به من چی؟

چەمکی بە من چی!!؟؟

بە من چی ڕووداوەکانی ئەم کۆمەڵگایە؟بە من چی مرۆڤ لە ئەخلاق و کەرامەت دائەماڵرێ؟ بە من چی ئیرادەی مرۆڤ ئەشکێنرێ ؟بە من چی ژن ئەکوژرێ و خۆی ئه سووتێنێ،؟بە من چی کۆڵبەر ئەکوژرێ یان لە شاخ ئەکەوێتە خوارەوە؟بە من چی هەژار هەژارتر ئەبێ و دەوڵەمەند دەوڵەمەندتر؟ بە من چی خەڵکی دیکە برسییەتی و نانی نییە بیخوات؟بە من چی ئازادی نییە و مافی مرۆڤ پێشێل ئەکرێ؟دارستان ئەسووتێ یا ناسووتێ،بە من چی؟داربەڕوو لە ڕەگەوە دەرئەهێنن ،کۆساڵان تەخریب ئەکەن و وێرانی ئەکەن بە من چی؟بە من چی شار وێران ئەبێ و خراپترین بە ڕێوەبەری هەیە؟بە من چی مەیدانی قانع ئەڕۆخێنن وپەیکەری دیکە لە جێگەی ئەو دائەنن ؟سیاسەت و ئابووری و فەرهەنگ داڕماوە بە من چی؟ زمان لە ناو ئەچێ. جینووسایدی سپی ئەکرێ .گەل قڕ ئەبێ و بەردەوام ئاسمیلە ئەکرێ بە من چی؟ زیندانی سیاسی چی بە سەر دێت،ئازاد ئەکرێ ئێعدام ئەکرێ،ناکرێ بە من چی؟بە گشتی ژیان و مرۆڤایەتی چییان بە سەر دێت، بە چ ئاقارێکدا ئەڕۆن بە من چی و سەدان جار بە من چی……..!!؟؟
.
بە من چی؟ ئەو گولەیە، کە تاکی ئەمڕۆ ،پێش ئەوەی کۆمەڵگای پێ بکوژێت،ئەینێت بە مێشکی خۆیەوە و خۆی پێ ئینتەحار ئەکات..مرۆڤێکی ترسنووک و داتەپیو کە داماڵراوە لە خەیاڵ و ئۆتۆپیا ،بۆ ئەوەی خۆی لە بەرپرسیاری و ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ کێشە و ناکۆکیەکان بدزێتەوە.ئەم چەمکە بۆ ژیان بە کار ئەهێنێت.

بە من چی؟ هەڵهاتنە لە مرۆڤ بوون،هەڵهاتنە لە دەست ویژدانی زیندوو،سانسۆرێکی هزری و سایکۆلۆژییە کە هەموومان ئالوودەی بووین

بە من چی ئازارێکی کوشندە، شێرپەنجەیەکی مەترسیدارە ،کە تێکڕای کۆمەڵگای تەنیوە.دابڕان و نامۆبوونی مرۆڤە لە خودی خۆی ،ڕقە لە جوانیەکانی پێکەوە بوون.دژایەتی بە هاناوە چوون و یارمەتی دانە.

بە من چی ؟ کوشتنی ڕۆحی سەرهەڵدان و ناڕەزاییە ،بە من چی دژایەتی هەڵوێست گرتنمانە لە هەمبەر ستم و ناعەداڵەتی.بە من چی لە ناخی خۆیدا هەڵگرێ دەستەمۆ بوون و تەسلیمەت و مردنە.

بۆ ئەوەی بەرهەڵستی ئەم چەمکە ڕەش و ناشیرینە، ببینەوە،پێویستە سەر لە نوێ،لە سەر بنەمای عەشق بە ئازادی و ژیانی ئازاد،ئیرادە و هێز و توانا بۆ تاک بگێڕینەوە، پێویستە وەک مرۆڤێکی بە کەرامەت و بە شەرافەت ڕاوه ستین و هەڵوێستی خۆمان دیاری کەین.ئەبێ هاوار کەین خەڵکینە هەموو شتێک بە من هەیە و کاریگەری لە سەر ژیانی من هەیە،هیچ ڕووداوێک نییە پێوەندی بە منەوە نەبێ.من خودی کۆمەڵگام و کۆمەڵگاش منە. پێویستە بزانین ئەگەر بەختەوەرییەک هەبێ ئەوا گشتییە نەک تەنیا بۆ تاکی خۆمان،ئەگەر ئازادی و ژیانێکی شایستە هەبێ ئەوا لە چوارچێوەی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دموکراتیک دا مانای هەیە،کۆمەڵگایەک کە بەهاکانی مرۆڤایەتی تێدا بەرجەستە بکرێت،کە تێیدا نرخە جوانەکانی ژیان پێوەری پێوەندییەکانی مرۆڤ بێت.کۆمەڵگایەک کە تێیدا ژن کوشتن و دار سەربڕین، و گرتن و زیندانی و لێدان و ئەشکەنجە و برسیەتی وهێرش و کاولکاری حەرام بێت.

دەبێت ژیانی خۆمان، به دەست خۆمان بدۆزینەوە.

ئەم دۆزینەوە به منه، به تۆیە، به ئەوە، به هەموومانه.

Website | + posts