لەجێی کورد باین چیمان دەکرد ؟


د . محمد صالح الموسوي


ئێمەی عەرەب لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست دوورترین
کەسانێکین لە واقیع .
تۆ سەیری ئێمەی عەرەب بکە .
بۆنمونە :
پێش شەست ساڵ نیوەی فەلەستینیان پێداین ، بە
گەرەنتی نێو دەوڵەتی .
ڕەتمانکردەوە .( گوتمان، نا…هەمومان دەوێ )
دواتر هەموو شتێکیان لێستاندین .
دوای نیو سەدە دانیشتین لوتکە عەرەبیەکانمان بەست
و لەنەتەوە یەکگرتووەکان پاڕاینەوە بۆ گێڕانەوەی ئەو نیوە
، یەکەمە .
جوان سەرنج بدە دوای ئەوە چی ڕویدا !
قەسەبخانەکانی ئەیلول لە ئۆردن .
شەڕی کاولکەری لوبنان .
شکستی حـوزەیران
ملیۆنان کوژراو و بێ باوک .
لە دامەزراندنی وڵاتە سەربەخۆکەمان تێشکاین .
تا ئێستاش لەئاسمان بۆ هۆیەکان دەگەڕێین .
لە ماڵی خۆماندا بۆی ناگەڕێین .
تا کەی ؟
تاکەی لەئاست ڕاستیەکان خۆمان کوێر کەین ؟
تاکەی خەریکی دروستکردنی دوژمن بین ؟
باشە من پرسیارێکی دوور لەسیاسەت لەبارزانی و
تاڵەبانی و مالیکی و سەدام دەکەم . بەڵام نزیک لە
ویژدان .
لە هەر خاوەن ویژدانێک دەپاڕێمەوە پێش وەڵامدانەوە
زۆر بەباشی لێی ورد بێتەوە.
با هەر عەرەبێک پێچەوانە وێنای بکات .
واتا با وایدانێ عەرەبەکان نەتەوەی دووەمن لە عێراق و
کوردەکان نەتەوەی یەکەمن و ئەوە کوردەکانن ۱۸۰ هەزار
عەرەبی ئاشتیخوازیان لە یەک ڕۆژدا لە حیللەو ڕومادی
سەماوە ژێر گڵ خستووە.
با عەرەب وای وێنا بکات کە کوردەکان کەس و کاری
ئەویان بە گازی کیمیاوی لەشرگات و شوێنەکانی تر
ڕشاندووە .
باشە پەرچەکرداری هەرعەرەبێک چی دەبوو؟
با وەڵامەکە لێگەڕێین بۆ خاوەن ویژدان زیندووەکان و
بێینە سەر واقیع .
دەوڵەتی عێراقی ڕوخا .
دڕندەکانی عەرەب و موسوڵمانەکان هاتنەناو عێراقەوە .

