پێشرەو موحەمەد
١
دوو ساڵ پێش ئێستا ئەم لێکۆڵینەوەیەم بۆ چاپەمەنییەکی چەپ نووسی، دوای یەک ڕۆژ لایانبرد. هەرچۆنێک بێت بۆ سێ چوار پێنج شەش پلاتفۆرمی چەپ لە ئەڵمانیا و بریتانیا و کەنەدا ناردم هەموویان یەک وەڵامیان هەبوو: نووسینەکە زۆر ڕادیکاڵە و زیان بە خەباتی شۆڕشگێڕیی ئێران دەگەیەنێت. بەڵام لەبەرئەوەی نووسینەکە ڕۆحی مێژووی تاریکی ئێران و ساختەکاریی مێژوویی هەڵدەداتەوە و ئەوەش ڕوونە، چەپ لەبەرەی ئێرانییەکانە، چ مەلاکان بن، شاپەرستان یاخود ئەوانەی شۆڕشی ژینایان وەک شۆڕشی دژە-لەچەک بەدونیا فرۆشت، بۆم ڕوون بوو چەپ نایەوێت خۆی لەم نووسینە بدات.
٢
گرنگترین دروشمی ئێرانییەکان «یەکگرتوویی» (اتحاد) بوو. بەڵام لە ڕاستییدا مەبەستیان لە «یەکگرتوویی» دوو شت بوو: فارسەکان کە تەنها شۆڕش و ڕاپەڕینیان لە چرکەیەک ڤیدیۆی سەماکردن لە شوێنێکی نهێنییدا دەبینییەوە، دەیانویست خۆیان وەک هەمیشە ڕابەری ڕاپەڕینەکان بن و کوردیش بەدوویان بکەون (هەڵبەت زۆر کورد بەدوویان کەوتن: کۆمەڵەی عەبدوڵا موهتەدی، حزبی دیموکراتی خالید عەزیزی، بەشێکی زۆر لە کۆمۆنیستەکان بەتایبەت کوردەکانیان و هەروەها کەسیش نەیدەزانی حیکمەتیستە بێکەڵکەکان لەبەرەی فارسانن یان مەلاکان). دووەم: دەیانویست ترس و دڵەڕاوکێ لەسەر کوردستان بڵاوبکەنەوە. کوردۆفۆبیا (ترس لە کورد) لە ڕاپەڕینی ژینادا بە قووڵیی خۆی لای ئێرانییەکان پیشان دا. کەچی نوێنەرانی سیاسیی کورد ئامادەبوون لەگەڵ تیکتۆکچییەکان و سیلیبریتییەکانیان دانیشنن. ئەوپەڕی شەرمەزاریی بوو سەرکردەی کورد لەسەر تەلەڤزیۆن بە تیکتۆکچییەک ئێرانیی بڵێت «مشتاق بودم باهات دیدار کنم» (بە حەسرەتەوە بووم بەدیدەنیت بگەم).
٣
سەرجەمی شارەکانی کوردستانن لە مانگرتنی گشتییدان، کەچی ئێرانییەکان نە بایان دێ نە باران. یەک دوو وێنەی ژینا ئەمینیی (لای ئەوان مەهسا) لە ئینستاگرام بڵاودەکەنەوە، گۆرانیی گوگوش یان تازیە و شیوەن و شەپۆڕی شەجەریانی دەخەنە سەر. ئاو بێنە و دەستانت بشۆ. ئەمە دەریدەخات نە ژینا ئێرانییە، نە ڕاپەڕینەکە ئێرانییە و نە خواستەکانیش بۆ سەربەستیی، ئازادیی و سەربەخۆیی ئێرانیین.
٤
دوای دوو ساڵ، هێشتا دەبێت بە ئێرانییەکان بڵێیت ناوی مەهسا نەبوو، ناوی ژینا بوو. ڕاپەڕینەکە لە کوردستان بوو نەک لە تاران و ئەسفەهان و شیراز. کوژراوان و قوربانیان زۆرینەیان لە کوردستان و لە بەلوچستانن نەک لە ئێران. کوردستان میلیتاریزەکراوە نەک ئێران، کوشتن و ژیان و پەروەردە و داروبەرد بەڕەگەزیی کراوە نەک ئێرانیی. کەچی دەڵێن «یەکگرتوویی، یەکگرتوویی، یەکگرتوویی» و مەبەستیشیان لەمە هێنانەوەی کوڕە دەبەنگ و چوارپێکەی حەمەڕەزا شایە.
٥
چەند ڕۆژێک پێش تیرۆرکردنی ژینا ئەمینی بەدەستی ئۆرکەکانی ئێران (پۆلیسی نائەخلاق)، کچێکی تارانیی هەمان تەمەن و بە هەمان مەبەست، تیرۆرکرا، کەچی ئێرانییەکان نە بایان دەهات نە باران، تا کورد لە کوردستان ڕاپەڕین. هاتنەپاڵی ئێرانییەکان بۆ دوو مەبەست بوو: هەم هەوڵی داگیرکردن و ئێرانیزەکردن و بێزیانکردنی ڕاپەڕینی کوردستان بوو و هەمیش ترس بوو لە کوردستان. هەروەها دەشیانزانی تەنها لە کوردستان جووڵە ڕوودەدات نەک لە ئێران.
٦
ئەو کوردانەی ژینا دەکەن بە مەهسا، ڕاپەڕین و وزەی کوردستان لای ئێرانیان هەڕاجفرۆش دەکەن، گوتاری بێکەڵکی «یەکگرتوویی» دەڵێنەوە، بەشداریی لە مێژووی سەد و سی ساڵەی تاریکی ئێران و پێنج سەد ساڵەی مێژووی بەربەریزمی سەفەوییدا دەکەن.
لینکی وتار:
- به یاد سپردن فاجعه؛ سنندج در دو دوره از سرکوب - 10/06/2024
- بابەکر ئاغای ژیر - 10/01/2024
- حکومت جعل بزرگی است که همه در تلاشاند تا از طریق آن به هزینهی دیگران، زندگی کنند - 09/26/2024