گرنگیی ئابووریی کوردستان

بەشی سێیەم


٧\٧\٢٠١٨

کوردستان

لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩ی زایینی

تا کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانیی.


د. کامەران ئەمین ئاوە 

گرنگیی ئابووریی کوردستان.

فاکتەری نەوت گرنگی‌یەکی زۆری بە وەزعی ژێئوپۆلیتیکی کوردستان داوە. باشووری کوردستان هاوکات لەگەڵ خوزستانی ئێران هەتا نێوەڕاستەکانی سەدەی بیستەم ناوەندی سەرەکیی دەرهێنانی نەوت بوو.


سێر گادفری ڕۆلێس درایڤر ڕۆژهەڵاتناسی بریتانیایی لە بابەتێک بە ناوی “بەرهەمی سروشتی و پیشەسازی باکوری کوردستان” بەم چەشنە باس لە نەوتی کوردستان دەکا: “مەعدەنەکانی چیاکانی زاگرۆس خاوەنی گرنگایەتی زۆرن، لەبەر ئەوەی چاڵی ناوداری نەوتیان تێدا هەڵکەوتوە و رسووباتی خوێی بەرد و بەردی ئاهەکیان لێیە. شوێنە خاوەن نەوتەکانی ئێران بە باشی دەکشێنە ناو ڕۆژئاوای شاری مووسڵ، و بەناو بەردەئاهەکی قیرین و کانیاوە سولفورییەکانی لێوار دێجلەدا دەرۆن و تا مەندەلی – ئەو شوێنەی وا لە ساڵی ١٨٧٤دا مایسنێر (Meissner) باسی چاڵە نەوتەکانی کردوە، دەکشێنە خوارەوە. لە ساڵی ١٨٩٢دا ٣٠ چاڵە نەوت لە هەمان ئەو شوێنەدا هەبووە کە نەوتی لێ هەڵینجراوە و بە باری وشتر براوەتە بەغدا. گرنگایەتی ئەو پشتێنە نەوتە لەو ڕاستیەدایە، کە کەوتۆتە نزیک شیوەکانی چۆمی دیجلە، بە درێژایی ئەو هێڵە ئاسنەی کە بە‌بێ هیچ گومانێک دەگاتەوە هێڵی ئاسنی نێوان ئاسیای بچووک و بەغدا.٢٦


پێش کۆتایی‌هاتنی سەدەی نۆزدەی زایینی بەشێک لە کارناسە ڕۆژئاوایی‌یەکان بە چەشنێکی جیددی خەریکی کەندوکۆژ لە مەیدانە نەوتی‌یەکانی بابەگوڕگوڕ بوون کە هێشتا کەڵکیان لێ‌وەرنەگیرابوو. بە پێی لێکۆڵینەوەکانی “ژان ژاک دو مۆرگان”ی٢٧ فەڕانسەیی لە ساڵی ١٢٧١ی هەتاویدا پانتایی شوێنی پاشەکەوتکردنی نەوتی ژێرزەوی لە کوردستان نزیکەی ٣٠٠ کیلۆمێتر و لە درێژایی ناوچەکانی کەرکووک هەتا خانەقین و کێوەکانی کوێخای پشت قەسری شیرین بووە. لە ساڵی ١٩٠٣ی زدا ئەستەنبووڵ مافی دەرهێنان و کەڵکوەرگرتن لە مەیدانە نەوتی‌یەکانی ناوچەی ناوبراو و پاش ساڵێک ئی مووسڵیشی دا بە ئەڵمان. سەرنجڕاکێش ئەوەیە، سەرەڕای کێشە و دوژمنایەتیی دێرینەی کۆمپانی¬یە نەوتی‌یەکانی ئینگلیس و ئەڵمان، ئەم دوو وڵاتە ساڵی ١٩١١ی ز پێکەوە شیرکەتێکی هاوبەش بە ناوی” کۆمپانیای¬ نەوتیی‌ تورک” یان بۆ دەرهێنانی نەوتی مووسڵ دامەزراند.٢٨


