکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. بە کورتی بڕیارەکە بەو مانایە بوو کە بە هەر دەوڵەتێک بڵێن، سنووری ئاسایشی نەتەوەیی تۆ تەنیا لەنێوان دەوڵەتی خۆتدایە.
دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، ئەم بنەمایە بە چەمکی دەوڵەت-نەتەوە تەواوتر کرا؛ واتە ئەو بیرۆکەیەی کە نەتەوە و خاک و دەسەڵاتی سیاسی دەبێت لە چوارچێوەیەکی هاوتەریبدا کۆ ببنەوە. یان بە مانایەکی تر سنووری یەکپارچەیی خاک یان تەرۆتەریال ئینتێگریتی، لەگەڵ سەروەری نەتەوەیی یەک دەگرێتەوە بۆیە پێشی دەڵێن سەدەی ناسیۆنالیزم.
بە کورتی وێستفالیا یەکپارچەیی خاکی بە نەزمی جیهان زیادە کرد و ناسیۆنالیزم سەروەری نەتەوەیی. دواتر جەنگی سارد، نەزمی جیهانی لەسەر بنەمای دوو بلۆکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی ڕێک خست. لەگەڵ هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەتدا، وا دەردەکەوت کە نەزمێکی جیهانیی جێگیر بە سەرکردایەتیی ئەمریکا سەرهەڵدەدات، بەڵام ئەوەی لە کرداردا ڕوویدا، زنجیرەیەک جەنگ و ململانێ بوو، بەبێ ئەوەی نەزمێکی ڕوون و جێگیر، جێگیر بکرێت: جەنگی کەنداو، عێراق، یوگسلاڤیا و ئەفغانستان. چیتر بلۆکی ڕۆژهەڵات بە مانای پێشووی نەما، بەڵام جێگیرییەکی ڕاستەقینەش سەری هەڵنەدا.
لەناو ئەم بۆشایییە ستراتیژییەدا، دوو هێزی مێژوویی کۆن، واتە ئێران و تورکیا، هەوڵیان داوە جارێکی دیکە ڕۆڵی خۆیان وەک هێزی هەرێمی و ئیمپراتۆری دووبارە پێناسە بکەنەوە.
هەردووکیان لە هەڵسوکەوتی سیاسەتی ناوەوە و دەرەوەیاندا وەک دەوڵەت-نەتەوەیەکی کلاسیکی کردار ناکەن؛ بەڵکوو خەونی زیندووکردنەوەی هەژموونی ئیمپراتۆرییەتە مێژووییەکانیان دەبینن.
خەونی سەفەوی: تاران وەک زلهێزێکی نوێی فارسی
لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی ١٩٧٩ەوە، ئێران بەپێی ئەو شیکارییەی کە لە گۆڤاری زانستیی GEOPOLITICS دا ئاماژەی پێ کراوە، لە هەمان کاتدا دوو ڕۆڵ دەگێڕێت: لە لایەکەوە وەک دەوڵەتێکی نەریتی کردار دەکات و لە لایەکی دیکەوە هەوڵی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی دەدات. ئەم دوو ڕۆڵە پەیوەندییان بەو بیرۆکەیەوە هەیە کە خومەینی لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیدا پەرەی پێدا.
ئێران خۆی تەنیا وەک دەوڵەتێک لەنێو دەوڵەتەکانی دیکەدا پێناسە ناکات؛ بەڵکوو خۆی بە پارێزەری بیرۆکەیەکی فارسی- شیعیی سنووربەزێن دەزانێت کە مەودای کاریگەرییەکەی زۆر لە سنوورە سیاسییەکانی خۆی تێدەپەڕێت.
ئێران ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا لە شەش وڵات حکومەت دەکات و لەگەڵ چواردە وڵات شەڕ دەکات. هەر بۆیەش سنووری ئاسایشی نەتەوەیی خۆی نەک لەناو سنوورەکانی دەوڵەتی خۆی بەڵکوو لە سنووری وڵاتانی تر دەبینێت.
هەر بۆیە قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودس دەیگوت:
«سووریا ئەڵقە زێڕینەکەی زنجیرەی بەرخۆدانە. ئەگەر سووریا لەدەست بدەین، هەموو شتێکمان لەدەست داوە.»
