سیاسی
حکومەت پەرلەمان پارتەکان
کۆمەڵایەتی
ڕێکخراوەکان یانەکان
میدیا
کەناڵەکان ڕۆژنامەکان چاپەمەنی
ڕادیۆی کوردیا
سیاسەت وکومەڵگا

ئەی دونیا بزانه کورد سەربەخۆیی دەوێ

بەهۆی ئەو دۆخەی کە ئەوکات بەسەر کوردستاندا زاڵ بوو و ئەو تایبەتمەندییانەی کە پەیوەندییان بە پێشهاتە ناوچەیی و جیهانییەکانەوە هەبوو، دەتوانین «کـۆمـاری کـوردسـتـان» هەم وەک کۆمارێکی خودموختار لە چوارچێوەی ئێراندا وێنا بکەین و هەم وەک دەرفەتێک بۆ ڕزگاریی نەتەوەکەمان لەژێر چەنگی داگیرکەر.
بەڵام هەموومان باش دەزانین کە «پـێـشـەوا» تەنیا ئامانجی «سـەربـەخـۆیـی و اسـتـقـلال» و گەیاندنی نەتەوەکەمان بە سەربەستی و سەرفرازی بوو، لە کاتێکدا کۆنەتوودەیی و تەسلیمتەڵەبەکان بەشی یەکەم زەق دەکەنەوە و خەریکن وەک پڕۆژەیەک بۆ دێمۆکراتیزەکردنی ئێران پێمانی دەفرۆشنەوە!
ئەی دنیا بزانە کورد سەربەخۆیی دەوێ
زۆر کەس، بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە سەریان لە سیاسەته، پێیان وایە کە هەڵپەڕینەوە و قیامی نەتەوەی کورد و داوای استقلال و ئازادی و سەربەخۆیی کردنی ئەو میللەتە هەر لە تاوی جەزرەبە و زۆری کاربەدەستانی مچ و مۆڕ و زۆردار و بڵەوەزی بێگانەیە. ئاشکرایە کە بێگانەکان یانی فارس و عەرەب و تورک، لەو ماوە دوورودرێژەدا کە دەستەڵاتیان بەسەر کورداندا هەبووە، هەرچی نەدەبوو بکرێ دەگەڵ ئەو میللەتە دڵپاکەیان کردووە و خۆیان لە هیچ خراپێک نەپاراستووە.
ئێستاش خوێنی شەهیدانی ڕێگای سەربەستی کورد کە بە دەستی کەمالی بێ کەماڵ و دەستوپێوەند خوێنمژەکانی ڕژاوە، هەر دەکوڵێ. ئێستاش گوڵاڵە سوورەکانی کێوی ئاگری خوێنی نەوجەوانانی ڕەشید و ئازای کورد وەبیر پیاو دێنەوە.
ئێستاش قاژوقووژ و زیڕەوهۆڕی ژن و منداڵ و هاوار و ناڵەناڵی لاوانی برینداری کوردی مەریوان کە لە ساڵی ڕابردوودا بە دەستی سەرتیپ هووشمەندی دیکتاتۆر قەتلوعام و تارومار کران، گوێمان دەزرینگێتەوە. ئێستاش بەندیخانەی ئەو دژمنە زۆردارانە پڕن لە لاوی بێسووچ و تاوانی کورد و هەر ڕۆژە ناڕۆژێک یەکێک لەوان بە سێدارەوە هەڵداوەسرێ.
خۆ حاڵی زاری کوردی هەژاری بارزان کە چەند مانگ لەوەی پێش دەوڵەتی ئیستیعماری عێراق تاڵان و بێ خانومان و دەربەدەر و ماڵوێرانی کردن، لە هەموو کەس مەعلوومە و ئاشکرایە. دروستە کە ئەو کردەوە ناشیرینانە ڕۆژبەڕۆژ هەستی تۆڵەئەستاندنەوە لە دڵی لاوانی خوێنگەرم و میللەتپەرستی کوردا بەهێزتر دەکەن. دروستە ئەو ڕەفتار و ئاکارە وەحشیانە سات بە سات لاوان و گەنجانی کورد بۆ لای ڕزگاری و ئازادی هاندەدەن، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەوانە هیچیان نەبوونە هۆی هەڵپەڕینەوە و قیامی نەتەوەی کورد، ئەوانە هیچیان کوردیان وادار نەکردووە کە داوای استقلال و سەربەخۆیی بکا، بەڵکوو کورد میللەتێکی ١١ ملیۆنییە و بە هەموو شەرع و قانوونێک حەقی استقلال و سەربەخۆیی هەیە و داوای ئەو حەقە مەشرووعەی خۆی دەکا.
ئەی دنیا، ئەی دنیای ئازادیتەڵەب: ئەی دنیایەکی شەش ساڵ تەواو دەگەڵ زۆرداران ملەت کرد و لەو پێناوەدا بەشی زۆری لاوانی خۆت بە کوشت دا، بزانە: کورد استقلالی دەوێ.
بزانە: کورد زوڵمی لێ کراوە، حەقی خوراوە. موڵکی لێ داگیر کراوە و دەیەوێ بە حەقی خۆی بگا.
بزانە: کە سیاسەتی شوومی ئیستیعماری بۆ قازانجی خۆی ئەم میللەتەی لە ئازادی بێبەش کردووە و لە ئەنجامدا بزانە کە کورد ڕوشدی ئەوەی هەیە کاروباری ماڵەخۆی بە چاکی هەڵسووڕێنێ و پێداویستی کۆمەگی کەس نییە و قەیوومی ناوێ و تەباتی لێدەبڕێ، سەر وە باری کەس ناهێنێ و بۆ ئەستاندنی سەربەخۆیی هەوڵ دەدا.
( هێمن )
ڕۆژنامەی کوردستان (بڵاوکەرەوەی بیری حزبی دیموکراتی کوردستان)
ژمارە: ٢٩ | ساڵی یەکەم | شەممۆ ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٥

ID: 11610
هاوبەشکردن