لە دەرەوەی زمان هەرچی هەیە هەر زمانە

د. هاشم ئەحمەدزادە
وتووێژ: کاروان مێراوی

پرسی زمان پرسێکی هەستیار و گرنگە کە هەم لە ئاستی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و هەم لە ئاستی نەتەوە و دەوڵەت‌نەتەوەکانیشدا زۆر بە بایەخەوە ئاوڕی لێ دەدرێتەوە، زمان لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا وەکوو ئامرازێکی سەرەکی و بەهێز ڕۆڵی کارا و کاریگەر دەگێڕێت و بەم هۆکارەشەوە عەلایەدین سەجادی، نووسەری ناسراوی کورد، زمان بە شاڕەگ و شادەماری نەتەوە پێناسە دەکات. 
پرسی زمان کە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە شوناسی نەتەوەیییەوە هەیە، هەموو کاتێک جێی باس و مشتومڕێکی جیددیی سیاسی بووە و لەلایەن دەسەڵاتەکانیشەوە ئەو بایەخە تایبەتەی هەبووە و سیاسەتی زمانی، یەکێک لە سیاسەتە بنەڕەتییەکانی وڵاتەکان و بەتایبەت دەوڵەت‌نەتەوەکان بووە، هەروەها ئەو وڵاتانەی کە فرەنەتەوەن و نەتەوەیەک بەسەر گشت وڵاتدا زاڵە، نەتەوەی داگیرکەر بەدرەوام لە هەوڵی تواندنەوەی زمانی نەتەوەکانی دیکەی پێکهێنەری ئەو وڵاتە لەنێو زمانی خۆیدا دەدات و هۆکاری ئەمەش بۆ ترسی نەتەوەی دگیرکەر لە زمانی نەتەوە پێکهێنەرەکانی وڵاتەکە وەکوو ئامرازی سەرەکیی شوناسخوازیی ئەو نەتەوانە دەگەڕێتەوە.
کاک دوکتۆر سەرەتا با بەوە دەست پێ بکەین کە پێناسەی زمان چییە، یان بە واتایەکی تر لە ڕوانگەی جەنابتەوە زمان چۆن پێناسە دەکرێ؟
لە زۆر باس‌وخواستی پێوەندیدار بە پێناسەی زماندا زانایانی بواری زمان ئاماژە بە پەند یان مەتەڵۆکێکی چینی دەکەن و لەم ڕێگایەوە خۆیان لە پێناسەکردنی ڕاستەوخۆی زمان دەبوێرن. بەگوێرەی ئەم مەتەڵۆکە یان پەندە چینییە ڕۆژێک یان ڕەنگە شەوێک دوو ماسیی بچووک یان با بڵێین گەنج خەریکی مەلەن لە دەریادا. لەم کاتەدا پیرە ماسییەک تووشیان دەبێت و لە دوورەوە لە ئەحواڵیان دەپرسێ و هاوکات پرسیارێکیشیان ئاراستە دەکا: چۆنن ماسییەکان؟ ئێوە دەزانن ئاو چییە؟ دوای ئەوەی ماسییە بچووکەکان تۆزێک دوور دەکەونەوە ڕوو لە یەکتر دەکەن و بە پێکەنینەوە دەڵێن، ئەرێ ئەو پرسیارە سەیرە چی بوو ئەم پیرەماسییە ئاراستەی ئێمەی کرد. جا چۆن ئاو چییە؟ تۆ بڵێ غەیری ئاو چی هەیە تا من پێت بڵێم ئاو چییە. ڕەنگە چیبوونی زمانیش لەڕاستیدا بۆ مرۆڤ هەر ئەمە بێت. بە واتایەکی دیکە دەکرێ بڵێین باشە لە دەرەوەی زمان چی هەیە تا بڵێین زمان چییە؟ کەواتە هەرچی هەیە هەر زمانە. ئەو دیاردە کۆنینەی کە لە ڕەوتێکی دوورودرێژی زەمەنیدا هاتووەتە ئاراوە و بیچمی گرتووە و بە بەردەوامی لە گۆڕاندا بووە. بۆ دەیان هەزار ساڵ مرۆڤەکان لە ڕێی ئاماژە و دەنگ و نیشانە و هێماکانەوە لەگەڵ یەکتر پێوەندییان گرتووە و دواتر لە ڕەوتێکی زەمەنیدا و لە ئاکامی کارتێکەریی فاکتەرگەلی جۆراجۆرەوە زمانگەلی جیاواز هاتوونەتە ئاراوە و ڕێک وەک هەر بوونەوەرێکی زیندوو گەشەیان کردووە و هەندێکیان مردوون و هەندێکیان تووشی گۆڕانی زۆر بنەڕەتی بوونە. ئەم ڕەوتە بە چەند هەزار ساڵان بەردەوام بووە و هەتا سێ هەزار ساڵێک، کەمێک کەمتر یان زیاتر، مرۆڤ توانیوییەتی نووسین دابهێنێ و ئیتر زمانی نووسراویش ببێ بە جۆرێک لە زمان کە سەرەڕای پێوەندیی لەگەڵ زمانی ئاخافتن، هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندیی خویەتی. 
