د. كامەران مەنتك
4\5\2024
هێندە لەسەر كۆمەڵگەی كوردی نوسراوەو هەوڵی سووككردن وتێشكشكاندنی دراوە، خەریكە ئەو راستییە دیزە بە دەرخۆنە دەكرێت، كە تا ئێستا وسەرباری ئەو شەڕە نەگریسە، كۆمەڵگەی كوردی زۆر لەپێشەوەی دەسەڵاتی سیاسیدایەو تەنانەت یەكێك لەكێشە سەرەكییەكانی كۆمەڵگەی كوردی لە باشوور، ئەو جیاوازییەیە، كە لەنێوان خەڵك ودەسەڵاتدارەكاندا هەیە، راستە ئەوانەی دەسەڵاتیان لەبەردەستە، لە زۆرینەی تاكەكانی ئەو كۆمەڵگەیە پۆشتە ترن و زیاتر بایەخ بەخۆیان دەدەن، لەبەرئەوەی واتێدەگەن، ئەگەر نوێترین وگرانترین مۆدێلی تڕۆمبێل لێنەخوڕن، ئەوە كەسایەتییان دادەبەزێت لەم روەوە دەیانەوێت خۆیان لە كەسانی تر جیا بكەنەوە، بەڵام رێك هەر ئەو خاڵانە بۆتە جێگەی قێزبوونەوەی خەڵك لێیان، كاتێك بەو شێوەیە خۆیان بە كۆرو كۆبوونەوە سیاسی وئاینی وكۆمەڵایەتییەكاندا دەكەن، خەڵك لە ناخەوە زۆر بە نزمییەوە دەیانبینێت، ئەوان چ نەزانێكن، لە تازیەكاندا دەبنە مەلاو وتار دەدەن، لە كۆڕەكاندا دەبنە سیاسی، رۆشنبیر، رۆماننووس، شاعیر، چیڕۆكنووس، زۆر جارانیش دەم لە ستراتیژو جیۆپۆلەتیك وچەمك وزاراوەی گەورەگەورە وەردەدەن، بەبێئەوەی سەریان لێیی دەربچێت ولێیتێبگەن، هەر لەو رۆژەی بەسەد دەست ماچكردن ووڵات فرۆشی ودزی وفزییەوە پۆستێك وەردەگرن، ئیتر خۆیان تەنیا وەك بەرپرسێكی ساختە نابیننەوە، بەڵكو دەبنە گەورەترین سیاسەتمەدارو رۆشنبیریش!!!. ئیتر كەس نابێت قسە لە قسەیانەوە بكات، ژووری دائیرەكانیان بۆ كۆبوونەوەی حیزبی بەكاردێنن، بەخۆبادانانەوە دێنە ناو خەڵك وبە فیزەوە بزەیەكی دزیو دەكەن، وا تێدەگەن ئەمە نیشانەی زیرەكییە و هێندە گەمژەشن، لەوە تێناگەن، ئەوە خۆی لەخۆیدا گەورەترین گەمژەییە نەك بۆ خۆیان بەڵكو بۆ ئەو حیزب وبەناو سەركردانەی، كە داشیان ناون!
