سەلاحەدین ئەیوبی

نووسینی: سۆران حەمەڕەش


هەموو جارێک کە ناوی سەرکردەی مەزنی کورد، سەلاحەدینی ئەیوبی، لەسەر ماڵپەڕێک یان لە شوێنێکدا دەردەکەوێت کە دەرفەتی سەرنج دانان هەبێت، من چاوەڕوانی دوو جۆر سەرنج دەکەم. یەکێکیان لە ڕوانگەیەکی ئاینیەوە بە کابرایەکی ئاین دۆستی مەزنی دادەنێت کە هەموو شتێکی لە پێناو ئیسلام و سەرخستنی ئەو ئاینەدا کردووە یان سەرنجی کەسێکی ناسیوناڵیستی کوردی دەبینم کە بە خائین لە قەڵەمی دەدا و دەڵێت هیچی بۆ کورد نەکردووە و بۆ عەرەب هەوڵی داوە و هەندێک جاریش بە جاش لە قەڵەمی دەدەن. باشە ئەم دوو بۆچوونە کامیان ڕاستن و کامیان لەسەر بناغەیەکی مێژوویی و لێکۆڵینەوەیەکی زانستی داڕێژراون؟ پێش ئەوەی کە وەڵام بدەینەوە با لە ڕێگای چەند نموونەیەکەوە، سەیری شێوەی زۆر لێکۆڵینەوەی کوردی بکەین سەبارەت بە بابەتە مێژووییەکان.
لە سەرەتای سەدەی بیستەمی زاینیدا ئەفسەرێکی ئینگلیز کە ناوی Ely Banister Soane بوو لە کوردستان بە (مەیجەر سۆن) ناسراوە، هاتە باشوری کوردستان بە مەبەستی ئاشنا بوون بە کورد و بۆ ئەنجامدانی کاری سیخوڕی. ئەم کابرایە لەبەر ئەوەی کە فارسی زانێکی کارامە بوو، بۆیە لەو گەشتەیدا وەک کابرایەکی بازرگانی فارس خۆی بە خەڵک ناساند و ماوەیەک لە شاری سلێمانی و هەڵەبجە ژیاوە بە مەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە باری ژیانی خەڵک و ئاشنا بوون بە کورد و زمانەکەی. هەتاوەکو ئەمڕۆ لە ناوەندە کوردیەکاندا دەگووترێت مەیجەر سۆن وەک غوڵام خزمەتکار بووە لە ماڵی جافەکاندا دوایی ڕۆژێک بە هەڵە دەڵێت “No” و پێی زانراوە کە ئینگلیزە. ئەمە هەر قسە و قسەڵۆک نیە، بەڵکو ئەمە لە چەندین شوێن نووسراوە، کەچی ڕاستیەکەی ئەو نە غوڵام بووە و نە خزمەتکاری کەس بووە. بەڵکو ئەو وەک بازرگانێک بە ناوی (غوڵام حوسین) و هەندێک جار (میرزا غوڵام حوسەینی شیرازی) ناسرابوو. جیاوازی نێوان ئەو دوو بابەتە زۆر گەورەیە، کابرا بە ناوی غوڵام و وەک بازرگانێکی گەورە خۆی ناساندووە، کەچی زۆرینەی سەرچاوە کوردیەکان دەڵێن کابرا وەک غوڵام ژیاوە و خزمەتکاری خەڵک بووە.
یان ئەمڕۆ دەڵێن شێخ مەحمود بێ پەڕۆدان بە دەستدا، تەوقەی لەگەڵ ئینگلیزدا نەکردووە. کەچی شێخ مەحمود وێنەی لەگەڵ ئافرەتی ئینگلیزدا گرتووە بێ هیچ کێشەیەک و هیچ بەڵگەنامەیەک نیە کە ئەو دەنگۆیە بسەلمێنێت کە شێخ مەحمود بە شێوەیەکی نائاسایی تەوقەی لەگەڵ ئینگلیزەکاندا نەکردبێت. یان ئەمڕۆ کۆنترین ئەلف و بێی کوردی سەدەی نۆیەمی زاینی، لە سەرچاوە کوردیەکاندا بە ئەلف و بێی (ماسی سۆراتی) ناسراوە و هیچ سەرچاوەیەکی کوردی نیە لاری لەو ناوە بێت و هەموو سەرچاوە ئەکادیمیەکان ئەو زانیاریە دووبارە دەکەنەوە، کەچی لە ڕاستیدا ئەو ئەلف و بێیە بە هیچ جۆرێک ناوی (ماسی سۆراتی) نیە و بەڵکو تەنها ناوی ئەلف و بێی کوردی بووە و کورد پێی وابووە کە (ماسی سۆراتی) زانایەکی مەزن بووە کە بە ئەلف و بێی کوردی نووسیویەتی. یان ماوەیەک لەمەوبەر لە ڕۆژنامە و تەلەفزیۆنە کوردیەکاندا بڵاو بووەوە گوایە شیعرێک بۆ یەکەم جار بە دەنگی قازی موحەمەد بڵاوکراوەتەوە، کەچی لە ڕاستیدا ئەو دەنگە دەنگی شاعیرێکی نوێیە و لەم چەند ساڵانەدا ئەو شیعرەی تۆمار کردووە و هیچ پەیوەندیەکی بە قازی موحەمەدەوە نیە جگە لەوەی کە ناوی کابرا (نادر قازی) ە. واتە سەرکردەیەکی هێندە مەزن و گرنگی وەک قازی موحەمەد، شیعرێکی بەناوەوە دەنووسرێت و دەنگێکیشی دەخرێتە پاڵ بێ ئەوەی کە دەنگی ئەو بێت.