ئەگەر ئەم مەتەڵۆکە چینییە تا ڕادەیەک یارمەتیدەر بووبێ بۆ تێگەیشتن لە چیبوونی زمان، کە باسی پێناسە دێتە ئاراوە تووشی گرفتێکی سەرەکیی دیکە دەبین و ئەویش دۆزینەوەی کەرەستەیەکە بۆ پێناسەی ئەم دیاردەیە. لەڕاستیدا بۆ پێناسەکردنی هەموو دیاردەیەک پەنا بۆ زمان و لۆژیکی زمان دەبەین، بەڵام لە پێناسەی زماندا گرفت ئەوەیە کە دەبێ پەنا بۆ خودی زمان بەرین و لە خودی زمان بۆ ئەم مەبەستە کەڵک وەرگرین. سەرەڕای ئەم گرفتە هەوڵدان بۆ بەدەستەوەدانی تووە پێکهێنەرەکان و لایەنە دیاریکەرەکانی دیاردەی زمان بە بەردەوامی لە ئارادا بووە و ئەم هەوڵە ئێستاش هەر هەیە و دیسیپلینە جیاوازەکانی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان لە کار و لێکۆڵینەوە لەم بوارە بەردەوامن. 
دەتوانم بڵێم زمان بریتییە لە سیستەمی پێوەندیی نێوان مرۆڤەکان بە یارمەتیی کۆمەڵێک نیشانە و هێمای دەنگی و ڕەنگی. ئەگەر دەنگ ئەو ئاوا و وشە و ڕستانە بن کە دەیانبیستین، ئەوە لایەنی ڕەنگی، لەو نیشانە کێشراو و نووسراوانە پێک دێت کە هەمدیسان سیستەمی پێوەندیی کۆمەڵایەتیی نێوان مرۆڤەکان مسۆگەر دەکا.
ئەگەر پێناسەی زمانێکی دیاریکراو لەبەر چاو بگرین ئەوە ڕوومان لە زمانێکە کە لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا ئەرکی تێکەڵاویی کۆمەڵایەتی و پێوەندیی مرۆڤەکان بەجێ دێنێ و خاوەنی سیستەمی تایبەتیی نیشانەیی و دەنگیی خۆیەتی و هەر بە هۆی ئەم جیاوازییانەشەوە لە زمانێکی دیکە یان گرووپێک لە زمانەکانی دیکە جیا دەبێتەوە. لەڕاستیدا پۆلێنکردنی بنەماڵە زمانییەکانیش هەر لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی سیستەمی زمانەکان دامەزراوە. بۆیە کاتێک قسە لە زمانە هیندوئورووپایییەکان دەکەین لەڕاستیدا مەبەستمان زەقکردنەوەی کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشی ئەم زمانانەیە لە ڕەوتێکی مێژووییدا کە وەک سیستەمی سینتاکسی (ڕێزمانی) یان مۆرفۆلۆژیکی جیاوازن، بۆ نموونە؛ بنەماڵەی زمانەکانی ئالتایی یان سێمیتیک.   
