جۆره‌كانی هەڵپەڕكێی كوردی

شەریف فەلاح

لە کولتوورە دێرین و ڕەسەنەکاندا هەر جووڵە، بزاوت و حەرەکەتێک، جیا لە چیرۆک و فەلەسەفەی پشتی و هۆکاری دروستبوونی، ناو و واتای تایبەت بە خۆی هەیە، زۆربەی هەرە زۆری ناوی نەزمەکانی هەڵپەکێی کوردی وەک هەڵپەڕکیی کار، شایی و شیوەن، خەبات و هێرش و هەستانەوە واتا و ماناکەیان لە ناوەکەیدان دیارە و جووڵە و حەرەکەتیان لێک جیاوازن و بەشێکی زۆریان بە شێوەی ڕیزبەندی بەدوای یەکدا دێن.

گەڕیان
گەڕیان، لە زمانی كوردیدا بە واتای گەشتوگوزار و گەڕان، یان بە واتایەكی دیكە سووڕانەوەیە و ئەم هەڵپەڕكێیە كە خاوە، واتای گەشت و و گەڕان لە زەین لەلای مرۆڤ دەخولقێنێ‌.
گەڕیان هەڵگری دوو مەقامە یەكیان لە ناوچە گوندنیشنەكان و ئەوی دیكەشیان تایبەتی شارە و ناوەندی ئەم نەزمە شاری سنە و دەورووبەریەتی كە زۆر جوان هەڵدەپەڕن. ئەم هەڵپەڕكێیە نەرم و لەسەرەخۆ و بە جوانییەكی سەرنجڕاكێشەوە دەست پێدەكات و بەرەبەرە توندتر دەبێت و میلۆدیی تایبەتی ئەم هەڵپەڕكێیە بە جۆراوجۆری لە ڕیتمدا هەتا كۆتایی لەگەڵ كەسەكان دێت و لەڕاستیدا خۆ ئامادەكردنە بۆ نەزمەكانی دیكە كە توندترن، کە هەمان خۆ ئامادەکردنە بۆ شەڕێکی قورستر.

پشت پا پشت پا، نەزمێكی دیكەیە كە نەختێ‌ لە گەڕیان توند و گرژترە و لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵاتدا دەبینرێ‌ و تایبەتی پیاوانە و هەروەك لە ناوەكەیدا دیارە، مرۆڤ بۆ بەكارهێنانی ئەزموونەكانی ژیان هان دەدات، هەتا نەوەكوو كەسانی دەوروبەری لە پشتەوە خەنجەری لێ بدەن و لە كاتی جووڵەدا حەرەكەتی پەنجەی لاقی ڕاست بۆ پشتەوە و لە عەرز كوتان لووتكەی سەرنجی ئەم نەزمەیە.

هەڵگرتن هەڵگرتن لەباری واتای وشەوە بە مانای بەرزکردنەوەی شمەک، یان کەلوپەل دێت. ئەم جۆرە لە هەڵپەڕکێ زۆر پڕ جووڵەیە و تێکەڵە بە شادییەکی زۆر کە بەرەو ئامانج و لووتکە ڕێگە دەبڕێت. ڕیتمی توند و میلۆدیی تایبەتی ئەم هەڵپەڕکێیە بەدوورە لە هەرچەشنە سستی و خەمۆکی و خاوییەک و پێداگری لەسەر شادیی شاگەشکەبوون و ئامانجداربوون لە ژیاندا دەکات.

فەتاح پاشایی میلۆدیی ئەم نەزمە لە سەرانسەری کوردستان بە شێوەی یەک چەشن و هاوئاهەنگ بە ڕیتمێکی توندەوە بەڕێوە دەچێت و شێوازی ئەم هەڵپەڕکێیە پڕ جموجۆڵە، بۆیە لە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان خەڵک بەم نەزمە ‌هەڵدەپەڕن بە هەندێ وردە گۆڕانکارییەوە.

لەبلان ئەم نەزمە بە ڕیتمێکی نەرم و هێور و لەسەرەخۆ بەڕێوە دەچێت و پاش نواندنی پڕ جووڵەی نەزمەکانی (گەڕیان، پشت پا، هەڵگرتن و فەتاح پاشا) بەپێی پێویست بەشدارانی هەڵپەڕکێ و گەڕی شایی نەزمی لەبلانیش تاقی دەکەنەوە هەتا نەختێ بحەسێنەوە و هێز و وزە وەربگرن، بۆیە دەکرێ بڵێین نەزم و جۆرەکانی هەڵپەڕکێ چەشنی شێواز و ڕەوڕەوەی ژیانی کورد وایە، ئەم نەزمە مرۆڤ بەدوور دەگرێت لە هەست و سۆز و کەف و کوڵێ کاتی و دیسان کۆڕێ هەڵپەڕكێ ناچار دەبن دوور بن لە مەستیی سەرکەوتن و بە تێڕامان و ئەندێشەوە بڕواننە ڕابردوو و کاری خۆیان.

