ئابوری هەر نەوت‌و پارە نیە

 

بەشێوەیەكی گشتی پێناسەی ئابوری لەپەیداكردن و بەكارهێنانی سەرچاوەی ماددی كەپارە لەوانە توخمێكی گرنگە خۆی ئەبینێتەوە لەگەڵ خوێندن و دراسەكردنی زانستیانەی ئەو توخمانەی كەڕۆڵ ئەبینن لەهەیكەلی ئابوری لەبواری جیاجیادا، هەڵبەتە لەگەڵ پێش كەوتنی ژیانی ماددی و كۆمەڵایەتی دا تێ گەیشتنی (مفهوم) ی ئابوری ڕۆڵی ئابوری وەزانستی ئابوریش گۆڕانی بەسەردا دێ، بەڵام ئەوەی بنەمای سەرەكی بێ هەر هەمانە كە لەسەرەوەتاوە ئاماژەی پێ كرا، واتە بەكارهێنانی سەرچاوەی ماددی بۆ بەردەوامی لەژیان وە هەتا پێش پەیدابونی كۆمەڵگای پارە هەر هەمان مانای بوە لەو كاتەوە كەمرۆڤ دەستی بردوە بۆ بەكارهێنانی سەرچاوە مادیە سروشتیەكان تابتوانێ بەرگری لەخۆی بكات و لەژیاندا بمێنێ.

سەرمایەی مرۆیی، توانای تاكەكان، ئیرادەو ئیدارەی دروستی كۆمەڵگا هەمیشە خاڵی سەرەكی بوەو دەبێ لەدروست كردنی ئابوری تەندروست و هاوچەرخ نەك بونی پارەو پەیدابونی لەڕێگەی هەندێ سەرچاوەی سروشتیەوە كەبەتواناو عەقڵ و بیروكاری مرۆڤەكان بەرهەم نەهاتوە وەكو نەوت و گاز و ئاو و كانزاكان.

واتە ئابوری هەر نەوت و سەرچاوە سروشتیەكان‌و پارە نیە، بەڵام پارەی بەرهەم هاتوی زادەی عەقڵ و كارو بیرو كۆششی تاك و كۆمەڵگا ئابوری راستەقینەو پایەدارە. لەهەردوو حاڵەتدا عەقڵ و بیرو دنیا بینی تاك و كۆمەڵ ڕۆڵی هەیە كەچۆن مامەڵە لەگەڵ هەردوو ئاڕاستەی ئابوری و پارەدا بكرێ، وە ئاڕاستەیان بكات بەرەو ئامانجی بەرنامەدانراو.

بۆنمونە زۆر وڵاتی دەوڵەمەندی ئابوری بونیان هەیە لەدنیا كەسەرچاوەی سروشتی وایان نیە كەیەكسەر پارەی لێ بەرهەم بێ و پەیدابێ، وەكو وڵاتانی ڕۆژئاوا و یابان و كۆریای باشور و زۆر وڵاتی تر، بەڵام بەهۆی دەوڵەمەندیان لەسەرچاوەی مرۆیی‌و دنیابینی تایبەتی خۆیان، ئەزمونی كارگێڕیان لەگەڵ سستمی سیاسی و ئابوری توانیویانە كەئابوری و ژێرخانی ئابوری تۆكمەو بەهێزیان هەبێ، كەئەمەش بۆ خۆی بەرهەمهێنەری پارەیە كەلەدواییدا ئەم پارە بەرهەم هاتوە بەرپرسیارانە‌و زانایانە بەكاردێتەوە بۆ باش كردن‌و بەهێزكردنی ئابوری وڵات.

نمونەی تری وڵاتان زۆرە كەتوانیویانە ئابوریەكی نیشتمانی تەندروستیان هەبێ بێ ئەوەی كەنەوت یان پارەی نەختینەیان هەبێ لەڕێگەی فرۆشتنی سامانی سروشتی كەتوركیا ئەشێ نمونەی نزیك بێ.
نمونەی وڵاتانی تریش هەیە كە پارەو نەوتی زۆریان هەیە بەڵام لەژێرخانی ئابوری ئەمەی كە پەیوەندی بەسامانی مرۆیی و ڕۆڵی هێزی كارو توانای ناوخۆ لەئابوریدا لەنزم ترین ئاستایە، نمونەش وڵاتانی نەوتی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەكوردستانیشەوە بۆیە ئەم ئابوریە‌و خۆش گوزەرانیەی كەتیایدا لەسەر پارەی فرۆشتنی نەوت و سامانە سروشتیەكان ڕاوەستابێ نە پایەدارە نە جێگای شانازیە.

لەوڵاتانی دواكەوتوی جیهانی سێهەم لەروی فەرهەنگی و عەقلی داهێنان و سیاسیەوە ئاسانترین ڕێگە كەخۆیان لەفەشەلی شكستی ئابوری و ئیدارە كردنێكی تەندروستانەی وڵات و گەل بدزنەوە، ئەوا پەلاماردانی سامانە سروشتیەكانی وڵاتانی خۆیانە‌و هەراج كردنیانە بەبێگانە تا لەڕێگەی بێگانەوە هەتا دوژمنی وڵاتیشیان بێت هەم فەرمانڕەوایانی فاسدو گەندەڵ پشكی شێر بۆ خۆیان ببەن، هەم هەندێ داهاتی ماوەش پاش گەمەی گەندەڵی بدەن بەگەلەكانیان بۆ دەم داخستنیان نمونەش وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیە بەتایبەت وڵاتانی كەنداو.

