ئەو مامۆستایەی بەردەوام فەخرمان پێ دەفرۆشێ

رەزا عەلیپوور

شاعیر و نووسەری کورد

ئەو مامۆستایەی بەردەوام فەخرمان پێ دەفرۆشێ
وڵامێکی کورت بۆ دوکتور بەختیار سەجادی، نووسەری وتاری «ئاوڕێکی خێرا لە نووسەرانی ژورنالیست و ژورنالیزمی دەبەنگ»

روونکردنەوە: ئەم دەقە دەمێکە ئامادە کراوە، بەڵام بەداخەوە بە هۆی راوەستانی کاتیی چاپی حەوتەنامەی دەنگی کوردستان، لەبەر کێشەی ئابووری، نەکرا چاپ بکرێت، بۆیە بە ناچاری لە کاناڵی تێلگرامی تایبەتی ئەم حەوتە نامەیە بڵاو دەکرێتەوە.

ئەفلاتوون لە کتێبی “کۆمار”دا دەڵێ: باشتر وایە قسەیەک بکرێ کە قازانجی بۆ من و بۆ تۆ هەبێت .قسەیەک کە قازانجی بۆ هیچ لایەک نییە، وەگەڕ خستنی بێ مانایە. واتە باسێ کە هیچ سوودێکی بۆ هیچ لایەنێک نەبێ تەنیا سەرئێشەی بەدواوەیە و مایە پووچە. لە ماوەی ئەخیردا یەکێک لە مامۆستایانی زانکۆی کوردستان وتارێکی ٥١ لاپەڕەیی لە ژێر ناوی «ئاوڕێکی خێرا لە نووسەرانی ژورنالیست و ژورنالیزمی دەبەنگ» نووسیوە کە گوایە لە وڵامی وتارێکی کاک «ڕەزا عەلی پوور» دایە بە ناوی «ئەو کەسەی شەمەندەفەرەکانی ئەزبەر بوو» کە پێشتر لە حەوتەنامەی دەنگی کوردستان دا بڵاو کراوەتەوە. نووسەر بە بێ تەنانەت یەک جاریش ناو هێنان لە دەنگی کوردستان زیاتر لە بیست لاپەڕەی بۆ هێرشکردنە سەر رۆژنامەوانی کوردی و بە تایبەت دەنگی کوردستان تەرخان کردوە.

ئەو مامۆستایە بێ ئەوەی ئاوڕێکی جیددی لە ناوەڕۆکی وتارەکەی بەڕێز عەلی پوور بداتەوە و هەوڵی وڵامدانەوە یا روونکردنەوەی ئەو وتارە بدات، کە لە راستیدا وتارێکی ڕەخنە گرانە یە لە سەر وتارێکی پێشتری جەنابیان کە خوێندنەوەیێکە بۆ رۆمانی «ژیانه وە بە کاتی سیروان»ی کاک مەنسوور تەیفوری ،کەچی باسەکەی باداوەتەوە سەر هەندێ بابەتی لاوەکی و کەسەک و هەروەها بێ رێزی بە رۆژنامەگەری کوردی لە رۆژهەڵات و بەتایبەت بە حەوتەنامەی دەنگی کوردستان!
بەداخەوە نووسەر لەو وتارە دا دەیان قسەی سووک و ناشیرینی بەسەر زۆر کەس و لایەندا بەخشیوەتەوە کە لەم نێوەدا دەنگی کوردستان پشکی شێری بەرکەوتوە، ئەوەش تەنیا بە تاوانی ئەوەی کە لەوپەڕی بێ لایەنیدا ،وتارێکی رەخنەگرانەی لە سەر وتارێکی جەنابیان بڵاو کردوەتەوە! ئەوە لە کاتێکدایە کە دەنگی کوردستان بەردەوام ئامادەیی خۆی بۆ چاپی وڵامی جەنابیان یا هەرکەسێکی دیکە، دەربڕیوە و هەر لەو بوارەدا و لە ماوەی کورتی وەشانی خۆیدا، درگای چەندین باس و رەخنە و دیالۆگی لە نێو نووسەرانی کورددا کردوەتەوە، بەڵام هیچکەس بەم شێوەیە هەڵسووکەوتی نەکردوە! سەیر له وەدایە نووسەر سەرلە بەری نووسراوە درێژەکەی پڕە کردوە لە فەخرکردن بە ئەخلاق و متۆدی ئاکادمیک و تاوانبارکردنی خەڵک بە نەبوونی و دەرک پێ نەکردنیان!
