چۆن تورکیا نەوتی باشوری کوردستان له دەست دا ؟

شاسوار هەرشەمیی

هەر لەو کاتەوەی کە بەریتانییەکان، ئاسورییانی هەکارییان هێنایە ئۆردوگای مەندانێی باقوبە بۆ چەکدارکردنیان لە سپای لیڤی، ئەوان ڕوو بەڕووی دیاری کردن و یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی باشوری کوردستان بوونەوە. لەلایەک لەگەڵ ڕێبەرانی کورد خۆیان، کە داوای سەربەخۆییان دەکرد و لەلاکەی دیش، حکومەتی تازە دامەزراوی مستەفا کەمال ئەتاتورکی تورکیا، کە پێداگریان لەسەر خاوەنداریەتی ویلایەتی موسڵ، یان ویلایەەتی شارەزووری جاران و ئێستای باشوری کوردستان دەکرد.
بەگوێرەی ڕێککەوتنەکەی سایکس-پیکۆ، باشوری کوردستان، کە لە سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی عوسمانییدا، ناوی ویلایەتی موسڵ بوو، بەر فەرەنسا کەوتبوو. سنوری ویلایەتی موسڵ، نزیکەی هەموو سنوری باشوری کوردستانی دەگرتەوە، جگە لە ناوچەی خانەقی، مەندەلی، کە بەشێک بوون لە ویلایەتی بەغدا. دوای کشانەوەی ڕووسیا، لە ڕێککەوتنامەکەی سایکس-پیکۆ و خۆ دزینەوەشی لە هەموو ئەو بەڵێنانەی کە بە ئەرمەن و ئاسورییانی دابوو، سنوری ویلایەتی موسڵ، بەر فەرەنسا کەوت. ئینگلیزەکان، کە بەهۆی بوونی زووتری سیخوڕانی لەبابەتی ڕیچ، لە ناوچەکە، ئاگاداری بوونی نەوت بوون لەو شوێنە، بۆیەە توانیان فێڵ لەە فەرەنسیەکان بکەن و لێیان وەربگرنەوە.
ئەو کاتە هێشتا هێزی عوسمانیەکان لە هەر سێ ویلایەتی بەسرا، بەغدا و موسڵ هەبوون. بەریتانیەکان، دوای داگیر کردنی بەسرا و بەغدا، لە دوا مانگەکانی کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانیی، توانیان بەشێکی زۆری سنوری ویلایەتی موسلیش بگرن. دوای ئاگربەسی ڕۆژی ٣٠/ی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٨ز، لەشکرێکی بەریتانیی، بێ گوێدانە ئاگربەس، پەلاماری شاری موسڵی ناوەندی ویلایەتەکەشی دا و داگیری کرد. ئیدی بەریتانییەکان، کاربەدەستانی عوسمانییان لە شارەکە دەرکرد و خۆیان سیستەمێکی بەڕێوەبەرایەتیی کاتیان لەجێگا دانا، لەژێر چاوەدێریی ئەفسەرانی شارەزای بەریتانیی.
تورکەکان سوور بوون لەسەر ئەوەی کە سپای بەریتانیا، نەک هەر شاری موسڵ، بەڵکو دەبێت هەموو ویلایەتەکەش چۆل بکات، چونکە ئاگربەستی شکاندووە. بەریتانیاش، کە بۆنی نەوتی لە ناوچەکە کردبوو، بۆیە لەلایەکەوە فەرەنسای ڕازی کردبوو، تا ویلایەتەکە بخرێتە ژێر مانداتی ئەوان، دەشیهەویست، بە هەر نرخێک بێت، ناوچەکە نەکەوێتەوە دەست تورکان.
تورکە ناسیۆنالیستەکان، کە ڕوو بەڕووی کێشەی زۆر ببوونەوە و هێشتا لەگەڵ یۆنانیەکان و پاشماوەی خەلافەتی عوسمانی کێشەی زۆریان مابوو، نەیاندەتوانی جارێکی دی، بچنە ناو شەڕێک لەگەڵ بەریتانیا. لەجیاتی ئەوە، تیپێکی سپایان بۆ ناوچەی ڕواندز نارد، تا پڕۆپاگەندە بۆ هاتنەوەی تورکان بکات و پشێوی و ئاژاوەشیان بۆ بنێتەوە. تیپەکە بە سەرۆکایەتی ئەفسەرێکی پان تورکیستی میسری بوو، بەناوی (شەفیق کەمال)، کە ناوی لەخۆی نابوو (ئۆد دامر)، بە واتای (ئاگر و ئاسن)، بەڵام کوردان پێیاندەگوت (ئۆزدەمیر). بەریتانییەکانیش، بەتالیۆنێکی ئاسورییان ناردە سەر ڕواندز و توانیان لە ساڵی ١٩٢٣ز، دەست بەسەر شارەکەدا بگرن. بەریتانیەکان، جگە لە میتۆدی سپایی، ڕێگای دیپلۆماتیی و سات و سەوداشیان گرتە بەر، بۆ مانەوەیان لەناوچەکەدا.
