ئایا خەڵکی کوردستان، لەبەر هەژاری و برسیەتی، واز لە سەربەخۆیی دێنێت؟

شاهین کەریمی

چەند ڕۆژ لەوە پێش باسێکی دەوڵەمەند لەسەر ئەم مژارە لە کڵابهاوس هەبوو. من بەشدار بووم و باسی خۆم پێشکەش کرد. لێرەدا ڤێژرنی دەقی ئەم باسە بۆ ئەو بەڕێزانەی ئاگادار نەبوون، دەنووسمەوە.

سەرەتا

ئەم پرسە، پرسێکی بابەتی و گرینگە. ئێمە ناتوانین بڵێین کە کوردستان هەنگاوی نا بۆ سەربەخۆیی و بڕیاری سەربەخۆیی دا، تووشی هیچ ئاستەنگییەک نابینەوە و دۆخەکە هیچ گۆڕانی تێدا نابێت.

ئەگەر بڕوانینە ڕۆژنامە کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستان/مهاباد، حکوومەتی کوردستان قەیرانی ئابووری هەبووە و داوای لەخەڵک کردووە کە دراوی کارەبا بدەن و ئەرکی هاونیشتمانی خۆیان بەجێ بگەیەنن.لەسەرەتای شۆڕشی ١٩٧٩ و ئەو کاتەی کوردستان/ڕۆژهەڵات بەدەست پێشمەرگەوە بوو، کوردستان کەوتبووە بەر گەمارۆی بازرگانی و ئابووری و قەیرانی سەختی سووتەمەنی وەک بەنزین و نەوت و گاوزۆئیل و هەروەها کەمبوونی خواردەمەنی هەبوو.لە باشووری نیشتمان، لە پاش ساڵی ١٩٩١ و دیاریکردنی هێڵی ٣٦ دەرەجە، کوردستان لەژێر دوو گەمارۆدا بوو، یەکەم گەمارۆی نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دووهەم گەمارۆی بازرگانی و ئابووری حکوومەتی ناوەندی عێراق/سەدام.دڵنیایی هەیە لەوەی کە لە ئەگەری بڕیاری کوردستان بۆ جیاکردنەوەی ماڵی خۆی و دیاریکردنی سنوور لەگەڵ عەجەم، یەکێک لەو چەکانەی بەرانبەر بە کوردستان دەیگرنە بەر گەمارۆی ئابووری و سزادان و برسیکردنی خەڵکی ئێمەیە.بەڵام، بڕوای قووڵم هەیە کە ئەم چەکە کۆکوژە دوژمناکارانە نابێتە بەربەست لەبەردەم بڕیاری گەلی ئێمە بۆ سەروەری سیاسی.چوونکە:

یەکەم

کوردستان لە شوێنێکی ژێئۆپۆلیتیکی نێودەوڵەتی هەڵکەوتووە و عەجەم ناتوانێت هەموو سنوورەکان بەسەر کوردستاندا دابخات. ئێمە سنووری نێونەتەوەییمان لەگەڵ باشووری کوردستان، کە گرینگرتین پاڵپشتی ئێمە دەبن هەیە، هەروەها لەگەڵ باکووری نیشتمان/تورکیە، ئازەربایجان و ئەرمەنستان، لە باشووریشەوە لەگەڵ ئەحواز و لوڕستان سنوورمان هەیە. ئەمڕۆ بەشی هەرە زۆری ئەو ماڵەی دێتە ناو ئێرانەوە، لە سنووری کوردستان و بەشانوکۆڵی کۆڵبەر دێت. ئێمە دەتوانین پێداویستی خۆمان لێرەوە دابین بکەین و شت لەسەر عەجەم گران بکەین. کاری قاچاخکردن بۆ ناوچەی عەجەمان و لە عەجەمستانیشەوە بۆ کوردستان، بەردەوام دەبێت و بەشێک لە پێداویستی ئێمەوە لەو ڕێگەوە دابین دەکرێت.

