خۆسەپێنی و خۆسەپاندنی زۆرەملێ

م. سدێق کەبوودوەند

کورتە باسێک سەبارەت بە سنە-ی ئەوڕۆ و دۆخی کۆمەڵگای کوردی و هەر وەها نیوچە ئاماژەیەک بە کارایی و کاریگەری هەندێ گروپ و دەستە و تاقمی کارا و تەیار کراوی دەرەکی لە باشوور و هەرێمی کوردستان [ بەبێ ناو لێ بردن ] لە پۆستی پێشووم هێنابوو، کە برادەرێک دانیشتووی وڵاتی نورویژ، ڕەخنەی لێگرتووین و فەرموویەتی؛ پەرتەوازەیی و جیاوازی له نێوان کۆڕ و کۆمەڵان هەر تایبەت بە کورد نییە و هەمووی نەتەوەکان دەگرێتەوە، بۆ وێنە لە وڵاتی نورویژ کە وڵاتێکی پێشکەوتووە لە بواری دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، دەیان دەستە و گروپ و حیزبی چەپ و ڕاست و ئاییی و نا ئایینی هەیە و هەر یەکە بە هەر شێوازێک بیهەوێت کار دەکا و کەس ڕێگریان نییە و کەس لێپرسینەویان لێ ناکاتەوە. وێرای سپاس و پێزانین لە خوێندنەوە و تێبینی ئەو برادەرە و هاوڕایی لە گەڵ بەشێک لە تێبینییەکەیان [ بە تایبەت ئەوەی کە نێوان کۆڕ و کۆمەڵانی نەتەوەکانی دیکەش جیاوازی و پەرتەوازەیی هەر هەیە و هەر باوە ]، ئاماژە بەو چەند خاڵەی خوارۆ بە پێویست دەزانم:

١. نورویژ وڵاتێکی بە فەرمی دامەزراوە و سەربەخۆیە و دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و کارایی و کار کردنی حیزبی و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان لەو وڵاتە وەکوو فەرهەنگ دابین و جێگیر کراوە و ئەو شتانە بە باشی جێی خۆیان گرتووەتەوە،

٢. کوردستان بە فەرمی نە وڵاتە، نە یەکپارچەیە، نە سەربەخۆیە، نە دەوڵەتی خۆی هەیە و نە تەنانەت بزووتنەوەیکی سەرانسەری و گشتگیر و یانخود کارای هەیە، و لە زۆرینەی ئەو بوارانەدا هەر بەردی بە سەر هەردەوە نییە.٭٭٭بە سەر هەمووی ئەوانەش، لە هەر پارچە و بەشێکی کوردستان، دەیان و بگرە سەدان حیزب و ڕێکخراوە و گرووپ و دەستەی سیاسی چەپ و ڕاست و ئایینی و نا ئایینی و مەدەنی و کۆمەڵایەتی و #چینایەتی و ژینگەیی پێک هاتوون و بوونیان هەیە و کەس هەر نکوڵیی لە هەبوونیان ناکات. تەنانەت لە هەر ناوچە و دەوەرێک سەدان تەکیە و مەرقەد و شێخ و فیرقە بە کڵتووری جیاواز و تایبەت بە خۆیان هەیە، و هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش، لە مافی تاکەی و به کۆمەڵی ئەو دەستە و گروپانە بەرگری و داکۆکی دەکەن.منیش وەکوو بەرگریکارێکی پێشووی مافەکانی مرۆڤ، هێشتا خۆم بە داکۆکیکاری پلوڕالیزم، فرەچەشنی، یان فارسی وتەنی [ تکثرگرایی ] دەزانم و بە ڕێزگرتن لە هەست و بیر و بۆچوونە جۆراوجۆر و جیاوازەکان و لێبوردە بوون لە هەمبەر هەمووان، هێشتا هەر بڕوامەندم.بەڵام، فیرقە ساز دان و ڕێخستنی دەستە و گرووپ بە بەرنامە و بوجە و ساپورتی مادی و فیکری وڵاتانی دەرەکی بە ئامانجی گوڕین و پاکتاو کردنەوەی پێناس و شۆناسی نەتەوەیی، پێم وا نییە تەنانەت لە وڵاتێکی وەک نورویژیش تا ئەو ڕادەیە ئاسایی و باو بێت و کەس ڕەخنە لەو جۆرە کردارانە نەگرێت.لە نێو بردنی داب و نەریتی ڕەسەن و لاواز کردنی هەستی #نەتەوایەتی گەلێکی بن دەست و بێبەشکراو و داسپاندنی داب و نەریت و فەرهەنگی هاوردە بە مەبەستی خۆبیانیکردنی خەڵکێکی چەوساوە و هەر وەها دوور خستنەوەی ئەو خەڵکە لە #مافی_بنەڕەتی و ئازادی و خواست و ئامانجە سەرەکییەکانیان، نەک هەر پەسەند کراوە نییە، بەڵکوو سەرقاڵ کردنیانە بە هەندێ کردەوە و پەراوێزەی کەم بایەخ. ٭٭٭بێ گومان لە نێوان سەدان دەستە و گروپ و حیزب و ڕێکخراوەی کوردی چ ڕاست و چ چەپ و چ ئایینی و چ نا ئایینی جیاوازییە جددییەکان زۆرن.بەڵام دەبێ ڕێکار بۆ چارەسەری زۆربەی جیاوازییەکان و کێشەی پەرتەوازەیی کۆڕ و کۆمەڵان بدۆزرێتەوە و کێشەی نایەکگروویی نەتەوەیی دەبێ چارەسەر بکرێت.کاتێکیش ئێمەمان لەیەکگرتنەوە و یەکگرتوویی نەتەوەیی باس دەکەین، ئەوە بەو مانایە نییە کە دەبێ هەموو حیزب و ڕێکخراوەکان دەست لە ئامانجی سەرەکی و بەرنامەی خۆیان هەڵبگرن، بەڵکوو باس لە سەر لە یەک تێگەیشتن و ڕاڤە کردنە لە سەر خاڵە گرینگ و مافە سەرەکییەکانی نەتەوەیک کە لە مافەکانی بێ بەش کراوە.لە یەکتێگەیشتن کاتێک بەدی دێت کە هەر تاکەیک، هەر تاقم و گروپ و هەر حیزب و ڕێکخراوەیک بەرامبەرەکانی، وەک خۆی قبۆڵ بەکاتن و لە جیاوازییەکان بە چاوی لێبوردنەوە بڕوانێت. تێگەیشتنێکی لەو شێوەیە بە مانای قبۆڵکردنی فرەچەشنی و دێموکراسییە،پێچەوانەکەیشی خۆسەپێنی و خۆسەپاندنی زۆرەملێ بە سەر خەڵک و دیکتاتۆریەتە. هیچ شک و گومانێک لەوەدا نییە کە خۆ سەپێنی هەر دەستە و گرووپێک و پێچەوانەی فرەچەشنی، نەک هەر هەڕەشەیە لە سەر ماف و ئازادییە سەرەکییەکان بەڵکوو بە پێشێکردنی مافەکانی مرۆڤیش پێناسە دەکریت. خۆسەپاندن و دیکتاتۆریەتی فیکری و ئایینی و سیاسی، هێز و وزە توانا و لێهاتنەکانی کۆڕ و کۆمەڵان، بن بڕ و لە ناو دەبات و دەمارگیری و توندوتێژی و ناڕەزایی لە نێوان خەڵک و کۆمەڵگادا باو و بڵاو دەکاتەوە.

Website | + posts