کۆیلایەتیش سنووری هەیە کاک نێچیرڤان و کاک باڤڵ

د. ئەحمەد محەممەدپوور

من دوو ساڵ لە باشور ژیاوم و بە کورتی و بە کوردی قەت وەڕەزی و بێتاقەتی چوونەوە و سەفەرم بۆ باشور ناکەم؛ جگە لە لوتف و پاڵپشتی کۆمەڵێک لە خۆشەویستانی باشوری کە لێم تێدەگەن دەڵێم چی، باشور بۆ من تاڵترین ئەزموونی ژیانم بوو. تاڵتر لە کۆماری ئیسلامی ش، چۆن دار ئەگەر هۆرەی لە خۆی بێت هێشی زیاترە و من ئەزموونی خۆم لە یەک وشەدا کۆ دەکەمەوە و دەڵێم ببێتە کەفارەی هەموو گوناحانم … و بریا هەرگیز و هەرگیز باشورم نەدیتبا.

لە ساڵی ٢٠١٣، مامۆستایەکی ئەمریکی کە دیارە ئاشنام بوو هاتە باشور هەم بۆ دیتنی من و هەم بۆ توێژینەوە. چەند حەفتەیەک بێروبەوێم دا برد و سەردانی چەند گوند و ئاواییەکمان کرد؛ جەنگە و گرمەگرمی حیزبی گۆڕان بوو. لێم پرسی باشورت چۆن دی؛ وڵامی دامەوە و گووتی: “لە باشور هیچکەس بێگوناح نییە، هەمووی خەتابارە!”. ڕاستی دەکرد؛ باشور مرۆڤ و ڕۆشنبیر و تاکی سەربەخۆی زۆر کەمە و زۆربەی هەر زۆری بەداخەوە لە نێوان دوو مافیای زەرد و سەوزدا لە نێوان سڵێمانی و هەولیر لە سەفا و مەروای پارە و دەسەڵات دان. بۆ خەڵکی مەدەنی چەوساوەش بەڵام دۆخی باشور هەر هی سەردەمانی ئەنفال و کیمیابارانە و ناڵیم هیچ بەڵام زۆر نەگۆڕاوە.

دیارە نازانم چۆن گەیشتمە ئەم باسە بەڵام لەم دوێنێوە بە ئاستی لە ڕادەبەدەری کۆیلایەتی و سەرشۆری سەرۆکایەتی باشور تاساوم کە چۆن نەتەنیا مووشەکباران و درۆنباران و هێڕەشەکانی ڕژیم بۆ سەر ماڵ و منداڵی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیان لەبەرچاو نەگرت بەڵکوو بەو پەڕی شانازییەوە باوەشیان بۆ هێڕشەکانی ڕژیم بۆ سەر خاک و کیان و خەڵکی خۆشیان  کردەوە و لەو پەڕی بێ پرنسیپی دا نەتەنیا بە پەلە خۆیان گەیاندە سەرەخۆشی دوژمنی تۆپاوی کورد، بەڵکو بە چەندین لێدوان و چاوپێکەوتن و جەختکردنەوە هاوسۆزی خۆیانیان بۆ دوژمنانی کورد و کوردستان دووپات کردەوە.

دیارە یەک بە یەکی دەڵێت لە گەڵ ڕادەیەک لە کۆیلایەتی و جاشایەتی گوزەران هەر دەکرێت و ناوی لێدەنێین پێوەندی دراوسەیی و پڕەگاماتیزمی سیاسی کە دیارە جەنابی مام جەلال وەستا و داهێنەری بوو … بەڵام بەم شێوەیە لە زێدەڕۆیی و دەستپێشخەرییە لە نێوان کڵاو زەرد و شاقەل سەوز بەر لە هموو شتێک هێما و دەرخەری ئەم ڕاستییەیە کە ئێوە ئیختیاری خاک و کۆمەڵگا و دەسەڵاتی خۆتان کە هیچ، ئیختیاری ناو ماڵی تاکەکەسی خۆتانتان نییە. ئەم هەویرە ئاوێ زۆر دەبات. ئەم دووکەڵە پێش هەموو کەس دەچێت لە چاوی خۆتانەوە و هێندەی دیکە نەتەنیا لای هەموو کوردێکی بە کەرامەت، بەڵکو لای ئاغا و کوێخا و خودایەکنیشتانەوە سەد قات بێ ڕێزتر و بێ خورمەت تر دەبن.

لانیکەم شتێکی تێدا وەهێڵن بۆ کەرامەت و کەسایەتی خۆتان. وەڵاهی شەڕشۆری و کۆیلایەتی ڕادەی خۆی هەیە “زۆر زۆر بەڕێزان ….”.