قەیرانی نەیارشەیدایی و ناسەروەری و مەترسی لەسەر کوردستان

مانی ڕەحیمی


یەکدەنگی نەتەوەیی لەسەر نەتەوەبوونی کورد هەیە، بەڵام خاکی نیشتمانەکەی لەلایەن دوژمنانەوە دابەش و داگیر کراوە کە هەوڵی تواندنەوەی و لەناوبردنی یەکجاری بۆ دەدەن. ئەوە لە ڕێگای شەڕی ڕەق؛ چەکداری و سەرکوت، و هەروەها شەڕی نەرم؛ سایکۆلۆژیک، فەرهەنگی و گوتاری لەلایەن سێ دەوڵەتی دراوسێی درندەی فارس و تورک و عەڕەب لە چوارچێوەی کۆڵۆنیالزمی جێنشین (Surrogate Colonialism) بەڕێوە دەچێت.
هەروەها زلهێزە جیهانییەکان کە بە زۆر هۆکار و لە بەرژەوەندی خۆیاندا کوردستانیان لە نێوان تورک و عەرەب و فارس دابەش کرد، ئێستاش لە شێوازی ڕێگری لە دانپێدانانی ناودەوڵەتی (International Recognition) بۆ کوردستان و نکۆڵی لە وەرگرتنی سەروەریی نەتەوەیی (Sovereignty) و هەروەها پابەندی بە سنوورەکانی سایکس-پیکۆ، پێش لە ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان دەگرێ و هەروەها لە ڕێگای بەفەرمی ناسینی سەروەری دەوڵەتە داگیرکەرەکان و پەیوەندی سیاسی، ئابوری و دیپلۆماتیک لەگەڵیان، ڕیشەی داگیرکاری قووڵتر دادەکوتن.
دەوڵەتانی ئێران، تورکیا، ئێراق و سوریا وەک داگیرکەرانی کوردستان لەلایەن تاوانبارانێکەوە بەڕێوە دەچێ کە دەوڵەتداری ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەن و بەرپرسیارەتی سەرەکی هەموو تاوانەکان لە دژی کوردستان دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان و بەرپرسیارەتی پلەی دووهەم دەکەوێتە سەر شانی هەموو تاکەکانی ئەو نەتەوەییە کە بەکردەوە دژایەتی داگیرکاری دەوڵەتەکەی خۆیان ناکەن.
بەو پێیە کە کەسێکی حەقیقی و حقوقی دەوڵەتی و نادەوڵەتی ئەندامی نەتەوەی داگیرکەر؛ واتا هەر دەڵەوتدارێک، کارمەندێک، هەرکەسێک لە ئەندامانی ئەم نەتەوەیە که لە ژێرساختیی دەوڵەتی (National Infrastructure) و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی نەتەوەیی خۆیان بەشدار و بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەرن، و هەموو دەنگدار و بێدەنگێک، هەموو کار و کەرەسە و ئامرازێک و بەرهەم و کاڵایەک بۆ داگیرکاری سەرچاوەی هێزی مرۆیی و بانمرۆیین. ئەمانە بە ورد و درشت بەرهەمهێنەری هێزی تاوان و تاڵان و داگیرکاری ئێستا و داهاتوون و بەرامبەر بە کورد و کوردستان تاوانبارن و بە ئەویدی (Other) بە هەژمار دێن. لەم پرۆسەیەدا ئەوە کوردە کە بە ئەویدی کراوە.
کاتێک کورد وەک ئەویدیکراوێک و قوربانییەکی داگیرکراوی و داماڵراو لە هەر چەشنە سەروەرییەک لە ئەگەری هەر جۆرە پەیوەندییەکی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی پەیوەندی سەروەر و ناسەروەرە و بە هەر ئەندازە تێکەڵاوی هەست و سۆز بێت، وەک پەیوەندی نێوان دوو ئەویدی، پەیوەندی قوربانی ناسەروەر لەگەڵ تاوانباری سەروەرە و جەوهەری ڕاستەقینەی ئەم پەیوەندییە سیندرومی ستۆکهۆڵم یان نەیارشەیداییە.