دوای لەگۆڕنانی پەیمانی “سیڤەر”، ڕۆژی ٢٤/٧/١٩٢٣ز، پەیمانی لۆزان، لەنێوان دەوڵەتانی بەشەڕهاتووی جیهان بەسترا. بەپێی ئەو پەیمانە، (نۆ) مانگ داندرابوو، بۆ بەریتانیا و تورکیا، تا کێشەی موسڵ چارەسەر بکەن، ئەگینا کێشەکە دەخرێتە بەردەم کۆمەڵەی گەلان، کە وەک یەکەمین ڕێکخراوی جیهانیی، بەتازەیی دامەزرابوو.
هەردوو لای کێشەکە ڕێککەوتن، تا مۆڵەتی نۆ مانگەکە، لە ڕۆژی ٥/١٠/١٩٢٣ز دەست پێبکات. ڕۆژی ١٩/٥/١٩٢٤ز، واتا مانگێک و نیو پێش کۆتایی هاتنی مۆڵەتە نۆ مانگیەکە، نوێنەرانی تورکیا و بەریتانیا، لە ئەستەمبۆل کۆبوونەوە. سێر پێرسی کۆکس، کە مەندوبی سامی، یان کۆمیساریای باڵای بەریتانیا و باڵاترین دەستەڵات بوو لە میزۆپۆتامیا، سەرۆکی شاندی بەریتانیا بوو. لەو کۆبوونەوەیەدا، بەهیچ بەرەنجامێک نەگەیشتن.
دوای تێپەڕبوونی ماوەی نۆ مانگەکە، بەریتانیا ڕۆژی ٦/٨/١٩٢٤ز، کێشەکەی خستە بەردەم کۆمەڵەی گەلان، تا بڕیاری یەکلایی لەسەر بدات. ئەوەبوو کە ئەوانیش داوایان کرد، تا هەر لایەک، جارێ لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە و هیچ کار و جموجۆڵێکی سەربازیی نەکەن، تا کۆمەڵەی گەلان، لیژنەیەک بۆ ناوچەکە دەنێرێت، بۆ وەرگرتنی ڕای دانیشتوانی ویلایەتەکە. ئیدی دوای ماوەیەک، لیژنەی تایبەتی کۆمەڵەی گەلان، بۆ وەرگرتنی بۆچوونی دانیشتوانی ویلایەتەکە، بە سەرۆکایەتی دیپلۆماتی سویدیی، م. ئێف. ڤێرسن گەیشتە ناوچەکە. هەردوو لای کێشەکەش، هەریەکە و دوو نوێنەری دیاری کرد، تا لەگەڵ لیژنەکە بن.
سەیرەکە ئەوەبوو، تورکیا دوو نوێنەری خۆی بۆ لیژنەکە دیاری کردبوو، کە هیچیان خەڵکی تورکیا نەبوون. ئەو دووانە، یەکێکیان فەتاح بەگی زاوای شێخ مەحمودی، هەڵگری ئاڵای سەربەخۆیی کوردستانی جنوبیی بوو، کە سەر بە جل خوارەکان، یان خەلافەتی تورکی عوسمانی بوو، بۆیە وایدەزانی ئەتاتورکیش هەر لایەنگری خەلافەتە. ئەوەی دیشیان، نازم نەفتچی، گەورەی بنەماڵەی تورکمانە نەفتچیەکانی کەرکوک بوو. ئەو دووانە هەردووکیان، لەلایەن حکومەتی تازەی ئەتاتورک لە ئەنکارا، وەکو نوێنەری ویلایەتی موسڵیش دەستنیشان کرابوون(٨٤). بێگومان بەریتانییەکان بە دانانی ئەو دوو کەسە ڕازی نەبوون و بە لیژنەکەی کۆمەڵی گەلانیان ڕاگەیاند، کە ئەو دوو کەسە، هەردووکیان هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقیین و ناتوانن نوێنەرایەتی دەوڵەتێکی بێگانە بکەن.
لیژنەکە، ڕاپۆرتێکی قەبەی ئامادە کرد. گرنگترین بڕگەی ناو ڕاپۆرتەکە، بریتی بوو لە (دڵنیا بووین لەوەی، کە ئەو ویستەی دانیشتوانی سەرجەم هەرێمەکە دەریانبڕی، بریتییە لە بە پەسەندتر زانینی عێراق لە بری تورکیا).
ڕۆژی ١٦/١٢/١٩٢٥ز، کۆمەڵەی گەلان، بڕیارەکەی خۆی، لەمەڕ لکاندنی ویلایەتی موسڵ، بە دەوڵەتی تازە دروستکراوی عێراقەوە، پەسەند کرد. واتا لەم ڕۆژەوە، باشوری کوردستان، بە شێوەیەکی فێرمیی و دانپێدانراو لەلایەن کۆمەڵەی گەلانەوە، بە عێراقەوە گرێدرا.
دەستەڵاتدارانی تورکیا، لە دژی بڕیارەکە وەستان و دانیان پێدا نەنا. بەریتانییەکان پێشنیارێکیان دا بە تورکیا، تا ئەگەر واز لە داواکردنی ویلایەتەکە بهێنێت، ئەوا ١٥٪ لە نەوتی ئەو ویلایەتەیان، بۆ هەمیشە پێدەدات. واتا ئەو بڕە نەوتەی ژێرزەوی و دەرهێندراوی سەرەوە، بۆ هەمیشە و ڕۆژانە بۆ تورکیا بێت!.
دوای شەش مانگێک و لە ڕۆژی ١١/٥/١٩٢٦ز، تورکەکان بەو پێشنیارە چەورەیە ڕازی بوون و بە ڕەسمیی دەستیان لە هەموو مافێکی خۆیان، لەو ویلایەتە هەڵگرت. هاوکات دانیان بە سنوری تازەیان لەگەڵ عێراق دا نا، لەبەرامبەر یەک گۆڕانکاری بچوک لە پێشنیارە بنەڕەتیەکەی بەریتانیا.