بێجگە لە نەوت، کوردستان بازاڕێکی باش بۆ فرۆشتنی شتوومەکی وڵاتە ڕۆژئاوایی¬یەکان، و بە تایبەتی ئینگلیس، ڕووس و ئەڵمان وەکوو پارچە، قەند، قاپ¬وقاچاغ، نەوت، شەمچە و لەم چەشنە کەلوپەلانە بوو. ئەم هاوردانە ڕۆڵێکی گرنگیان لە گۆڕانی شێوەی ژیان و پەرەسەندنی پێوەندیی‌ شتوومەک- پارەیی لە کۆمەڵگای کوردستاندا هەبووە. ئاژەڵداری هەتا کۆتایی سەدەی نۆزدە گرنگترین چالاکیی ئابووری لە کوردستان بوو، بەڵام لە کۆتایی سەدەی نۆزدە بەم¬لاوە ئەم وڵاتە بوو بە بەرهەمهێنەری دوو بەرهەمی پارەساز واتە لۆکە و تووتن. نیوەی دووهەمی سەدەی ١٩ی ز. لە ژێر کاریگەریی نفووزی سەرمایەی بیانیدا، لە کوردستانیش کشت‌وکاڵ بە زیانی بەرتەسک‌کردنەوەی ئاژەڵداری پەرەی‌گرت و ئاڵوگۆڕی پەیتاپەیتای پێکهاتەی ئابووریی گوندی بوو بە هۆی زێدەبەرهەمهێنانی گەنم، برینج و تەنانەت قامیشی شەکر، لۆکە و دانەوێڵە.


لە کۆتایی سەدەی ١٩دا مەڕ و ماڵاتی شارەکانی ئەستەنبووڵ، دیمەشق، حەڵەب و بەیرووت لە کوردستانەوە مسۆگەر دەکرا و یەک¬ونیو میلیۆن سەر مەڕ بۆ فرۆشتن تەنیا بۆ شاری قوستەنتەنییە[ئەستەنبووڵ] ناردرابوو.٢٩


درایڤریش باس لە لەوەڕاندن و بەخێوکردنی مەڕو بزنی زۆر یاخود ئەسپ و ماڵاتی دیکە لە پارێزگای دیاربەکر و وان دەکا، لەوەدەچێ لە ساڵی ١٩٠٦دا تەنیا لە پارێزگای واندا زیاد لە ٣ ملیۆن مەڕ بەخێوکرابێ، بەڵام لەو ساڵە بەدواوە، ئەو ژمارەیە زۆر لەکەمی داوە. بازرگان لە ئەستەنبووڵ، سووریا و میسرەوە بەهاران بۆ کرینی مەڕ و ماڵات بۆ ئەم دو پارێزگایە هاتوون. هەروەها هەر لەو دو پارێزگایەوە بەڕە و قاڵی لە ڕیگای کەنداوی فارسەوە بۆ ئورووپا هەناردە کراوە.٣٠


ساڵی ١٨٦٩ی ز. هیندییەکان لە ڕێگای بەغداوە بۆ کۆکردنەوەی بەنگ (شاینە، شادانە) هاتوونە ویلایەتی بانە.٣١ لە نیوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدە پەرەسەندنی بازرگانی بۆتە هۆی گەشەکردنی خێرای شارەکانی سابڵاغ، کرماشان و کەرکووک – وەکوو ناوەندی گرنگی بازرگانی لە کوردستان. شاری دیاربەکر بە هۆی نەخشی بەرچاوی لە بازرگانیی نێوان کوردستان و ئازەربایجانی ئێران، هەروەها وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئورووپا وەک “ئەستەنبووڵی ثانی” پێناسە کراوە.٣٢


کرماشان یەکێک لە ڕێگاکانی پێوەندیی ئێران و ڕووسیە لەگەڵ ناوچە عەرەبی‌یەکان، هەروەها هەناردەکردنی خورمای وڵاتە عەرەبی‌یەکان بۆ ڕووسیە بووە. ساڵی ١٨٨٩ی ز. لە کرماشانەوە بایی ٤ هەزار لیرە فەڕش، ٣٠ هەزار لیرە مەڕ، ٢ هەزار لیرە خوری،٣٠ هەزار لیرە ڕۆن، ٣٧٧ هەزار لیرە دانەوێڵەی جۆراوجۆر و مازگ (مازوو)، کشمیش و کەتیرە و تووتن و هتد هەناردەی دەرەوەی کوردستان کراوە. مۆڕگان لە ساڵی١٨٩١ی زدا باس لە کشتوکاڵی تریاک لە ویلایەتی کرماشان و دامەزراندنی کارخانەی تریاک لە لایەن عەرەبێکەوە دەکا کە تریاکی بۆ هیندوستان هەناردەی کردوە .٣٣ لە مەریوانەوە ساڵانە بەلانی کەمەوە هەزار بار (هەر بار نزیکەی ٨ پووت) تووتن هەناردەی سلێمانی کراوە. مەریوان هەروەها لەسەدا ٢٥ی تووتنی تەواوی ئێرانی مسۆگەر کردوە.٣٤