هەزاران شیشانی و فەلەستینی وسعودی و یەمەنی و
سوری میسری و ئۆردونی و لیبی تونسی و جەزائیری و
ئەفغانی و عەرەبی عێراقی شیعە و سوننە ، هاتن و
خۆیان تەقاندەوە .
ئەرێ چەند کورد خۆیان تەقاندەوە؟
لەماوەی چل ساڵدا عێراق لەگەڵ کورد لەشەڕدا بوو .
بەغداو شارەکانی تر پڕ بوون لە هەزاران کوردی
لایەنگری بارزانی .
ئایا تەقینەوەمان لە (مدينة الصدر ) و کەڕادە بینی ؟
ئایا ڕفاندن و کوشتن و خستنە ناو قەفەسمان بینی ؟
ئایا بینیمان لەناو بازاڕ گۆشت و خوێنی مروڤ تێکەڵ بە
گۆشتی مانگاو تەماتەو سێو ببێ .
باشە بۆچی واز لەچێژ وەرگرتن لەگوڵی ناو باخچەکانمان
بێنین ڕوبکەینە زبڵدان دروستکردن ؟
چیە وا بەدوای تێکدان و ڕوخاندندا دەگەڕێین ؟
باشە ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە هەموو جارێ ئێمە دەبینە
قوربانی ساویلەکەییمان و دەمارگیری هۆزگەرایی
دەوارنشینیمان !
هەر بەتەنها بە وروژاندنی
هاها…..هاها …خوتی ها ….!
نەوت ئێمەی تێک وپێک دا . نەوت ئێمەی ژەهراوی کرد
. نەوت ئێمەی کوشت و گێژی کردین .
نەوتی زۆرو پێویستمان هەیە .
نەوتی بەسڕە و کوت و موسـڵ و عەمارەمان هەیە .
داهاتی بەنرخمان لە ڕومادی و دیالە هەیە.
سەرقاڵیان کردوین بەپرسی کوردستانەوە. تەواو خۆمان
ماندوو کردووە .
خۆمان لێکهەڵوەشاندووە تا ئەو ڕادەیەی خۆمان
لەبەردەم کێشەیەک بینییەوە ، کە هیچ بنەمایەکی مادی
نیه ،جگە لە دواکەوتنی خۆمان .
باشە ئێمەی شیعەو سوننە چ سودێکمان لە پێداگری
لەسەر یەک نیشتیمانی بینیوە کە نەمان توانیوە
دایبمەزرێنین !
شتێکی پێکەنیناوی نیە کە ئێمە مامەڵەی پێ لە گەڵ
مافی نەتەوەیی کورد دەکەین ، کە دژە لەگەڵ ئەو
ئەرگۆمێنتانەی بەرگری پێ لە هەمان مافی نەتەوایەتی
خۆمان دەکەین !
باشە شتێکی نامۆ نیە بۆ نمونە ئێمە سیاسەتی دیفاکتۆ
و بە یەهودیکردنی قودس و دروستکردنی ئۆردوگا
جولەکەنشینەکان و گۆڕینی دیمۆگڕافی ناوچە داگیرکراوە
فەلەستینیە کان ڕەتدەکەینەوە کە ئیسڕائیل پێی
ڕوبەڕومان دەبێتەوە ،لەکاتێکدا ئەو واقیعە پیرۆز دەکەین
کە سەدام سەپاندویەتی بۆ بەعەرەب کردنی چەندین
ناوچەی کورد نشین !
سەیر نیە داوای مافی چاڕەنوس و دامەزراندنی دەوڵەتی
سەربەخۆ بۆ فەلەستینیەکان دەکەین ،کەچی تەنها
باسکردنی مافی دیاریکردنی مافی چارەنوس بۆ
کوردەکان بە تاوان و گوناهی گەورە دادەنرێ .
من پرسیار لەوانە دەکەم دژی فیدڕاڵی و مادەی ۱٤۰
وەستاون :
بۆچی ؟ ئەی جێگرەوە چیە ؟
باشە ئەو مەترسیە چیە کەمادەی ۱٤۰ دروستی دەکات
،لەکاتێکدا سەرکردایەتی کورد دەڵێ بەجێبەجێکردنی
مادەی ۱٤۰ و دەستور لەناو عێراقی دیموکڕاسیدا
دەمێنینەوە کە تیایدا سامانی نەوت بۆ هەمووان دەبێ .