لایەنی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی دیاردەی زمان هێندە زەقە کە ئەرەستووی فەیلەسوف جیاوازیی سەرەکیی مرۆڤ و ئاژەڵ لە زماندا دەبینێ و مرۆڤ وەک ئاژەڵی ئاخێوەر پێناسە دەکا. توانایی پێوەندیگرتن لەگەڵ کەسانی دیکە و لە ڕێگەی زمانەوە و لە ڕێگەی ئافراندنی دەربڕینی لە ئەژمارنەهاتوو تایبەتمەندییەکی تەواو مرۆیانەیە. بە واتایەکی دیکە ئاژەڵەکان، بۆ نموونە نەهەنگ و مێشەنگوین و فیل ڕەنگە لەگەڵ یەکتر پێوەندی بگرن، بەڵام لێکۆڵینەوەکان نیشانیان داوە ئەوان هەرگیز توانایی دەربڕینی ئابستراکتیان نییە. ئەوە تەنیا مرۆڤە کە لەسەر بنەمای ژمارەیەکی بەرتەسکی وشە ژمارەیەکی بێ‌سنووری دەربڕین بەرهەم دێنێ. مرۆڤ هاوکات کە بیر دەکاتەوە دەتوانێت هزرەکانی بێنێتە سەر زمان و خەڵکانی دیکەی لێ ئاگادار بکاتەوە. ئەمە ڕێک وەک نووسینی بێئەژمار دەربڕین و ڕستەیە کە لەسەر بنەمای ژمارەیەکی بەرتەسکی پیتەکانی زمانێک دەنووسرێن. هیچ کەس ناتوانێ بزانێتبە ٢٦ پیتی زمانی ئینگلیسی چەندە وشە و دواتریش چەندە دەربڕین و ڕستە بەرهەم دێت. 
چیبوونی ئەم تایبەتمەندییە مرۆییە پرسێکی لەمێژینەی فەلسەفە و زمانناسی و بگرە زۆر زانستی دیکەی سروشتی و ئینسانی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئایینیش بووە و هەیە. ئەفسانەی بورجی بابل تەنیا یەک لەو ئەفسانانەیە کە گوزارە لە گرنگیی زمان بۆ مرۆڤەکان و بۆ بوونیان دەکا. ناکرێ ئەمە تەنیا بەهەڵکەوت بووبێ کە یەکەم ڕستەی کتێبە پیرۆزەکان پرسی زمانیان لەخۆ گرتبێ و بڵێن “سەرەتا تەنیا وشە هەبوو و وشە لای یەزدان بوو و وشە یەزدان بوو.” یان بە پەیامهێنەر بگوترێ کە “بخوێنەوە بە ناوی پەروەردگارەکەت کە هەموو جیهانی ئافراند.” لێرەدا هەست دەکەی ئەم جادووی وشەیە و زمانە لە دێرزەمانەوە لە نەستی مرۆڤەکاندا بڕیاردەر بووە.
زمانەکان سەرەڕای لایەنە گشتییە وێکچووەکانیان زۆریش لە یەکتر جیاوازن و هەر بۆیە دیاردەی وەرگێڕان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە سەدان و بگرە هەزاران ساڵە لە ئارادایە. ئەم جیاوازییانە لە ئاستی زمانەکان و تەنانەت لە ئاستی زمانێکیشدا هەر لە ئارادان. ئەگەر لە ئێستادا نزیکەی ٦٠٠٠ زمان یان بگرە زیاتریش لەم گۆی زەوییەدا قسەی پێ بکرێ، هەر تاکێک و هەر مرۆڤێک چۆن پەنجەمۆر و ڕوخساری تایبەت بە خۆی هەیە، شێوازی ئاخافتنی تایبەتیی خۆیشی هەیە. هەر بۆیە ئێمە مرۆڤەکان نەک هەر بە ڕوخسار بەڵکوو بە دەنگیانیشەوە دەناسینەوە. زمانناسان قسە لە زمان و لەهجە و دەربڕینی تایبەتیی هەر کەسێک و جۆرەی ئاخافتن/شێوەزار دەکەن (زمان، دیالێکت، ئیدیالێکت و لێکت). 
