لەجینۆسایدکردنی ئەرمەنییاندا کورد تاوانی نییە

لەجینۆسایدکردنی ئەرمەنییاندا کورد تاوانی نییە، بەڵکو دەوڵەتی عوسمانی تاوانبارە
گفتوگۆ لەگەڵ پڕۆفیسۆر ((جەلیلی جەلیل))
شوان ئەحمەد

بەهاری ساڵی ١٩٩٩ مێژوونوسی ناسراوی کوردی – ئەرمەنی جەلیلی جەلیل سەردانی باشوری کوردستانی کرد. من و خاتوو کەژاڵ ئەحمەد لەگەڵیدا، لەئوتێل ئاشتی دانیشتنێکی سێ قۆڵیمان کردو لەسەر چەند پرسێکی مێژووی و چەند بابەتێک کەتایبەتن بە ماڵباتی پڕۆفیسۆر (جەلیل جاسمێ جەلیل)، گفتوگۆیەکی تێر و تەسەلمان ئەنجامدا. ڕۆژی دوو شەممە بەرواری ٢٤/ ئایاری/ ١٩٩٩ دەقی تەواوی گفتوگۆکە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێدا بڵاوبووەوە.
ئێستا بیست و سێ ساڵ بەسەر ئەو بابەتەدا تێدەپەڕێت و تەمەنی ئەو مێژوونوسەش بە هەشتاو پێنچ ساڵ گەیشتووە. هاوکات هەر لەم ڕۆژانەی ڕابردودا ڕێکخراوی ڕۆشنبیری جەمال نەبەز یەکەم قەڵەمی زێڕینیان پێبەخشی. ئەمەم بەدەرفەتێک زانی تا ئەو گفتوگۆیە بەرچاوی خوێنەرانێک بخەم کە لەکاتی خۆیدا بواری بینین و خوێندنەوەیان نەبووە.
***

* سەرەتا گەر بەکورتیش بێت باسی خۆت و ماڵباتەکەتمان بۆ بکەی. لەکەیەوە خولیای نوسینەوەی مێژوو بەشێوەیەکی ئەکادیمی لای ئێوە دەستی پێکرد؟
– مێژووی ماڵباتی ئێمە تایبەتە، لەبەرئەوەی دایک و باوکم بە هەتیووی گەورەبوون. سەروەختی جەنگی یەکەمی جیهانی چل تا پەنجا کەسیان بەدەستی لەشکری عوسمانی کوژرابوون. بۆیە هەردووکیان لەهەتیوخانەدا گەورەبوون. پاشان دەچنە گوندێک. چارەنووس وابووە باوکم لەتەمەنی بیست و دوو ساڵیدا، بۆتە سەرۆکی پەیمانگای کوردی و دایکیشم لەوێ خوێندکاربووە.
ژیانی ماڵباتەکەمان لەوێوە دەست پێدەکات. ئاشنای یەک دەبن و هاوسەرگیری دەکەن. دەبنە خاوەنی چوار منداڵ . ڕەچەڵەکی هەردووکیان دەگەڕێتەوە بۆ شاری قارس و شارەدێی دیکۆر و گوندی قزڵقۆڵا.
وەک باسمکرد بابم لەتەمەنی بیست و دوو ساڵییەوە دەستی بەخزمەتکردنی کولتووری کوردی کردووەو دواتر بەچاپکردنی کتێبانەوە خەریک دەبێت. کتێبی خوێندنگە و ئەدەبیات و پڕوپاگەندە و بوارەکانی دیکە. ئیتر لەوێوە ژیانی ڕۆشنبیری لە ماڵی ئێمەدا دەست پێدەکات.
بەتەواوەتی ڕۆژێک یاخود ساڵێک نییە، سەرەتای ئەو پرۆسەیەی پێ دیاری بکەم، چونکە خەڵکانێکی ڕۆشنبیر سەردانی ماڵی ئێمەیان دەکرد و لەنێو خۆیاندا قسە و گفتوگۆیان دادەمەزراند. باوکم هەندێ جار دەیوت دە(ئۆردیخان) تۆش شتێکی ئاوا بنووسەو یارمەتیمان بدە. ئەوەی بە منیش دەووت و لەگەڵ خۆیدا دەیبردینە گوندان.
کاتێک خوێندنگەم تەواوکرد، بەرچاوم ڕوون بووەوە. من و ئۆردیخان خوێندنی فیلۆلۆژیا و مێژوومان هەڵبژارد. جەمیلەی خوشکم خۆی بە میوزیکی کوردی خەریککرد.