سەیر لەوەدایە شانازی بەوە دەكەن، كاتێك رێزی تڕۆمبێلی پڕ چەكدار بەدوایانەوەیەوەو شەقامەكان بۆ ئەوان تەرخان دەكرێت وگڵۆپی سەوزو سورو هەموو سیستەمێكی هات وچۆ بۆ ئەوان تێكدەشكێنرێت، كاتێك تەنیا بۆ خۆنواندنێك وپڕكردنەوەی ئەو كەموكوڕییە دەروونییەی تێیكەوتوون، دێنە سەرشەقامەكان وبەخێراییەكی سەر سوڕهێنەر تێدەپەڕن، ئەم كارە بە ئازایەتی وگەوەریی وبڵیم چی،،،، هەموو شتێك تێدەگەن، لەكاتێكدا ئەوە گەورەترین شوورەییە، خەڵك بەچاوێكی هێندە سووكەوە سەیریان دەكات، ئەگەر لە دەریایەك یەك دڵۆپ گەوەرەیی وپیاوەتیان تیادابێت، دەتوێنەوەو دەچنە بن خاك، جارێكی تر سەر بەرز ناكەنەوە، كەچی ئەوان وا بەخێرایی بەسەر شەقەمەكاندا تێپەڕ دەبن، وەك ئەوەی لە پێشبڕكێی تڕۆمبێلسواریدابن، یاخود بەناو سوپای دوژمندا سەنگەرەكەدان تێكبشكێنن یا لەبەرەیەكی شەڕدابن وهەرچواردەوریان گیرابێت، هەوڵی دەرباز بوون بدەن لەپیناو پێشكەوتن وگەشەسەندنی وڵاتەكەیان گیانی خۆیان خستبێتە مەترسییەوە، بە بێئەوەی درك بەوە بكەن، كە خەڵك هوشیارەو تێدەگات، كە لەماوەی سی وسێ ساڵی رابردودا جگە لە شكست وماڵوێرانی هیچیترتان بۆ ئەو وڵاتە پێنەبووە، بۆیە ئەو نمایشە ساویلكانە جگە لە ریسواییەكی گەورە زیاتر نییە، مرۆڤی گەورە دەبێت لەهەموو تاكێكی كۆمەڵگاكەی زیاتر رێزی یاساكانی وڵاتەكەی بگرێت، رێزی هەستی خەڵكەكەی بگرێت، رێزی سامان وداهاتەكەی بگرێت وشەوو رۆژ بۆ پێشخستنی گەلەكەی تەرخان بكات، مرۆڤی گەورە هەرگیز گەورەیی خۆیی لە كاروانی تڕۆمبێل وسوپای چەكداری پاسەوان ولووت بەرزكردنەوە بۆ ئاسمان نابینێتەوە، هەرگیز تڕزلییەكەی لە چوارچێوەی سادەییەكی داپۆشراوەوە، یاخود نمایشكردنی سادەییدا ناشارێتەوە، چونكە ئەو لەبنەڕەتدا ئاستی رۆشنبیری دەیگەینێتە ئەو راستییەی، كە لەوە تێبگات، ئەو تەنیا خزمەتكارێكی خەڵكەكەیەتی نەك بەڵایەك خوا بۆ خەڵكەكەی ناردبێت!
لەكاتێكدا ئەوان هەموو ئەو شتانە بە گەورەیی ورۆشنبیری وسیاسەتمەداری وبەرپرسچیەتی و… هتد تێدەگەن وشانازی پێدەكەن، خەڵك بەچاوێكی قێزەونەوە تێیاندەڕوانێت ولە بچووك بە بچووكتریان دەبینێت، ئەو تڕۆمبێل وكاروانانەی بەدوایانەوەیە ئەو سەرسامی وكەسایەتییە دروست ناكات وەك ئەوەی ئەوان تییگەیشتوون، بەڵكو ئەو پرسیارە لای خەڵك دەوروژێنێت، كە سەرچاوەی داهاتی ئەو هەموو تڕۆمبێل وچەكدارو … هتد لەكوێ هاتووە، دەبێت كەسێكی ئاقڵ لەدنیادا هەبێت بەرهەمی دزی وتاڵانیكردنی میللەتەكەی خۆی بەو ئاشكراییە نیشانی خەڵك بدات وشانازیشی پێوە بكات، هیچ دزێك لە دنیادا هەیە بەو شێوەیە شانازی بەدزیكردنەوە بكات!؟ ئەو رەفتارانە تەنیا یەك راستەقینەی تاڵ دەردەخات، ئەویش ئەوەیە، جگە لەوەی ئەو نا بەرپرسانە خڵت وخاشاكی كۆمەڵگەی كوردین، لەرووی دەروونیشەوە نەخۆشن وتووشی نێرگسیەت بووینەو وەك بەكرێگیراوو داردەستێكی بێگانە، خەریكی تێكدان وتێكشاندنی كۆمەڵگەی كوردی ولەباربردنی ئەو دەرفەتەن، كە لەسەردەمی نوێدا بۆ كورد ڕەخساوە.
Latest posts by سەرنووسەران - Editorial board (see all)