ساڵی ١٩٠٤ز. لە شاری مەراغە لقەکانی دوو شیرکەتی ڕووسی بە ناوی “نادێژدا” و “رۆسکۆیە ئۆبشستور” وشکەباری ئازەربایجان و ناوچە کوردنشینەکانیان هەناردەی ڕووسیە کردوە. لەو کاتەدا، لە سەدا ٩٩ی هاوردە و هەناردەی ویلایەتی ورمێ بە دەست هاونیشتمانەکانی ڕووسیەی تزاری بووە. بە وتەی بلیایف لە کتێبی “وەزعی سیاسیی ئێستای سابڵاغ – ١٩٠٩”، ئەم شارە یەکێک لە ویلایەتە گرنگەکانی کۆکردنەوە و بەشینەوەی هاوردەکان بۆ ڕووسیە بووە، تەنانەت بەشێک لە بازرگانەکانی ئەم شارە هەموو ساڵێک چوونە پێشانگاکانی نیژنی نووگۆرد و بەشێکشیان لە مۆسکۆ نوێنەری دایمی‌یان هەبووە.” […].٣٥ لەسەرەتای سەدەی ٢٠ی زدا پێوەندی‌یە سەرەکی‌یەکانی بازرگانیی دەرەکیی ویلایەتی سابڵاغ لە ڕێگای هەمەدان و مووسڵەوە پەرەی‌ساندوە. هەرچەند لەوکاتەدا ڕێژەی دانیشتووانی شاری سابڵاغ پتر لە ٣٠ هەزار کەس نەبووە، بەڵام بازاڕ و مەیدانە گەورەکانی ئەم شارە خەبەری بازرگانی‌یەکی بەرچاویان لەم شارەدا داوە.٣٦ لە ڕووسیەوە قەند و قاپ-وقاچاغ و ئاسنە‌واڵە، لە بورسای عوسمانی‌یەوە هاورێشمی چنراو یان نەتەنراو و نیوە هەوریشیمی‌یەکان؛ لە مووسڵەوە چنراوە سووکەکان؛ لە مەنچسترەوە فاستۆنییە جۆراوجۆرەکان و لە هەمەدانەوە جاو و خام هاوردەی ئەم شارە کراوە. بازرگانێکی سابڵاغی بە ناوی غەفور لەبەرامبەر هەناردەکردنی پێستە بۆ ڕووسیە، بایی ٢٥ هەزار ڕوبڵ تەنراو‌ی جۆراوجۆری هاوردەی ئەم شارە کردوە.٣٧ بە گشتی وا بەراورد دەکرێ کە لەم ساڵانەدا بایی یەک و نیو میلیۆن تمەن لە سابڵاغەوە بەرهەمی کشتوکاڵ هەناردە کرابی. عەلی¬ئەسغەر شەمیم هەمەدانی لە کتێبی کوردستاندا باس لە هەناردەکردنی پێستەی ڕێوی، سمۆرەی ئاویی، سەگی ئاویی، گورگ و بە تایبەتی دەڵەک یان ئاس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ بازاڕەکانی ئورووپا و ئەمریکا و فرۆشتنیان بە قیمەتێکی زۆر گران دەکا ( ٢٠ تا ٣٠ تمەن بۆ هەرپێستەیەکی دەڵەک). لەوە دەچێ شوێنی ژیانی دەڵەک یان ئاس تەنیا کوردستان بووبێ.٣٨


ساڵی ١٩١٢ی ز. چەند بازرگانی ڕووسی بایی ٢٠٠ هەزار ڕوبڵ پێستەی بەرخیان لە ویلایەتی سنە و هەمەدان کڕیوە و ناردوویانەتە پێشانگای نیژنی‌‌نووگۆرد.” بەهاری ساڵی ١٩١٣ی ز. ئەڵمانی‌یەکانیش خەریکی بازرگانی لە باکووری کوردستان بوون. دوو ئەڵمانی بە ناوی “گراڤ ڤن ویستراپ” و “ئەرنست لانگە” بە ڕێبەریی ئەڵمانی‌یەکی دیکە بە ناوی “نیمان” و بەشداریی شیرکەتێکی ئوتریشی (نەمسایی) بە ناوی هۆنگ “بنکەی فەننیی ئەڵمان”یان لە ورمێ دامەزراندوە، ئامانجی سەرەکیی ئەوان قۆرخکردنی بازاڕی ئەم ناوچەیە،و هەروەها ڕەخنەکردن لە نێو عەشایری کورد و دەستگرتن بەسەر ئابوریی و بەرهەمی ئاژەڵداری ئەواندا بووە.