دامەزراوەی کارنیگی بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی، ستراتیژیی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە دوو ئامانجی هاوتەریبدا شیکردووەتەوە.
ئامانجی یەکەم، ناچارکردنی ئێرانە بە وازهێنان لە بەرنامەی ئەتۆمی، تواناکانی مووشەکی و تۆڕی هێزە نیابەتییەکانی.
ئامانجی دووەم، کە هاوکات لەگەڵ یەکەمدا بەڕێوە دەچێت، بریتییە لە لاوازکردنی بنەماکانی ڕەوایی سیاسیی ڕژێم لە ناوخۆی ئێراندا. ئەم دوو ئامانجە ڕوونی دەکەنەوە بۆچی جەنگەکە تەنیا دامەزراوە و بنکە سەربازییەکان ناکاتە ئامانج، بەڵکوو سەرکردایەتیی سیاسی و ئایینیی دەوڵەتیش دەخاتە ژێر هێرش.
ئێران ئەمڕۆ بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە شەش تا حەوت وڵاتدا دەسەڵات و کاریگەریی سیاسی و سەربازی هەیە و هاوکات لەگەڵ زیاتر لە دە دەوڵەت و هاوپەیمانیی سەربازیدا، لە ململانێ و شەڕدایە.
ئەمە چیتر تەنیا هەڵسوکەوتی دەوڵەت-نەتەوەیەکی کلاسیک (لە مانا وێستفالیایی و دەوڵەت-نەتەوەیییەکەیدا) نییە؛ بەڵکوو دەرکەوتەی ئایدیۆلۆژییەکی ئێرانی (فارسی-شیعی) کە سنوورە سیاسییەکان بە بەربەستێکی بنەڕەتی بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی نازانێت.
خەونی دامەزراندنەوەی هەرێمێکی گەورەی فارسی-شیعی و یادەوەریی ئیمپراتۆرییەتی سەفەوی لە سەدەکانی شازدەیەم تا هەژدەیەمدا، هێشتا لە سیاسەتی دەرەوەی تاراندا زیندووە؛ خەونێک کە بە زمانی ئایینی داپۆشراوە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا پرۆژەیەکی ئیمپراتۆریخوازیی فارسییە.
خەونی عوسمانی: ئەردۆغان و میساقی میللی
تورکیای ژێر دەسەڵاتی ئەردۆغانیش پرۆژەیەکی ئیمپراتۆریخوازیی هاوتەریب، بەڵام سەربەخۆی هەیە. بەڵگەنامەی سەرەکیی ئەم پرۆژەیە «میساقی میللی» (MISAK-I MILLÎ)، واتە «پەیمانی نەتەوەیی»یە؛ بەڵگەنامەیەک کە لە ساڵی ١٩٢٠دا لەلایەن دوا پەرلەمانی عوسمانییەوە پەسەند کرا و سنوورەکانی ئەو خاکەی تورکیا بە مافی مێژوویی خۆی دەیزانی، دیاری دەکرد.
ئەم بەڵگەنامەیە لە خوێندنەوەی فراوانخوازیی تورکیادا بۆ داواکاریی مێژوویی بەسەر ناوچەکانی وەک مووسڵ، کەرکووک، حەلەب، تراکیای ڕۆژئاوا و ناوچەکانی دیکەدا بەکار هێنراوە. ئەردۆغان چەندین جار بە ئاشکرا ئاماژەی بەو بەڵگەنامەیە داوە.لە وتارێکی ساڵی ٢٠١٧دا ڕایگەیاند: «کاتێک باس لە ڕووداوەکانی سووریا و عێراق دەکەم، دەڵێم: «دەبێت جارێکی دیکە بگەڕێینەوە بۆ میساقی میللی.»
هەروەها لە ساڵی ٢٠١٨دا، لە پەیوەندی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە باکووری سووریا، گوتی: «باکووری سووریا لەناو سنوورەکانی میساقی میللیدا بووە.» لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤یشدا ئەردۆغان ڕایگەیاند: «بنەمای سەرەکیی ئێمە پاراستنی نەتەوەکەمان و خۆشگوزەرانیی ٨٥ ملیۆن هاووڵاتییەکەمانە. ئێمە هیچ دەستتێوەردانێک قبووڵ ناکەین؛ نە لەناو خاکە ٧٨٢ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەییەکەماندا و نە لەناو سنوورەکانی پەیمانی نەتەوەییدا.» تورکیا لە ساڵانی ڕابردوودا بنکەی سەربازی لە باکووری عێراق دامەزراندووە، هێزی سەربازیی بۆ سووریا و لیبیا ناردووە و هەوڵی داوە لە ڕێگەی دامەزراوە پەروەردەیییەکان، تۆڕە ئایینییەکان و پەیوەندییە ئابوورییەکانەوە، کاریگەریی خۆی لە ئاسیای ناوەڕاست، باڵکان و وڵاتە عەرەبییەکاندا فراوان بکات.