نامەوێت لە بابەتەکە دوور بکەومەوە و بە سەدان نموونەی لەو جۆرەمان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەمەوێت ڕوونی بکەمەوە و چەند نموونەیەک لە مێژووی نوێ و ڕووداوی ئەمڕۆ بخەمە ڕوو و نیشانی بدەم کە سەرەڕای بوونی ئەم هەموو دەزگا ئەکادیمیانە، کەچی ئێمە چۆن بە هەڵە و دوور لە لێکۆڵینەوەی زانستی مامەڵە لەگەڵ بابەتە مێژووییەکانمان دەکەین، نەک میژووی دێرین، بەڵکو بۆ ئەو ڕووداوانەش کە لەم سەردەمەدا ڕوودەدەن. لە ڕاستیدا مێژوو نووسینمان پڕن لە هەڵەی زۆری لەو جۆرە و بەشێوەیەک ئەمڕۆ ناسنامەیەکمان لەسەر بنەمای هەڵە بۆ خۆمان دروست کردووە کە کە ناسنامەی ئێمە نیە.
ئەمجا دەبێت پرسیار لە خۆمان بکەین، ئێمە کە ئەو جۆرە بۆچوونەمان بەرامبەر سەلاحەدینی ئەیوبی هەیە، ئایا ئەوە لە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوە و ناسینی ئەو سەرکردە مێژووییەوە بووە یان هەر لە خۆمانەوە گەیشتووینەتە ئەو دەرئەنجامە.
لە ڕاستیدا هەتاوەکو ئەمڕۆ یەک لێکۆڵینەوەی زانستی و مێژوویی سەبارەت ئەو سەرکردە مەزنە لەلایەن کورد خۆیەوە ئەنجام نەدراوە، واتە نەچووین خۆمان سەرچاوە مێژووییەکان بگەڕێین و ئەو مێژووە بە شێوەیەکی دروست دابڕێژینەوە. ئەو هەوڵانەی کە دراون زۆربەیان متمانەیان کردۆتە سەر سەرچاوە عەرەبیە نوێکان نەک دێرینەکان، کە هەموویان لە ڕوانگەیەکی ناسیوناڵیستی عەرەبی و ئیسلامیەوە ئەو سەرکردە کوردە هەڵدەسەنگێنن یان متمانەنەمان کردۆتە سەر سەرچاوە ئەوروپیەکان کە هەرچەندە ئەوان تۆزێک باشترن، بەڵام ئەوانیش لە ڕوانگەی لێکۆڵینەوە لە مێژووی خاچپەرستەکانەوە ئەنجام دراون و دیسان لەوێدا ناسنامەی سەلاحەدین بزر بووە.
واتە ئێمە خۆمان نەچووین سەڵاحەدین بناسین و بچینە سەر سەرچاوە مێژووییەکان، بەڵکو لە ڕێگای خوێندنەوەی خەڵکانی ترەوە بۆ سەلاحەدین، ئەو کەسایەتیە دەناسین و ئەوانیش لە ڕوانگەی خۆیانەوە دەیناسێنن. بەوجۆرە ناسینی سەلاحەدین بۆ ئێمە لە دەستی دووەوەیە و بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین ئەجێندای خەڵکانی تر تێکەڵی ناسینی سەلاحەدین بووە بۆمان. بۆ نموونە زۆر جار ئەوروپیەکان لە سوچێکی لێکۆڵینەوەکانیاندا تەنانەت بە تەواویش نانووسن کوردە بەڵکو دەڵێن “سەڵاحەدین ڕەچەڵەکی کورد بووە”. بە هەمان شێوە بە گشتی سەرچاوە عەرەبیەکانیش لە ڕوانەگەیەکی عەرەبی و ئیسلامی و زۆر جار ناسیۆناڵیستی عەرەبیەوە ژیانی دەخوێننەوە و ئەگەر هەندێکیان تۆزێک ڕەحم لە دڵیاندا بێت دەڵێن لە خێزاێکی کورد بووە.