* باوکتان لەدایک بووی چ ساڵێکە؟
– لەبەر ئەوەی بێ دایک و باب بووە، ساڵی لەدایکبوونی نەزانیووە. بەڵام بەپێی نوسراوی فەرمی هەتیوخانەبێت، ساڵی ١٩٠٨ لەدایکبووەو لە تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ (واتە لە تەمەنی نەوەد ساڵیدا)، کۆچی دوایکردووە.
* سەبارەت بەقۆناغەکانی خوێندنت و تێکەڵبوونت بە کایەی نووسین قسەمان بۆ بکە؟
– ساڵی ١٩٥٤ خوێندنم تەواوکرد و ساڵی ١٩٥٩ چوومە زانکۆ(ئەکادیمیای لینینگراد – بەشی کوردۆلۆژی). لەوێ (دیسرتاتسیۆن)م تەواوکردووە. ساڵی ١٩٦٤ چوومە یەریڤان لەئەکادیمیای ئەوێ بەشی کوردۆلۆژی کارمکرد و لەوێ مامۆستابووم.
* چەند ساڵ مامۆستایت کردووە؟
– ئەوەندە نەبوو، چونکە جاری یەکەم دوای چەند ساڵێک بەشی کوردۆلۆژیان لە کۆلێژی خۆرهەڵاتناسی داخست. من ئەوسا لە یەریڤان نەبووم. پاشان لە زانکۆ بەشیکمان کردوەو لەوێدا وانەی ڕۆژنامەنووسی و ئیتنۆلۆژی و مێژووم دەوتەوە. پاشان لە ١٩٩٢ چوومە ئەوروپاو لە ١٩٩٣ تائێستا لە ڤییەننا نیشتەجێم. لەوێ لەدوو سێ کۆلێژدا وانەی کوردۆلۆژی دەڵێمەوە.
*دەکرێ باسی ژیانی کوردەکانی سۆڤیەتمان بۆ بکەیت؟
– گەر بمەوێت بەدورودرێژی باسی کوردەکانی سۆڤیەت بکەم، ئەوا کات بەش ناکات. ئەوان پارچەیەکی میللەتی کوردن و ژیان و کولتووریان بەکوردستانەوە گرێداوە. بە بەرەوپێشچونی گەلی کورد ئێمە شاد دەبین و بەپاشەکشێشی دەگرین و گڕمان تێبەردەبێت و هەڵدەچین. پاشەڕۆژی ئێمە بە گەلی کوردەوە بەستراوەتەوە. گەر دەربارەی ژیانی خۆماڵی و کولتووریی تایبەتمەندییەکانمان بدوێم، تەواونابێت.
* وەک دەزانین جەمیلە خانی خوشکتان میوزیسانێکی لێهاتووە، ئایا لەکارەکانیدا تەنها سوودی لەفۆلکلۆری کوردی کوردستانی باکور وەرگرتووە، یاخود باشوریش بۆ ئەو سەرچاوەیەکی تربووە؟
– ئێمە خۆمان خەڵکی باکورین، پاشان کۆچمانکرد. کولتوورمان یەکبووە، بەڵام لەبەرئەوەی سنووریان داخستبوو، کوردی ئێمە چ ئیمکانیاتێکیان هەبوو ، جەمیلە لەوانە سوودی وەردەگرت.
دەوروبەرمان زۆر دەوڵەمەندبوو، چونکە خەڵکەکە نەتوابوونەوەو کوردەواری لەگوندەکاندا بەهێزبوو. کاتێ گوێتان لە میوزیکی ڕادیۆی کوردی (یەریڤان) دەبێت، هەست بەوە دەکەن.
پاشان بوارمان بۆ ڕەخسا ئەو کوردانەی ئەرمینیا کە ئەرمەنییان نەدەزانی و بەکوردی قسەیان دەکرد، خەڵکی تورکیا بوون و لەسوریا گیرسابوونەوە و ئەرمەنیشیان نەدەزانی، زمان و گۆرانییەکانیان و هەموو شتێکیان هی کوردستان بوو.