هەندێ قسە و باس لەو وتارەدا بە ڕادەیەک ناشیرین و لاوەکیە کە بە راستی شیاوی وڵامدانەوە و روونکردنەوە نین، هەر بۆیە دەنگی کوردستان خۆی لەو چەشنە قسە و باسانە دوور دەگرێت و هەوڵ دەدات نەکەوێتە داوی باسە لاوەکیەکان و دابەزین بۆ ئاستی قسە و باسە نزمەکان، تەنیا بە پێ پێویست هەوڵ دەدرێت هەندێ تێبینی لەسەر ئەو هێرشە ناڕەوایە بخرێتە بەرچاو .
سەرەتا پێویستە بوترێ هێرش کردنە سەر ڕۆژنامە کوردییەکان و بێ ڕێزی کردن لەلایەن ئەو مامۆستایەوە لە کاتێکدایە کە بەشێک لە ڕۆژنامەنووس و ڕۆژنامەكان لە ژێر گوشار و مەترسیدان و بەردەوام گوشار هەیە کە میدیا کوردییە سەربەخۆەکان سنووردار بکرێن و كەمیش نین ئەو ڕۆژنامەوانانەی لە ساڵانی پێشووەوە تا ئێستە باجی بەرگری لە ئازادیی ڕا دەربڕین و هەوڵدان بۆ دەوڵەمەندترکردنی رۆژنامەوانی کوردیان داوە .
ئەو مامۆستایەی کە بەردەوام خۆی وەک نووسەرێکی سەر بە پارادایمی زانستی و ئاکادمیک دەناسێنێ و زۆریش فەخری پێوە دەکات، لە سەرانسەری ئەو وتارە دوور و درێژەیدا هیچ بەڵگە و فاکتێکی بۆ سەلماندنی بانگەشە و قسە رەقەکانی نەهێناوەتەوە و باسەکەی بۆ ئاستێکی نزمی کەسەکی و هەندێ مەفرووزاتدابەزاندوە.
دیارە تەنیا تاوانی حەوتەنامەی دەنگی کوردستان ئەوەیە کە لەسەر ئەرکی خۆی هەوڵی داوە وتاری نووسەرانی کورد بڵاو بکاتەوە و ببێتە مەکۆیەک بۆ بەرهەمهێنانی بیر و هزر و هەروەها سازانی دیالۆگ و مومارەسەی دیموکراسی و ڕەخنەگرتن، ئەم دەرفەتەش بۆ هەموو کەس پارێزراوە، بەڵام ناوبراو بە جێگەی ئەوەی کە بە شێوەی پییشەییانە وڵامەکەی بۆ دەنگی کوردستان بنێرێت، کە ڕەخنەی لەسەر چاپکردوە، کەچی له ژوورێکی تلێگرامی بڵاوی کردوەتەوە.
لانیکەم تا ئەو جێگەی بۆ دەنگی کوردستان دەگەرێتەوە وتاری ناوبراو لێوانلێوە لە وەهم و بەهەڵەداچوون، بۆ نموونە لە بەشک لە وتارەکەیدا خۆی وەک «ماسیەکی گەوەر» ئەبینێت کە گوایە ئەو حەوتەنامەیە «بە نەخشەسازییەکی زەقەوە هەستاوە بە بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتە» و دەیەوێ بیاخاتە تۆڕەوە!مامۆستا پێیوایە نووسەری تاقانەی کوردستانە و حەوتەنامەی دەنگی کوردستان هەموو هەڵسووکەوتێکی ئەوی وەک سلێبرێتی لە ژێر چاودێریدایە، بێ ئاگا لەوەی کە دەنگی کوردستان لە ماوەی ٢ ساڵ چالاکیی خۆیدا پتر لە ٢٠٠ نووسەر و قەڵەم بەدەست، هاوکاریان کردوە کە زۆربەیان نووسەری جیددی و پسپۆڕ و هەڵگری پلەی دوکتوران.