فەیلەسوفانی هاوچەرخیش هەر یەک بە شێوەیەک خۆیان لە قەرەی باسی پێچەڵپێچی زمان داوە. لەم نێوەدا دەکرێ ئاماژە بە چەند زانای بلیمەتی وەک لودویک ویتگەینشتاین، مارتین هایدگێر و ژاک دێریدا بکەین و بزانین کە لای ئەوان پرسی زمان چەندە گرنگە و چەندە بڕیاردەرە لەسەر تێگەیشتن لە بوون و مێژووی مرۆڤ و دەوروبەری.  

زمان لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا چ ڕۆڵێکی هەیە؟
هەر لەو کاتەوە کە یۆنانییەکان ناوی بەربەریان لەسەر ئەو خەڵکانە نا کە بە زمانی ئەوان قسەیان نەدەکرد، ڕۆڵی کاریگەری زمان لە جیاکردنەوەی کۆمەڵگە مرۆییەکاندا دەردەکەوێ، یان ئەوکاتەی عەرەبەکان خەلکانی غەیری خۆیان بە عەجەم ناوزەد کرد هەمدیسان ڕۆڵی زمان وەک فاکتەرێکی جیاکەرەوەی کۆمەڵگە مرۆییەکان دەبینین، بەڵام ڕۆڵی زمان لە ڕەوتی مێژووی کۆمەڵگە جیاوازەکاندا گۆڕانکاریی بەسەردا دێ.
هەتا دەورەی پێش‌مۆدێڕن و لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەکاندا زمانەکان کەمتر سنووریان دەخستە نێوان کۆمەڵگە جیاوازەکانەوە. بۆ سەدان ساڵ زمانی لاتینی، زمانی ئیمپراتۆریی مەزنی ڕۆمی بوو و هەتا سەدەی حەڤدەهەمیش هەبوون شوێنگەلێکی ئایینی و ئاکادێمیک کە بەم زمانە دەیانخوێند و دەهزرین. ئەوکاتەی کە لە بەراییەکانی سەدەی حەڤدەهەمدا شێکسپیر بە ئینگلیزی دەینووسی، بیرمەندی ئینگلیزی، فرانسیس بەیکن هێشتا کتێبی بە زمانی لاتینی بڵاو دەکردەوە. ئەمە لەسەر یەکەم فەیلەسوفی مۆدێرن، واتا ڕێنێ دێکارتیش هەر ڕاستە کە لە سەدەی حەڤدەهەمدا هێشتا هەر بە زمانی لاتینی بەرهەمەکانی بڵاو دەکردەوە.
لە بەرەبەرەی ڕێنسانسدا لە کۆمەڵگە ئوروپییەکان وردە وردە زمانە لۆکاڵییەکان خۆیان لە قەرەی نووسین دەدا و دەبوونە زمانی باو و سەردەستی کۆمەڵگە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا. ئەوکاتەی دانتێ کۆمێدیی ئیلاهی دەنووسێ و هێدی هێدی چۆوسێر بە ئینگلیزی دەنووسێ و لوتەر و کالڤین هەوڵی وەرگێڕانی کتێبی پیرۆز بە ئاڵمانی دەدەن، ئیتر لەگەڵ کەمبوونەوەی ڕۆڵی زمانی لاتین ڕووبەڕوو دەبینەوە. ئەمە ڕەوتێکی ئاسان نەبووە، بۆ نموونە هۆگرانی نەزمی باو و دەسەڵاتی کەنیسە شوێن‌پێی یەکەم وەرگێڕی کتێبی پیرۆزی مەسیحییەکان بە زمانی ئینگلیسی هەڵدەگرن و دواجار دەیکوژن، بەڵام بە تێپەڕبوونی زەمەن و گۆڕانکارییە ناسینناسانە، هزری و سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان جێ‌پێی تاقانەی زمانی لاتین لێژتر دەبێ و زمانە لۆکاڵییە ئورووپایییەکان زیاتر گەشە دەستێنن و دواجار دەبن بە زمانی بەڕێوەبەری و خوێندن و چاپ. داهێنانی پیشەسازیی چاپ لە سەدەی پازدەهەمدا ئەم ڕەوتە خێراتر دەکا. ئیتر لە سەدەی هەژدەهەمەوە بناغەکانی دەوڵەت-نەتەوەکانی ئورووپایی دادەڕێژرێ و زمانە جیاوازەکان دەبن بە بەشێکی سەرەکیی لە ناسنامەی نەتەوە تازە خەمڵیوەکان. 