ئەوانە سەروەختێک ساڵانی چل و پەنجاکان گەڕانەوە ئەرمەنستان، ئێمە لەزاری ئەوانەوە گۆرانییەکانمان نووسیەوە. دواتر کە یەکیەتی سۆڤیەت هەڵوەشایەوە و ڕێگا کرایەوە، توانیمان بێینە کوردستان. ئەوەبوو لەگەڵ جەمیلە هاتینە سوریاو ماوەی سێ مانگمان لەوێ بەسەربرد. سودمان لەهەموو پارچەکانی کوردستان وەرگرتووە.
* لەو کۆڕەی پێشکەشتانکرد و تایبەت بوو بە ژنە دیارەکانی لای خۆتان، هیچ باست لە جەمیلەی خوشکت نەکرد؟
– مەسەلەکە ئەوە نییە جەمیلە خوشکی منە، لەوێ خوشکی زۆرمان هەیە. خزمەتەکەی جەمیلە لەوەدا گرنگە کەلەبواری فۆلکلۆردا کاردەکات و ئەوەش زۆر گرنگە. سەردەمانێک گوندییەکانمان پێیان دەوتم:( تۆ کوڕی جاسمێ جەلیلی، باوکت بەنابانگە. بۆچی هاتوویت ئەم چیرۆک و حەکایەتانە دەنووسیتەوە؟ ئاخر کەسی وەک تۆ دەبوایە وەزیر و پارێزەربێ).
پاشان کەچوومە سوریا برادەرێکی کۆمۆنیست وتی:( ئێستا کاتی چیرۆک و ئەو شتانە نییە، شتی سیاسی بنووسە). لەڕۆژئاوا کە کارم دەکرد خەڵکی پێیان وابوو جەلیل لە سۆڤیەت هاتۆتەوە، مادامەکی فۆلکلۆر و چیرۆک و ستران دەنووسێتەوە، کەواتە شتێک هەیە.
ئەوان ئەوە لێکدانەوەیان بوو، بەڵام من بۆم ڕونکردنەوە ئەو فۆلکلۆرەی ئەمڕۆ دەینووسینەوە، پڕ بایەخە. ساڵانی پەنجا و شەستەکان ئەو شتانەمان دەنووسیەوەو ئەمڕۆ ناتوانی ئەو فۆلکلۆرە ببینی.
خەڵکی ئێمە کە دەچنە تەمەنەوە ئەوشتانەیان بیردەچێتەوە، یان کە تەندروستی خراپبێت و کۆچی دوایی بکات، ئیتر هەرچی دەزانێت لەگەڵ خۆیدا دەیبات. جا بۆیە فۆلکلۆر گەنجینەی خەسڵەتەکانی میللەتی ئێمەیە و پاسەپۆرتی گەلی کوردە. ئەوشتانە گەر مرۆڤ بەبیریان نەهێنێتەوەو تۆماریان نەکات، ئەوا دواتر بیردەچنەوەو دەفەوتێن. لەوەها حاڵەتێکدا گەنجینەکە نامێنێ.
بۆنموونە من مێژوونووسم، وەلێ ژیانی خۆم زیاتر بۆ فیلۆلۆژی و فۆلکلۆر تەرخانکردووە. جەمیلەش لەمەیدانی فۆلکلۆردا زیاتر ڕەنجی داوە و کۆششی کردووە. ئەمە زۆر گرنگە، چونکە ئەو شتەی بنووسرێتەوە یانژی بخرێتە سەر کاسێت و تۆماربکرێت، دەمێنێتەوەو بەردەوام دەبێت.
پاشان بەدەیان کەس لەسووریا و ئەرمینیا هاتن و دەیانووت:( دەنگی باوکمان بدە ئێمە، تکایان دەکردو دەپاڕانەوە). لەکاتێکدا مەسەلەکە دەنگ نەبوو، بەڵکو زانیاری ئەوان بوو.
* خەڵکانێکی زۆر لەسەر کورد نووسیویانە، وەک ڕوس و ئەوروپییەکان. نوسینی ئەوانە کامیان زیاتر جێ متمانەو زانستی ترن؟
– ئەوە پەیوەندی بە وڵاتانەوە نییەو هەر زاناو نووسەرێک پێگەی خۆی هەیە. زانا گەلێکی زۆر بە زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسی و ڕووسی نوسیویانە ، هەروەها ئیتاڵییەکان زۆر شتیان کردووە. لەڕاستیدا شتێک زانستیانە نووسرابێت (ئیدی بەهەر زمانێک بێت)، ناسراو و شوێن متمانە دەبێت، چونکە شێواز و کارەکەی بەزانستیانە کراوە.
