لە ئێستا دا چ بکەین بۆ ئەوەی شەرمەزاری مێژووی خۆمان نەبینەوە؟

 

قادر وریا
١٩/١٠/٢٠١٩
جارێکی دیکەش وەک کورد، ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە ئەوەی نابێ پشتی بێبەستین، دەوڵەتانی دیکە بە تایبەتی زلهیزەکانن. چونکە بە هاسانی ئامادەن بۆ بەرژەوەندێکی بچووکی سیاسی و ئابووریی خۆیان، چارەنووسی نەتەوەیەک بکەنە قوربانی. بەڵام بیروڕای گشتی خەڵکی وڵاتانی ڕۆژاوایی، میدیاکانیان، بزووتنەوە سیاسی و کۆمەلایەتییەکانیان، ڕێکخراوە مەدەنییەکانیان، کەسایەتییە مرۆڤدۆستەکانیان، ئەخلاق و بەرپرسیارەتی و پرەنسیپیان هەیە و لە پشتیوانی لە خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد‌دا، زۆر لە دەولەتەکانیان ڕاستگۆتر و شێلگیرترن. کاریگەرییشیان لە سەر ناوەندە سیاسییەکانی خۆیان هەیە.
چۆن دەتوانین سەرنجی ئەم بەردەنگە گرنگانە بۆ لای چارەنووسی لە مەترسیی کەوتووی نەتەوەکەمان لە ڕۆژاڤای کوردستان ڕابکێشین و هانایان بۆ بەرین کە نەهێڵن نیازە چەپەڵەکانی ئۆردووغان وموعامەلەی ترامپی بازرگان بە چارەنووسی کوردەوە، سەر بگرێ؟ خۆڕاگری لە مەیدانی شەڕ، لە شەڕێکی لە هەموو بارێکەوە نابەرامبەر و پڕ تێچووی ئینسانی لە زیانی کورد، ئەگەر چی لە پێشەوەی هەموو هۆکارێکی دیکەوەیە، بەڵام ئەوەش سنوورێکی هەیە. دەمێنێتەوە١: – خرۆشان و لە سەرشەقامبوونی کوردستانیان لە هەموو پارچەکان و لە دەرەوەی وڵات بە پشتیوانی لەخەڵکی ڕۆژاڤای کوردستان، ٢- بە دۆکیۆمێنت کردنی تاوانەکانی هێرشی داگیرکەرانەی سوپای تورک و بەکرێگیراوە هاوپەیمانەکانیان.
کوشتاری ژن و منداڵ، بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو تەنانەت لە دژی خەڵکی سڤیل، دەست نەپاراستن لە وێرانیی شار و ماڵی خەڵک، نەخۆشخانە، قوتابخانە ، مزگەوت، پرد و کانی و ڕێگا و بان و …، ئاوارەکردنی سەدان هەزار پیر و ژن و منداڵ لە زێد و سەرزەویی خۆیان، هەوڵی گۆڕینی دێمۆگرافیی ناوچەکە و نیشتەجێکردنی خەڵکێکی دیکە لە سەر خاک و ماڵ و حاڵیان، تاوانی دڕندانەی هێزی هێرشکەر بەرامبەر خەڵک و تاڵان و ڕاوڕووتیان، لەو بابەتانەن ئەگەر بە دۆکیۆمێنت بکرێن، و بخرێنە بەر سەرنجی بەردەنگە ئاماژە پێدراوەکان، دەتوانن زۆرترین کاریگەرییان هەبێ. گرنگ ئەوەیە چەند تیم یا گرووپی خۆبەخش لە میدیاکاران، پێک بێن و قۆڵی هیممەت هەڵماڵن. لەو فیلم و وێنە و ڤیدیۆ و راپۆرتانەی لە تۆرە کۆمەلایەتییەکان و میدیا کوردیییەکان بڵاو دەبنەوە، دۆکیۆمێنتی کورت، بە ڕوونکردنەوە و ژێرنووس بە زمانی جۆراوجۆر ئامادە بکەن و بیگەیەننە بەردەنگی خۆیان.
ئێمەی کورد ئەگەر دەولەت و فڕۆکەی شەڕکەر و سوپای تەیار بە چەکی مودێڕن و بانک و دام و دەزگای دەوڵەتانمان نیە، خۆ هێزی مرۆیی زۆر و، ئینسانی خاوەن هیممەت و شارەزایی جۆراوجۆرمان هەیە. ئەگەر لەمڕۆ و لەم ساتەوەختە مێژووییەدا بە هەموو توانامانەوە وەخۆ نەکەوین و، ئەوەی لە دەستمان دێ نەیکەین، مێژوو سەبارەت بە کەمتەرخەمیمان لە ئاست ئەو چارەنووسەی لە ڕۆژاڤای کوردستان خەریکە تووشی نەتەوەکەمان دەبێتەوە، لێمان نابوورێ. پێم خۆشە ئێوەی دڵسۆز و بێ ئۆقرەی ئەم دۆخە، بە پێشنیار و سەرنجی خۆتان ئەمم جۆرە فکر و بیرۆکانە دەولەمەند بکەن و کاروانەکە بخەنە ڕێ.

Website | + posts