حسێنعەلی مونتەزری جێگری خومەینی بۆ ماوەی ۱۰ ساڵ لە لوتکەی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی ئێرانیدا بوو و لە هەموو تاوانێکدا کە ئەو دەوڵەتە کردی بیرمەند و سیاسەتساز و ستراتژیست بوو و لە پلەیەکی بەرزتر لە بەنی سەدر و بەهەشتی و خامەنەیی و ڕەفسەنجانی و هەموو ئەوانی ئەوکات و دواتریشدا بوو. بەڵام لە ۲۰۰۸ کاتێک کە مرد، بەبێ ئەوەی لە بەرامبەر بەو هەموو تاوانەی کە کردی حیسابی دەیان هەزار قوربانی کوردستان بداتەوە، بە تاوانباری سەری نایەوە.
بەنی سەدر یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئێران بەڕێوەبەری هەموو ئەو تاوانانە بوو کە خومەینی و مونتەزری و خێڵی مەلایانی تاوانبار فەرمانیان دەدا، بۆ وێنە ڕایەکاری فەرمانی جەهادی خومەینی بۆ سەر کوردستان لە ئەستۆی بەنی سەدر بوو کە فەرمانی دا پۆتین نەکەنەوە تا ئەو «ئاژاوەی کوردستان» دانەمرکێننەوە. خۆیشی نە تەنیا دەستوری لە خومەینی داوا کرد بۆ بەکارهێنانی ناپاڵم، بەڵکۆ لەسەرەمەرگیشا پۆتینەکانی خۆی لە دژی کوردستان دانەکەند.
بۆ مەرگی مونتەزری، عەبدوڵا موهتەدی وەک دڵشکاوێک کەوتە مەدح و ستایشی ئەو تاوانبارە و شیننامەیەکی دوور و درێژی بۆی نووسی. موهتەدی لەو هەوڵەی خۆیدا لەو کاتەدا بۆ کردنەوەی دەروازەیەک بۆ ناو دڵی ڕێفۆرمخوازانی ئێرانی و پشکێکی بێبایەخ لە دەسەڵاتی داگیرکەری ئێرانی هیوای لەسەر ڕێفۆرمخوازانی حکومەتی هەڵچنیبوو کە دواتر بە شکستهێنانیان هیوایەکەی ئەویش ڕووخا و تەنیا ناکامی و پەڵەیەکی ڕەش لەسەر ڕابردووی سیاسی موهتەدی و حیزبەکەی بەجێ ما. (١)
بە مەرگی بەنی سەدر، خالید عەزیزی بە هەمان چەشنی موهتەدی تازیەبار کەوت و لەگەڵ هێشتنەوەی گۆشەیەکی بچووک بۆ ڕەخنە، بەڵام کەوتە هەڵدانەوی مێژووی سیاسیی هاوبەشی «درەخشان»ـی حیزبی دێموکرات و بەنی سەدر، شاهیدی لە کەیسی میکۆنوس و بە ستایش و سەرەخۆشی هەست و سۆزی خۆی لە قاڵبی ڕاگەیاندنێکی حیزبی دەربڕیوە. (٢)
ئەم ستایشنامەیەی موهتەدی و عەزیزی بۆ مونتەزری و بەنی سەدری تاوانبار ڕەنگە لە سۆنگەنیگایەکەوە تاکتیکێکی سیاسی ببینرێت، بەڵام لە خوێندنەوەیەکی ئۆبژکتیڤدا بۆ ناوەڕۆکی دەقەکان بە ئاسانی دەرووندرووستی ئاڵۆز و شێواو و هەروەها سۆزداری سیاسی موهتەدی و عەزیزی لە ستایشنامەکەیدا بۆ ئەو دوو تاوانبارە بەدی دەکرێ کە ناتوانێ لە سیندرومی ستۆکهۆڵم (Stockholm Syndrome) یان نەیارشەیدایی ئەملاتر بیت. لێرەدا ئەم نەیارشەیداییە لە فۆڕمی ئێرانشەیداییدا خۆی نیشان دەدا کە هاندەری سەرەکی ڕێباز، هەڵوێست و تاکتیکی سیاسی هەردووکیانە.