لەئەوروپا زۆر نووسەر هەن میتۆدۆلۆژیانە نووسیویانەو مرۆڤ کاتێک دەیانخوێنێتەوە، باوەڕیان پێدەکات، لەبەرئەوەی ئەوەی دەیڵێن دەیسەلمێنن و بەڵگەکانی دەخەنە ڕوو، واتە سەرچاوە دێنێت و دەیسەلمێنێ. هەشیانە وەک چیرۆک دەنووسن (ڕەنگە ڕاستیش بنووسن)، وەلێ ئەوە زمانی زانست نییە.
لە ئەوروپا و شوێنانی دیکەش هەن شتی باشیان نووسیوە. کاتێک بەو پێودانگە سەرنجیان بدەیت بۆت ساغ دەبێتەوە، باوەڕ بە کامیان بکەیت و کامیانت بۆ گرنگ بێت.
* دکتۆر کاوس قەفتان بەرهەمێکی ئێوەی لەڕووسییەوە کردووە بەکوردی(کوردەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی) و بەشێکی تەرخانە بۆ میرنشینی بابانییەکان. ئەو بابانیانەی ئەم شارەیان(واتە سلێمانیان دروستکرد) و هەنووکە جەنابت لێی میوانی. ئایا لەهیچ سەرچاوەیەکی دیکەداو لەبەرهەمەکانی تردا، باسی میرایەتی بابانت کردووە؟
– بە بۆچونی من سەرچاوەی زۆر لەسەر بابانەکان زیاتر لێرە هەن، من بۆ خۆم لەوانە کەمتر لە پێنچ سەرچاوەم بینیووە. لەدونیادا نییە نوسەرێک بێت لێکۆڵینەوە بکات و بڵێت من ئەوکارەم بەتەواوەتی و بێکەموکوڕی ئەنجامداوە و جگە لەخۆم کەسی تر ناتوانێت شتی دیکەی سەربار بخات. ئەڵبەتە لەبارەی بابانەکانەوە سەرچاوەی زۆر هەن.
* وەکو چی؟
– ئێوە زیاتر دەزانن، چونکە لەبارەی بابانەکانەوە وەک ئاگادارن ماڵباتی ساڵح قەفتان لەبارەی بابانەکانەوە دەنووسن. بەداخەوە من زۆر خۆم خەریک نەکردووە، تابزانم تایبەتمەندی ئەو نووسەرانە چییە. بەڵام بەپێی زانیارەکانی خۆم، سەبارەت بە مێژووی سلێمانی و بابانەکان زۆر شت هەن. ئێوە دەزانن مێژووی ئەوانە لێرەیە، بۆیە پێویستە ئێوە باسیان بکەن و لەبارەیانەوە بنووسن.
* هەر بۆ ئەوەی لەبابەتەکە دوورنەکەوینەوە، دکتۆر کاوس قەفتان ئەو کتێبەو کتێبێکی دیکەشتانی بەناوی(ڕاپەڕینی ١٩١٨) و کتێبێکی لازاریفی کردووە بەکوردی. دەتوانین بزانین ڕاتان لەسەر شێوازی وەرگێڕانەکانی ناوبراو چۆنەو لێی ڕازین؟
– دکتۆر کاوس قەفتان زانایەکە شێوە زاری سۆرانی زۆر باش دەزانێ و بۆخۆیشی شتی باش دەنووسێ، زمانی ڕووسیەکەی باشەو هەرکەس دەتوانێ بڵێ وەرگێڕانەکانی تێر و پڕن. ئەمە بۆچونی منەو ئێوەش خوێندەوارن و دەتوانن بڵێن وەرگێڕانەکانی چۆنن.
من دەزانم کاوس قەفتان خزمەتێکی گەورەی کردووە. ئەگەر ئێوە من دەناسن، ئەوا ڕەنگە زۆربەی لەڕێگەی وەرگێڕانەکانی ئەوەوە بێت. واتە لێرەوە من سوپاسگوزاری خۆمی پێ ڕادەگەیەنم کە وەک برایەک و هاوڕێ و هاوکارێکم ئەو کارانەی کردووە. ئاخر پرۆسەی وەرگێڕان پردێکە، زانست و زانایان بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
*تێزەی دکتۆراکەت تایبەتە بە شۆڕشی ١٨٨٠ و (شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری). بۆچی ئەو شۆڕشەت وەک بابەتی توێژینەوە هەڵبژارد؟
– نا، با من پێت بڵێم. بابەتی دیبلۆمی من لەزانکۆ لەسەر عوبەیدوڵڵا بووە. بە زمانی ئەرمەنی و ڕووسی چەندین وتار لەبارەی ئەوەوە بەردەستم کەوتن. دکتۆراکەم بەشێکی لەسەر شێخ عوبەیدوڵڵایە، نەک هەمووی.

