کوردستان لە گەمەی وڵاتە زلهێزەکاندا

بەشی دووەم


١\٧\٢٠١٨

کوردستان

لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩ی زایینی

تا کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانیی.


د. کامەران ئەمین ئاوە 


لە کۆتایی سەدەی ١٨ و سەرەتای سەدەی ١٩ی زایینیدا، ڕۆژئاوای ئاسیا پاش چەندین سەدە شەڕ و دژبەریی ئێران و عوسمانی، تووشی گۆڕانێکی خێرا هات. ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نزیک، هەر وەها نیشتمانی کوردان بوو بە مەیدانی ململانێی زلهێزە جیهانی‌یەکان وەکوو ڕووسیە، ئینگلیس و فەڕانسە، و پاشان ئوتریش (نەمسا) و ئەڵمان کە بە هۆی لاوازبوونی تورکەکان خەریکی مامەڵەکردن لەسەر خاکی عوسمانی بوون. بۆ وێنە فەڕانسە دەستی بەسەر باکووری ئەفریقادا، بریتانیا بەسەر ڕۆژهەڵاتی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی مدیترانەدا و ئوتریش و ئیتالیاش دەستیان بە سەر باڵکان و ناوچەی دەریای سووردا گرت. شەڕەکانی ڕووسیە – عوسمانی و ڕووسیە – ئێران لە دەیەی ١٨٢٠ی زایینی‌دا بوون بە هۆی پێوەستبوونی گورجستان، باکووری ئازەربایجان و ڕۆژهەڵاتی ئەرمەنستان بە ڕووسیە و نزیکبوونەوەی سنووری ئەم وڵاتە لە کوردستان و کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناراستەخۆی مۆسکۆ لە سەردەمی تزاردا، هەروەها باڵشویکەکان پاش بە دەسەڵاتگەیشتنیان لە ئۆکتۆبری ١٩١٧ی لە ژیانی سیاسی و چارەنووسی دواتری کوردان.


لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩ی‌زدا کوردستان بە‌گشتی هاتە نێو گۆڕەپانی ململانێ و بەرژەوەندی‌یەکانی ڕووسیە و ئینگلیسەوە. هەتا کۆتایی ئەم سەدەیە، سەرەڕای گۆڕانی بارودۆخی نێونەتەوەیی لەم ناوچەیەدا، بەستێنێکی باشی بۆ گەشەسەندنی شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی کورد پێکهێنابوو؛ بەڵام ڕکەبەریی وڵاتە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا و ڕووسیە لەسەر کوردستان، هەروەها بەرژوەندی‌یان لە مانەوەی دەسەڵاتی تاران و ئەستەنبووڵێکی لاواز و دەستەمۆدا، بووە بەربەستێکی جیددی لەبەر دەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد.


لە کۆتایی سەدەی نۆزدە‌دا بارودۆخی ناوچە تووشی گۆڕانێکی بنەڕەتی هات، ترسی ڕووسیە و بریتانیا و فەڕانسە لە ئەڵمان کە بە هۆی گەشەکردنی خێرای هێزی سپایی و ئابووریی تێدەکۆشا جێ¬پێی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە هێزتر بکا، بوو بە هۆی نزیکبوونەوەی ئەم کۆنە ڕەقیبانە، هەروەها دابەزینی هەستیاریی لەندەن و پاریس لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران و عوسمانی کە بۆ پێشگیریی لە دەستدرێژیی ڕووسیە کەڵکیان لێ وەردەگرت. گرێبەستی ئینگلیس و ڕووسیە لە ٣١ی ئاگوستی ١٩٠٧ی زدا لە پێوەندی لەگەڵ ئێران، ئەفغانستان و تەبەت دا ڕەنگدانەوەی بەرچاوی ئەم سیاسەتە بوو. بەپێی ئەم گرێبەستە تەواوی باکوور و باکووری ڕۆژئاوای ئێران واتە تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو بە ناوچەی ژێر نفووزی ڕووسیە، و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران بە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئینگلیس. ئەڵمان کە پشتیوانی عوسمانی بوو تێدەکۆشا تەواوی ئەو وڵاتە بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و پەرە بە نفووزی خۆی لە ئێراندا ‌بدا.


