سەرمەد لەتیف
Sarmad Latif
دوای ئەوەی مەلیک مەحمودی حەفید لە جەنگی دەربەندی بازیان لەساڵی ١٩١٩ بە برینداری لەلایەن بەریتانییەکانەوە دەستگیردەکرێت، دەبرێتە سەربازگەی ڕەشید و لەوێ لە خەستەخانە نەشتەرگەری بۆ دەکرێت. دوای کۆتایی هاتنی نەشتەرگەرییەکەی، شێخی نەمر بە تۆمەتی کودەتا و هەڵگیرساندنی شۆڕش دژی ئینگلیز، لەدادگای سەربازی دادگایی دەکرێت. کاتێک تۆمەتی کودەتا درایە پاڵ شێخی نەمر، لە وەڵامدا شێخ فەرمووی: نەک دادگای سەربازی ئینگلیز، بەڵکو هیچ دادگایەک لە جیهاندا مافی ئەوەی نییە دادگاییم بکات لەبەرئەوەی داوای مافێکم کردووە کە دەوڵەتە هاوپەیمانەکان دانیان پێدا ناوە. من بۆ پاراستنی مافی کورد و کوردستان جەنگم لەگەڵ ئینگلیز بەرپاکرد.
ئارنۆڵد ویڵسن حاکمی سیاسی بەریتانیا لە عێراق دەگێڕێتەوە و دەڵێت: شێخ مەحمود بەڕووی دادگادا هاواری کرد و کاغەزێکی لوول کراوی لە گیرفانی دەرهێنا کە هەر چواردە بەندەکەی ویڵسنی تێدابوو. شێخ مەحمود بەیاننامەکەی خوێندنەوە کە تێیدا باس لە داننان بە مافی کەمە نەتەوایەتییەکان دەکات.
شێخی نەمر لەدادگا ڕووی کردە حاکم و فەرمووی: ئێوەی بێگانە هەزاران کیلۆمەترتان بڕیوە بۆ داگیرکردنی ووڵاتمان. خێرو بێری ووڵاتمانتان بەتاڵان بردووە. ئایا ئێوە تاوانباری ڕاستەقینەن یان من کە بەرگری لە مافی نەتەوەکەی خۆم دەکەم و ووڵاتی خۆم لە دڕندایەتی ئێوە دەپارێزم؟
شێخی نەمر فەرمووی: من لەم دادگاییەدا تۆمەتبارێکی سیاسیم و لانی کەم دەبێت دادگایەکی بێلایەن دادگاییم بکات چونکە من نوێنەری گەل و حکوومەتێکی دانپێدانراوم لەلایەن دەوڵەتە هاوپەیمانەکانەوە.
سەرۆکی دادگای سەربازی ئینگلیز پرسیارێکی ئاڕاستەی شێخ مەحمود کرد و وتی: کە ئێمە هاوپەیمان بووین لەگەڵتاندا، بۆچی ئێوە کودەتاتان لەدژمان بەرپاکرد؟
شێخ مەحمود وتی: پرسیار لە ڕاوێژکارە سیاسییەکەتان بکە (مێجەرسۆن) کە چ فیتنەیەکی نایەوە.
سەرۆکی دادگا سەبارەت بەم وەڵامەی شێخ مەحمود پرسیاری لە مەیجەر دانلیس کرد کە لێپرسراوی ڕووداوەکانی نێوان شێخ مەحمود و بەرپرسانی سیاسی ئینگلیز بوو.
مەیجەر دانلیس ووتی: لەنێوان شێخ مەحمود ی سەرۆکی کاتی حکومەتی کوردستان و مەیجەرسۆن، ناکۆکی و ساردی هەبوو. لەم کاتەدا شێخی نەمر جامانەکەی دەگرێتە دانلیس و هاوار دەکات بەسەریدا و دەڵێت: بێ ویژدان، بۆ بە ئاشتی چارەسەری بارودۆخەکەت نەکرد؟ هەموو ئەو خوێنەی کە ڕژاوە لەنێوان هەردوولادا لە ئەستۆی تۆدایە.
سەرۆکی دادگا ڕووی کردە شێخی نەمر و پێی ووت: تۆ تەنانەت لەناو دادگاشدا شەڕمان لەگەڵ دەکەیت.
شێخی نەمر فەرمووی: من شەڕ ناکەم، بەڵام ناچارم بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوای کورد شەڕی بەرەنگاری بکەم.
سەرۆکی دادگا ڕووی کردە مەیجەر دانلیس و ووتی: تۆ بەرپرسیاریت بەرامبەر گەیاندنی دەنگوباس و بارودۆخ بە دەوڵەت، بۆچی لەکاتی خۆیدا نەتگەیاند؟
مەیجەر دانلیس ووتی: پێشبینیم نەدەکرد وا بە خێرایی ئاگری شۆڕش بەهەموو لایەکدا بڵاوبێتەوە. بەڵام هەر بەردەوام خەریکی دۆزینەوەی ڕێگەچارە بووم.