دەزانن گۆڕانکاریەکە چی بوو؟

داواکاری دەوڵەتی تورکیا ئەوە بوو، کە دەیانەوێت پارەی بڕە نەوتە پێدراوەکەیان، هەموو بە یەکجێ و بە پێی نرخی ئەو ڕۆژە پێبدرێت، تا لە خاوەندارێتی ١٥٪ لە نەوتی ویلایەتەکەش دەست هەڵبگرن و بەیەکجاریی کۆتایی بە بابەتەکە بهێنن. بەمجۆرە، تورکەکان، نائاگایانە لە گۆڕانکاریەکانی بازاڕی نەوت و بڕی نەوتی ژێر زەوی کەرکوک و ناوچەکانی دیش، لە بەرامبەر نیو ملیۆن پاوەندی بەریتانیی، دەستبەرداری ١٥٪ نەوتی دەرهێندراو و ژێرزەوی کەرکوک و موسڵ و شارەکانی دی باشوری کوردستان بوون. هاوکات دانیشیان بە سنوری تازەی خۆیان لەگەڵ عێراقدا نا و سەروەری عێراقیان بەسەر هەموو شار و ناوچەکانی موسڵ، کەرکوک، هەولێر، سلێمانی و دهۆک، پەسەند کرد.
قیڕەقیڕی ئەمڕۆیان، جا بۆ کەرکوک بێت یان هەر شوێنێکی دی خوار ئەو سنورە نێودەوڵەتییە، بە گوێرەی بەڵگەنامە نێودەوڵەتیەکان، دادیان نادات و خۆشیان دەزانن تەنیا بۆ بازاڕ گەرم کردنە.

تێبینی: وردەکاری پتر لەسەر ئەم بابەتە، لە کتێبی (مێژوی ئارامییەکان لە کوردستاندا) بخوێنەوە.

Website | + posts