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژاوای ئاسیاش یان با بڵێین لە ئیمپراتۆرییەکانی عوسمانی و سەفەوی و دواتر قاجارەکانیشدا هەر کەم و زۆر بەم شێوەیە بووە. لەم بەشەی دونیادا بۆ سەدان ساڵ زمانی عەرەبی زمانی زانست بووە و زمانی فارسی زمانی دیوانی و زمانی تورکی زمانی سەربازی. لەنێوان ئاخێوەران و دەسەڵاتدارانی ئەم جوگرافیایەدا ئەگەر شەڕ و هەڵای زۆریش لە ئارادا بووبێ، ئەوە زمانەکان لە تەنیشت یەکتردا درێژەیان بە ڕۆڵگێڕانی خۆیان داوە. دەیان و سەدان زانای ئێرانی بە شانازییەوە بە زمانی عەرەبی نووسینەکانی خۆیان بڵاو کردۆتەوە. یەکەم تەفسیرنووس و مێژوونووس و ڕێزماننووسی عەرەبی ئێرانییەکان بوون. تەبەری، ئیبنی سیبەوەیە، ئەبووعەلی سینا، ڕازی، غەزالی و فارابی و زۆری دیکە وەک ئەرکی ئایینی لە زمانی عەرەبییان ڕوانیوە و بۆ بڵاوکردنەوەی زانستی خۆیان دەستەودامێنی ئەم زمانە بوونە. ئەگەر لە کۆتایییەکانی سەدەی دەهەمی زایینییەوە دەبینین کە جموجووڵی زمانی فارسیی نوێش دێتە ئاراوە، کارتێکەریی زمانی عەرەبی تێیدا زۆر بەرچاوە. ئەمە لەمەڕ زمانی کوردییشدا هەر دروستە. پێ بە پێی هاتنە کایەی زمانی فارسی سەروسەکتی زمانە تورکییەکانیش لەگەڵ غەزنەوییەکان، سەلجوقییەکان، مەغول و تەیمووری و تاتارەکان دێتە ئەم بەشەی دونیا و بۆ نموونە نزیکەی هەزار ساڵ، جگە لە دەورەی کورتی زەندییەکان لە سەدەی هەژدەهەمدا، لە دەرباری ئێراندا ئەوە دەسەڵاتدارانی تورکی‌ئاخێون کە وڵاتی بەربڵاوی ئێران بەڕێوە دەبەن. تەنانەت لە سەردەمی دژایەتیی عوسمانییەکان و سەفەوییەکان کە هەردوولا تورک‌زمان بوون، دەبینین کە شا ئیسماعیلی ئێرانی بە تورکی شێعر دەنووسێ و سوڵتان سەلیمی دوژمنیشی بە فارسی سەلیم‌نامە دەنووسێ. هەر لەو سەردەمانەدایە کە مەلای جزیریی ئێمە بە کوردی شێعر دەهۆنێتەوە و هەڵبەت هاوکات شێعری فارسی و عەرەبییشی هەیە. دواتر لە سەدەی حەڤدەهەمدا خانییش هەر بەم شێوەیە. کەواتە دەبینین لە زەمانی ئیمپراتۆرییەکاندا زمانەکان بە شێوەیەکی سروشتی جۆرێک لە هاوژینییان هەبووە، واتە هاوکات بواری بەکارهاتنیان هەبووە و قەدەغەیان لەسەر نەبووە. 
