بەشوان پەروەرکردنی خالقی (سووتاندنی خالقی)

د. پژواک کوکبیان

بڕیار وایە چەند ڕۆژێک کۆنگرەیەک بەناوی کۆنگرەی ناودارانی کورد(کنگرەی مشاهیر کرد) بە تێچوو(هزینە)یەکی چەند میلیاردییەوە لە شاری سنە بەڕێوە بچێت.
داگیرکەر(استعمار) سەرەتا بە ئاسیمیلاسیۆن(توانەوەی فەرهەنگی)، هەرس(هضم) و قووتدانی هزریی(بلعیدن فکری)، فەرهەنگی و زمانی، میللەتێک داگیر دەکات، پاشان لە قۆناخی دووەمدا دەست دەکاتە داگیرکردنی جوگرافیا و خاکی ئەو میللەتە، چونکە بەبێ دروستکردنی هەستی (انفعال) و خەساندنی ڕۆحیی و فکریی لە تاک بە تاکی میللەتی ژێردەستدا، ناتوانرێت ئەو میللەتە بە داگیرکراویی بمێنێتەوە.
پڕۆژە و پیلانی درێژماوەی داگیرکراویی کوردەوار تەنیا لە ڕێگەی ئاسیمیلاسیۆنی زمانی و داگیرکردنی ڕێکخراوەکان(مٶسسات) و لەناوبردنی ئابووری وڵاتی ژێردەست بەڕێوە دەبرێت.
کوردستان ژێردەست و تاڵانکراوی خۆمان زیاتر لە ڕێگەی داگیرکاریی زمانی و زەینی و هزرییەوە فەوتاوە و خەڵکەکەی خەسێندراوە.
بە سەرنجدان بە پڕۆژە و پیلانە پێشووەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، بەتایبەت لە دوو بابەتدا، دەتوانرێت نیاز و پیلانە نگریس و پیسەکانی سیستمی دوو داگیرکەر ئاشکرا بکرێت.

شوان پەروەر

لەسەر بابەتی یەکەم، پرسی “شوان پەروەر”ە، کە دەوڵەتی تورک بە ئامانجی لەناوبردنی دەنگ و هاواری بەهێزی کوردەکانی ژێردەستی، توانیی بە پڕۆژەیەکی زۆر نەرم و زیرەکانە دەنگی ڕاستەقینەی ئازادیخوازیی و سەربەخۆیی خوازیی کوردەکانی دەرەوی تورکیا بکوژێنێتەوە و هەروەها نزم و بێ بایەخی بکات.
دوایی دیتمان کە بەرهەم و گۆرانییە دواییەکانی شوان پەروەر لەسەر عەفرینیش نەک نەیتوانی لەلایەن میللەتی کوردەوە پێشوازیی گەرمی لێ بکرێت، بەڵکوو قەتیش نەیتوانی ئەو کاریگەرییەی جارانی کە لەسەر هەست و ناخی خەڵکی چوار پارچەکەی کوردستان دایدەنا، بخولقێنێت. بەکردەوە دەنگی شوان پەروەر لە دەنگی هونەرمەندێکی هەقخوازەوە بووەتە گۆرانیبێژێکی ئاوازەخوێنی ئاسایی.

حەسەن لوڕ

لەسەر بابەتی دووەم، بۆ کوژانەوە و خەساندنی شۆڕشەکانی لوڕستان و کرماشانی کوردستان، ڕەنگە بە دانی هەندێ وادە و بەڵێن توانیبێتی هونەرمەندی ئەفسانەیی و نەتەوەیی لەکستان و کوردەوار، “حەسەن لوڕ” بگەڕێنێتەوە ئێران.
خاڵی گرینگ لەوەدایە کە لەم پڕۆژەیەدا هەموو بەرهەم و ئاسەوارە حەماسی و شۆڕشگێڕییەکانی ئەم هونەرمەندە کەم تا کورت لەسەر هەموو ئینتێرنێت و میدیا دیجیتاڵییەکاندا سڕاوەتەوە و ون بووە. لە ڕاستیدا ئەو لە بەرانبەر بەڕێوەبردنی چەند کۆنسێرتێکی نزم و بێ بیسەر و بینەر لە تاراندا، کە زۆربەشیان بە زمانی فارسی بوون، چل ساڵ هێز و وزە و بانگی هەقخوازیی و بەرخۆدان و شۆڕشی کرماشان و لوڕستانی لە خۆی و میللەتەکەیدا لەناو برد.