توانا، لێهاتویی‌و روی راستی و راستەقینەی وڵاتانی نەوتی جیهانی سێ هەم كاتێ دەرئەكەوێ كە بۆ ماوەیەك داهاتی نەوتیان لێ ببڕدرێ كەهیچیان حاڵیان لەصوماڵ باشتر نابێ، بەڵام وڵاتێكی وەكو نەرویج كەداهاتی نەوتی بەقەدەر داهاتی ئێستای عێراقە بەڵام ساڵانە دەستكاری داهاتی نەوت ناكا چونكە سەرچاوەی تری ئابوری هەیە كەزادەی كارو پیشەسازی و سامانی ترە جگە لەنەوت.

لەجیهانی سێ هەم هێشتا نەوت بەرهەم نەهاتووە واتە لەژێر خاك دەرنەچووە كە دەست كراوە بە فرۆشتن و هەراج كردنی وەك تاكە سەرچاوەی ژیان.

ئەم حاڵەش بارێكی دەرونی زۆر وێرانكەری لەسەر تاكەكان دروست كردووە، كەهەمویان چاویان لەسەر ئەمەیە نەوت چەند هەیە، چەندی فرۆشرا، كێ چەندی لێ دەست كەوت لەژێر سێبەری داهاتی نەوت، وای لێ هاتووە كە خەڵك ئارەزوی كاری نەبێ، هەموی چاوەڕێی داهاتی بەلاشی نەوت بكات.

بەر چەند ڕۆژێ لەیەكێ لەبەرنامەی رادیۆیی لەسەر نەوت و بودجە خۆم گوێ بیستی هاوڵاتیەك بوم كەلەسەر نەبونی موچە ناڕەزایی دەرئەبڕی بەوەی كە مانگانە تەنها (500,000 )پێنج سەد هەزار دینار موچەكەیەتی ئەمەشی پێ نادرێ لەكاتی خۆیدا، بەڵام كەسانی تر هەم لەم وڵاتەشە بەفرۆشتنی نەوت و كۆنترۆڵی بازاڕ بونەتە ملیار دێر.

ئەمە ئەم پەیامە ئەدات كەداهاتی نەوت و سیاسەتی نەوت و سیاسەتی ئابوری بەهۆی بەسستەم نەكردنی كایەكانی ئابوری لەسەر بنەمای نیشتمانی و دادپەروەری لەبری ئەوەی كاریگەری باشیان هەبێ لەسەر ژیان و هەڵوێست و دەرونی خەڵك، بەپێچەوانەوە كاریگەری زۆر خراپیان دروست كردووە لەسەر دەرونی وە هەڵوێستی تاك و ژیانی گشت كۆمەڵ.

كە هەستی دڵسۆزی لەكارا وە هەستی هاوڵاتی بون هاونیشتمانی و هاوخەمی لای تاك تا ئاستێكی ترسناك نزم كردۆتەوە ئەمەش لەڕوی كۆمەڵایەتی دەرونی وە هەتا سیاسی بەخاڵی دەست پێكردنی هەڵوەشانەوەی تاك و كۆمەڵ دائەنرێ.

بۆیە پرسی نەوت لەئێستای كوردستاندا، جگە لەوەی كەبنەماكانی ئابوری راستەقینەی وێران كردووە، هەروەها رەهەندە سیاسی و كۆمەڵایەتی و دەرونی و عەقڵیەتیشی ئاڵۆز كردووە، بەجۆرێ كەڕێگەی چارەسەریشی ئاڵۆز كردووە كەناتوانرێ بەئاسانی وە بەم واقعەی ئێستا هەیە خاڵی سەرەتای چارەسەرەكان دیاری بكرێ.

بۆ چارەسەر، بەرلەوەی درەنگ بێ سیاسەتی نوێ، خەڵكی نوێ، عقڵەیەتی دروست كەرو نوێ لەگەڵ هاوكاری و كۆدەنگی گشتی پێویستە، ئەگەر ئەمە نەگرێ، پرسی نەوت مژدەی خۆشی پێ نابێ نەلەسەر ئاستی ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتیو نە لەسەر ئاستی دەرونی و ئەمەش بەهۆی بەلەبەرچاوگرتنی ناكۆكیە ناوخۆییەكانی كوردستان، عێراق ناوچە و هەتا جیهانیەكان.

واتە نەوت پارە لەسەر وێرانەی ژێر خانی ئابوری و سیاسی و دەرونی و كۆمەڵایەتی نەك هەر نابنە هۆكار بۆ رەونەقی ئابوری بەڵكو ئەشێ ببنە رەنج و ئازار. بۆیە بەدڵنیایی ئەڵێم ئابوری بەرلەوەی لەنەوت و پارە دابێ، لەژێر خانی دروست و تۆكمەی ئابوری، سیاسی، كۆمەڵایەتی ، دەرونی وە پەروەردەی تاكی تەندروست دایە بەهەمو ڕەهەندە پەروەردەیی و دەرونی و سیاسی و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتیەوە.

+ posts