وا دەهاتە بەرچاو کە گۆڕانی بارودۆخی نێونەتەوەیی و هەوڵی وڵاتە زلهێزەکان بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی جیهان و بەتایبەتی عوسمانی و ئێران، هەروەها پشتگیریی ئەوان لە گەلی کورد ڕێخۆشکەری سەرکەوتنی کوردان و پێکهاتنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بێ، تا ئەو ڕادەیە کە بەشێک لە ڕێبەرانی کورد وەکوو عبدالرزاق بدرخان لە سەردەمی تزار و خالد بەگ جوبرانلی١٤ لە دەورانی باڵشویکەکاندا دەیانەویست لە ژێر سێبەری ڕووسیەدا کوردستانێکی سەربەخۆ پێک بێنن، بەڵام ڕووسیە و تەواوی وڵاتە ڕۆژئاوایی‌یەکان تەنیا بە پێی پێگە و وەزعییەتی ستراتێژیکیی کوردستان لە ناوچەکانی ئاناتۆڵی، باشووری قەفقاز، ئێران و ڕۆژهەڵاتی عەرەبی، دەیانەویست لە پێناوی سیاسەتە داگیرکەرانە و بەرژوەندی‌یەکانی خۆیاندا کەڵکی لێ¬وەربگرن، دەنا قەت پاڵپشتێکی ڕاستەقینە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان نەبوون.


بەم پێ‌یە لە کۆتایی سەدەکانی نێوەڕاست و دەستپێکی چەرخی نوێدا، کوردستان شوێن و پێگەیەکی تایبەتی لە پێوەندی‌یەکانی عوسمانی و ئێران، هەروەها ڕووسیە و وڵاتانی ڕۆژئاواییدا هەبوو، کە تەواوی هێزی خۆیان خستبووە گەڕ هەتا هێژێمۆنیی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی نزیک واتە شوێنێک کە کوردستان نەخشێکی ستراتێژیک و ناوەندیی تێدا هەبوو، مسۆگەر بکەن.


یەکێک لە پاڵنەرە سەرەکی‌یەکانی دەستپێکی شەڕی یەکەمی جیهانی لە ئاگوستی ١٩١٤ی ز. لە نێوان ئوتریش- ئەڵمان و بەرەی ئینگلیس، فەرانسە و ڕووسیەدا، دابەشکردنی وڵاتە کۆڵۆنی‌یەکان (داگیرکراوەکان) بوو.


شەڕی یەکەمی جیهانی(ئاگوستی ١٩١٤ی ز- نوامبری ١٩١٨ز.) وەکو گەورەترین کارەساتی سەدەی بیستەم، بوو بە هۆی زیانێکی گەورەی ماڵی و گیانی لە ئاستی جیهاندا. لەم شەڕەدا ٧٣ میلیۆن و ٥١٥ هەزار هێزی نیزامی بەشدارییان کرد[٦٠ میلیۆنی ئورووپایی بوون١٥]، ئاکامەکەی ١٠ میلیۆن کوژراو، ٢٠ میلیۆن بریندار و سەقەت‌کراو١٦، هەروەها مردنی ١٠ میلیۆن بە هۆی نەخۆشی پەتایی١٧ و برسییەتی، و نوقمبوونی شەش هەزار کەشتیی بازرگانی بە بارەکانیانەوە بووە.١٨ لە کوردستانیش ئەم شەڕە گەلی کوردی بە گشتی تووشی زیان و ئازارێکی زۆری ماددی و ئینسانی‌ کرد. شەڕی یەکەمی جیهانی لە کوردستان هۆکاری قاتوقڕی و مردن بە هۆی برسییەتی، نەخۆشی، تاڵان و وێرانکردنی شار و گوندەکان بوو. گۆڤاری”رعد” ڕێکەوتی ٢٢ی نوامبری ١٩١٧ی ز. لەم پێوەندی‌یەدا باس لە نەبوونی نان و دانەوێڵە و مردنی ڕۆژانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی برسییەتی¬یەوە دەکا. مەک داول لە کتێبی “مێژووی هاوچەرخی کورد”دا باس لە هەژاری و داماویی و برسییەتیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ئێران بە هۆی وێرانکردنی دێهاتی ئەم ناوچەیە لە لایەن سپای رووس و تورک و تەنانەت وێرانکردنی بە‌یەکجاری سابڵاغ بە دەست رووسەکانەوە دەکا. لە کۆتایی‌یەکانی ساڵی ١٩١٧ی زایینیدا بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی دەوروبەری سابڵاغ و سلێمانی بە هۆی برسییەتی گیانیان لەدەست دا. “لە ساڵەکانی شەڕدا پتر لە نیوەی خەڵکی ورمێ تێداچوون و ژمارەی دانیشتوانی لە ١٥٠ هەزار کەسەوە گەیشتە ٦٥ هەزار.”.١٩

