جەنگی سارد نێوان ئەمەریکا و بەریتانیا

د.نیاز حاجی

جەنگی ساردی نێوان ئەمەریکا و رووسیا ساڵانێکی درێژی خایاند ، لەدرێژایی ئەو جەنگەدا ئەمەریکا توانی یەکێتی سوڤیەتی پێشوو ھەڵوەشێنێتەوە و شوێن پێی و نفوزی رووسیای لەزۆر وڵاتدا لاواز بكات!
لەبەرامبەردا بەریتانیا بەخشکەی لەو ماوەیەدا شوێن پێی خۆی لەزۆر وڵاتدا قایم کرد و لەچەند وڵاتێکدا بە شێوازی کودەتا چەند وڵاتێکی لەژێر ھەژمونی ئەمەریکا دەرھێنا کە دیارترینی ئەو کودەتایانە ، کودەتای ساڵی ١٩٧٩ی ئێران بوو کە رەزا شای کردە ئامانج و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی خستە شوێنی .

ئەوەی لێرەدا مەبەستمە باسی بکەم پەیوەستە بە وڵاتانی رۆژ ھەڵاتی ناوەراست .
وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراست بەھۆی بوونی سەرچاوەیەکی وزەی زۆر لە نەوت و غاز و پێگەجوگرافیەکەی ، ھەروەھا بوونی شەر و ململانێ زۆر تێیاندا ، بونەتە سەرچاوەیەکی گەورەی وزە و ساغکردنەوەی چەک ، ئەمە وای کردووە زلھێزان بەردەوام لەململانێدابن تێیدا .
لە ساڵی ١٩٢١ەوە تاکو ئێستا بەریتانیا ناراستەوخۆ حوکمی عێراق دەکات و جێ نفوزی ئەو وڵاتەیە جا مەلەکی بووبێت یان جمھوری ، بەعس حوکمی کردبێ یان حزبی دەعوە.
سەبارەت بە ئێرانیش ، لەدوای کودەتای ساڵی ١٩٧٩وە ، بەریتانیا توانی ئەو وڵاتە لەژێر ھەژمونی ئەمەریکا دەرھێنێت و بیکاتە وڵاتێکی ژێرھەژمونی خۆی .
روداوەکانی بەھاری عەرەبی و دەرکەوتن و بەھێزبوونی داعش ، جۆرێکی تر بوو لە یاری بەریتانیا بۆ وەرگرتنی بەشێکی تر لەوڵاتانی ژێر ھەژموونی ئەمەریکا و فەرەنسا لەناوچەکەدا .