من لێرەدا بە نیاز نیم مێژووی سەلاحەدین بنووسمەوە و ئەوە بابەتێکە پێویستی بە چەند ساڵێک هەیە، بەڵام هەندێک لایەنی کەمی دەخەمە ڕوو کە کورد بوون و هەستی کوردایەتی بە ڕوونی دەسەلمێنێت و زۆر لە بۆچوونە بێ بنەماکان هەڵدەوەشێنێتەوە و دەری دەخات کە ئێمە هێشتا سەلاحەدینی ئەیوبی کورد ناناسین و لە ڕێگای ئەجێندەی خەڵکانی ترەوە زیاتر وەک عەرەب دێتە بەرچاومان وەک لە کورد و ڕوخسارێکی نادروستمان لای خۆمان بۆ ئەو دروست کردووە.
زانای کورد، ئیبن خەلەکان (خەلەکانی) کە لە سەدەی سیانزەی زاینیدا ژیاوە، سەبارەت بە ڕەچەڵەکی سەلاحەدین دەڵێت “مێژوونوسان ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی کە باوک و کەسوکاری خەڵکی (دوین) ن، کە شارۆچکەیەکە لە کۆتایی ئازەربایجاندا لە لای ئاران و وڵاتی کەرەجە و ئەوان کوردی ڕەوادین. ڕەوادیەکان تیرەیەکن لە هەزەبانیەکان کە خێڵێکی گەورەی کوردن. پیاوێکی زانای خەڵکی دوین پێی گوتم لە نزیک دوین گوندێک هەیە پێی دەڵێن ئەجدانقان و هەموو خەڵکەکەی کوردی ڕەوادین” .
لە ڕاستیدا خێڵ و دەوڵەتی هەزەبانیەکان لە نزیکی سەدەی دووهەمی پێش زایینەوە دەسەڵاتدار بوون و پاشای هەزەبانی و پاشای میدی لە چەند جەنگێکدا شانبەشانی یەکتر لە دژی ڕۆمەکان شەڕیان کردووە و هەتاوەکو سەدەی سیانزەیەمی زاینی هەزەبانیەکان دەسەڵاتدارێکی گرنگی کوردستان بوون کە بە داخەوە سەرەڕای گرنگیان لە مێژووی کورد و کوردستاندا کەچی ئێمە هێشتا ئاشنای مێژووی دێرینی ئەم دەوڵەتە دێرینە نین. ئاخۆ دەوڵەتێک کە بنەماڵە حوکمڕانەکەی زیاتر لە هەزار ساڵ لە کوردستاندا دەسەڵاتدار بووبێت و زۆرینەی خوێندەوار و مێژوونوسی کورد نەیناسێت، لە هەمان کاتدا ئەو دەوڵەتە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە سەلاحەدینەوە هەبێت، ئەی کەواتە چۆن بە خۆمان بڵێین ئەلفوبێ سەبارەت بە سەلاحەدینی ئەیوبی دەزانین و ئەو سەرکردەیە دەناسین؟
جگە لەو ڕەچەڵەکە کوردیەی سەلاحەدین، دەوروبەری ئەو سەرکردە کوردە زۆرینەیان کورد بوون و بە دڵنیایی لە نێوان خۆیاندا بە زمانی کوردی قسەیان کردووە. کەسێکی وەک شێخ عیسای هەکاری کە کەسایەتیەکی ئاینی و سەربازی و دیپلۆماسی بووە و لە سەرەتای دەسەڵات وەرگرتنیدا سەلاحەین زۆر متمانەی پێ کردووە. ئەوەتا دیسان ئیبن خەلەکان لە ئاماژە بە هەوڵی سەلاحەدین بۆ وەرگرتنی دەسەڵات و ڕازی کردنی میرەکاندا باس لەوە دەکات کە سەلاحەین شێخ عیسای هەکاری ناردووە بۆ لای میرەکان و دەڵێت “ئەمجا چووە لای شەهابەدینی حارمی و پێی گوت، سەلاحەدین کوڕی خوشکتە و موڵکو سامانی هی تۆیە؛ کاری بۆ مەیسەر بووە و نەبیتە یەکەم کەس کە هەوڵی لابردنی بدەیت لە دەسەڵاتێک کە بۆ تۆ نابێت. بەو جۆرە شێخ عیسا وازی لێ نەهێنا هەتاوەکو هێنای و ئەویش سوێندی بۆ خوارد و ئەمجا چوو بۆ لای قوتبەدین و پێی گوت خەڵک گوێڕایەڵی سەلاحەدین ئەکەن و تەنها تۆ و یاروقی ماون و بە هەر حاڵ تۆ و سەڵاحەدین هەردووکتان کوردن با دەسەڵات لە دەست ئەو دەرنەچێ و بچێتە دەست تورکەکان، بەو جۆرە گفتی پێدا و دەسەڵاتی زیاتری پێ دراو و ئەویش گوێڕایەڵی سەلاحەدینی کرد”.