* سەبارەت بە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لەئێستادا لەئەوروپا گفتوگۆیەکی گەرم هەیە. مامۆستا جەمال نەبەز و کەسانێکی دیکە بەشدارییان تێداکردووە. هەندێک لە ئیسلامیستەکان (ئەوانەی سەر بە بزافە ئیسلامیەکانی کوردستانن)، پێیان وایە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران شۆڕشێکی ئایینی بووە و شۆڕشێک نەتەوەیی نەبووە، بەبەڵگەی ئەوەی یەکێ لە خواستەکانی شێخ سەعیدی پیران ئەوەبووە، کوڕی سوڵتان عەبدولحەمید جارێکی تر ببێتەوە بە خەلیفەی موسڵمانان . ئەم پێشنیارەی ئەویش دەکەنە بیانووی ئەوەی شۆڕشەکەی مۆرکێکی نەتەوەیی نەبووە، بەڵکو شۆڕشێکی ئایینی بووە؟

– با من پێت بڵێم. بزوتنەوەی ئازادیخوازی دەتوانێ بەگەلێک ڕەنگ سەرهەڵبدات و پەیداببێت. دەتوانێت بزافی هەژاران بێت و بەڕەنگی کۆمەڵایەتی سەرهەڵبدات. بۆ نموونە بەر لە جەنگی جیهانی یەکەم لەبەدلیس ساڵی ١٩١٤ ڕاپەڕینێک لەوێ بەرپابوو، وەک بۆمبایەک تەقییەوە.
وەک ئەوەی من بەدواداچونم بۆکردووە بینیم ئەنجامدەرانی هەموویان خەڵکی پێپەتی و ڕەشوو ڕووت و برسی بوون. ئەرمەنییەکان دەنووسن ئێمە نان و ئاومان بەو خەڵکانە دەدا. ئەوەی شێخ سەعیدیش لەو کاتەدابوو کە ئەتاتورک سیاسەتێکی نوێی دژە دینی دەست پێکردبوو.
ئەوەش پرۆسەیەک بوو میللەت لەگەڵیدا نەبوو. نەک تەنیا تورک ، بەڵکو کوردەکانیش. وەلێ کوردەکان ژێر دەستی نەتەوەییشیان سەرباری ئەوەخست و ئەوە وایکرد ئەو دوانە بەیەکەوە یەکبگرن و بەڕەنگی ئایینەوە تەعبیر لەخۆی بکات، بەڵام بناغەی شۆڕشەکە ئازادیخوازانە بوو.
کاتێک ئێمە باس لە ماکی کۆمەڵایەتی و ئایینی ئەو شۆڕشانە دەکەین، دەبێت ڕوونی بکەینەوە کە ژیانی میللی کوردان لە کوردستان وەک نەتەوە بەگشتی، وەک پێویست نەبووە. ئەوەش وادەکات ئایین و شتی تر جێیبگرنەوە.
با لێرەدا کەمێک باس لە کوردۆلۆژی بکەم. مێژووی دوو سەد ساڵی ڕابردووی ئێمە نیشانی دەدات، کاتی خۆی ژیانی سیاسی بەدەستی میرەکان بەڕێوەچووە. لەساڵانی سی و چلەکاندا ئەوانە لابران و کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی چۆڵ و بەتاڵ مایەوە. ئەو بۆشاییە شێخەکان پڕیانکردەوە.
شێخ سەعید دژی سوڵتان بوو، هەستا کوردایەتی لەڕێی ئایینەوە پەیڕەوکرد. دەوترێت شێخ عوبەیدوڵڵاش هەمان کاری کردووە. ئەو لەبەرنامەی کاری خۆیدا هەمیشە جەختی لەسەر ئازادی کوردستان کردۆتەوە، شێخ سەعیدیش بە هەمان شێوە.