بە گەیشتنی شنەبای مۆدێرنیزاسیۆن لە بەرایییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا بەرە بەرە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی دێنە ئاراوە کە بەڵێنی جیهانێکی تازە دەدەن. دەگوترا کە مۆدێرنیزەکردنی ئیمپراتۆرییەکانی عوسمانی و قاجار دەبێتە ڕێخۆشکەری پێشکەوتن. هاوتەریب لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە لە ئێران زمانی فارسی و لە ئیمپراتۆریی عوسمانیشدا زمانی تورکی دەبێتە ئامراز و هەروەها چەقی گۆڕانکارییەکان. بەر لە هەر شتێک سیستەمی پەروەردەی مۆدێرن ئیتر پاوانی ئەم زمانانە دەکرێ. کار دەگاتە جێیەک لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا پێناسەی سەیروسەمەرە بۆ زمانە سەردەستەکان بەکار دەهێنرێ، زمانی تورکی دەبێتە زمانی ڕۆژ، زمانی فارسی دەبێ بە زمانی شەکر و زمانی عەرەبییش دەبێتە زمانی کامیل و پتەو. ئەمڕۆ ئیتر زانستی زمانناسی بە مکوڕی پێمان دەڵێ کە هەموو ئەم پێناسە و ناسناوانە هەڵەن. ئەم ئاوەڵناوانە لەڕاستیدا بەشێک لە پرۆسەی ئەندازیاریی سیاسیی نەتەوەسازیی بوون لەم وڵاتانە کە بەپێچەوانەی پڕۆژەی مۆدێرنیتەی ئورووپایی بێبەری بوو لە هەموو چەشنە تۆوێکی دێموکراسی و سەروەریی جەماوەر و مافی شارومەندی. بەم جۆرە زمانی کوردی و زمانی کەمایەتییەکانی دیکە لەم وڵاتانەدا تووشی هەموو جۆرە بەربەستێک دەبنەوە و هێندە پەراوێز دەخرێن کە دەرفەتی گەشە و ستانداردبوونیان لێ دەستێندرێ.
وەک دەبینین لێرەدا زمانە سەردەستەکان دەبنە ئامرازی نەتەوەسازی و لە هەمان کاتدا پڕۆژەی ناسیۆنالیزمی سەردەستی ئەم وڵاتانە کۆمەڵێک زمانی دیاریکراو دەکاتە خاڵی جیاکەرەوەی “من” و “ئەوی دیکە”. 

بەڕێزتان پێوەندیی ناسیۆنالیزمی کورد و پرسی زمان چۆن هەلدەسەنگێنن؟ 
پرسی پێوەندیی زمان و ئەندێشە پرسێکی گەلێک ئاڵۆز و لە بنەڕەتدا فەلسەفییە و جیگەی مشتومڕێکی زۆری خاوەن‌ڕایانی ئەم بەستێنەیە. لەنێو تیورییە باوەکانی ئەم بوارەدا دەکرێ بە گریمانەی بەناوبانگی ساپیر– هورف ئاماژە بکەین کە دەگەڕێتەوە سەر بۆچوونەکانی ویلیام ساپیر (١٩٣٩-١٨٨٤)، زمانناس و مرۆڤناسی ئامریکایی و خوێندکارەکەی بێنیامین لیی هورف (١٩٤١-١٨٩٧). بەگوێرەی ئەم گریمانەیە دوو بۆچوون تێکهەڵکێش دەکرێن کە بە دێتێرمینیزمی زمانی و ڕێژەیییەتیی زمانی ناسراون. دێتیرمینیزمی زمانی پێی‌وایە ئەوە زمانە کە ئەندێشە و هزری ئێمە دیاری دەکا. ڕێژەیییەتیی زمانییش پێی‌وایە هەر زمانە و کارتێکەریی تایبەتیی خۆی لەسەر ئەندێشەی ئاخێوەرانی هەیە. ئەم باسە هەڵبەت دوای ئەم دوو زمانناسەش هەر بەردەوام بووە و هەتا ئێستاش دوا وەڵام بە پرسیارەکە نەدراوەتەوە. ئەوەی هەیە ئێستا ئیتر کارتێکەریی زمان لەسەر هزر و ئەندێشەی مرۆڤەکان بەتەواوی دانپێدانراوە. ئەگەریش ڕادەی ئەم کارتێکەرییە شتێکی تەواو بڕیاردەر نەبێت ئەوە تا ئاستێک هەر هەیە کە نەکرێت نکۆڵی لێ بکردرێ.  