 
ڕێژەی دانیشتووانی شاری سلێمانی لە ٢٠ هەزار کەسەوە لە نزیکەی نوامبری ١٩١٨ی دا هاتە سەر ٢٥٠٠ کەس. بە وتەیەک هەموو بەیانیەک تەرمی مردووەکانیان لە بازاڕ کۆ دەکردەوە و لە بەشێک لە ماڵەکان خەڵک مناڵە مردووەکانیان دەخوارد. خێڵی برادۆستیش کە لە سەرەتای شەڕدا هەزار بنەماڵە دەبوو، لە کاتی ناوبراودا تەنیا ١٥٧ بنەماڵەی لێ مابۆوە، هەروەها لە سی و چەند گوندی ئەم خێڵە لە بەشی ڕەواندوز هیچ کەس نەمابۆوە. بە پێی ئەوەی کە پانتایی‌یەکی بەرچاو لە خاکی کوردستان گۆڕەپانی شەڕی هێزەکانی بەشداری شەڕ بوو، زۆربەی خاکی کوردستان، لە بایەزیدی باکوورەوە هەتا خانەقین لە باشوور، و لە ڕۆژئاوا هەتا ئەرزنجان و مووش بە تەواوی وێران کران”.٢٠


لە باکووری کوردستانیش لە درێژایی شەڕی یەکەمی جیهانیدا نزیک بە ٧٠٠ هەزار کورد لە نیشتمانی خۆیان دوور خرانەوە، نزیک بە نیوەی ئەم کەسانە لە ڕێگادا بە هۆی برسییەتی و نەخۆشی گیانیان لەدەست دا. [مێژووناسی کورد ئەمین زەکی بەگ لە کتێبی کورتە مێژووی کورد و کورستان، بەرگی یەکەمدا باس لە دوورخستنەوەی ٧٠ هەزار کەس دەکات٢١ بەڵام بەشێک لە سەرچاوە رووسییەکان، هەروەها جاناتان رەندڵ٢٢ باس لە ٧٠٠ هەزار کەس دەکەن] بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بەیەکجاری لە کورد بەتاڵ کرابوون. لەوە دەچێ لە شەڕەکانی نێو‌خۆی عوسمانیدا‌ نزیک بە ٤٠٠ هەزار کورد کوژرابن.٢٣


شەڕی یەکەمی جیهانی بوو بە هۆی تێکچوونی وەزعییەتی ئابووریی – بەرهەمهێنان و پێوەندییە بازرگانی‌یەکانی کوردستان. بۆ وێنە لە سالەکانی ١٩١٦-١٩١٥ لە گومرکی کرماشاوە بایی ١٩ میلیۆن قران تەنراوی جۆراوجۆر و ٥ میلیۆن قەند هاوردە کرابوو، بەڵام ئەم ژمارەیە لە ساڵی ١٩١٨-١٩١٧ هەتا ١ میلیۆن قران کەمی کرد.٢٤