لە سابڵاغیش نوێنەرایەتیی دوو شیرکەتی ئەڵمانی بە ناوی “موسیگ” و “شۆنمان” خەریکی کڕین و هەناردە‌کردنی خوری بوون.٣٩ شاری شنوش پێش دەستپێکی شەڕی یەکەمی جیهانی ناوەندێکی گەورەی خوری کرین لە لایەن ئەڵمانی‌یەکانەوە بووە، لەوێوە خوریان بۆ دروست‌کردنی ڕایەخ بۆ کارخانەیەک لە تەورێز دەنارد کە بۆخۆیان دایانمەرزاندبوو.٤٠ لە ڕکەبەری لەگەڵ ئەواندا، سەرمایەدارە ڕووسی‌یەکانیش بۆ شێواندنی کاری شیرکەتە ئەڵمانییەکان پەرەیان بە کار و چالاکیی خۆیان لە کوردستاندا داوە و ساڵی ١٩١٤ی ز. لە زۆربەی ناوچە گرنگەکانی کوردستان بنکەی کڕینی خوری‌یان دامەزراندوە. بێجگە لە ڕووسیە و ئەڵمان، سەرمایەدارەکانی وڵاتانی دیکەش وەکوو فەڕانسە خەریکی کار و چالاکیی بازرگانی لە کوردستان بوون. بۆ وێنە لە ئاوریلی ساڵی ١٩١٣ی زدا سێ فەرانسەوی بۆ دیتنەوەی نەوت و ئاڵتون بۆ سابڵاغ هاتوون، بەڵام دەستکەوتێکیان نەبووە. لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەلاتی کوردستانیش وەزعەکە هەر وا بووە. لە سپتامبری ساڵی ١٩٠٣زدا نوێنەرایەتیی شیرکەتی بەرهەمهێنانی قوماشە لۆکەیی‌یەکانی “کارل شیبلێر” کە ناوەندەکەی لە شاری لۆدز بوو، لکی خۆی لە کرماشان کردۆتەوە.
 

بەرژەوەندیی ئابووری هۆی سەرنجڕاکێشانی سیاسیی‌ دەوڵەتە بیانی‌یەکانە. شابەندەرخانە [کۆنسولگەری]ی ڕووسیە لە ساڵی ١٨٧٩زدا لە دیاربەکر و لە ٦ی دیسامبری ١٩٠٣ی زدا لە کرماشان دەستی بەکار کرد، شابەندەرخانەکانی عوسمانی و بریتانیاش زۆر پێشتر لە ڕووسەکان لە کرماشان دەستیان بە کار کردبوو.
 

شتوومەکی ئینگلیسی لەم ناوچانەدا خوازیارێکی زۆری هەبووە. بە پێی ڕاپۆرتی “دلگۆ‌‌پۆلۆڤ” دیپلۆماتی تزاری، کەلوپەلە ئینگلیسی¬یەکان نەک هەر بازاڕی کرماشان بەڵکوو بازاڕی هەمەدانیشیان پڕ کردبوو و سەرانسەری کوردستان بە شتوومەکی ئینگلیسی ژیاون.٤١ بە‌گشتی لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەدا هاوردەکردنی شتوومەکی ئینگلیسی بۆ تەواوی ئێران بە کوردستانیشەوە ٤ هەتا ٥ کەڕەت زۆرتر لە هەناردەکردن بۆ ئینگلیس بووە. هاوردەی شتوومەکی سەنعەتی لە ئینگلیس و وڵاتە بیانی-یەکانی دیکە، بوو بە هۆی داخرانی کارخانە و فابریکەکانی ئێران و لەنێوچوونی پیشەی خۆماڵی و دەستی، و بە تایبەتی سەنعەتی جۆڵایی.٤٢


لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمدا پتر لە بیست کارگەی نەریتی و نیشتمانی (میللی) لە ئێران بە یەکجاری داخران. ئەو کاسبکارانە کە کارەکەیان لە دەست دابوو، هەروەها سەنعەتکارانی ئەو کارگە و مانۆفاکتۆرانە کە نسکۆیان هێنابوو، لەگەڵ وەرزێرە فەقیر و مایەپووتەکان سپایەکی گەورەی بێکاریان پێک هێنابوو کە تەنانەت هیچ ئامرازێکیان بۆ درێژەدانی ژیان نەبووە. دەیان هەزار کەس لەم بێکارانە بۆ ڕزگارکردنی خۆیان لە مردن و برسییەتی کۆچیان بۆ ڕووسیە و ناوچەکانی باشووری قەفقاز و بەحری خەزەر کردوە. لە کۆتایی دەیەی هەوەڵی سەدەی بیستەمدا ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ساڵێکدا چوونە ڕووسیە نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس بووە.٤٣


لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا “ئابووریی نەتەوەیی” کوردستانیش بە هۆی نەبوونی توانای ململانێ لەگەڵ هاوردە بیانی¬یەکان، لە زۆربەی بوارەکاندا تووشی قەیران هاتوە، بەو ڕادەیەی کە لە کۆتایی¬یەکانی سەدەی نۆزدەدا هەزاران کورد بۆ دابینکردنی بژیو و کارکردن، کۆچیان بۆ ئەستەنبووڵ کردوە. ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەم بارودۆخەدا کۆچیان بۆ ئەم شارە کردبوو بە تەواوی لەبەر دەستدا نیە بەڵام بە باوەڕی “زینۆفیۆف” شابەندەر [کۆنسول]ی ڕووسیە لە ساڵی ١٩٠٩ی زدا ژمارەی ئەو کوردانە نابێ کەمتر لە ٣٠ هەزار کەس بووبێ.٤٤


ئەڵمانی‌یەکانیش وێڕای کڕینی خوری و هاوردەکردنی ڕەنگە دەستکردەکان (وەکوو ئانیلین٤٥ و هتد)هەوڵیان دەدا کاریگەرییەکی زۆرتریان لەسەر ڕەوتی سیاسی ئەم ناوچەیە هەبێ، بەو ڕادەیە کە پاش شابەندەربوونی “شۆنمان” لە ساڵی ١٩١٥ی ز.دا دەستیان بە کۆکردنەوە و پێکهێنانی هێزی چەکدار لە خەڵکی ئەم ناوچەیە کردوە. هەروەها ئەڵمان کە پێگەی ئابووری و نیزامی و سیاسیی خۆی لە عوسمانی بە هێزتر کردبوو، هەوڵی خۆی داوە بۆ کۆکردنەوە و ورووژاندنی کوردەکان دژ بە ڕووس و ئەرمەنی¬یەکان، سەرنج¬ڕاکێش ئەوەیە کە هاوکات گوشاری بۆ ئەستەنبووڵ هێناوە هەتا هەڵوێستێکی توندتری بەرامبەر بە کوردەکان هەبێ و بزووتنەوەی ئەوان سەرکوت بکا.


ئەڵمان و تورکەکان لە ساڵانی دەیەی یەکەمی سەدەی بیستەم‌دا هەوڵێکی زۆریان بۆ لاوازکردنی پێگەی سیاسی و نیزامیی ڕووسیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئازەربایجان دا، تەنانەت لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانیدا تورکەکان پاش هێرش بۆ خاکی ئێران و داگیرکردنی ورمێ، سابڵاغ و تەورێز و هتد، لە کرماشان پاش دامەزراندنی حکوومەتی کاتیی “میللی”، ڕەزا قوڵی خانی نظام‌السلطنەیان‌ کە فیئۆداڵێکی گەورە و حاکمی لۆڕستان بوو، وەک سەرۆکی ئەم حکوومەتە دەستنیشان کرد. ئەم دەوڵەتە کە بە بەشداریی ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی ئێران و میانەڕۆکان (اعتدالیون) پێک¬هاتبوو، باڵوێزەکانی خۆی ناردبووە بێڕلین و ئەستەنبووڵ. ئەڵمان بەو هیوایە بوو کە وێڕای یارمەتی بۆ پێکهێنانی ئەم دەوڵەتە، بتوانێ دواتر ئێران بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی. بەڵام پەیتاپەیتا بە هۆی خۆتێهەڵقوڵاندنی لە ڕادەبەدەری فەرماندەری سوپای تورک – ئەڵمان لە کاروباری ئەم حکوومەتەدا، دوبەرەکی کەوتە نێوان دەوڵەتی نظام‌السلطنە و سولەیمان میرزا ڕێبەری حیزبی دێموکرات. پێشڕەویی هێزەکانی ڕووس بە فەرماندەیی ژەنڕاڵ باراتۆف بەرەو ڕۆژئاوای ئێران لە مانگی مەی ١٩١٦ی دا بوو بە هۆی دەربازبوونی ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات و لایەنگرانی و بەشێک لە ژاندارمەکانی دەوڵەتی میللی بۆ خاکی عوسمانی و هەڵوەشانەوەی ئەم حیزبانە.٤٦