دووهەم

ڕێژەیەکی بەرچاو لە دەستەبژێر و لاوی کورد کۆچیان کردووە و ملی ڕێگەی خوێندن و خۆپێگەیانیان گرتۆتە بەر، هەروەها کۆمەڵێکی زۆر لە کچان و کوڕانی کورد لە هەندەران لەدایک بوون، بەڵام ئاشقی نیشتمان و زێدی خۆیانن.لەئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی و گەمارۆی بازرگانی و ئابووری دوژمن، هەموو ئەم گەنجە تێکنۆکراتانە، بەگیانی نیشتمانی و بەڕۆحی پێشمەرگانە دەڕژێنە ناو نیشتمان و ئەرکی بازرگانی و پلاندانان و وانەوتنەوە و بەڕێوەبردنی پرۆژەکانی حکوومەتی کوردستانی دەگرنە ئەستۆ. هەروەها نەوەی گەنج و خوێندەواری ناوخۆی ئەمڕۆی نیشتمان، دەتوانێت زۆر بەباشی ئەرکەکانی بەڕێوەبردنی وڵات، هەڵسووڕێنێت.بۆیە لەم بوارەدا ئێمە سامانێکی بێوێنەمان هەیە و هاونیشتمانی کوردستانی دەبێت ئەرخایەن بێت لە دابینی ژیان و لە برسی نەبوون.

سێهەم

بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئێمە ساڵانێکی زۆرە کۆچیان کردووە و لەهەندەران بوونەتە خاوەن پیشە و خوێندن و خانوو و پاشەکەوت. هەر کام لەم خەڵکە دەتوانن چەند خێزان لە کوردستان بژیەنن. دەتوانن لەڕێگەی ناردنەوەی پارە و دراو و دۆلار و یۆرۆ، دەست بدەنە بن باڵی خزموکەسی خۆیان و هەروەها هاونیشتمانی کەم داهات. دەکرێت تۆرێکی خێرخوازی خۆنەویست ڕێک بخرێت و لەڕێگەی ئابووری بچووکەوە(micro eceonomy) کار بۆ خەڵک دابین بکرێت.

چوارەم

هەموو ئەو وڵاتانەی تووشی دابڕان و قەیران و لێکترازانی قووڵ بوون، بۆ ماوەی چەند ساڵ سەختی و هەژارییان کێشاوە. ژاپۆن پاش شەڕی دووهەمی جیهانی لە وڵاتێکی وێران و خەڵکێکی هەژارەوە بووەو بە ئیمپراتۆری ئابووری، ئاڵمانییەکان، لە ماوەی ٣-٤ ساڵدا ئابووری و پیشەسازییان درووست کردەوە و بوونەوە بە ئاڵمانی خۆیان، کچانی جوولەکە ماچیان دەفرۆشت و پارەکەیان دەناردەوە بۆ ئیسڕائیل بۆ درووستکردنی ژێرخانی وڵات.خەڵکی ئێمە لە پێشمەرگایەتی و سەختی و دژواریدا ژیاوە، بەخشەندە و دڵفراوانە. دڵنیایی هەیە لەوە چەند ساڵی سەختی سەرەتایی بەئاسانی تێدەپەڕێت.

پێنجەم

کوردستان وڵاتێکی کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییە و دەتوانێت پێدوایستییە سەرەتاییەکانی خۆی وەک دانەوێڵە و شیر و گۆشت دابین بکات. هەروەها خاوەن کانزا و نەوت و گازی زۆرە و بەشێکی زۆر لە داهات و هەناردەی ئیران لە نەوت و گاز، لە کوردستانەوە دابین دەبێت. هەموو ئەم سەرچاوە و داهاتانە دەکەونە دەست حکوومەتی نیشتمانی کوردستانی و دەتوانێت بەباشی خەڵکی خۆی پێ بژیەنێت.جگە لەوە، سەرچاوەکانی ئاوی عەجەمستان لە کوردستانە و ئێمە دەبینە خاوەن هێز و دەسەڵات و ماسوولکە لەم ڕووەوە.

شەشەم

خاڵی پێنجەم پێوەندی بە بەڕێوەبەرانی کوردستان هەیە. ئەگەر سەرۆک و بەرپرسان، وەزیر و بەڕێوەبەر، کاربەدەست و سەرۆک حیزب، لەبیری گیرفان و خزم و حیزب و منداڵەکانی خۆیاندا بن و ئەزموونی گەندەڵکاری باشوور دووپات بێتەوە، خەڵکی ئێمە ناهۆمێد و بێ ئاسۆ دەبێت، بەڵام ئەگەر هەموو، تایبەت بەرپرس و وەزیر و سەرۆک حیزب، دوور بکەوێتەوە لە پرۆژەی بازرگانی و کاری مافیایی، وە هەژاری و برسیەتی بەشێوەی یەکسان دابەش بکرێت، خەڵک شان دەداتە ژێر سەختییەکان و پشت لە حکوومەتی خۆی ناکات.

لێرەدا، ئەرک و بەرپرسایەتی نوخبەی سیاسی و کاربەدەستی حیزبی و حکوومی خاڵێکی گرینگ و دیاریکەرە.

Website | + posts