کاکەشانەکانی مەک لۆهان

ماڕشال مەک لۆهان (1911- 1980) فەیلەسوف و بیرەمەند و بیرداڕێژەری کانادایی کە زیاتر لە ڕێی زاراوەی گوندی جیهانییەوە دەیناسین لەسەر میدیا زۆر بیری کردوەتەوە. دواجار بەو ئاکامە گەیشت “پۆلێنکردن، دابەشکردن و مەسرەفکردنی باوەڕەکان” لە بەرهەمهێنانیان گرنگترە. بۆیە هەوڵی دا ڕێزوانی زوانگەلێک وەک چاپ، ڕۆژنامە، میدیاکان بە تایبەت تەلەڤزیۆن فێر ببێت. مەک لۆهان باسی سێ کاکەشان لە بیری مرۆڤدا دەکات. یەکەم کاکەشان #کاکەشانیزارەکی‌یە، کە لەسەرەتای پەیدابوونی مرۆڤی بەئاوەزەوە هەتا ساڵی 1436 درێژەی کێشاوە. لەم کاکەشانەدا مرۆڤەکان ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو یەکتر دەبینن. جاروبار دەنووسن، بەڵام کولتووری نووسین بناخەی ئەو شارەستانیانە نەبوو بنیاتیان دەنا. لە پەیوەندییە زوانییە ڕۆژانەیەکانیان لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی لە ژیاندا فێر دەبن ئەو شانسەیان هەیە تا بەری هەڵەتێگەیشتن بگرن و هەر خەتایەکیش هەڵەچن بکەن. بازنەی ژیانیان چکۆلە بوو، فەرهەنگ، دەرەتانی گەشەی زۆری نەبوو. جیاوازیەکی زۆر لە نێوان پێکهاتەی ئاگاهایی بیسیاری و خوێندنەوە نەبوو. #کاکەشانیدووهەم مەک لۆهان ناوی ناوە گوتنبێرک. ئەم کاکەشانە کاکەشانی چاپ و کتێبە. ئەمیش تا کاتێک میدیاکانی پەیوەندی وەک تەلگراف و تەلەفون سەریان هەڵدا درێژەی کێشاوە. پەیوەندی لەم قۆناغە زیاتر لەسەر نووسین دامەزرا بوو. شێوەی ڕووبەڕووبوونەوە و ڕاستەوخۆیانە بوو بە شێوەی پەراوێزی. مەک لۆهان لەم ڕێگەیەوە باس لە فەرهەنگ بەتایبەت هونەری ئۆرووپایی دەکات. ڕوون دەکاتەوە کە چۆن لە ڕێگەی کەرەستەی دەربڕینی تازەوە، واتە هاوتەریب لەگەڵ ئەلفبێ،نووسین و خوێندنەوە، بناخەی ژیانی فیکری مرۆڤ بەو ڕادەی کە بەردەوام بەرز دەبوویەوە دەگۆڕدرا. لەم قۆناغە بەباوەڕی مەک لۆهان زوانی لاتینی لە مزنایەتی کەوت، ڕێخراوە گرێدراوەکانی کلیسا بەرەو کزی چوون، فێرکردن و ڕاهێنان ئاسانتر کرایەوە تا ڕادەیەکیش پێویستی بە مامۆستا نەما؛ واتە کتێب ڕۆڵێکی بەجاران گرنگتری لە یادگەی(حافظه) مامۆستاکان وەرگرت. #کاکەشانی_سێهەم بە هۆی داهێنانی میدیا گشتییە تازەکان بەتایبەت شۆڕشی ئیلکترۆنیک و ئینفۆرماتیک دەستی پێ کردوە. بە پێی ئاخرین نووسینەکانی مەک لۆهان ئێمە هێشتا لە قۆناغی ڕاگواستن و پەڕینەوە داین. پەیوەندی درووستکەری فەرهەنگ لەم دەورانە زیاتر وابەستەی میدیا تازەکانە.