ئەگەر بنەماکانی مافی زمانی و شارومەندی بە شێوەیەکی دێموکراتیک لەبەر چاو بگیرێن ئەوە بێگومان فرەزمانی‌بوون دەبێتە جۆرەیەک لە فرەڕەنگی کە دەکرێ وەک سامانێکی مرۆڤی سەیری بکرێ. لەبیرمان نەچێ بەربەست‌دانان لەسەر ڕێی گەشەی زمانەکان هەوڵێکی دیکتاتۆرانەیە بۆ کوشتنی یەک لە دەستکەوتە مەزنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی. خەمڵین و گەشەی زمانێک ئاکامی زەمەنێکی دوورودرێژی ژیانی کۆمەڵگەیەکی مرۆڤییە و کەس بۆی نییە بە بیانووی یەکدەست‌کردنی کۆمەڵگە یان “نەتەوە” لەنێوی بەرێ. 
پرسی زمان و دیالێکت هەمیشە پرسێکی زمانەوانی نییە و زۆر جاران سیاسەت و ئایدئۆلۆژیا دەستی تێ وەردەدەن. بەڵام ئەگەر زمان و دیالێکتەکان لە دەستدرێژیی پڕۆژە سیاسییەکان بپارێزێن و مافی ڕەوای خۆیان ڕەچاو بکەین، لە ڕەوتێکی مێژووییدا پرسی بن‌زار و شێوەزار و زمان هەموویان دەکرێ ببنە کەرەستەی دەوڵەمەندیی زمانێک و کارکردەکانی لە کۆمەڵگەدا. 
سەرەڕای هەموو بەربەستەکان زمانی کوردی هەتا ئێستا توانیویەتی تا ڕادەیەکی زۆر خۆی بپارێزێ. بەڵام لە سەردەمی مۆدێرندا و بەتایبەتی لە دونیای بەجیهانیبوونی ئەم سەردەمەدا ئەم ڕەوتە ئەگەر پلانداڕێژی و سیاسەتی زمانیی هەمەلایەنەی لەگەڵ نەبێ ئاوا نامێنێ و هەڕەشی پەراوێزخرانی هەمەلایەنە نەک هەر زمانی کوردی بەڵکوو سەدان و بگرە هەزاران زمانی دیکەش دەخاتە دۆزی مەترسیداری لەنێوچوونەوە.
دەسەڵاتەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام زمانی کوردی وەکوو هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر خۆیان دەبینن و بەم هۆکارەشەوە بەردەوام هێرشیان کردووەتە سەر زمانەکەمان، هۆکاری بە مەترسیزانین و ئەو هێرشگەلە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
سەرەڕای ئەوەی کە لە ماددەی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی حکومەتی ئێراندا خوێندن و پەرەوەردەکردن بە زمانی دایکیی نەتەوەکانی چواچێوەی ئەو وڵاتە ڕێگەپێدراوە، بەڵام پاش چوار دەیە تاکوو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، هۆکاری جێبەجێنەبوونی چییە؟
سیستەمی سیاسیی دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی زایینی لە ئێران هەرگیز نەیتوانی ببێتە ئەو ناوەندە کە بتوانێ لەگەل پرسی دێموکراسی و مافی دانیشتووانی وڵاتی ئێران بە هەموو ڕەگەز و ناسنامە نەتەوەیی و ئێتنیکییەکانییەوە هەڵسوکەوتێکی دروست و دێموکراتیک بکا. لایەنی ئایدئۆلۆژیکی و تۆتالیتارییەکانی ئەم سیستەمە سیاسییە ڕێگەی چارەسەریی زۆر پرسی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگیی لە وڵاتی ئێراندا و بەتایبەتی بۆ کەمایەتییە نەتەوەییەکان بە بنبەست گەیاندووە. لە هەمان کاتدا دەبێت بیر لەو ڕاستییەش بکەینەوە کە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم بارەوە خاوەنی چ پڕۆژە و پلانێک بووە. بە باوەڕی من لایەنی ناڕوون و لێڵ لە سیاسەتی بزووتنەوەی کوردییشدا لەم بارەوە هەبووە و هەیە.  