ئەم هەڵسوکەوتە تەنیا سیاسەتی بەرگریی دەوڵەت-نەتەوەیەک نییە؛ بەڵکوو بە دامەزراوەییکردنی خەونی عوسمانیگەریی نوێ دەچێت.
«تورک و فارس لە درێژەی مێژووی خۆیاندا نیشانیان داوە، ئەو دوو هێزە ئیتنیکییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن کە تەنیا خاکی خۆیان ناوێت؛ بەڵکوو داوای داگیر کردنی خاکی کورد، عەرەب و نەتەوەکانی دیکەش دەکەن.»
ئەوەی تورکیا و ئێران، سەرەڕای کێبڕکێ و ناکۆکییە توندەکانیان، بە یەکەوە دەبەستێتەوە، ئەوەیە کە هەردووکیان دەیانەوێت دەسەڵاتی سیاسی و هەژموونی خۆیان لە سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوەکەیان تێپەڕێنن.
هەردووکیان داوای دەسەڵات بەسەر ئەو خاک و ناوچانەدا دەکەن کە نەتەوە و کۆمەڵگەکانی دیکە، لەوانە کورد، عەرەب و عەلەوی، تێیاندا دەژین و مافی سیاسی و مێژوویی خۆیان هەیە.
هەروەها هەردووکیان ئیسرائیل و نەزمێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، بە یەکێک لە بەربەستە سەرەکییەکانی بەردەم پرۆژە ئیمپراتۆرییەکانی خۆیان دەزانن.
٥.ئاستی پێنجەم: نەزمی نوێی جیهانی؛ کێ یاساکان دادەڕێژێت؟
لە قووڵترین ئاستدا، ئەم جەنگە پەیوەندی بە پرسیارێکی بنەڕەتیی نەزمی نێودەوڵەتییەوە هەیە: کام بنەما دەبێت زاڵ بێت؟ بنەمای دەوڵەت-نەتەوەی کلاسیکی، کە سنوورە سیاسییەکانی پارێزراون، یان بنەمای ئیمپراتۆری، کە تێیدا هێزە زلهێزەکان دەتوانن بە گوێرەی ویست و بەرژەوەندیی خۆیان بازنەی هەژموونییان لە دەرەوەی سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوە فراوان بکەن؟
ئەمریکا و ئیسرائیل هەڵوێستێکی دیاری کراویان هەیە: نابێت زلهێزی هەرێمیی سەربەخۆ و کۆنترۆڵ نەکراو هەبن کە بتوانن جەنگی نیابەتی بەڕێوە ببەن، هەوڵی دەست ڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی بدەن و ئازادیی بازرگانیی نێودەوڵەتی بخەنە ژێر هەڕەشە.
لە چوارچێوەی ئەم ڕوانینەدا، ئیسرائیل دەبێت وەک هێزی سەربازیی زاڵ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بمێنێتەوە. بازرگانیی نەوت دەبێت بە دۆلار بەردەوام بێت.دەوڵەتەکان دەبێت لەناو سنوورەکانی خۆیاندا دەسەڵات بەڕێوە ببەن و لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی هاوژیانی سیاسی و ئەمنیدا بن.
لە بەرامبەر ئەم دیدگایەدا، بیرۆکەیەکی دژبەری فارسی-عوسمانی هەیە کە دەیەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای داواکارییە مێژووییەکان، پەیوەندییە ئایینییەکان و هەژموونی ئیتنیکی دووبارە ڕێک بخاتەوە.
ئەم پرۆژەیە لەسەر حیسابی ماف و بەرژەوەندییەکانی کورد، عەرەب، دەوڵەتە بچووکەکان و هێزە ڕۆژئاوایییەکان پەرە دەسەنێت.