نووسەر لە شوێنێکی دیکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە گوایە دەنگی کوردستان ناوچەگەرایە! ئەوە لە کاتێک دایە چاوخشاندنێکی سادە بە لاپەڕەکانی دەنگی کوردستان دا بە روونی ئەوە دەر دەخات کە، سەدان وتار و ڕاپۆڕت لە نووسەران و چالاکانی کورد و لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و تەنانەت دەروەش، بە دیسکۆرسی جیاوازەوە بڵاو کراوەتەوە. دەنگی کوردستان زیاتر لە هەر رۆژنامەیێکی دیکە دوور بووە لە ناوچەگرایی. بۆ ئاگاداری نووسەر؛ دەنگی کوردستان لە ئیلام و مەهاباد زۆرترین خۆێنەری هەیە.
نووسەر هەر لە دەسپێکی ئەو “گرێ نامە” دوور و درێژەدا لەبەر بێ بنەمایی و لاوازیی وتارەکەی پەنا دەباتە بەر هەڵسووکەوتی پۆپۆلیستیانە و خۆی بە رووداوی ١٦ی ئۆکتوبر و باسی کەرکووکەوە هەڵدەواسێت!
بەمجۆرە خۆی لێماندەکاتە خەمخۆری کورد و کوردستان، لەم بارەوە تەنیا ئەوە ئەڵین کە ئەگەرچی حاشاهەڵنەگرە کە بەرێزیان لە زۆر بوار و شوێندا ئیشیان کردوە، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت دوو دێڕی لەسەر کێشەی کورد نەنووسیوە.
ناوبراو یان بێ ئاگایە، یان نایەوێ دان بەوەدا بنێ کە دەنگی کوردستان تەنیا حەوتەنامەیەک بووە کە لە کاتی گشتپرسیی باشووری کوردستان، لاپەڕەی یەکەمی تەرخان کردوە بۆ ئەو پرسە گرینگە و باجەکەشی داوە. لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە مامۆستا لەو کاتە هەستیارەدا کە کوردستان لە بەردەم مەترسییەکی گەورەدا بوو چ هەڵویستێکی کرداری و سیاسیانە و رۆشنبیرانە و زانکۆییانەی بەرانبەر بەم کارەساتە و دەیان رووداوی دیکەی ئەم دیو و ئەودیوی کوردستان هەبووە، ئاخۆ چەن وتار و یادداشتی لەو بوارە سیاسیانەدا کە ئێمە بە نەنووسینی تۆمەتبار دەکات نووسیوە، ئایا ئەو کێشانە هیچ پێوەندیی بە کەڵکەڵەی ئاکادیمیانەی بەرێزیانەوە هەیە!؟
نووسەر لە شوێنێکی دیکەی هێرشە ناڕەواکەیدا، دەنگی کوردستان تۆمەتبار دەکات بە؛ «دەرنەخستنی ڕووی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان و خۆسەرقاڵکردن بە بازنەیەکی سنوورداری کەسەکی» و یان «خۆگێلکردن لە بەشێکی زۆری چالاکییە ئەدەبی و فەرهەنگییە بەرفراوان و جیدییەکان لە لایەن دامودەزگا ئاکادیمیکەکان»وە. ئەمەش بەشێکی دیکەیە لە بانگەشەکانی ئەم مامۆستایە کە وێدەچێ ئەو وەهمەی هەبێ کە لە هەموو رووداوە ورد و دروشتەکانی کوردستاندا رۆڵی هەبووە و هەر جۆرە هەنگاوێک بە بێ حوزووری جەنابیان فەشەلی هێناوە؛ بۆ نموونە تەنیا لە بەر بانگهێشت نەکردنی بەرێزیان بۆ کۆڕێک کە لە دەفتەری دەنگی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی «کریس کۆچێرا»وە گیرا، بە بێ ئاگاداری لە ناوەڕۆکی کۆڕەکە و بەشداربووانی، هەڵدەکوتێتە سەری و بەگشتی بە کەم بایەخی دەزانێت !