غوڵامعەلی حەددادی عادڵ، سەرۆکی پێشووتری مەجلیسی حکومەتی ئێران، زمانی فارسیی وەکوو زمانی دووهەمی جیهانی ئیسلام لەقەڵەم داوە، لە کاتێکدا بەپێی بەڵگەکانی خودی فارسەکان زیاتر لە ٤٠٪ی وشەکانی زمانی فارسی لە بنەڕەتدا وشەی عەرەبین ئەم ئیدعایە تاکوو چەند ڕاستە؟
ئەوەی حەددادی عادل دەیڵێ بە پلەی یەکەم پرۆپاگاندای سیاسییە. بەڵام لە قسەکەی ئەودا ڕاستییەک شاراوەیە و ئەویش ڕۆڵی زمانی فارسییە لە پەرەپێدانی جیهانی ئیسلامدا. لە دێرزەمانەوە ئەم زمانە ئەرکی پەرەپێدانی ئەندێشەی ئیسلامیی لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی خۆیەوە هەبووە. بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ هەتا هاتنی ئینگلیزەکان ئەوە زمانی فارسی بوو کە لە دەرباری موغالەکانی هینددا بەکار دەهێندرا. ئێریک هێرمێلینی سویدی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا لە هیندوستانی کۆلۆنیکراوی ئینگلیسییەکاندا فێری فارسی دەبێ و دەیان کتێبی کلاسیکی فارسی دەکاتە سوێدی. زمانی فارسی هەر لە سەرەتاکانی سەدەی یازدەهەمی زاینییەوە تواناییەکی بێوێنەی لە خۆی نیشان داوە لە گەڵاڵەکردنی ئەدەب و سیاسەتدا.
شەست هەزار بەیتی شانامەی فیردەوسی کەمتر لە ٤٪ی عەرەبییە. ئەمە لە کاتێک‌دایە بۆ نموونە نزیکە ٦٥٠ ساڵ دواتر لە مەم و زینی خانیدا لەگەل زیاتر لە ٧٠٪ وشەی عەرەبی ڕووبەڕوو دەبینەوە. ئەمە لە زاتی خۆیدا کێشەیەکی گەورە نییە. ئێمە دەبێ جیاوازیی دانێین لەنێوان سیاسەتی وڵاتێک و زمانێک کە لە ئارادایە. بۆ سەدان ساڵ زمانی فارسی لە تەنیشت زمانی عەرەبی و کوردیدا زمانی فێرکردن و بارهێنانی حوجرەکان بووە و بە سەدان زانای کورد گولستان و بوستانی سەعدییان وەک دەرس بە خوێندکارانی خۆیان گوتۆتەوە. زمانی ئینگلیسی پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە سیاسەتی دەوڵەتی ئینگلیسەوە نییە. هەبوونی دەرسەدێکی یەکجار زۆری وشەی فەڕەنسی لە زمانی ئینگلیسیدا نابێتە هۆکاری دڕدۆنگی لەم زمانە. ئەگەر لە زمانی سویدیدا وشە ئینگلسیی، ئاڵمانی و فەڕەنسییەکان هەڵاوێرین شتێکی ئەوتۆمان بۆ نامێنێتەوە کە کەڵکێکی ئەوتۆی هەبێ. ئێمە وەک کورد دەبێت شتێک لە حەددادی عادڵ و دەسەڵاتدارانی دیکەی ئێران فێر بین و ئەویش گرنگیدانە بە زمانی خۆمان. ئایدئۆلۆژیای ئیسلامی کارێکی وای نەکردووە کە دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ گەشەی زمانی فارسی لە هەوڵدا نەبن. ئەگەر ئێمە بەراوەردێکی سیاسەتی زمانیی باشووری کوردستان لەگەڵ ئێراندا بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە ئێمە وەک کورد چەندە لە ئاست زمانی خۆمان و چارەنووسەکەیدا کەمتەرخەمین.

کاک دوکتۆری بەڕێز سپاس کە کاتتان بۆ ئەو وتووێژە تەرخان کرد.
سپاس بۆ ئێوەش کە ئەو باسەتان لەگەڵ من ورووژاند.

Website | + posts