هۆزی زەنگەنە لە چاوی بریتانیای ۱۹۱۹


ئامادەکردن و وەرگێڕانی: دکتۆر ڕەنجدەر موحەممەد عەزیز

نوسینگەی ڕامیاری، بەریتانیا
کفری، ١٢ی کانوونی دووەمی ١٩١٩


تێبینی لەسەر هۆزەکان، بنەماڵەکان و کەسایەتییە دیارەکانی قەزای کفری.
هۆزی زەنگەنە لە ڕووی نەسەبەوە ٢ خێڵ (تیرە) دەگریتەوە:
(فارس ئاغا و ڕۆستەم ئاغا)
بە پێی شوێنی جوگرافی لە ٢ بەش پێک دێت: یەکێکیان لە ئیبراهیم خانچی دەژین و بەشەکەی تری لە نزیک کفری لە زەرداو، هەروەها هەریەکێک لەم دوو بەشە لە لە ڕووی نەسەبەوە نوێنەرایەتی دوو خێڵەکە دەکەن. ناوی سەرۆکەکانیان ئەمانەی خوارەوەن:
خێڵی فارس ئاغا: خێڵی ڕۆستەم ئاغا:
عبدول کەریم ئاغا حەسەن ئاغا
غەفور ئاغا محەمەد کەریم ئاغا
عەزیز ئاغا عەلی ئاغا/ حەسەن ئاغا
ڕەحیم ئاغا قادر سەرفوک ئاغا
ئەوانەی کە لەسەرەوە ناویان بە پیتی گەورە نوسراوە لە سەرۆکە سەرەکیەکانیانن. حەسەن ئاغا سەرۆکی باڵای هۆزەکە بوو، بەڵام خانەنشین بو بۆ ئەوەی لە شارەبان بژی. لە خێڵی فارس ئاغا، عەبدولکەریم ئاغا لە زەرداو لە نزیک ڕێگای کفری – قەرەتەپە دەژی، کە ناوبراو بە ئاسانی هەڵبژاردەی سەرۆکەکانی هۆزەکەیە. دەنگۆی مامەڵەی دادپەروەرانەی لەگەڵ کۆڵبەرەکانیدا، تەنانەت لە کاتی فشاریشدا گوندەکەی پڕ کردووە هەروەها کاتێک حکومەت کاری لێی دەوێت، دەبێت پشتی پێ ببەستێت. ئامۆژگارییەکانی لەبارەی بابەتە خێڵەکییەکان بەگشتی سوودێکی زۆری هەبووە.
ڕەحیم ئاغای ڕەحیم ورقە، لە نزیک کفری نزیکە لەوەی کە واز لە ژیانی خێڵایەتی بهێنێت هەروەها کەسێکی بێ کاریگەرە. غەفور و جاسم ئاغا کوڕانی جاسم ئاغای ئەم خێڵە لە نزیک ئیبراهیم خانچی دەژین لە گوندی هەڕێنە، گوڵباخ و برایم غولام. ئەمانە هەردووکیان گرنگییەکی کەمیان هەیە و خۆبەزلزانینی بێماناو و بێ توانای لە چارەسەرکردن وایان لێدەکات کە سوودێکی کەمیان بۆ حکومەت هەبێت. حەسەن ئاغا نەماوە و عەلی ئاغای کوڕی لە نزیک کفری دەژی لە ئۆنەکی ئیمام (دوانزە ئیمام). عەلی ئاغا کاریگەریەکی کەمی هەیە لە ناو هۆزەکە و شوێنکەوتوەکانی حەزی لێ ناکەن. محەمەد کەریم ئاغا سەرۆکی باڵای خێڵەکە و هەروەها هی زەنگەنەیە لە ناوچەی ئیبراهیم خانچی. بە سەرکردەیەکی شەڕکەر بە ناوبەنگە بەڵام مامەڵەیەکی گەمژانە و بێتاکتیکی هەیە. وەکو زۆربەی کوردە شاخاوییەکان (ئەم چەمکە زۆر جار لە لایەن نەیارانی کوردەوە بەرامبەر کورد و کەسایەتییەکانی بە کارهێنراوە) بە دەست خۆبەزلزانینی بێسنورەوە دەناڵێنێت. شەڕی خوێناوی هەیە لە نێوان خۆی و قادر سوفوک ئاغای هەمان خێڵدا. ئەمە تاکە کێشەیە کە تا ئێستا کێشەی لە نێوان هۆزەکانی کفریدا دروست کردووە و هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە. لەلایەن سۆنەوە باسی دوژمنایەتی لە نێوان هەردو خێڵی هۆزەکە دەکرێت، بەڵام دوژمنایەتیەکە ئەوەندە لە نێوان تاکەکانی هەمان خێڵدایە ئەوەندە لە نێوان دووخێڵەکەدا نییە. هۆزەکە بە گشتی خاوەنی هەندێک سوارچاکی باش و ئازان و بە باشی چەکدارکراون بە تفەنگی تورکی و فارسی. ئەم گوندانە شوێنکەوتەی محمد کەریم ئاغان: ئیبراهیم خانچی، فەقێ مستەفا، مەلا هۆمەر، بنەکە، تیلەکۆ، عەلیان، کانی عوبێد، قەیتول و سەرڕەش. محەمەد کەریم ئاغا ئەگەری هەیە بتوانێت ٤٠ ئەسپ و ٦٠ شەڕکەر کۆبکاتەوە. لە نێوان عەبدول کەریم ئاغا و عەلی ئاغا دەتوانرێت ٣٠ ئەسپ و ١٠٠ شەڕکەر کۆ بکرێتەوە. شتێکی کەم لە مێژوی خودی هۆزەکە دەزانرێت، بەڵام خۆیان پێیان وایە کە لە سەرەتاوە لە ئێرانەوە هاتوون. هەموو هۆزەکە بە یەکجاری لە ناوچەی ئیبراهیم خانچی کۆبوبونەوە. هۆزەکە بە دیالێکتی کرمانجی کە تایبەتە بە خۆیان قسە ئەکەن.

Website | + posts