مامۆستا پێیوایە هەر جۆرە چالاکییەکی دەرەوەی زانکۆ جیددی نیە و رووماڵکردنیان تەنهاچەواشەکارییە و دەنگی کوردستان بەو چەواشە کاریە تۆمەتبار دەکات، ئەوە لە کاتێکدایە هەموو کەس دەزانێت کە بۆ نموونە؛ زۆربەی رووداوە گرینگەکانی مێژووی ئەدەبی ئێران و کوردستان لە دەرەوەی سیستەمی ئاکادمیک روویانداوە، لە گەڵ ئەوەشدا ئەگەر رووداوێکی گرینگ لە زانکۆکاندا روویدابێت ئێمە وەک ئەرکی خۆمان رووماڵمان کردوە. سەرەڕای ئەمەش خۆ دیارە کە دەنگی کوردستان حەوتەنامەیەکی هەواڵدەری نییە ،بەڵکوو زۆرتر بابەتە گرینگەکانی کوردستان بە شێوەی شرۆڤە و راپۆرت و وتووێژ دەخاتە بەر باس.
نووسەر کە هەڵگری پلەی دوکتورای بریتانیایە، زۆر شتی لە بارەی پیشەیی و ناپیشەیی بوونی کاری ڕۆژنامەوانی باسکردوە کە خودی ئەم باسانەی جەنابیان دەرخەری ئەو راستییە تاڵەن کە بەرێزیان لەمبارەوە نە تەنیا پسپۆڕ نین بەڵکوو زانیاریان لە خەڵکی ئاسایی کەمترە! چۆنکە بۆ نموونە ئەگەر تەنانەت لە رۆژنامە فرۆشەکانیش بپرسن پێمان دەڵێن کە رۆژنامەی “همشهری” پرۆفیشناڵترین رۆژنامەی ئێران نیە !
بەداخەوە رۆحی پاوانخواز و نادیموکراتیک بوون وەک پەتایەک هەندێ لە نووسەرانی کوردیشی گرتۆتەوە و من من کردن و خۆ بەسەنتەر و خۆ بە جەمسەر زانین، تووشی وەها نەخۆشینێکی کردوون کە پێیان وایە کەسی دیکە بۆی نییە قسە بکات، مەگەر ئەوەی کە به ردەوام بگەڕێتەوە بۆ باسە ژێربەنایی و بنیادنەرەکانی بەرێزیان! بەتایبەت ئەگەر دەقێک، دژی بۆچوونی ئەوان بێت، ئەوە خۆ نە تەنیا هەر گوناحێکی گەورەیە بەڵکوو بە دەیان شتی خراپی وەک؛ ئەمەگ نەناسی و ناپسپۆڕی بوون، بارگاوی کراوە !
ئەگەرچی وتارە ٥١ لاپەڕەییەکەی مامۆستاکەی زانکۆی کوردستان، زۆر جێگەی رەخنەی ورد و دروشتی دیکەیە، بەڵام بە راستی نە پێماندەکرێت و نە ئەشمانەوێ و نە بە باشی دەزانین، کە هەوڵی راستکردنەوە و وڵام دانەوەی ئەو گشتە باسە لاوەکی و هەندێ جار جێ پێکەنینانە، بدەینەوە.
بە بێ هیچ خۆ نواندنێک، دەنگی کوردستان بە دڵ و گیان پێشوازی لە هەر چەشنە رەخنەی زانستیی دەکات و وەکوو جۆرێک لە دڵسۆزی کردن و هاوکاری کردنی بۆ خوی دەزانێت. بەڵام ئەوەی ئەم مامۆستا بەرێزە نووسیویە نە تەنیا فڕی بەسەر ڕەخنەوە نیە، بەڵکوو هاوکات جێ زۆرترین رەخنەیشە.