ئەگەر ئەم ستایشنامانە وەک تاکتیکی سیاسیش ببینرێن، بە پشت بەستن بە تێئۆری سێگۆشەی درامای قوربانی (Victim Drama Triangle) کارپمەن (Stephen Karpman)، دەسەڵاتی زاڵ لە گۆشەی سەرکوتگەر و موهتەدی و عەزیزی لە گۆشەی قوربانی، و مونتەزری و بەنی سەدر لە گۆشەی ڕزگاریدەر هەڵدەکەون، کە ئەم مودێلە لەگەڵ پێشینەی سیاسی ڕەوتە سیاسییەکان ڕێک دەخوێنێتەوە.
هەر بەپێی ئەم مودیلە، پەیوەندی سۆزداری هەردووکیان لەگەڵ تاوانبارانی دەرکراو لە دەسەڵات لە ئاکامی هەموو ئەو ناکامییە سیاسییانە بووە کە لە چل و دوو ساڵی ڕابردوودا تووشی داماوی خۆفێرکردەی (Learned Helplessness) هاتوون و پەنابردن بۆ سۆز و خۆشەویستی بۆ سەرکوتگەری دووهەم وەک ڕزگاریدەر لە ئەنجامدا سایکۆلۆژی شکستەیی (Defeatism) و بێچارەیی و ناسەروەری بەرهەم دێت.
» ناسەروەری و سایکۆلۆژی شکستەیی و بێچارەیی لەدوای شکستێکی وەها گەورەی دوای شەڕی پێشمەرگە و ئێران لەلای ڕێبەرانی کورد، دۆخێکی سایکۆلۆژیای بەرهەم هێنا کە تێیدا تووشی وچانی هزرانی (Cognitive Inertia) هاتن کە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە و گەشوەستان (Arrested Development)ـی سیاسی و ناسەردەمایەتی (Anachronism) لە بزاوتی سیاسی ڕۆژهەڵات بەرهەم هێناوە کە بنکەی سەرەکی قەیرانی مەعریفی و گوتاری بەرهەم هێناوە.
قەیرانی سیاسی و مەعریفی بزوتنەوەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاڵیان پێوە دەنێت کە تەنیا چارەسەری بێچارەیی و ناسەروەری لە بازنەی هزریی و سیاسی داگیرکەر بگاتە مێشکیان و ئەمە بەبێ فارسۆفیلی/فارسشەیدایی (Persophilia) و ئێرانۆفیلی/ئێرانشەیدایی (Iranophilia) ناچێتە پێش.
۱. بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی ڕێبازی سیاسی (فێدرالیخوازی و برایەتی گەلان و هەرچەشنێک لە ناسەروەری)، و هەروەها هەڵبژاردە و ئەکتە سیاسییەکانیان نەک لەسەر بنچی خۆئاگایی و وریایی، بەڵکۆ ڕێک لە منتاڵیتەی ئۆتۆپیلۆت و سایکۆلۆژی ناسەروەر و دەروونێکی ناسازەوە سەرچاوە دەگرێت کە لەلای موهتەدی و عەزیزی زۆر بەزەقی بەدی دەکرێت و گشت هەڵبژاردە و دەربڕین و ئەکتە سیاسییەکانیان دەگرێتە ژێر سێبەری خۆی.