واتە لەو گفتووگۆیەدا کە ئیبن خەلەکان تۆماری کردووە، بە ڕوونی دەردەکەوێت کە سەلاحەدین و دەوروبەرەکەی هەستێکی کوردانەیان هەبووە و ئەو سەرکردە پابەند بووە بە کوردێتی و بۆ بەهێزبوونی دەسەڵاتی سوودی لێ وەرگرتووە و تەنانەت نەوەکانی سەلاحەدینیش بۆ دەیان ساڵ دوای ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە لە وڵاتەکانی وەک مەکە و یەمەن دەسەڵاتدار بوون، بەڵام فەرهەنگی کوردی خۆیان بزر نەکردووە. ئەوەتا یافیعي (عبد الله بن أسعد اليافعي) کە خۆی یەمەنی بووە، لە سەدەی چواردەیەمی زاییندا دەلێت کاتێک کە یەکێک لە پاشا ئەیوبیەکان کە نازناوی مەلیک مەسعودی هەبووە و باپیری پاشای یەمەن بووە و لە مەکە وادەی مردنی دێت، پێش مردنی وەسیەت لای پیر (شێخ) ێکی خواناسی هەولێری مەکە دەکات سەبارەت چۆنێتی بە خاکسپاردنی. داواکاریەکەشی ئەوەبوو کە هەر لە ناو خەڵکی ئاساییدا بنێژرێت و هیچ لەسەر گۆڕەکەی نەکرێت. پیرە خواناسە هەولێریەکە ئەوەی کردووە و لەسەر گۆڕەکەی نووسیوە “ئەمە گۆڕی یوسفی کوڕی محەمەدی کوڕی ئەبوبەکری ئەیوبی هەژارە”. واتە سەرەڕای دووکەوتنەوەی ئەیوبیەکان لە کوردستان و چەندین ساڵ دوای مردنی سەلاحەدین، هێشتا لە مردندا پابەند بوون بە دابوونەریتی کوردیەوە تەنانەت ناوچەگەریشەوە و لە مردنیشدا پەنایان بۆ کابرایەکی ئاینی کورد بردووە و بە ڕێرەوسمی کوردیانە نێژراون.
لە ڕاستیدا لە ماوەی حوکمڕانی سەلاحەدیندا زۆر لە میرە کوردەکان و زانا و شاعیر و مۆسیقاناسە کوردەکان لە سایەی ئەودا حەساونەتەوە، کەسێکی وەک عەبدولەتیفی سورەوەردی کورد، کاتێک سەلاحەدین هەر شارێکی لەسەر دەریا گرتووە، ئەوی کردووە بە قازی ئەو شوێنە. کەسێکی وەک ئەبو هیجای هەزەبانی هەولێری مێژوونوس و شاعیر، بە هەمان شێوە لە کۆڕی سەلاحەدیندا ئەوپەڕێ ڕێزی لێ گیراوە و بە دەیان کەسایەتی کورد لە سێبەری ئەو و بنەماڵەکەیدا بوژاونەتەوە.