بناخەی زانایی و پەیوەندی لە کاکەشانی یەکەم بیسیاری بوو،لە کاکەشانی دووهەم خوێندنەوە، بەڵام لە کاکەشانی سێهەم بە وتەی مەک لۆهان بیسیاری _ بینیاریخوێندەنی بوو. لە هەر کاکێشانێکدا فەرهەنگی گشتی و دنیابینی مرۆڤ بیچمێکی تایبەتی بوو. بۆ وێنە لە ڕۆژگاری فەرهەنگی زارەکیی یا گوتەیی بیسیاری،سنووری ڕوانینی مرۆڤەکان پەیوەندی بە تەوانی هەستی بیسیاری ئەوانەوە هەبوو. جیهانی مرۆڤ لە کاکەشانی گوتنبێرک کە مەک لۆهان زیاترین باسی لەسەر دەکا پەیوەندی خوێندەنی، کتێب و هێڵی ڕاستەوخۆ و دوای یەک دیاری دەکرد. لەم جیهانەدا باوەڕی زۆر بە تێئۆریەکان و گریمانەکان بوو، جیهانی پۆلێنکاریەکان و جیهانی هۆکار و بەرهۆکار بوو. میدیای سەرەکیی پەیوەندیگرتن #کتێب بوو، واتە لە نەبوونی دانەر(مولف) پەیوەندی درووست دەبوو. کەرەستەکانی پەیوەندی “گەرم” بوون. ئەمەش زاراوەیەکی تایبەتی مەک لۆهان بوو. ئەو میدیاکانی بە سارد و گەرم دابەش دەکرد. ئەو میدیاگەلەی خۆیان گەیەنەری مانا بوون و بەردەنگیان بانگهێشتی بەشداریکردنی مانا نەدەکرد یان زۆر کەم بەشداریان دەکرد. تەلەفۆن میدیای سارد بوو، چون لە بەردەنگ داوا دەکا لەمانا بەشداری بکات. ڕادوێن میدیای کاکەشانی سێهەم، سەرەڕای ئەوە بیسیارییە، بەڵام وەک کتێب میدیایەکی گەرم بوو. بەباوەڕی مەک لۆهان نمونەی تەواوی میدیای سارد تەلەڤزیۆنە. لە سەردەمی مەک لۆهان هێشتا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەم شێوەی ئەمڕۆ سەریان هەڵنەدابوو، کەچی ئەو تایبەتمەندیانە کە ئەو بۆ تەلەڤزیۆن باسیان دەکا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆش دەگرێتەوە. دەڵێ تەلەڤزیۆن بووەتە سەرچاوەی سەرەکیی زانیاری ئێمە لە جیهان. بەڵام پەیوەندی بنەماڵەکانی شێواندووە و بنەماڵەکان لە جیاتی پەیوەندگرتن لەگەڵ یەکدی لەگەڵ تەلەڤزیۆن پەیوەندی دەگرن. لە کاکەشانی گوتنبێرک لە شنەفتنەوە بە دیتین گەیشتین. لە کاکەشانی سێهەم میدیاکان تێگەیشتنی هەستیەتی ئێمەیان گۆڕی و عادەت و هەڵێنجانی تازەیان لە ئەندێشە هێنایە کایەوە. ئەوەی لێرە گرنگە ناوەڕۆکی بەرنامەکان نییە، بەڵکوو شێوەی ئامادەبوونی ئەوانە لە ژیانی ڕۆژانە کە فامی ئێمە لە ماناکان و ئاگاهیی ئێمە درووست دەکەن. بۆیە “میدیا پەیامە”.مەک لۆهان دەڵێ میدیا تازەکان کەرەستەیەکی هونەرین، وەک شیعر هێزی ڕازیکردن و سەپاندنی گریمانەکانیان هەیە، لە ڕاستیدا میدیا ئاماژە بە دنیا ناکا بەڵکوو خۆی دنیایەکی تازەیه. #بوودریار کەسێکە ئەم باسانەی بە شێوەیەکی تر درێژە داوە….

#کاناڵی_پەرانتێز

@parantez_net

Website | + posts