ژەنەراڵ شەریف پاشا کێ بوو؟

ژەنەراڵ شەریف پاشا (١٨٦٥-١٩٤٥) ژەنەراڵی سوپای عوسمانی و سیاستوانی چالاک و نوێنەری گەلی کورد بوو لە پەیمانی سیڤەردا.

ناوی محەممەد، کوڕی سەعید پاشای کوڕی حسێن پاشای کوڕی ئەحمەد ئاغای خەندانە. لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، لە سەردەمی عوسمانیدا، باوکی گەلێ‌ پلە و پایەی گەورەی پێ ‌سپێردراوە و بنەماڵەی خەندان ھاوکارێکی نزیکی پاشاکانی بابان بوونە و دوای کۆتایی ھاتنی دەستەڵاتی بابانەکان، لە نێوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا سەعید پاشا چۆتە ئەستەمبوڵ. شەریف پاشا کە ھاوپۆلی شێخ محمود بەرزنجی بووە لە حوجرەکەی خواجە ئەفەندیدا، لە ئەستەمبوڵ درێژە بەخوێندن دەدات و لەوێ‌ ئیتاڵی و فرەنسی و یۆنانی فێر دەبێت. ساڵی ١٨٨٥ دەچێتە پاریس و خوێندنی عەسکەری تەواو دەکات و دەبێ‌ بە ژەنەراڵ.
ساڵی ١٨٩٨ دەکرێتە باڵوێزی دەوڵەتی عوسمانی لە سوید و ماوەی ١٠ ساڵ لەو پۆستەدا ماوەتەوە. لە سەرەتای دامەزراندنی ڕێکخراوی «ئیتحاد و تەرەقیی تورکی»یەوە پەیوەندی لەگەڵ گەلێک لە سەرانی ئەو ڕێکخراوەدا ھەبووە، بەڵام پاش ڕووخاندنی دەوڵەتی عوسمانی ئیتحاد و تەرەقی لە ڕێبازی خۆی لایدا و ھیچ بایەخێکی بە ڕەگەز و نەتەوەکانی تر نەدا، ئەم ھەڵوێستەش وای لە شەریف پاشا کرد لە ڕێکخراوەکە دوور بکەوێتەوە و دژایەتیشی کردن. ساڵی ١٩٠٨ دەگەڕێتەوە ئەستەمبوڵ و لەگەڵ ئەمین عالی بەدرخان و شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری (شەمزینی)دا کۆمەڵەی تەعالی و تەرەقیی کورد دادەمەزرێنێت. لێرەوە کەسایەتی شەریف پاشا وەک سیاسەتمەدارێکی کورد دەردەکەوێت. لەسەر ئەم ھەڵوێستە ئیتیحادییەکان پشتی تێ‌ دەکەن و ھیچ پۆستێکی ئیداری نادەنێ‌.
ساڵی ١٩٠٩ لە پاریس حزبی ڕادیکالی عوسمانلی دادەمەزرێنێت و ھەر ھەمان ساڵیش گۆڤاری «مەشرووتییەت» لە پاریس دەردەکات. ئەم گۆڤارە، ئەوەی ٥٥ ژمارەی لێ‌ دەرچووە، بانگەواز بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی دەستووری پەرلەمانی دەکات لەو بیروباوەڕەی شەریف پاشاوە سەرچاوەی گرتووە کە مافی ھەموو نەتەوە و کۆمەڵەیەکی ژێر دەستە تەنیا لە دەوڵەتێکی دیمۆکرات و دەستووریدا پارێزراوە.

ساڵی ١٩١٢ لەگەڵ شێخ عەبدولقادری کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری بە تاوانی کوشتنی سەدری ئەعزەم فەرمانی لە سێدارەدانی دراوە، بەڵام ھەڵھاتووە و چووەتە میرنشینی مۆناکۆ.

ساڵانی شەڕی یەکەمی جیهانیی شەریف پاشا چالاکییەکی ئەوتۆی نەنواند و خۆی بۆ ڕووداوەکانی پاش شەڕ ئامادە کرد بەو ھیوایەی بتوانێ‌ لە بارودۆخێکی گونجاوتردا داکۆکی لە مافی نەتەوەکەی بکات. لە کۆتایی حوزەیرانی ساڵی ١٩١٨ دا لە شاری مارسیل چاوی بە سێرپێرسی کۆکس کەوت و داوای لێ‌ کرد وەک کاربەدەستێکی حکوومەتی بریتانیا چارەنووسی نەتەوەی کورد پشت گوێ‌ نەخات.
گەورەترین چالاکیی سیاسی شەریف پاشا لە مانگی ئازاری ١٩١٩دا دەرکەوت، ئەو کاتەی کە بە ناوی نوێنەرێکی متمانە پێ‌ بەخشراوی کورد و شێخ مەحمودەوە یاداشتێکی پێشکەشی کۆنگرەی ئاشتی پاریس کرد و نەخشەی کوردستانی گەورەی کرد بە پاشکۆی یاداشتەکەی و داوای کرد دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد دابمەزرێ‌. بەھۆی یاداشتنامەکەیەوە ھاوپەیمانان ناوی کوردیان خستە بەندەکانی ٦٢ و ٦٣ و ٦٤ی پەیمانی سێڤەرەوە کە مانگی ئابی ساڵی ١٩٢٠ پەسەند کرا. سێ‌ ساڵ پاش ئەوە و لە کۆنفرانسی لۆزاندا ھەموو ئاواتەکانی شەریف پاشا ھەرەسیان ھێنا و کارێکی خراپیان کردە سەر باری دەروونیی.
لە کۆتایی ساڵی ١٩٤٥دا لە شاری ناپۆلی لە ئیتالیا کۆچی دوایی کرد، پێش مەرگی وەسیەتی کردبوو تەرمەکەی بسووتێنن و خۆڵەمێشەکەی بکەنە ناو دەریاوە، چونکە خۆی بە بێوڵات ئەزانی، بەڵام ئاواتەکەیان بەجێ نەھێناو تەرمەکەی گوێزرایەوە بۆ قاهیرە لەگۆڕستانی خدێوییەکان نێژراوە.
ــــــــــــــــــــــــــ
سڵاو لە گیانی شەریف پاشا و هەزارانی وەکوو شەریف پاشا کە هەموو ژیان و تەمەنی خۆیان لە ڕێی خزمەت و ئازادی و سەربەستی نەتەوەکەیاندا تەرخان کرد و هەزاران تف و لەعنەتیش لەو خۆفرۆش و دڕک و داڵانەش کە هەمیشە بوونەتە کۆسپێک لە ئاست سەربەستی نەتەوەکەیاندا.

Website | + posts