حەسەن خەیری (کەرحەسەن) کێ بوو؟

کەرحەسەن، ناوی حەسەن خەیری بوو، ئەندام پەڕلەمانی دەوڵەتی تورك بوو، لەسەر شاری دەرسیم. لە کاتی بەستنی کۆنگرەی لۆزاندا، جەنەراڵ شەریف پاشای خەندان، کە بەنوێنەری کورد لەوێ دەبێت، پێ لەسەر برگەکانی ٦٢، ٦٣ ی کۆنگرەی سیڤەر دادەگریت، کە باس لە سەربەخۆیی کوردستان ئەکات.
نوێنەرەکانی تورك نامە بۆ ئەتاتورك ئەنێرن و دەڵێن: ئەگەر فریای خۆمان نەکەوین شەریف پاشا کوردستان ئەکات بە دەوڵەت. ئەویش بە حەسەن خەیری دەڵێت: بە جلی کوردییەوە بێتە ناو پەڕلەمانی تورکەوە و، بە ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان بڵێت: ئێمەی کورد دەوڵەتمان ناوێت و، دەمانەوێت وەك برا لە ناو دەوڵەتی تورك دا بمێنینەوە. ژنەكەی حەسەن خەیری هەر چەند تکای لێ دەکات، کە شتی وا نەکات، بەڵام بە قسەی ناکات و، لەسەر فەرمانی ئەتاتورك بە جلی کوردییەوە ئەچێتە پەڕلەمان و رەنجی شەریف پاشا ئەدات بە بادا.
دوای ئەوەی دەوڵەتی کوردی لە کۆنگرەی لۆزاندا لەبار دەبەن، ئینجا حەسەن خەیری بانگ دەکەنە دادگای تورك و بە تاوانی ئەوەی بە جلی کوردییەوە چۆتە پەڕلەمان، سزای لە سێدارەدانی بۆ دەردەکەن. حەسەن خەیری هەرچی جیق و فیقێك ئەکات، سوودی نابێت و بەرەو سیدارەی ئەبەن.
پێش ئەوەی پەتەکە بکەنە ملی پێی دەڵێن: دوا ویستت چییە پێش ئەوەی بمریت؟ ئەویش دەڵێت: با گۆڕەکەم لەسەر رێگای کوردان بێت، بۆ ئەوەی هەر کەس بەوێدا تێپەڕی با تفێك بکاتە سەر گۆڕەکەم. ئینجا پەتەکە دەکەنە ملی و ئەویش هاوار دەکات: هۆۆۆۆۆۆۆۆۆ شیخ سەعید کەرحەسەنیش بووبە شەهید!!!
لەسەر داوی خۆی گۆڕەکەی لە تەنیشت رێگایەکەوە ئەنێژن. برادەرێكی باکوور بۆی گێڕامەوە وتی: هەمیشە گۆڕەکەی وشك نەدەبووە وە، لە تفی کورد. دوای ئەوە دەوڵەتی تورك گۆڕەکەیان دوور خستەوە، بۆ ئەوەی نەبێت بەسەرچاوەی قینی کورد لە دەسەڵاتی تورك.

بۆ کەرحەسەنەکانی ئیستای دژەسەربەخۆیی و، ئەوانەی سەریان تەقەی دێت لە مێژووی خۆیان.

“هۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆ شێخ سەعید، کەرحەسەنیش بوو بە شەهید”

Website | + posts