۲. بزاوتی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی پێشەنگەلێکی نادەرووندرووست کە گیرۆدەی ناساغیگەلێکی وەک کەسێتی نارسیسیست، کەسێتی بۆردرلاین، کەسێتی هیستریۆنیک و هەروەها کەسێتی پارانۆییدن، و کە هۆکاری سەرەکییە کە ڕوو بە خۆ سیاسەتی ڕەق و دژ بە یەک و ڕۆ بە دەرەوە بەتایبەت داگیرکەر لە بەرگی ئۆپۆزیسیۆندا سیاسەتی نەرم و ناسەروەر بەڕێوە ببەن. دەرەنجامی ئەم سیاسەتە لە کوردستان ئەتۆمیزم/ناتەبایی (Atomism) و ناسیۆنالیسمی ئێرانی/گوتاری ئێرانچییەتی بەرهەم هێناوە.
۳. جەماوەری حیزبیی بزاوتی سیاسی کوردستان بە هۆی نەبوونی زانیاری پێویست لەسەر دەرووندرووستی، هەست بە ناساغییە دەروونییەکانی ڕێبەرانیان ناکەن و دەکەونە ژێر کاریگەری ڕەوانبێژی خاپێنەرانەی (Manipulative Rhetoric) ڕێبەرانیان کە لە ڕاستیدا کۆی گشتی بیرکردنەوەیان لەسەر بنەمای ئاڵۆزیی هزرانی/مەعریفی (Cognitive Dissonance) و ئارگومێنتەکانیان لەسەر بنەمای لاریی هزرانی/مەعریفی (Cognitive Distortion) دەڕوات، بەو هۆیە دەخاپێنرێن بۆ ناو ستێریۆتایپێکی پارادایماتیکەوە کە لەسەر فتیشیزم/تۆمیزم (Fetishism) بیچمی گرتووە.
چارەسەری ئەم دۆخە چەقیوەی بزاوتی سیاسی کوردستان لە شوڕشێکی ڕێنسانسی جەماوەریدایە کە بە دوو ئاراستەدا بڕوات؛ ۱) بزاوتی ڕۆشنبیری ناو کۆمەڵگا و هەروەها دیاسپۆرای کورد لە بازدانێکی پارادایماتێک (Paradigm Shift) گۆتارێکی نەتەوەیی (National Discourse) بەرهەم بهێنێت، ۲) جەماوەری حیزبی بزاوتی سیاسی کوردستان ڕێنسانسێکی بزاوتی لەناو بەدەنەی حیزبەکاندا بە مەبەستی نەوەگۆڕی (Generation Shift) لە ڕێبەرایەتی حیزبەکاندا و بەرهەم هێنانی گوتارێکی نوێ دەست پێ بکەن.
نەیارشەیدایی یان چەشنێک سیندرومی ستۆکهۆڵم (Stockholm Syndrom) وەک کۆنیشانە جۆرێک ناسازیی دەروونی بەهەژمار دێت کە کەسێک سۆزداری نەیاری خۆی دەبێت و ئاماژە بەوەیە کە ئەو کەسە لە دەرووندرووستیدا (Mental health) گرفتی بنەڕەتی تووش هاتووە. پەیوەندی نەیار و نەیارشەیدا لەسەر بنەمای کەڵکەواژۆی هەستەکی و بەرژەوەندیخوازییە. نەیار بەرژەوەندی لە نەیارشەیدا هەڵدەکڕێنێ و نەیارشەیدا هەستێکی درۆینە لە بەرامبەردا وەردەگیرێتەوە. چەشنێک لە پەیوەندی ناساغی مشەخۆرییە کە لەسەر بنەمای سوودی نەیار و زیانی قوربانی ڕاست دەبێتەوە. نەیارشەیدا بە شێوازێک ناساغە و پێویستی بە ڕاوێژ لەگەڵ دەروونناس و تیمار یان تراپی هەیە بۆ گەڕانەوەی بۆ دۆخی دەرووندرووستی ئاسایی.

پەراوێز:
١. https://amontazeri.com/articles/journalist/239
٢. https://kurdistanukurd.com/?p=82912
آیت‌الله منتظری
amontazeri.com
آیت‌الله منتظری
وب سایت رسمی آیت‌الله العظمی منتظری. فقیه، حکیم و مجاهد نستوه عالم اسلام و تشیع

Website | + posts