بە‌گشتی لە سەرەتای نوامبری ١٩١٤ی زایینیدا بە پێوستبوونی دەوڵەتی عوسمانی بە یەکێتیی ئەڵمان- ئوتریش، مەجارستان و بوڵغارستان، هەروەها هێرش و داگیرکردنی بەشێکی بەرچاو لە خاکی ئێران لە لایەن بەشدارانی ئەم شەڕەوە [سەرەڕای ڕاگەیاندنی بێ‌لایەنیی ئێران لە لایەن ئەحمەدشای قاجارەوە]، هەر دوو بەشی کوردستان کران بە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێی دوو بەرەی شەڕ. ڕووسیە لە باکوورەوە؛ عوسمانی بە پشتیوانیی ئەڵمان لە ڕۆژئاوا و ئینگلیسیش لە باشووری ئێرانەوە سنوورەکانی ئەم وڵاتەیان تێپەڕاند. لەم کاتەدا هەوڵی وڵاتە بیانی‌یەکان لە کوردستان تەنیا کەڵک‌وەرگرتن لە هێزە‌کانی کورد لە پێناوی بەرژەوەندیی کاتی‌یان لەم شەڕەدا بوو.


لە سەرەتای شەڕەکەدا عەشایری کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرتر پشتیوانی¬یان لە عوسمانی دەکرد، بەڵام پاشەکشەی عوسمانی و پێشڕەویی ڕووسیە لە بەرەکانی شەڕ بوو بە هۆی گۆڕانی بارودۆخی ئەم ناوچەیە و نزیکبونەوە و دەستپێکی پێوەندیی‌ سەرۆک¬عەشیرە، بەگ، دەرەبەگ و شێخ و ئاغاکانی کوردستان لەگەڵ ڕووسەکان. ڕووسەکان کە هەتا ساڵی ١٩١٧ی ز. تەواوی ڕۆژهەڵات و بەشێکی گەورە لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانیان داگیر کردبوو، دەیانەویست جێ¬پێی خۆیان لە کوردستان بە هێزتر بکەن و لە کوردەکان دژ بە تورکەکانی عوسمانی، ئینگلیس و سیخوڕەکانی ئەڵمان کەڵک وەربگرن.


١٧ی ژوئەنی ١٩١٧ی ز. لە دەوروبەری کرماشان یەکەمین کۆنگرەی عەشایری کورد لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێک هات. لەم کۆنگرەیەدا رێبەرانی کورد خوازیاری دۆستایەتیی کورد و رووس و هاوکاریی دوولایەنە بوون. لە کۆنگرەی دواتر لە ٤ی سپتامبری هەر ئەو ساڵەدا لە شاری سنە، ٢٧ سەرۆک ¬عەشیرەی کورد لەگەڵ ژەنراڵ “باراتۆف” ڕێککەوتننامەی ڕووس و کوردیان واژۆ کرد. لە باشووری کوردستانیش ڕێبەرە بە ناوبانگەکانی کورد وەکوو سەید عەبدوڵڵا، سەید تەها و شێخ مەحموودی حەفید بۆ وەدەستهێنانی پشتیوانیی ڕووسەکان پێوەندی‌یان بە نوێنەرانی دەوڵەتی و فەرماندەی سپای ڕووسیە لە ئێران و عێراق گرتبوو.
بەڵام شۆڕشی سۆسیالیستیی ڕووسیە لە ئۆکتۆبری هەر ئەو ساڵەدا بوو بە هۆی گەڕانەوەی سوپای ڕووس بۆ ڕووسیە و گۆڕانی بنەڕەتی لە بارودۆخی سیاسی و نیزامیی کوردستان و ناوچەکانی دەوروبەر، بە تایبەتی ئاڵۆزترکردنی وەزعییەتی کورد و هەڕەشەی جیددیی تورکەکان لە ناوچە کوردییەکاندا.


