یەکەم ڕۆژی مردوو و مردوو ناشتن

شاهین کەریمی

نەریتی کوردەواری

پێشەکی: ئەم نەریتە لە گوندەکانی کوردستان/ڕۆژهەڵات بووە و ڕەنگە لە شارەکان و پارچەکانی‌تر جیاواز بێت.

کاتێک هەواڵی مردنی کەسێک دەهات، بەگشتی دوو جۆر بوو. یان کەسەکە پێشتر نەخۆش بوو، لە نەخۆشخانە بوو، پیر بوو وە چاوەڕوان دەکرا بمرێت، یان کتوپڕ بوو، بۆ وێنە وەستانی دڵی، وەستانی مێشک، بەریەککەوتنی ئۆتۆمبێل و شەڕ و هتد.

هەواڵەکە لە بڵنگۆی مزگەوتەکەوە ڕا دەگەیەندرا و دەوترا کە فڵانە کەس عەمری خوای کردووە و داوا دەکرا لە خەڵک بچن بۆ قەبران قەبری بۆ هەڵ بکەنن.

بەگشتی، هەر کات بڵنگۆی مزگەوت جگە لە کاتی بانگداندا هەڵ دەکرا، هەواڵێکی ناخۆشی پێ بوو، زۆربەی کاتەکانیش هەواڵی کۆچی دوایی کەسێک بوو.

پاش ئەوەی هەواڵەکە بڵاو دەبووە، ئەگەر وەرزی کار و مەزرا بوایەت، هەندێک لە خەڵک نەدەچوونە کێڵگەکان و دەچوون بۆ قەبران بۆ هەڵکەندنی قەبر، ئەگەر وەرزی زستان و پاییزیش بوایەت، زۆربەی خەڵکەکە دەچوون.

دواتر جەنازەکە دەگەڕایەوە گوندەکە یان ئەگەر لە ماڵەوە بوایەت، دەیان برد بۆ مزگەوت و لە مردووشۆرخانەی گوندەکە کە بەزۆری لەپاڵ حەوزەکەدا بوو، دەیان شۆرد.

پاشان جەنازەکە دەهاتە مزگەوت و وردە وردە خەڵک و بنەماڵەی مردووەکە خڕ دەبوونەوە و ئامادەکاری دەکرا بۆ ئەوەی بیبەن بۆ گۆڕستان و بینێژن.

جەنازەکە دەخرا نێو تابووتەوە و لەلایەن خزم و بنەماڵەی مردووەکەوە هەڵدەگیرا، کۆڕی خەڵکەکە و بنەماڵەی مردووەکە بەرەو گۆڕستان ڕێ دەکەوتن.

کاتێک دەگەیشتنە قەبرستانەکە، قەبرەکە ئامادە بوو. مردووەکەیان دەخستە ناو قەبرەکەوە، مەلا تەڵقینی دەکرد و پاشان خاکیان دەکرد بەسەریدا. ئەم قۆناغە سەختترین کات بوو بۆ کەسوکاری مردووەکە، چوونکە دابڕانی کۆتایی و ڕۆشتن و بۆشایی کەسە ئازیزەکەیان لەناخەوە هەست پێ دەکرد و شین و ڕۆڕۆی قووڵ و بەسۆزیان بۆ دەکرد.

دواتر خەڵکەکە دەگەڕانەوە مزگەوت و ١ یان ٢ نەفەر بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر لەسەر گۆڕەکە دەمانەوە. هۆکاری ئەم مانەو ئەوە بوو، کە گۆیا مردووەکە پێی وایە نەمردووە، هەڵدەستێتەوە و دەیەوێ لەگەڵ خەڵکەکە بچێتەوە ماڵەوە، بەڵام لووتی لە بەری ئەلحەد دەکەوێت. پاشان نکیر و مونکیر دێنە لای بۆ پرسیار و نامەی عەمەل، لەبەر ئەوەی نەترسێت کەسێکی لا بێت بۆ ئەوەی هەست بە غەریبی و تەنیایی نەکات. دیارە ئەم بەشەی خورافە و نازانستی و نەسەلمێندراوە. بەگشتی بەشی بەرچاوی ڕێوڕەسمەکە ڕەنگ و شێوەی دینی و عەرەبی پێوە دیار بوو.

کاتێک خەڵکەکە دەگەڕانەوە مزگەوت، بەئەگەری زۆر کاتی نوێژی نیوەڕۆ بوو. خەڵکەکە نوێژیان دەکرد و هەر ماڵێک کەشەفە یان مجەعمە(سینی) خواردنی دەنارد بۆ مزگەوت. هەندێ جار خواردنی ئامادە وەک هێلکەوڕۆن بوو، هەندێ جاریش ئەگەر ئەو ماڵە ئەو رۆژە چێشتیان لێ نابات، لەو چێشتەیان دەنارد بۆ مزگەوت.

لە مزگەوت، خاوەن مردووەکە، واتە بنەماڵەکە و کەسوکاری نزیک و خزمەکانیان بەسەر پێوە دەوستان و کاتێک کەسێک دەهات، سەرەخۆشی لێ دەکردن. کەسی تازە کە دەهاتە نێو مزگەوت، خۆی یان مەلاکە فاتیحایەکیان دادەخست، دوا فاتیحاکە هەڵدەستانە سەر پێ و سەرەخۆشییان لە بنەماڵەکە دەکرد. دواتر پاش ماوەیەک هەڵدەستان و دووبارە سەرەخۆشییان و دەڕۆشتن دەکرد.

لە ماوەی ڕۆژەکەدا، وردە وردە خزموکەسی مردووەکە لە شارەکانی‌تر و گوندەکانی‌ترەوە دەهاتن و لە ماڵباتی مردووەکە خڕ دەبوونەوە. یەک دوو دراوسێش دەچوونە ئەوێندەر بۆ یارمەتیدان بۆ ئامادەکردنی خواردن و ئاگاداری مندارەکان و کاری لۆجستیکی.

نووسین: #شاهین_کەریمی

Website | + posts