هەر بۆیە ڕێکەوت نییە کە هەم ئێران و هەم تورکیا دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین و لاوازکردنی ئیسرائیلیان کردووە بە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەیان.
لەو ڕوانگەیەوە، جەنگی دژی ئێران هەروەها پەیامێکی ستراتیژییە بۆ ئەنقەرە: سەردەمی ئەوەی هێزە ئیمپراتۆرییە هەرێمییەکان بتوانن لە ژێر ناوی دەوڵەت-نەتەوەدا پرۆژە فراوانخوازییەکانیان بەڕێوە ببەن، کۆتایی پێ هاتووە. لە سەرەتادا ئێران، وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆتر و هاوپەیمانێکی ئەگەریی تورکیا، بێلایەن دەکرێت و توانای کاریگەرییەکانی سنووردار دەکرێن. پاشان، بە گوێرەی ئەم لۆژیکە ستراتیژییە، تورکیا بە تەنیا دەمێنێتەوە.
نەزمی پەیمانی وێستفالیا، کە بنەماکانی سیستەمی مۆدێرنی لە ناو سنووری دەوڵەتەکان داڕشت؛ سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوەکان و پاشان «کۆمەڵەی نەتەوەکان»، کە هەوڵی دەدا پەیوەندیی نێوان نەتەوە و خاک لە چوارچێوەیەکی سیاسی و یاساییدا ڕێک بخات؛ و جەنگی سارد؛ هەموو ئەم میراتە مێژوویییانە ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئەم جەنگەدا جارێکی دیکە دەخرێنە بەر باس و پێداچوونەوە. لە کۆتاییدا، پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەمەیە: کامیان سەردەکەوێت؛ نەزمی دەوڵەت-نەتەوە یان خەونی ئیمپراتۆرییەتی هەرێمی؟
بەرلین 14.05.2026 شەهاب شێخی
——
ئەی کوردستان؟
بە دڵنیایییەوە، ئەگەرچی چارەنووسی نەتەوە داگیر کراوەکان و کۆڵۆنی کراوەکان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە، بۆ ترەمپ گرنگ نییە، بەڵام نەزمی جیهانی لە سەر بنەمای دەوڵەت_نەتەوە، پترۆدۆلار و کۆنترۆڵکردن یان هەڵوەشاندنەوەی ناتۆ بۆی زۆر گرنگن. بەڵام بۆ ئیسرائیل، هەر وەک سەرۆکی بنیاتتی دیموکراسی ئیسرائیل هەشت مانگ پێش بە دەسەڵات گەیشتنی ئەحمەد شەرع گوتبووی، «دەبێت جوگرافیای ئیتنیکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندیی ئیسرائیلدا بگۆڕدرێت.» کەواتە، بۆ ئیسرائیل گرنگە کە سنووری دەسەڵاتداریی فارس و تورک، نەک هەر لە ناوچەکەدا، بەڵکوو تەنانەت لە سنوورەکانی ئێستاشیاندا، بچووکتر ببێتەوە.
ئێستا دۆخی کوردستان دەبێت بە چی؟ من چەند جار لە دیبەیتە سیاسییەکاندا گوتوومە کە تۆم باراک باشترین کۆمەڵناسی سیاسیی کوردستانە؛ چونکە لەم ماوەیەدا گوتبووی: «کورد دەبێت نەتەوەی خۆی دیاری بکات.» دیارە مەبەستی لە نەتەوە، هەمان دەوڵەتە؛ واتە ناسیۆنالیستیی خۆیان دیاری بکەن.
ئەم قسەیە بە چ مانایە؟ واتە یان لەم نەزمە جیهانییەدا، کە نوێنەرەکان و ئەندامەکانی هەمان دەوڵەت-نەتەوەکانن، کورد دەوڵەت-نەتەوەی خۆی دروست دەکات؛ یان چیتر، دوای سەد ساڵ، ناتوانێت تەنیا هۆکاری بێ نەزمیی ئەو دەوڵەت-نەتەوانە بێت کە کێشەی لەگەڵیاندا هەیە؛ واتە ئێران و تورکیا. (سووریا و عێراقیش خۆیان پاشکۆی سیاسەتی ئێران و تورکیان.)
کەواتە، یان پرسی کوردستان یەک دەخەن و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دادەمەزرێنن، یان دەبێت قبووڵ بکەن کە ببن بە بەشێک لە دەوڵەتانی ئێران و تورکیا.