شێخ سەعید پتر ڕەهەندە ئایینیەکەی تۆخدەکردەوە، لەبەرئەوەی سەروەختێک دەوڵەتی نوێی تورکیای بونیادنا و سیاسەتی خۆی بەرەو خۆرئاوا گۆڕی، بەیەکجار ڕۆڵی ئایینی لەتورکیادا نەهێشت. ئەوە بووە هۆکارێک تا کورد ناڕەزایی خۆی بەرامبەر دەسەڵاتدارانی تورک لەڕێی ئایینەوە بخاتەڕوو. ئەوە مەسەلەیەکی سیاسییە. ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵا ڕاپەڕینی ئازادیخوازی بووە.
* هەر سەبارەت بە شۆڕشەکەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و لەکۆنگرەی شەمدینیان(١٨٨٠)، سەرۆکی هۆزە کوردەکان ڕۆحی مەزهەبگەراییان بەسەر ڕۆحی نەتەوایەتیدا زاڵکرد. دەکرێت بوترێت ئەوە هۆکارێکی سەرەکەی شکستهێنانی شۆڕشەکە بووە؟
– بەڵێ هەموو ئەو شتانە ڕۆڵیان هەبووە. ئایینیش هەندێ جار ڕۆڵی نەرێنی دەگێڕێت، وەک چۆن هۆزەکانیش ئەو ڕۆڵە وازی دەکەن. لەو سەردەمەدا هەستی نەتەوایەتی و ڕۆشنبیریی لەنێو کورددا نەبوو. بیروباوەڕی نەتەوەیی لە دەورانی دەرچواندنی ڕۆژنامەی (کوردستان)دا دەردەکەوێت. لەو دەمەدا ڕۆڵی ڕۆشنبیرانمان مکۆم دەبێت و ڕەنگو بۆیەکی ئەوروپیانە دەگرێت. واتە لەو کاتەوە دەبینین بە نووسین و بە چاپەمەنی و بە بیروباوەڕ و بەبەرنامە، کوردایەتی دەست پێدەکات.
* جگە لە هەوڵەکانی جاسمێ جەلیلی باوکت و عەرەبی شەمۆ، ئێوە چ شتێکی نوێتان سەرباری (قەڵای دمدم) خستووە؟
– ئەوانەی ئەوان نمونەی ئەدەب و نووسینی جوانن. ئەوانە لێکۆڵینەوەی مێژوویی نین، بەڵکو یەکێکیان بەشێوازی ڕۆمانە و ئەوی دیکەیان بەشێوازێکی شیعرئامێزە.
نامەی دکتۆراکەی (ئۆردیخان) کە لەسەر (قەڵای دمدم)ە، وەک سەربوردەیەکی مێژوویی لە خانی چنگ زێڕین(لەپ زێڕین) دەکۆڵێتەوە. واتە لەڕووی مێژوویەوە چۆن بووە و بەهای ئەدەبی و فۆلکلۆریی دیاریدەکات. ئەم کارەی ئۆردیخان لێکۆڵینەوەیەکی زانستییە، لێ ئەوەی عەرەبی شەمۆ و جاسمێ جەلیل نووسیویانە، هەردووکیان دوو نمونەی ئەدەبیاتن.
ڕۆمانی مێژوویی هەمیشە لەسەر بناغەی لێکۆڵینەوەی مێژوویی دەنووسرێت، بەڵام ئەوەی عەرەبی شەمۆ چونکە بابەتی فۆلکلۆری بیستووە و فانتازیای بەهێزبووە و زمانەکەشی پاراوبووە، ڕۆمانی نووسیووە.
دەتوانم بڵێم ڕۆمانێکی بەپێزە، لێ ڕۆمانێکی مێژوویی نییە. باوکیشم کارەکەی لەسەر بنەمای مێژوو نەنووسیوە، بەڵکو زیاتر لەسەر بنەمای فۆلکلۆر ئەوەیکردووە. ئەوان هەردووکیان ویستوویانە چەند نموونەیەکی مێژوویی قارەمانێتی و ڕاپەڕینەکانی ئێمە دژی زۆرداران و حوکمداران نیشان بدەن. بەهای ئەوانە وەک نمونەی ئەدەبیات بەرز دەنرخێنین.