باشتر نەبوو بۆ سیاسیەکانمان کۆنگرەیەک بۆ بارزانی
ڕێکبخەن کە تیایدا هەڵوێستی خۆی ڕونبکاتەوەو وەک
بەڵێن بەرامبەر هەمووان لێی وەر بگیرێ !
بۆچی مالیکی فێڵی لەوە کرد ؟
لە هەولێر بەڵێنی چی دابوو ؟
ئەگەر عێراقێکی فیدڕاڵیمان نەوێ کە بە هاوبەشی بەڕێوە
ببردرێ ، ئەوا دوو چارەسەڕ هەن :
یان بگەڕێینەوە بۆ ئەو شەڕو پێکدادانە بێ سەرەو بەرەییە
لەناوبەرەی کە هەموومان لەناو دەبا . یان ئەو چارەسەرە
مەدەنی ترین و ئەقڵانیترینە ،کە ئەویش دانپیانانە بە
کێشەی کوردی کە ئێمە دەسپێشخەری بکەین بۆ
چارەسەرکردنی . بەمەش
(٤۰ )ملیۆن کورد بۆلای خۆمان ڕادەکێشین و
دەیانکەین بەدۆستی خۆمان .
کوردستان ناچێتە سەر مەریخ . ئەو هەر لەشوێنی خۆی
دەمێنێ و خەڵکەکەی پەنا نابەنە بەر ئیسڕائیل کە هیچ
شتێک نیە پێکیانەوە ببەستێتەوه .
نە جوگڕافی و نە مێژوویی و نەئابوری .
بەڵکو لەگەڵ ئێمە دەبن کە لەتەکیان وەستاوین و
یارمەتیمان داون بۆ بەدیهێنانی خەون و ئاوات و بوونی
نەتەوەییان. ئەوکات دەبنە کارەکتەری ئاوەدانی و ئارامی
لەناوچەکەدا بە هاوبەشی لەگەڵ ئێمەدا .چونکە
بەرژەواندییان بە دۆسایەتی و پەیوەندی باشیان لەگەڵ
ئێمه دەستەبەر دەبێ نەک بە دژایەتی ئێمە .
ئەزمونی مێژوو پێمان دەڵێ ، لەداهاتودا ئەوان
تەقینەوەو خۆکوژمان بۆ نانێرن وەک برا عەرەب و
موسوڵمانەکانمان کەبۆیان ناردین .
چونکە ئەوان هیچ کاتێ ئەوەیان نەکردووە.
چۆن ئەوە دەکەن کاتێک ئێمە پشتیوان و هاوکاریان
بین ..
من دەزانم کە ئاوازم لەسەر ژێیەک ژەنیوە پێشتر
نەبیستراوە ،لەناو ژاوە ژاو و هەراو هۆریای هاها ..هاها…
.ها
بەڵام ئێستاش دەڵێم ،دڵم ژان دەکا کاتێک
کردەوەکانی داعش لەموسڵ و کارەکانی سوپای بێ
ئابڕوی ئیسڕائیل لە فەلەستین و کاولکاری لە سوریاو
سوتانی ڕومادی و لێکهەڵوەشانی عێراق دەبینم .
سەرم سوڕدەمێنێ لەو خزمەتەی پێشکەشی ئیسڕائیلی
دەکەین.
دەزانم من ئاوازێکی نەشازم لەناو تیپەکەدا .
بەڵام مێژوی عەرەبیمان فێری کردوین کە ئاوازی
نەشازی ئەمڕۆمان سرودی نیشتیمانیمانە لەداهاتوودا .
دەزانم وشەکانم دەبنە وروژێنەری خەم
و پەژارە لەدڵی نەوەکانی داهاتودا .
هەروەک پەژارەی زۆرمان چەشت چونکە باپیرانمان
نیوەی فەلەستینیان بۆ وەرنەگرتین و تا ئاوارەو پێخاوس
کەوتین لەناوەڕاستی ڕێگادا .
لە ئەیلولی تاریک دەچینەدەرێ و دەچینەناو نیسانی
تاریکتر . لەمیش دەچینە دەرەوە بۆ سێیەم .
تاکەی ئاوا بەردەوام بین هۆ ئاقڵمەندانی نەتەوە ؟؟؟؟

نوسینی
د. محمد صالح الموسوي
وەرگێڕانی بۆ کوردی
عـومر مەحمـود پیرۆت

https://kurdistantv.net/ar/opinions/164431

Website | + posts