زمانی لەکی و تۆمارکردنی شێوەزاری لەکی وەکوو زمان لە ئێراندا


(سیاست تفرقە بیانداز و حکومت کن)

عیرفان ساعیدپەنا

لەو دابەشکارییانە کە بۆ بە ناو زمانە ئێرانییەکان کراون، زمانی کوردی لەگەڵ زمانەکانی مازەندەرانی، گیلەکی، تاڵشی و … لقێکە لە زمانە ئێرانییەکانی باکووری ڕۆژاوا. هەر کام لە زاراوەکانی کرمانجی سەروو، کوردیی نێوەڕاست، هەورامی، زازاکی، کوردیی باشووری( کەلهوڕی و لەکی)ش وەکوو بەشێک لە زمانی کوردی دەناسرێن (هەر چەند کە گومانیان خستووەتە سەر زاراوەی لوڕی و هەر تاوێ دابەشکارییەکی بۆ دەکەن) کەچی ئەو دابەشکارییانە کەمتر دەستی کوردی تێدا بووە و بەش بە حاڵی خۆم نە زمانی کوردی بە زمانێکی ئێرانی دەزانم نەش لە بنەڕەتدا دەستەواژەی بنەماڵەی زمانە ئێرانییەکان بە دروست دەزانم کە هەڵبەت لێرەدا جێی باسی نییە!
بۆ جیاکردنەوەی دوو زمان چەند خاڵێک دەبێ لە بەر چاو بگیردرێ، لەوانە: زۆربەی وشە و ڕێزمانیان لێک جودا بن، چەندین فۆنیمی سەربەخۆ و جودایان هەبێت و ئاخێوەرانیان لێک تێنەگەن! بەڵام ئەگەر تەنیا بێین و لەکی و کەلهوڕی پێکەوە بەراورد بکەین دەبینین کە زۆرتر لە سەدا نەوەدی وشە و ڕێزمان و فۆنیمیان یەکێکە و ئاخێوەرانیشیان بە ئاسانی لێک تێدەگەن.
جا پرسیار ئەوەیە کە چۆن بەرپرسانی ئێرانی لەکی بە زمانێکی سەربەخۆ دەناسێنن و هوکارەکانی ئەم کارە چین؟ چۆنە کە زمانی کوردی بە زۆر بە زمان دەناسێنن بەڵام هەر تاوێ، لقێک لە زمانی کوردی بە زمانێکی سەربەخۆ ناس دەکەن؟ ئەوە چۆنە کە ڕێگە نادرێ دوو بۆنە و مەراسم لەسەر زمانی یەکگرتووی کوردی دابنرێ، بەڵام هاوکاری دانانی پۆلی فێرکاریی بۆ زاراوەکانی زمانی کوردی دەکەن؟ ئەمە دڵسۆزییە یان پەرەپێدان بە ئاسیمیلاسیۆنێکی زیرەکانە؟ ئەمە چەندبەرەکی نانەوەیە یان دڵسۆزی کە لە هەر ناوچەیەکی کوردستان پەرە بە زاراوە و ئایینی ئەو ناوچەیە ئەدەن؟ ئەرێ بۆچی بۆ ئەسفەهان و شیراز وا ناکەن؟ ئەوە چۆنە کە هەموو ئێرانییەکان، ئێرانین(فارسن!) بەڵام کە دەگەنە کوردستان، کورد دەبێتە سونە، شیعە، ئەهلی حەق، کرمانج، هەورامی، سۆرانی و …؟ یان ڕەنگە وەکوو چەپە ئینسانگەرا کوردەکانی ئێمە!!! دەیانەوێ کورستانێکی هەزارپارچەی خۆبەڕێوەبەرمان بۆ درووست بکەن؟ لە وەڵام و کۆتاییدا بە قسەیەکی فرووغی کە یەکێ لە دامەزرێنەرانی دەوڵەتی فاشیستی پاڵەوی بووە قوتار دەکەم، فرووغی لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسێکی ئەو کاتەی تورکیا دەنووسێ: ئێوە هەڵە دەکەن کە دەتانەوێ کورد بە زەبری شەڕ و بە جەستە لە ناو ببەن، چونکە پێتان ناکرێ، وەکوو ئێمە زمانی خۆش و سیاسەت بە کار بهێنن!!

“”

Website | + posts