دەزانم پرسیار دەکرێت ئایا بۆ هیچی بۆ کورد نەکردووە؟ بە دڵنیایی وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا، سەلاحەدین و دەوڵەتەکەی ڕۆڵی گەورەیان هەبووە لە فراوانبوونی دەسەڵات و کاریگەری فەرهەنگی کوردیدا. بەڵام ئەگەر چاوەڕوانی ئەوە بین سەلاحەدینی ئەیوبی وەک سەرکردەیەکی ئەمڕۆ ڕەفتار بکات، ئەوە لەوەدا دەکەوینە هەڵەوە، لەبەر ئەوەی کام میر و بنەماڵەی نەتەوەکانی تر لەو سەردەمەدا کاری نەتەوەییان بە مانای ئەمڕۆ کردووە؟ ڕاستە جۆرێک لە هەستی نەتەوایەتی هەبووە، وەک لە حاڵەتی سەلاحەدیندا لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا، بەڵام دەوڵەت و ناسیوناڵیزم بەم مانایەی ئەمڕۆ شتێکی نوێیە و ناتوانرێت چاوەڕوان بکرێت سەلاحەدین لە سەدەی دوانزەی زاینیدا هاوشێوەی ئەمڕۆ بیری کردبێتەوە. ئەوەی کە زۆرجار ڕوویداوە ئەوەی کە نەتەوەکانی ئەمڕۆ هاتوون خوێندنەوەیان بۆ ڕووداوەکانی ڕابردوو کردووە و بەرگێکی ئایدیۆلۆجی ئەمڕۆیان کردۆتە بەر ڕووداوەکانی ڕابردوو و لەو چوارچێوەیەدا خوێندنەوەیان بۆ سەرکردە و ڕووداوەکانیان کردووە.
ئەوەی کە ڕوونە، سەلاحەدینی ئەیوبی سەکردەیەکی مێژوویی کوردە و لە ئاستی جیهاندا ناسراوە بە زیرەکی و دادوەری و ئازایی. تەنانەت سەرەڕای ئەوەی کە چەندین سەرکردەی ئیسلامی بەرامبەر ئەوروپیەکان شەڕیان کردووە، بەڵام هیچیان وێنەی سەلاحەدین لە ڕۆژئاوادا نەناسراون و ڕێزیان لێ نەگیراوە؛ بەشێکی زۆری بەهۆی ڕەفتاری مرۆڤ دۆستانەیەوە بووە بەرامبەر دوژمنانی. هەر وەک ئەمڕۆ کورد لەم شەڕەیدا لە هەموو شوێنێکدا بەردەوامی بەو فەرهەنگە جوانە دەدات کە سەلاحەدین وەک کوردێک پابەندی بووە و لە سایەیدا گەورە بووە.
پێم وایە هەتاوەکو ئەمڕۆ یەک لێکۆڵینەوەی زانستی لەلایەن کوردەوە لەسەر سەڵاحەدین نەکراوە، لە بری ئەوە نادادوەرانە و بێ بەڵگەیەکی زانستی و لێکدانەوەیەکەی ئەکادیمی، سەلاحەدینمان دادگایی کردووە و بڕیارمان لە تاوانبارکردنی داوە بۆ پشتگیری لە ئایدیۆلۆجیای ئەمڕۆی خۆمان و خەتابارکردنی ئەو وەک هۆکار بۆ نەهامەتی ئەمڕۆی کورد. بۆیە من وەک کوردێک، سەلاحەدین بە سەرکردەیەکی کوردی مەزن دادەنێم و پێم وایە لە ئەنجامی ونکردنی ناسنامە و توڕەییمان بەرامبەر بە نادادوەری دابەشکردنی کوردستان لە سەدەی بیستەمدا، خەریکین هەموو ڕابردوومان دەسڕێنەوە و لە ئەنجامدا عەرەب و فارس و تورک زۆر جار خۆیان دەکەنە خاوەنی فەیلەسوف و شاعیر و زانا و سەرکردەکانمان و ئێمەش تەنها ئاخ و توڕەیی و بزربوونمان بۆ دەمێنێتەوە.
نووسینی سۆران حەمەڕەش
تێبینی:
– بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت سەرچاوەی زانیاریەکان و سەلاحەدینی ئەیوبی و بنەچەی دەوڵەتی هەزەبانی و ڕۆڵی ئەو دەوڵەتە لە مێژووی کورد دا، سەیری کتێبی “کورد کێیە؟” بکە. تکایە ئەگەر سەرنج لەسەر ئەم بابەتە دەدەیت، خێرا ئەو سەرکردە مێژووییە بە تاوانبار لەقەڵەم مەدە، با هەوڵ بدەین لە سەلاحەدین و مێژووەکەمان بگەین وەک لەوەی کە بۆچوونی بێ بەڵگە و بێ بنەما بدەین.
– لەو وێنە دەستکردیەدا قەشەی باڵای سالزبری ئینگلتەرا لەبەردەم سەلاحەدینی ئەیوبیدا دەردەکەوێت، کە لە بەریتانیاوە کۆمەڵێک حاجی کریستیانی بردووە بۆ ئۆرشەلیم (قودس) و لەوێ چاوی بە سەلاحەدین کەوتووە و گفتوگۆیەکی مێژوویی لە نێوانیاندا ڕووی داوە.

Website | + posts