پێویستە ئەم بابەتە باشتر رونتر بکەینەوە ….
وڵاتانی کەنداو ، جێ ھەژمونی ئەمەریکا بوون ، بەھۆی کودەتایەک ، بەریتانیا توانی قەتەڕ لە ژێر ھەژمونی ئەمەریکا دەربھێنێت ، لەرێی عێراقیشەوە ویستی لەکوێت ھەمان سیناریۆ دوبارە بکاتەوە بەڵام ئەمەریکا بەھێزی سەربازی ئەو سیناریۆیەی شکست پێ ھێنا ، بەریتانیا بۆ ئەوەی ئەو گومانانە لەسەر خۆی بڕەوێنێتەوە بەشداری لە پرۆسەی روخانی عێراقدا کرد ، بەڵام لە ژێرەوە بەدیلەکەی حکومەتی بەعسی ئامادەکردبوو کە ئەوەی دەبێتە شوێنگرەوەی بەعس کە حزبی دەعوەیە ھەر لە چوارچێوەی ھەژمونی خۆی دابێت .
دەتوانین بڵێین ، بەریتانیا لەو وڵاتانەی کە لەژێر ھەژموونی خۆیدان ، ئۆپۆزسیۆنیشی ھەر لەناو منداڵدانی خۆی بۆی دروستکردوون ، بۆئەی ئەگەر ئەو وڵاتانە روخان یان ھەر کاتێک ئیکسپایەر دەبن ، ئەوەی دروستی کردووە دەبێتە شوێنگرەوەیان و ھەر ھی خۆی بن .
ئیخوان و تەواوی بزوتنەوەکانی ئیسلامی سیاسی لە ناو پێکھاتەی سوننە و حزبی دەعوە و گروپە میلیشیایتەکانی تری ناو پێکھاتەی شیعە و بزوتنەوە چەپەکان ، ھەر ھەمویان لە ناو منداڵدانی بەریتانیا لەدایکبوون ، کراون بە ئۆپۆزسیۆن و ئەلتەرناتیڤی وڵاتانی ناوچەکە .
کەواتە بەریتانیا لە رابردوو بە دوو پاکێج لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ھەڵسوکەوتی کردووە ، ئەو وڵاتانەی لەناو سەبەتەی خۆیدان ، ھەروەھا ئەو وڵاتانەی کە لە ناو سەبەتەی خۆیدا نین .
بۆ ھەردوو سەبەتە جۆرێک لە ئۆپۆزسیۆبی ئیسلامی جا ئیخوانی بن یان شیعی یان بزوتنەوە چەپە و عەلمانیەکانی بۆ دروست کردوون !
لەبەر ئەوەی زۆربەی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراست بەدەسەڵاتی دیکتاتۆری بەڕێوە دەبرێن بۆیە لە ئەگەری کودەتا و راپەڕین و ئیکسپایەربونیان ، ئەلتەرناتیڤی ئامادەکراوی بۆ داناون وەک شوێنگرەوە ، بەشێوەیەکێش کاری کردووە لە ژێرەوە کە ئەو ئەلتەرناتیڤانە، ئەمەریکا و زلھێزەکانی تر بە ھاوپەیمانی خۆیانیان بزانن و بگرە ھاوکاری و پشتگیری ئەوانیشیان بەدەست ھێناوە ، نمونەی ئینقیلابی ئێران و روخانی رژێمی بەعس لە عێراق ، پێشتر وا دەزانرا کە خومەینی لە ژێر ھەژمونی فەرەنسا دایە بەڵام دواتر وا دەرنەچوو ، بۆ عێراقیش ھەروەھا ، سەرەرای ئەوەی کە تەواوی کابینەکانی دوای روخانی رژێمی بەعس ، ئەمەریکا پێی وا بووە کە لەژێر ھەژمونی ئەودان ، کەچی دوای دەست بەکاربونیان بە پشتگیری خودی ئەمەریکا ، وا دەر نەچوون ، لەم کابینەی ئێستای عبدالمھدییش ھەرچەندە ناوبراو خۆی رەگەزنامەی فەرەنسای ھەیە بەڵام ئەگەر زۆرە ھەمان بابەتی ساڵی ١٩٧٩ی ئێران ھاوشێوەی خومەینی دوبارە بکاتەوە !

دەسەڵاتی کەمالیستەکان لە تورکیا بەرەو ئیکسپایەر بوون دەرۆیشت ، ئەلتەرناتیڤەکەی حزبێکی ئیخوانی ئیسلامی بوو ئێستا لەدەسەڵاتە .

لە عێراق حزبی بەعس لە دەسەڵات بوو بەھۆی ھەڵەی کوێتەوە تۆشی لەرزین ھات ، ئەلتەرناتیڤەکەی حزبی دەعوە و کۆمەڵیک سەرکردەی خاوەن رەگەزنامەی بەریتانی بوو .
سەرۆکایەتی کۆمار ، ھەرکەس لەوێ بووە خاوەن رەگەزنامەی بەریتانی بووە ، سەرۆکی پەڕلەمان ئیخوانی بوو ، سەرۆکی حکومەت حزبی دەعوە بووە !
سەبارەت بە وڵاتی تورکیا و قەتەڕیش حوکمەکەی ئێستایان ئیخوانیە.

بەریتانیا بەھۆی بەھاری عەرەبیەوە توانی تونس و لیبیا لە فەرەنسا وەربگرێتەوە ، دواتر میصریش لە ئەمەریکا وەربگیرێتەوە ، لە ھەرسێ وڵات ، حوکمی ئەلتەرناتیڤی ئیخوانی دەسەڵاتیان گرتە دەست کە ئەو سێ وڵاتەش کەوتنە ناو سەبەتەی بەریتانیاوە ،
بەڵام ئەمەریکا بەھۆی کودەتای عبدالفتاح سیسیەوە توانی بیخاتەوە ناو سەبەتەی خۆی ، فەرنساش توانی تونس وەربگرێتەوە و قائد سبسی گێرایەوە ، لیبیاش لە ئانوساتی گەرانەوەیەتی بۆ ناو سەلەی فەرەنسا.
ھاوشێوەی میسر و قەتەڕ ، بەڵام ئەمجارەیان ئەمەریکا ، سێ ساڵ پێش ئێستا ویستی بە کودەتا تورکیا بخاتە ناو سەبەتەی خۆی بەڵام شکستی ھێنا !

