رەشەكوژی كوردان و پاڵپشتی ئەمریكا لە تیرۆر

د. كامەران مەنتك
10\01\2026
گەلەكۆمەیەكی هەرێمی و تەنانەت جیهانی دژی كورد بەڕێوە دەچێت، بەكارهێنانی هێزی دوو دەوڵەت و بە پاڵپشتیكردنی هێزێكی وەك ئەمریكاو بێدەنگبوونی روسیاو چین و هێزە جیهانی و هەرێمییەكانی تر، واتای ئەوەیە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕیاری رەشەكوژو جینۆسایدی كوردیان داوە، ئەمە ئەو قۆناغە ترسناكەیە، كە زۆر لەمێژە لەتوێژینەوەكانمدا ئاماژەم بۆ كردووە.
ئێستا وا پێدەچێت هێزەكان لەسەر بە قوربانیكردنی لاوازترین و بێپشتترین نەتەوە رێككەوتبن، ئەمریكا بەشان و باڵی كەسێك هەڵدەدات تاوەكو دوێنی وەك تیرۆریستێك پێناسەی دەكرد، ئەگەرچی لەژێرەوە خۆیان پەروەردەیان دەكرد، هانی كوردی دەداو بە شان و باڵی  هەڵدەگوتن و شەڕی داعشی پێدەكردن، بەم شێوە هەزاران گەنجی كورد لە باشوورو رۆژئاوا كرایە قوربانی شەڕێك، كە هیچ پەیوەندی بەكوردەوە نەبوو! لەگەڵ وەستانی شەڕەكە، بۆ نمونە دوای رزگاركردنی شاری مووسڵ لە داعش، سوپای ئێراق پەلاماری هەرێمی داو كەركوك و ناوچەیەكی ستراتیژی زۆر گرنگی داگیر كرد، لە رۆژئاواش دوای ئەوەی كورد لە باهۆز بە كۆتاهاتنی دەوڵەتەكەی داعشی راگەیاند، لە پاداشتی ئەمەدا دەرگا بۆ توركیا خرایە سەرپشت بۆئەوەی عەفرین و دواتریش گرێسپی و سەرێكانی داگیر بكات، سەیر لەوەدایە ئەو هەڵوێستە دژە كوردانەش هەمووی بە پاڵپشتی ئەمریكا، هاوپەیمانە ساختەكەی كورد بوو!
ئێستاش وا لەبەرچاوی ئەو هاوپەیمانەی كورد، هاوپەیمانە نوێیەكەی ئەمریكا، واتە ئەو داعشەی شەڕی كوردیان پێدەكرد، بە چەكی ئەمریكی و درۆن و سەرپەرشتی توركی، لەبەرچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئەشرەفییەو شسێخ مەقسوود كورد جینۆساید دەكەن، سەیر لەوەدایە تیرۆریستەكان بە كورد دەڵێن و تیرۆریست و ئەوان خۆیان وەك دەوڵەتمەدارو خاوەن شەرعیەت دەزانن، واتە ئەگەر جاری یەكەم كوردیان فریودا بۆئەوەی شەڕی داعش بكات، ئەمجارەیان هانی داعش دەدەن بۆئەوەی كورد قڕ بكات، ئەمەیە بێ ئەخلاقی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، كە هیچ كاتێك پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بایەخی بە ئەخلاق نەداوە.
جێگەی داخە ئێستا سازش بەمەسەلەی كورد دەكرێت، بۆئەوەی رێگەی لەوە بگرن، كە كورد لە قۆناغی دوای گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوەكانی ئێران شتێكی دەستكەوێت، بۆیە شەڕی ئەو دوو گەڕەكە كوردنشینەی حەلەب كۆتا شەڕ نییە، بەڵكو سەرەتای شەڕێكی فراوانە، كە رەنگ بێت ئەگەر لەسەرەتا رۆژئاوای بگرێتەوە، ئەوە بەدڵنیاییەوە لە قۆناغی دووەمدا دەپەڕێتەوە باشوور.
كورد هیچ چارەیەكی تری لەبەردەستدا نییە جگە لەوەی بەرۆڵ و پێگەی خۆی دابچێتەوە، دەبێت رۆشنبیرانی كورد گەورەتر بیر بكەنەوەو هزری كوردی بتوانێت ستراتیژێكی باڵا بەرهەم بهێنێت، بەشێوەیەك بتوانێت هەموو سەرچاوەكانی هێزی كوردی بەیەكەوە بكاتەوەو رێگە نەدات چیتر كورد وەك كارتێكی چرووك بەكار بێنرێت و هەر كاتێك كاریان ێی نەما، ئەو كارتە تووڕ هەڵبدەن!.