* دەکرێت پێمان بڵێیت هەستی نەتەوەیی لای کوردەکانی سۆڤیەت، لە چ ئاستێکدایەو چی ڕێگرە لەبەردەم بەرەوپێشچوونی ئەو هەستە نەتەوەییەدا؟
– هەستی نەتەوایەتی لای ئێمە گەلێک بەهێزە، لەبەرئەوەی هەمیشە سەیری دەوروبەری خۆمان دەکرد و دەمانبینی هەموو میللەتێک لەسەر خاکی خۆی مافی هەیە. ئێمە چاومان بڕیوەتە کوردستان و کێشەی ئێمە ئەوەیە لە سۆڤیەت خاکمان نییە، بۆیە هەستی کوردایەتی لای ئێمە وەک خەیاڵ وابووە و ئامانج ئەوەبووە، هەست و زانین و خزمەتمان بۆ کوردستان بێت. لای ئێمەش ناتەبایی هەبووە، وەلێ کوردایەتی ئێمە بەزانیاری زۆر بەهێزە.
* لەسەردەمی یەکیەتی سۆڤیەتدا (بەتایبەت سەردەمی حوکمڕانی جۆزێف ستالین)، کەمە نەتەوایەتیەکانی ئەوێ ڕووبەڕووی قڕان و جینۆساید بوونەوە(لەنێویشیاندا کوردەکانی ئەوێ). ئێوە وەک خۆتان هەوڵتان نەداوە ئەو مێژووە بنووسنەوە؟
– بیرۆکەیەکم هەبوو بۆ نووسینەوەی مێژووی کوردانی سۆڤیەت، بەڵام هێشتا بەڵگەنامەکانی ئەو قۆناغە وەک پێویست بەردەست نین. گەر لەداهاتوودا بوار ڕەخسا ئەوا دەتوانین ئەو مێژووە بنووسینەوە. ئەمڕۆ هەمووان دەتوانن بنووسن و گەلێک کەس هەن بتوانن بەو کارە هەستن، نەک تەنیا داوا لەمن بکرێت ئەو کارە بکەم.
* با سەبارەت بە پەیوەندی کورد و ئەرمەن قسە بکەین. ئەو قەتڵ و عامانەی لە دژی ئەرمەن ئەنجامدراون ، کوردەکان ڕاستەوخۆ کردویانە یاخود لەژێر فشاری دەوڵەتی عوسمانیدا ئەنجامدراوە و کوردیان بۆ دژایەتی ئەرمەن بەکارهێناوە؟
– جینۆسایدکردنی ئەرمەنەکان سیاسەتی دەوڵەتی عوسمانی بوو. ئەوان ئەو سیاسەتەیان لەڕێی سەربازەکانی خۆیانەوە بەڕێوەدەبرد. هەندێ هۆزی کوردی سەر بە دەوڵەت هەبوون و بەشداربوون، لێ ناتوانین بڵێین هەموو کورد بەشداربوون، ئەوە گوناهێکە.
لە مێژووی ئێمەدا کورد هەبووە لەدژی کورد هەستاوە و ئەوەش شتێکی سەیر نییە. دەتوانین بڵێین عەشرەت هەبوون لەو قەتڵ و عامەدا بەشداربوون، بەڵام وەک گەلی کورد بەگشتی تاوانی نییە. ئەوە تاوانی دەوڵەتی عوسمانییە. دەشزانین زۆر جار (ئەوەش لە ئەرشیفی ڕووسەکاندا هەیە) کە تورکەکان جلی کوردیان لەبەر سەربازەکانیان کردووە و ڕەوانەی شەڕی ئەرمەنەکانیان کردوون.
* بەرهەمی نوێتان کە ئامادەی چاپ بێت چییە؟
– بەرهەمێکە دەربارەی (تورکە لاوەکان و دەسەڵات، لەنێوەن ساڵانی ١٩٠٨ بۆ ١٩١٨ – کورد لەسەردەمی حوکمداری تورکە لاوەکان)دا.
* ڕۆڵی باوکت لەدامەزراندنی ڕادیۆی (یەریڤان)دا چی بووە؟
– ڕۆڵی باوکم لە دروستکردنی بنەمایەک بۆ میوزیکی فۆلکلۆری (کەباوکم پێی دەووت بنەمای زێڕین)، دیار و بەرچاوەو خۆی زۆر دڵی پێخۆشبوو. پاشان جەمیلەی خوشکم سی چل ساڵ بەرپرسی بەشی میوزیک بوو لە ڕادیۆ.
* ئەدی ڕۆڵی ئێوە لەو ڕادیۆیەدا چی بوو؟
– منیش وەک ڕۆشنبیرێک بەردەوام دەمنووسی .

Website | + posts