لە کۆتاییدا و بۆ خوێنەرانی خۆشەویست، زۆر بە کورتی چەن پرس و باس دەورووژێنین و مافی بڕیاردانیش هەر بۆ ئەوان جێ دەهێڵین؛
یەکەم ئەوەیکە، ئەگەر نووسەرێک بە دوور لە کەمترین بێ رێزی کردنێک، رەخنە لە وتاری نووسەرێکی دیکەی گرتبێت و وەکو سەدان وتاری دیکە بەو پەڕی بێلایەنیەوە لە دەنگی کوردستان دا چاپ کرابێت، دەنگی کوردستان تاوانی چیە و بۆچی ئەبێت بەو شێوەیە بێ حۆرمەتی پیێ بکرێت!؟ لە کامە فەرهەنگی ئاکادمیکدا کە ئەم مامۆستا بەرێزە بەردوام فەخر بە بوونیەوە دەکات، لە دەستەواژه گەلێک وەک «دەبەنگ» و «ئەحمەق» بۆ ره خنەگرتن کەڵک وەردەگیریێت!؟ )تکایە بۆ مانای دەستەواژەی “دەبەنگ ،”بڕواننە هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار( بەراستی بەنیسبەت ئاوەها حاڵەتێک، جیا لە بێ دەنگی ئەبێت چی بکرێت؟ کێشەکە لە کوێدایە و ئەرکی چالاکان و رۆشنبیرانی کۆمەڵگای کوردی ئەبێت چی بێت؟
دووهەم، بەراستی رازی ئەوە چیە کە؛ زۆربەی نووسەران و رەخنەگرانی ئێمە رێک لە هەمان بواردا کە رەخنە دەگرن، بۆ خویان جێگەی رەخنەن!؟ بۆ نموونە هەر ئەم مامۆستایە لە کاتێکدا رەخنە لەوە دەگرێت کە رێز لە ماندو بوونی جەنابیان نەگیراوە کە دەرفەتی خوێندنی زمانی کوردی لە زانکۆی کوردستاندا رەخساندوە )ئەگەرچی وا نیە و زۆریش رێزی لێ گیراوە و هەر دەنگی کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ جەنابیاندا لەو بارەوە بە تێر و تەسەلی باسی کردوە( بەڵام ئایا ئەم شێوە لە تێروانینی پاوانخۆازانە بۆ دەسکەوتێک ،جورێک لە رێز نەگرتن و لە بە هیچ نەزانینی هەوڵ و ماندوو بوونی هەزاران کەس و تەنانەت گەلێکی پێوە دیار نیە!؟ ئەگەرچی هەر ئەو دەسکەوتەش جێگەی خۆشحاڵی هەموومانە، بەڵام خۆ هەموومان ئەوەش باش دەزانین کە لە نێوان خوێندنی زمانی کوردی تەنیا لە زانکۆیەک و خوێندن بە زمانی کوردی بە شێوە بەرفراوانەکەی لە هەموو قوتابخانەکاندا، کە داواکاریێکی لە مێژینەی کوردە، جیاوازیێکی زۆر گەورە هەیە .لە لایێکی دیکەش هەر چەشنە دەسکەوتێک لەو بوارەدا بەرهەمی رەوتێکی مێژووییە و هەوڵ و داواکارییگەلێکی پێوە دیارە و بۆ کەسیش نیە نکوولی لێ بکات و پاوەنی بکات، با لە سەردەم و لە سەردەستی ئەویشدا بە ئاکام گەیشتبێت.
سێهەم؛ ئەمه تەنیا تایبەت بە کۆمەڵگای کوردیە کە خەڵکانێکی خوێندەوار و چالاکی زۆری تێدایە کە خۆیان بە زاناتر لە خەڵکی ئاسایی دەزانن و پێیان وایە زۆر قووڵتر و زانستیانەتر لە خەڵک بیر دەکەنەوە و دەجووڵێنەوە، کەچی لە کاتێکدا ئەگاتە ئاستی بڕیاردان یا خۆ لە کاتێکدا کەمترین رەخنەیان رووبەروو دەبێتەوە دەسبەجێ دەیدۆڕێنن و بیرکردنەوە و بڕیاردان و تەنانەت ئەکت و هەڵسووکەوتەکانیان زۆر چکۆلە دەبێتەوە و ڕادەی دڵفراوانی و دەرک و باوڕیان بە دیالۆگ و دموکراسی لە ئاستی خەڵکی ئاساییش دادەبەزێتە خوارترەوە!؟
ماوەتەوە ئەوە بڵین وەکوو دەستەی نووسەرانی دەنگی کوردستان بە دوورین لە هەر چەشنە دەستە و تاقمگرایی و هەربیرێک کە بۆنی پاوانخوازی، ناوچەگەری یا خۆ مەحفلخوازی بدات. هەروەها بێ ئەوەی کەمترین دڵگرانی و لایەنگریەکی تایبەتیمان بەرانبەر بە هەرکەسێک بێت، )بە نووسەری ناوبراویشەوە( ،ئامادەین دەستێک بین بۆ کردنەوەی دەلاقەی هەر باسێکی بەنرخ بە سەر کۆمەڵگای کوردیدا .

«دەستەی نووسەرانی حەوتەنامەی دەنگی کوردستان»

Website | + posts