ئۆجەلان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاندبوو کە دوو پلان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە: یەکێکیان پلانی ئیسرائیلی-ئەمریکییە و ئەوی دیکەیان پلانی تورکیایە. ئۆجەلان لەو ڕێگایەدا، لەگەڵ ئەردۆغان و باخچەلی، دەیانەوێت ئەم پلانی ئیسرائیل شکستی پێ بهێنن.
ئێستا بەشەکانی دیکەی کوردستان، لە جیاتی شەڕە میدیایییەکان لەگەڵ تەڤگەر، یان دەبێت پلانی خۆیان بۆ دامەزراندنی کوردستان جێبەجێ بکەن، یان بە شەڕی میدیایی دەرەقەتی پلانی ئێران، تورکیا و تەڤگەر نایەن و ناتوانن ئەو بەرپرسیارێتییە مێژوویییە لەسەر خۆیان لا ببەن.
پ.ن : ئەم وتارەم بە داوای یەکێک لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و لۆبی لە ئەڵمانیا نووسی. ئەو ناوەندە داوای لە ٥٠ نووسەر و ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردبوو، لێکدانەوەی خۆیان لەسەر جەنگی ئەمریکا_ ئیسرائیل و ئێران پێشکەش بکەن. بە بێ ئەوەی لە ڕوانگەی سۆزداری یان بەرژەوەندی سیاسی نەتەوە و ئایینی و..خۆیان بڕوانن
من ئەم لێکدانەوەیەم بە زمانی ئەڵمانی نووسی. بەهۆی سروشتی ئەمنیی ئەو ناوەندەوە، سەرەتا مافی بڵاوکردنەوەم نەبوو. دواتر وتارەکەی من بوو بە یەکێک لە بیست وتاری هەڵبژێردراو پاش ماویەک مۆڵەتی بڵاوکردنەوەم پێدرا، بەو مەرجەی ناوی ناوەندەکە و پرۆژەکە ئاشکرا نەکەین. بۆیە وتارەکەم لە وێبسایتی خۆم بە زمانی ئەڵمانی بڵاو کردەوە.
ئەو کاتە وام دەزانی بۆ بڵاوکردنەوەی بە کوردی درەنگ بووە. تازە شەڕەکە بەرەو تەواو بوون دەچوو، بەڵام لە ڕاستیدا، تا ئێستا لێکدانەوەیەکی هاوشێوەم بە زمانی کوردی نەدۆزیوەتەوە.
ئێستا کە هەواڵەکانی ئەگەری دووبارە هەڵگیرسانەوەی جەنگەکە زیادیان کردووە، پێم وایە بڵاوکردنەوەی ئەم لێکدانەوەیە بە کوردی گرنگە.
لە وتارەکەدا جەنگەکەم تەنها وەک ململانێیەکی سەربازی لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا نەبینیوە، بەڵکوو لە پێنج ئاستدا شیکردووەتەوە: چەکی ئەتۆمی و ئاسایشی ئیسرائیل، نەوت و پێترۆدۆلار، ناتۆ و ستراتیژیی ترامپ، خەونە ئیمپراتۆرییەکانی ئێران و تورکیا، و ململانێ لەسەر نەزمی نوێی جیهانی. نەزمی وێستفالیایی_دەولەت نەتەوە و..
لە کۆتاییشدا بەشی “کوردستانم” پێ زیاد کردووە وپرسیارێکی بنەڕەتیم خستووەتە ڕوو: لەناو ئەم گۆڕانکارییانەدا، چارەنووسی کوردستان چی دەبێت؟
ئەمە پوختەی ئەو لێکدانەوەیەیە کە ئێستا بە زمانی کوردی و لە بیست سلایددا بڵاوی دەکەمەوە. تکایە کات دانێن و بیخوێننەوە و خوێندنەوەی خۆتان یان ڕا و بۆچون تان بە کۆمێنت یان نامە بنووسن
- نەزمی وێستفاڵیا و دەوڵەت نەتەوە ، پێترۆدۆلار نەزمی نوێ - 10/31/2026
- كوردی ستاندارد خهونێكی شاعیرانهیه - 10/28/2026
- در دفاع از بنیادگرایی بازار آزاد - 10/26/2026