__________________________________________________

پەراوێز:

٢٦- درایڤر و کورد، کۆمەڵەی پێنج وتار، لاپەڕەی ١٣١-١٣٠، وەرگێران ئەنوەری سوڵتانی، بنکەی ژین سلێمانی ٢٠٠٥.
٢٧- Jacques Jean Marie de Morgan.
٢٨- کەمال مەزهەر ئەحمەد، کوردستان لە سالەکانی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، کۆری زانیاریی، لاپەڕەی ٤-٣، بەغداد ١٩٧٥.
٢٩- لرچ، پژوهش در بارە کردهای ایرانی و کلدانیهای اسلاف آنها، کتاب اول – پتربورگ – ١٨٥٦ – ص ٢٤(روسی) وەرگیراو لە کتێبی مناسبات ارضی در کردستان(فروپاشی نظام عشیرە‌ای)، ص ٥٧.
٣٠- درایڤر و کورد، کۆمەڵەی پێنج وتار، لاپەڕەی ١٢٨، چاپ اول ١٣٦٩.
٣١- منشآت فرهاد میرزا معتمدالدولە، تصحێح غلامرضا طباطبایی ص ١٧٥، شرکت چاپ و انتشارات علمی تهران.
٣٢- خورشید افندی، سیاحت نامە صص ٢٧١- ٢٧٠ وەرگیراو لە کتێبی مناسبات ارضی در کردستان، ص ٥٧.
٣٣- مورگان، ماموریت علمی ص ١١٧، ٩١ وەرگیراو لە کتێبی ع. گلاویژ، مناسبات ارضی در کردستان ص ٥٩.
٣٤- مناسبات ارضی در کردستان، ص ٦٨.
٣٥- سەرچاوەی سەرێ لاپەرەی ٦٢.
٣٦- سفرنامە در بارە شهرهای ایرانی مراغە، میاندواب و ساوجبلاغ، مجموعە اسبناد حوزە نظامی قفقاز – شمارە ١٨-١٧-دسامبر ١٩٠٦- تفلیس ص ٤١ (روسی) وەرگیراو لە کتێبی مناسبات ارضی در کردستان. ص ٦٥.
٣٧- سەرچاوەت سەرێ لاپەڕەی ٦٥.
٣٨- علی اصغر شمیم همدانی، کتاب کردستان ص ٨١، مطبعە امید، ، تبریز١٣١٢.
٣٩- ع. گلاویژ، مناسبات ارضی در کردستان، ص ٦٣-٦٢.
٤٠- م. س. لازاریف، کوردستان و کێشەی کورد، وەرگیراو لە:کەمال مەزهەر ئەحمەد، کوردستان لە سالەکانی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، کۆری زانیاریی، لاپەڕەی ١١ بەغداد ١٩٧٥.
٤١- سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕەی ٦٤.
٤٢- ا.آ گرانتوسکی و … تاریخ ایران از زمان باستان تا امروز، ص ٣٤٦ ترجمە کیخسرو کشاورزی، دانشگاە دولتی مسکو ١٩٧٧.
٤٣- م. س. ایوانف، تاریخ نوین ایران، ص ١٤، ترجمە هوشنگ تیزابی، ح. قائم پناە، تهران، سلوج، ١٣٥٦.
٤٤- ک. و. وێرتیایف و س. م. ئیوانف، ناسیۆنالیزمی کورد، مێژوو و نوێخوازی، لاپەرەی ٨٢.
٤٥- Aniline.
٤٦- ا.آ گرانتوسکی و … تاریخ ایران از زمان باستان تا امروز، ص ٤١٤.

Website | + posts