چەپی
چەپی، هەروەک بە ناوەکەیدا دیارە، میلۆدیی ئەم ئاهەنگە بە کێشی دوو پێی بەڕێوە دەچێت و زیاتر لە ناوچەکانی (موکریان، کرماشان، سنە و دەوروبەری، سنجاوی) پێی هەڵدەپەڕن. فەلسەفە واتای ئەم هەڵپەڕکێیە، هێز و توانا بەخشینە بە لای چەپی کەسەکان، چونکە وەک باوە لای چەپی جەستەی مرۆڤ لە جێبەجێکردنی کارەکاندا ده‌ورو و ڕۆڵی کەمتری هەبووە و بەرەبەرە سست و کە هیز بووە، بۆیە بۆ وەگەڕخستن و بەکارهێنان و هاوسەنگی ڕاگرتن لەنێوان ئەندامانی جەستە، دەبێ بەشەکانی لای چەپی جەستەش بەتوانا بکرێن، بۆیە کورد هەڵپەڕكێ و نەزمی چەپیی داهێناوە.
هەر بۆیە لە نەزمی چەپیدا بەشی لای چەپ جووڵەی زیاتری هەیە و بەم چەشنە لە سستی و بێهێزی ڕزگاری دەبێ. لە ناوچەکانی کرماشان ژنان زیاتر بەم ئاهەنگە هەڵدەپەڕن.

زەنگی، یان زەندی لەم هەڵپەڕكێیەدا کۆڕی هەڵپەڕکێ سەرەتا یەک هەنگاو دێنە پێش و دواتر هەنگاوێک بۆ دواوە و بە شێوەیەکی ڕیتمیک ئەم شێوەیە هەتا کۆتایی درێژەی دەبێ.

شەلان ئەم نەزمە کە بە ڕیتمی شەلینەوە بەڕێوە دەچێت، لەڕاستیدا دەربڕی تراژیدیای شکستە لە مەیدانی شەڕ و بەرەنگاریدا، لەم هەڵپەڕکێیەدا هەنگاوەکان بە شەلینەوە هەڵدەگیرێن، هەتا شکست لەبەرچاوی بینەر و خەڵکەوە پیشان بدرێت و هەموان وەک یەک بن و لە وێناکردنی شکستدا کەس گلەیی و گازندە نەکات.

سێ جار ئەم شێوازە لە هەڵپەڕکێ بە ڕیتمی ئارام و هەندێ کات توند و هەروەک ناوەکەشیدا دیارە، بە واتای جار لاق هەڵگرتنە که‌ لەودا سێ جووڵەی لاق و سێ جووڵە بۆ پێشەوە ئەنجام دەدرێت کە وەبیرهێنەرەوە و پێگە و واتای ژمارە 3 سێیە لە فەرهەنگی گەلاندا.

خانەمیری
ئەم هەڵپەڕکێیە هاوکاتە لەگەڵ ڕیتمی تونددا کە تێیدا یەک دەست ئازادە لەسەرەوە ڕادەگیرێت و بە جۆرێک ئاڵقەیەکی کراوە و بەرینتر پێک دەهێنرێت و زیاتر هاوسەنگییەکە بۆ جووڵەی نێوان دەست و لاقەکان.
هەرچەند هەر ناوچە و دەڤەرێکی کوردەواری نەزم و ئاهەنگی هەڵپەڕکێی تایبەت بە خۆیان هەیە، وەک لە ناوچەکانی ورمێ، بادینان، کوردستانی باکوور، موکریان دەنا نەزمی تایبەت بە خۆیان هەیە کە لە ناوچەکانی موکریان نەزمەکانی (داغە و ڕۆینە) هەیە و ئەمانە بەشێکن لە ئاهەنگ و نەزمەکانی هەڵپەڕکێی کوردی.


بەڕای توێژەرانی فەهەنگ و هونەری کوردی، هەڵپەڕکیی کوردی لە چوار بەشی (1 – شەڕ 2 – کار و تێکۆشان 3 – خەم و شیوەن 4 – شادی) پێکهاتووە و بەپیی ئەم چوار تەوەرە واتا و ماناکانی شێواز و نەزمە جیاجیاکانی هەڵپەڕکێی کوردی جیاوازن و چەند مانایەکیان بۆ لێک داونەتەوە، جیا لەو واتایانەی سەرەوە لێرەدا واتای هەرکام لە نەزمەکان دەخەینە بەر باس:

  1. گەڕیان: خۆئامادەکردن بۆ شەڕ.
  2. پشت پا: خۆ نزیککردنەوە لە دوژمن.
  3. فەتاح ئاغایی: هێرشی یەک لەدوای یەک بۆ سەر دوژمن.
  4. لەبلان: دانیشتن و تیرهاویشتن.
  5. خانەمیری: شەپ لێدان و زەبر گەیاندن بە دوژمن (تایبەتی ناوچەکانی کرماشان).
  6. سێجار: هێرشی بەکۆمەڵ و خافڵاندنی دوژمن.
  7. شەلان: برینداربوونی فەرماندە و یارمەتیدانی لەلایەن یەکێک لە شەڕڤانانەوە.
  8. زەنگی: هێرشی پاشین، واتە لەدواوە هێرش بۆ سەر دوژمن.
  9. چەپی: سەرکەوتن و نواندنی شادی.
  10. دوو دەسماڵە: شادی و هاوکات هێرشی پاشین بۆ سەر دوژمن (تایبەتی ناوچەی کرماشان).
  11. فەتاح پاشایی: شەڕی دەستەئێخە و پێک هەڵپرژان (تایبەتی ناوچەی کرماشان).
  12. هەوشاری: حەرەکەتی حیماسی و شوکرانەبژێری بۆ بەروبومی کشتوکاڵی.
  13. ڕاستەی مەریوانی: خۆ تەیار و ئامادەکردن بۆ شەڕ و بەرەنگاری.
  14. سێ پێ: بە شەپ لەسەری دوژمن دان.
  15. سمکۆڵان: خۆ ئامادەکردن بۆ شەڕ چەشنی ئاژەڵان، وەک سمکۆڵانی ئەسپ.
  16. مەریوانی: شەڕی دەستەوئێخە.
  17. دیمەن: هێرشی پاشین لە چەشنی هێرشی شەڕ.
  18. قڕەپیرەژن: شەڕە جنێو.
  19. حەریرە: پشوودانی هێزی شەڕ.
  20. چەپیی مەریوانی: شادی و هەڵخراندنی بیروڕای گشتی بۆ شەڕ.
  21. گەڕیانی مەریوانی: خۆ تەیارکردن و هەڵخراندنی بیروڕای گشتی بۆ شەڕ.
  22. ڕاستە: ئاهەنگی خەماوی کە بە شمشاڵ لێی دەدرێ.
  23. سێجاری ناوچەی شیروان: نواندنی جووڵەی بەربەرەکانێ و شەڕ (تایبەتی ناوچەی کرماشان)
  24. شێخانی: نواندنی حەرەکەتی ڕاوەدوونانی دوژمن و هەڵاتن.
  25. چەپیی هەورامی: شادی و سەرکەوتن لە شەڕدا بە حاڵەتێکی تایبەت.
  26. سەقزی: ڕاوەدوونان و هەڵاتن لە شەڕدا.
  27. ڕاستەی سەقزی: حاڵەتی بەربەرەکانێ و هێرش لە شەڕدا.
  28. چەپیی سەقزی بەزمی حەریرە: شادی و سەرکەوتن تایبەتی ناوچەی سەقز.
  29. سێچکەی مەهابادی: شەڕ بە شێوەی بەبر، پڵینگ و پشیلە.
  30. ڕۆینە: شەڕ بە شێوەی هێرشبردن.
  31. داغە: لەوپەڕی شەڕدا بوون.
  32. چەپیی مەهابادی: گەڕانەوە لە شەڕ.
  33. بەرزی، بەرزی: شەڕ لە ناوچەی کویستانی.
  34. ڕکنە: لەخۆبردوویی و فیداکاری لە شەڕدا.
  35. بە عینوانی: کشانەوە بۆ دواوە لە مەیدانی شەڕدا.
  36. چەپیی موکریانی: شادی و سەرکەوتن و بەرگری.
    37 – ڕاستەی بانەیی: شەڕ لە شاخ و سەرما و سۆڵەدا.
  37. چەپیی بانەیی: شادی لە شاخ دوایی کۆتایی شەڕ.
  38. دوو پێی بادینانی: خۆ تەیارکردنی هێزەکان بۆ شەڕ.
  39. لەبلانیی موکریانی: تیمارکردنی برینی شەڕڤان و هیرشبردنی سەرلەنوێ.
    هەرچەند ئەمانە هەموو نەزم و شێوازەکانی هەڵپەڕکیی کوردی نین و بە ڕای توێژەر و شارەزایانی ئەم بوارە، کۆی نەزمەکان نزیکەی 60 شێوازن و بەتایبەت لە پارێزگای ورمێ و شارەکانی خۆی، ماکۆ، سەڵماس و لە کوردستانی باکوور چەندین شێواز و نەزمی تایبەت بە هەڵپەڕکیی کورمانجیی سەروو هەیە کە جێگەی سەرنجن و بەشی هەرە زۆریان نەزمی کرژ و توندن و نیشانەی شەڕ و بەرەنگارین.

Website | + posts