ئەمەریکا و فەرەنسا و رووسیا لەو شێوازەی کاری بەریتانیا شارەزابوونە بۆیە ئەوەی ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێ ، بەرپاکردنی شەڕێکی ساردی ناراستەوخۆیە لەگەڵ بەریتانیا .
ئەو شەرەساردە ھەمان ئەو گۆڕەپانانەی گرتۆتەوە کە وەکیلەکانی بەریتانیای لێیە !
تڕەمپ راستە جەوھەری ستراتیژەکەی بریتیە لە روبەروبونەوەی ئێران ، بەڵام بیرمان نەچێ ، ئەو شەڕی ئیسلامی سیاسی دەکات بەھەردوو باڵە سونی و شیعیەکەیەوە .
ئێستا ئەمەریکا شەری ئیخوان بە سعودیە و محمدی کوڕی سەلمان دەکات ، ھەر دوای دەستبەکاربوونی ناوبراو ، زۆربەی سەرکردەکانی ئیخوانی لە سعودیە لەشەوێکدا لەژێر بیانوی گەندەڵیدا دەستگیرکران و ئیفلاسی بە زۆربەیان کرد ، کوشتنی جەمال خاشوقچیش لەو چوارچێوەیەدایە کە یەکێکە لە یاریکەرە چالاکەکانی ئیخوان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ، بابەتی سزاکانی ئەمەریکا بۆسەر تورکیا و کێشەی قەشەکە ، ئەویش لە چوارچێوەی ئەم شەڕەی ئیخواندایە !
لە سوریا و یەمەن و لیبیاش ئێستا ھەمان بنەما کاری بۆ دەکرێ بە پارەی سعودیە و محمد بن سەلمان.

ئەمەریکا پێی وایە ئەگەر وەکیلەکانی بەریتانیا لەو وڵاتانە لاوازبکات ئەوا ئەلتەرناتیڤ و ھەژمونی بەریتانیا لەو وڵاتانە کۆتایی پێ دەھێنێ ، بۆ ئەم مەبەستە یەکێک لە دەستەراستەکانی تڕەمپ محمد بن سەلمانە !
ئێران و قەتەڕ و تورکیا و حزبە ئیخوانی و دەعوەییەکانی شیعە و سوننە و چەپەکان و میلیشیاکانی سەر بەو سێ پێکھاتەیە لە چوارچێوەی ئەو بەرنامە ھاوبەشەی ئەمەریکا و فەرەنسا و رووسیا دان و لە سەر بنەمای ئەو جەنگە ساردو ناراستەوخۆیەی نێوان ئەوان و بەریتانیا دایە .
بەریتانیا بەو وڵات و گروپ و حزبانە شەڕی مانەوەی نەخشەی سایکسپیکو دەکات و ھەوڵیداوە ھەژمونی خۆی فراوانتر بکات و لۆبیەکی بەھێزی میدیایی بۆ فەراھەم کردووە ھاوکار بە لەشکرێک سیخوڕ و خاوەن رەگەزنامەی وڵاتەکەی.

ئەگەر تڕەمپ و حزبی کۆماریەکان بۆ چوار ساڵی تر لە ئەمەریکا ھەڵبژێردرێنەوە ، ئەوا لەم جەنگەدا دەتوانن ھەنگاوی باش لەدژی بەریتانیا بچنە پێشەوە ، ئەگەر دیموکراتەکان ھەڵبژێرێردرێن ئەوا ئەم ھەنگاوە کێشەی گەورەی بۆ دروست دەبێت و دەوەستێت !

تێبینی /
پێش دوو ساڵ وەک یەکەم نوسەر دەستەواژەی جەنگی ساردی نێوان ئەمەریکا و بەریتانیام بەکارھێناوە پێش ھەموو کەس .
ئەم بابەتە دەتوانرێ چەندین کتێب و توێژینەوەی لەسەر ئامادەبکرێ من لێرەدا زۆر بەکورتی خستومەتە بەردەستی بەرێزتان.

Website | + posts