سوپای تورک پاش ئەوەی ڕووسەکان لە ئاوریلی ١٩١٨ دا باکووری ڕۆژئاوای ئێرانیان چۆڵ کرد، هێرشیان کردە سەر خاکی کوردستان و ئازەربایجانی ئێران و پاشان بەرەو سنوورەکانی قەفقاز پێشڕەوی¬یان کرد. تورکەکان لە ١٤ی ژوئەنی ١٩١٨دا تەورێزیان داگیر کرد و لەمانگی ئاگوستی هەر ئەوساڵەدا تەواوی ئازەربایجانی ئێران و ناوچەکانی باشووری کوردستانی ئێران (باکووری گۆمی ورمێ)یان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە. بەم پێ‌یە لە نێوەڕاستەکانی ساڵی ١٩١٨ سەرانسەری باکووری رۆژئاوای ئێران بەسەر دوو ناوچەدا دابەش کرابوو. تورکەکان بەشی ڕۆژئاوا و ئینگلیسی‌یەکان بەشی ڕۆژهەڵاتیان لەژێر دەستدا بوو و هەر دوو لا هەوڵیان دەدا پشتیوانیی عەشایری کورد و ئازەری وەدەست بێنن و وا بنوێنن کە هێزی رزگاڕکەری کوردستانن، بەڵام ئەم هەوڵ و بانگەشەکردنانە تەنیا بۆ کەڵک‌وەرگرتن لە کوردەکان بۆ دەرکردنی هێزی ڕەقیب لە کوردستان و دابینکردنی دەسەڵاتی خۆیان لە ئێران و میزۆپۆتۆمیا (دووچۆمان) بوو. پاش خۆبەدەستەوەدانی عوسمانی، بە پێی گرێبەستی ئاشتی مودرۆس٢٥ لە ٣٠ی ئوکتۆبری ١٩١٨ی ز. هەروەها دەوڵەتی ئەڵمان ١٢ ڕۆژ پاشتر، شەڕی یەکەمی جیهانی کۆتایی پێ هات. لە کۆتایی ئەم ساڵەدا ئینگلیسی‌یەکان بە گرتنی شاری مووسڵ تەواوی باشووری کوردستانیان خستە ژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی خۆیانەوە.


تەواوبوونی شەڕ کۆتایی بە ژیانی سیاسیی ئیمپڕاتووریی عوسمانی هێنا کە سێ قاڕڕەی ئاسیا، ئەفریقا و ئورووپای بەیەکەوە لکاندبوو. بە وتەی جواهر لەعل نەهڕۆ “ئەم ئیمپڕاتووریە لە حاڵەتی”بەڵای خودایی ئورووپا” هاتە دەر و بوو بە “پیاوی نەخۆشی ئورووپا”.


ئەم شەڕە نەک سوودێکی بۆ کوردستان لە ڕەوتی پێکهێنانی کیان و دەوڵەتی کوردی نەبوو، بەڵکوو بوو بە هۆی زەرەر و زیانێکی بەرچاوی ماددی و مرۆڤیی بۆ خەڵکی کوردستان. بە پێی ڕێککەوتننامەی سایکس- پیکۆ لە سپتامبری ساڵی ١٩١٦ دا [مارک سایکس نوێنەری ئینگلیس و فرانسوا ژۆرژ پیکۆ نوێنەری فەڕانسە] پاش تەواوبوونی شەڕی یەکەمی جیهانی، بەشی عوسمانیی کوردستانیان لە نێوان ٣ وڵاتی عێراق و سووریا و تورکیادا دابەش کرد. بەشی باکوور و رۆژئاوای کوردستان چووە نێو پێکهاتەی تورکیا؛ باشوور بۆ نێو عێراق کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئینگلیسدا بوو، هەروەها باشووری ڕۆژئاوا بۆ نێو سووریا کە سەر بە فەڕانسە بوو. گۆڕانی جوغرافیای سیاسیی کوردستان بوو بە هۆی چوونی بەشی عەرەبیی کوردستان واتە سووریا و عێراق بۆ نێو گۆڕەپانی دەسەڵاتی راستەوخۆی وڵاتە ڕۆژئاوایی¬یەکان. بەم پێ‌یە دابەشکردنی ئیمپراتووریی عوسمانی بە پێی سیناریۆی وڵاتە زلهێزەکان و هاوسەنگیی ئەوان لە ئاستی جیهان و ڕۆژهەڵاتی نزیکدا کە بەشی بەرچاوی خاکی کوردستانیشی لەخۆ دەگرت، بارودۆخی کوردستان و ڕەوتی خەباتی کوردی لە بازنەی ٣ وڵاتی تازە پێکهاتوو ئاڵۆزتر و سەختتر و چارەنووسی ئەم نەتەوەیەی تاڵتر و ناخۆشتر کرد. لەوە بەولا کورد دەبوو بۆ مافی چارەنووسی خۆی لەگەڵ چوار وڵاتی داگیرکەر خەبات بکا کە هەرکامیان لە کردەوەدا سەر بە وڵاتێکی زلهێزی جیهانی بوون.