سەرۆکی دادگا داوای ئەو شایەتانەی کرد کە لەلایەن کاپتن بۆن (حاکمی سیاسی چەمچەماڵ) ڕەوانەی بەغداد کرابوون بۆ شایەتیدان لەسەر مەلیک مەحمود کە پێکهاتبوون لە ٧ کەسایەتی نزیک لە شێخی نەمر. شایەتەکان هاتنە ژوورەوە، لەو ساتەدا مەلیک مەحمود تەماشای کردن و زەردەخەنەیەکی کرد. سەرۆکی دادگا پرسیاری لە مەلیک مەحمود کرد و ووتی: بۆچی پێدەکەنیت؟
لە وەڵامدا شێخی نەمر فەرمووی: ئێوە کارێکتان کردووە شایەنی پێکەنینە! ئەوەتا هەڕەشەی ئێوە وای لەم کوردانە کردووە کە بێن شایەتیم لەسەر بدەن! لەکاتێکدا من کۆمەکیم بەوان کردووە و داوای مافی ئەوان لە ئێوە دەکەم! من لێتان ناترسم و هەرگیز داوای لێبوردنتان لێ ناکەم.
سەرۆکی دادگا وتەی لە شایەتەکان وەرگرت، هەندێکیان شایەتییان لەسەر شێخی نەمر دا کە ڕۆڵی هەبووە لە کێشەکان لەگەڵ ئینگلیز، هەندێکیشیان بە پێچەوانەوە بەرگرییان لە شێخی نەمر کرد و هەموو ئەو تۆمەتانەیان ڕەتکردەوە کە ئاڕاستەی مەلیک مەحمود کرابوون. دوای وەرگرتنی وتە لە شایەتەکان و بەرگریکردنی شێخی نەمر لەخۆی، سەرۆکی دادگا ئەم بڕیارانەی لای خوارەوەی دەرکرد:
– مەلیک مەحمود: بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.
– شێخ محەمەد غەریب قازانقایە: بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.
– مەحمودخانی دزڵی: بەبێ ئامادەبوونی خۆی بڕیاری زیندانی هەتا هەتایی بۆ دەرچوو.
– مەحمودخانی کانی سانان: بەبێ ئامادەبوونی خۆی بڕیاری ٣ ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو.
دواتر بڕیاری حوکمی دادگا تەمییز کرایەوە، سەرۆکی دادگا بە لەبەرچاوگرتنی هەڵسوکەوتی مرۆڤدۆستانەی مەلیک مەحمود لەگەڵ دیلە بەریتانییەکان، بڕیارەکەی بۆ شێخی نەمر و شێخ محەمەد غەریب قازانقایە لە سێدارەوە گۆڕی بۆ دوورخستنەوە بۆ دورگەی ئەندامان لە هندستان و بەندکردنی لەوێ بۆ ماوەی ١٠ ساڵ. دواتریش بەهۆی گۆڕانکاری لە هەلومەرجی سیاسی کوردستان، مەلیک مەحمود کەمتر لە ٣ ساڵ لە دورگەی ئەندامان لە زیندان مایەوە و گەڕێنرایەوە بۆ کوردستان. پاش ماوەیەکی کەم لە گەڕاندنەوەی، کابینەی دووەمی حکومەتی کوردستان لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٢٢ پێکهێنرا کە مەلیک مەحمود خۆی سەرۆکایەتی دەکرد، ماوەی کەمتر لە ٢ ساڵ ئەم کابینەیە بەردەوام بوو.
چیرۆکی دادگاییکردنی مەلیکی کوردستان بەم جۆرە بوو! سومبولی نەتەوەیی دەبێت بەم جۆرە قوربانی بدات لەپێناو بەدەستهێنانی سەربەخۆیی میللەتەکەی. هەموو ئەو کارەساتانەی ڕوبەڕوی شێخی نەمر دەبووەوە، تەنها لەبەر ئەوەبوو مەلیک دەیویست کورد ببێت بە خاوەنی ناسنامەی خۆی و سنووری خۆی دیاری بکات و ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ وەک مافێکی سەرەتایی هەموو میللەتێکی سەرزەمین. بەڵام خیانەتی نێوخۆیی و پلانی بەریتانیا (کە دروستکردنی دەوڵەتی ئێراقی-عەرەبی و لکاندنی ویلایەتی موسڵ بوو بەو دەوڵەتەوە) بوونە هۆکاری بەدینەهاتنی ئامانجە سەرەکییەکەی شێخی نەمر.
سەرچاوەکان:
– چیم دی، ئەحمەد خواجە، چاپی دووەم (٢٠١٣)
– یادداشتەکانی شێخ (لەتیف)ی حەفید، ساغکردنەوەی: کەمال نوری مەعروف، چاپی یەکەم (١٩٩٥)
– یادداشت، ڕەفیق حیلمی، چاپی یەکەم (٢٠٢٠)
– شێخ مەحمودی قارەمان و دەوڵەتەکەی خوارووی کوردستان، محەمەد ڕەسول هاوار، چاپی یەکەم (١٩٩٠-١٩٩١)
– Sheikh Mahmoud Barzanji and his Efforts for the Establishment of the Kurdistan. K. M. Rashid, M. Ruslan, F. A. Hamid. Research Article published by University of Malaya (2014)
تێبینی: ئەم بابەتە لە گۆڤاری سلێمانی ژمارە 205 بڵاوکراوەتەوە.
- دادگاییکردنی مەلێک مەحموودی حەفید لەلایەن بەریتانیاوە - 05/06/2025
- چرا من ایرانی نیستم؟ دکتر مردوخ - 05/06/2025
- حق تعیین سرنوشت ملتهای تحت سلطه در ایران - 05/02/2025