لێرە داتدەنێم

م. ئەحمەدی

لێرە داتدەنێم کە لەبیرم نەچێتەوە، لەبیرم نەچیتەوە. لەبیرکردنت، دووبارە کوشتنتە. لەبیرکردنت ڕێگەدانە بە سەرکەوتنی بکوژانت. لێرە داتدەنێم کە لەبیرم نەچێتەوە. کە هەرجار دەتبینم بیری شیعرەکەی شارامی شەیدایی بکەومە “ئەوەی دێتە سەر گۆڕەکەم و قبووڵی دەکا کە مردووم منی لە خۆیدا کوشتووە”. لێرە داتدەنێم کە هەر جار کەوتنی جەستەت بێتەوە پێش چاوم و دیسانەوە فێر ببم دەکرێ لە کەوتندا نەکەوی، کە هەنێ جار تەنیا ڕێگەی نەکەوتن کەوتنە، کە ئاگام لە خۆم بێ نەکەوم، کە خۆم فێر بکەم ئەگەر ناچار بووم بۆ نەکەوتن بکەوم بتوانم بکەوم. لێرە داتدەنێم کە لەبیرم نەچێ دەبێ ببمە ڕەفیقی جەستەم، کە جەستەم بتوانێ بۆ ئەوەی نەکەوم لەجیاتیی من بکەوێ. لێرە داتدەنێم کە لەبیرم نەچێ خاک و ژیانم خۆش بوێ، کە لەخاکەوە هاتووم و نابێ دڵگران بم دیسانەوە دەچمەوە ئامێزی. ئا لێرە داتدەنێم کە لەبیرم نەچێتەوە دەکرێ بزە داتی گرتبێ و فرمێسکیش بڕژێنی، دەکرێ ژیانت خۆش بوێ و بمری. لێرە داتدەنێم چۆن مردووی. مردووی. مردووی. مردووی و من ناهێڵم بمری. ناتوانم بهێڵم بمری. لێرە داتدەنێم کە ئەگەر نەک ئەوانی تر، خۆم بەخەبەر بهێنمەوە، کە تۆیان لە ئێمە بڕییەوە و خوێنمان لێ دەچۆڕێ و بۆ هەست بە ئێش و ئازارەکەی ناکەین، هاوار ناکەین، نادەینە شاخ و چۆڵەوە.

لێرە داتدەنێم بۆ ئەوەی ڕێگاکەم لێ ون نەبێ، بۆ ئەوەی پێم نەچێتە سەر مینی لادانەوە، نەچێتە سەر مینی فەرامۆشییەوە، نەچێتە سەر مینی توانەوەوە، نەچێتە سەر مینی ملدان و وازهێنان و لێ گەڕانەوە، نەچێتە سەر مینی خۆخافڵاندن و کۆیلەتی و شان شلکردن و بەرژەوەندیخوازییەوە. ئا لێرە داتدەنێم نەهێڵی لەژیاندا بمرم. لێرە داتدەنێم یارمەتیم بدەی نەمرم. لێرە داتدەنێم ژیانم ڕزگار بکەی.

لێرە داتدەنێم تاران قووتم نەدا. لێرە داتدەنێم ئەنقەرە و بەغا و دەمیشق قووتم نەدەن. لیرە داتدەنێم و هەرجار کە سەیرت دەکەم، کوردستان باوەشی بۆت کردووەتەوە و لەئامێزت دەگرێ و ئیتر لەبیرم ناچێ منیش هەر ئەوەم دەوێ.