__________________________________________________

پەراوێز:

١٤- لە ساڵی ١٩٢٢ زایینی “کۆمیتەی سەربەخۆیی کوردستان (ئەرزروم)” بریاری دا بە یارمەتی و لە ژێر سەرپەرستی سیاسی ڕووسیەی سۆڤییەتی بە مافی خۆی بگات. سەرھەنگ خالد بەگ جوبرانلی سەرۆکی ئەم کۆمیتەیە لە سەرەتای دەستپێکی کۆنفرانسی لۆزاندا لە نامەیەکدا کە بۆ نوێنەری حکوومەتی سۆڤییەتی نووسی “[…] دڵساردە لە یاریدەی ڕاستگۆیانەی ئینگلیس بۆ دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆ. ھەروھا بۆ وەدی‌ھێنانی ئەو ئامانجە، چاوەڕوانی پشتیوانی ڕووسیەی سۆڤییەتی‌یە بۆ دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆ لە ژێر سەرپەرستی ڕووسەکاندا.
١٥- World War I, https://en.wikipedia.org/wiki/World_War_I.
١٦- Handicapped, سەقەت، پەککەوتە، کەم‌ئەندام ، عەیب‌دار.
١٧- Epidemic.
١٨- ئەنسیکلۆپێدیای مێژووی سۆڤییەتی، ، بەرگی ١٠، لاپەڕەی ١٠٠١-١٠٠٠، مۆسکۆ،١٩٦٧.
١٩- او. ای. ژیگالینا، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ئێران(ساڵەکانی ١٩٤٧-١٩١٨) لاپەڕەی ٢٤، دەزگای زانست، مۆسکۆ، ١٩٨٨.

http://adverbum.org/ru/sovetskaja-istoricheskaja-enciklopedija10
٢٠- دیوید مک داول، تاریخ معاصر کرد، ترجمە ابراهیم یونسی، انقلاب، ناسیونالیسم و جنگ، صص٢٠٤-٢٠٢، چاپ دوم، پانیذ ١٣٨٣ تهران.
٢١- محمد امین زکی بیگ، زبدە تاریخ کرد و کردستان، جلد اول، ص ١٩١ ترجمە یداللە روشن اردلان، نشر توس ١٣٨١، تهران.
٢٢- جاناتان رندل، با این رسوایی چە بخشایشی، ص ٢٥، ترجمە ابراهیم یونسی، انتشارات پانیذ. ١٣٧٩ تهران، هەروەها لازاریف و … تاریخ کردستان، ص ١٦١، ترجمە م. صدقی، ک. امین آوە، انتشارات فروغ، کلن، آلمان ٢٠٠٧.
٢٣- ج. رندل ، با این رسوایی چە بخشایشی ص ٢٥.
٢٤- علی گلاویژ، مناسبات ارضی در کردستان(فروپاشی نظام عشیر‌ای) چاپ اول ، ص ٦٨، انتشارات روزبە ١٣٦١، تهران.
٢٥- Mudros.

Website | + posts