تەنانەت نازناوەکەشی(لوڕ) بەتەواوی سڕاوەتەوە و لە ئێران لە هەموو کۆنسێرتەکانیدا بە ناوی حەسەن حەمزەیی دەیناسن و ناوی دەبەن. پرسیار ئەوەیە: لەبەرچی هەموو وێنە و ڤیدیۆ کلیپەکانی جگە لە چەند دانە نەبێت، لەبەر دەستدا نییە؟! وەکوو ئەوە وایە حەسەن لوڕێک لەم چل ساڵەدا بوونی نەبووبێت،جا چ مافێکی لەلایەن داگیرکەرەوە وەرگیراوە کە ئەندامێکی پەکەکە دەتوانێت بەئاسانی بگەڕێتەوە ئێران.
گرنگ ئەوەیە لە بواری سەمبۆلی شۆڕشگێڕی و هاواری هەقخوازانەی کوردستانەوە بەتەواوی داڕووخاوە و لە پێش چاوی کوردی ڕاستەقینە کەوتووە.

وەها سەرمایەگەلێک ئەویش بۆ میللەتێکی ژێردەستی تورک و عەجەم و عەرەب و میللەتێکی بێ دەوڵەت و وڵات و بێ هیچ پێداویستییەکی ڕێکخراوەیی، سەدەیەک بەتەنیا یەکجار دەڕەخسێت. شوان پەروەرێک کە لەگەڵ “کریس دێبێرگ” و سەدان هونەرمەندی گەورەی جیهان زایەڵەی ئازادییان بانگ دەدا و هاواری نەتەوە ژێردەستەکان بوو، نابێت ئاوەها هەرزان لەکیس بچێت.

گەڕانەوەی مەزهەری خالقی بۆ ئێران

گەڕانەوەی خالقی بۆ ئێرانیش زۆر گەڵاڵەداڕێژراو و سیستماتیکە و ڕێک لەگەڵ پڕۆژەکانی دیکەی ئاسیمیلاسیۆنی ئەودایە.
خالقی باش بزانێت کە ئەم گەڕانەوەیە دەبێتە هۆی خۆکوژییەکی هونەری و سیاسی و هەروەها زەبرێکە لە هەستی سەربەخۆیی خوازیی و ئازادیخوازیی کورد.
ئێران خالقی بەهیچ جۆرێک ئیجازەی ئەوەی نادات لە شارەکانی کوردستان و زاگرۆسدا کۆنسێرت بگێڕێت؛ چونکە دەوڵەت نایهەوێت کەسێک کە ساڵەهای ساڵ دوور ڕایگرتووە، بکاتە ناڕازییەکی خەوتووی سیاسی بە لایەنگرانێکی زۆرەوە لە نێوخۆدا.
گێڕانی کۆنسێرتی خالقی لە تاراندا لەڕاستیدا دەبێتە هۆی مەرگی هونەریی ئەو( وێنەی شوان پەروەر لە ئامەددا)
ڕەنگە کێشەی ماڵی و بژیوی ژیان لە ئورووپادا بۆ شوان و حەسەن لوڕ ناچاریانی بە گەڕانەوە کردبێت، بەڵام پێم وانییە وەها کێشەیەک بۆ خالقی لە ئارادا بێت.
سەروەریی و ئازادیخوازیی و سەربەرزیی هونەریی کوردەوار نابێ بکرێتە قوربانی پیلان و پڕۆژە نگریسەکانی دەوڵەتانی باڵادەست.

+ posts