عەگید کەلاری
مانگی مارسی ساڵی ١٩٢١ و لە کۆنگرەی قاهرە، نەخشەی دەوڵەتی ئێراقی کێشا. پێش ئەو مێژووە وڵاتێک بە ناوی ئێراقەوە بوونی نییە. یەکەمین کیانی دەوڵەتی ئێراقیی، کە ئینگلیز بە دەوڵەتی ئینتدابی ئێراق ناسرابوو، بەپێی ڕێککەوتنێکی نێوان بەریتانیا و شای ئێراقی هاشمیی، ساڵی ١٩٢٢ دامەزرا. پاشایەتیی ئێراقی هاشمیی یەکەمین حوکمی ئێراقە، لە ساڵی ١٩٢١ لەلایەن شافەیسەڵی یەکەمەوە دامەزرا. شافەیسەڵ ساڵی ١٩٢٢ لە کۆنگرەی ئاشتیی، کە لە فەڕەنسا ئەنجام درا، یەکەم کەس بوو ئاشتەوایی لەگەڵ یەهوودییەکان ئیمزا کرد و دواتر ئەمە بە ڕێککەوتنی فەیسەڵ – وایزمان ناسرا. دەوڵەتی ئێراق ساڵی ١٩٣٢ لە ژێر ئینتدابی ئینگیلز دەرچوو و بەشداریی لە کۆمەڵەی گەلان کرد. (ئەم مێژووەی باسم کرد، بێگومان مێژووی ڕاستەقینەی گەلی ئەم هەرێمە نییە، بەڵکوو ئینگلیز درووستی کردووە).
کوڕی بنەماڵەی شەریف حسێن شەریفی مەککەی هێنا و ئێراقی دامەزراند. بنەماڵەی شەریفی مەککە و محەمەد عەلی میسڕ لە کاتی شەڕی جیهانیی یەکەم (١٩١٤) و سەروەختی ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی، هاوکاری بەریتانیا بوون، پادداشتی ئەو بنەماڵەیەی شەریفی مەککەش لەلایەن بەریتانیاوە، ئەوە بوو کرانە پادشا بە سەر گەلانی هەرێمەکەوە، بە تایبەت لە ئێراق، ئوردون و سعودییە. هەژموونگەری شەڕی جیهانیی یەکەم، بەریتانیا بوو.
بنەماڵەی شەریفی مەککە هەرچەندە ناویان لە خۆیان نابوو (شۆڕشی گەورەی عەرەبیی ساڵی ١٩١٦)، بەڵام لەلایەن بەریتانیاوە بەڕێوە دەبران. ناوی هەموو وڵاتانی عەرەبیی، تەنانەت ئێرانیش، لە دوای شەڕی جیهانیی یەکەمەوە بەریتانیا دایتاشین، تۆماس ئێدوارد لۆرەنس (لۆرەنسی عەرەب) کەسێکی هەواڵگریی، ئەفسەری سوپا، شوێنەوارناس و دیبلۆماتێکی ئینگلیز بوو، لەو کاتەدا کاریگەریی زۆری لەسەر عەرەب هەبوو، هاوکات ڕۆڵی سەرەکیی لە هاندانی عەرب و تەنانەت کوردەکانیش دژی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی هەبوو. لۆرەنس لە نزیکەوە پەیوەندیی لەگەڵ شا فەیسەڵی شای یەکەمی ئێراق هەبوو. ئەوەی دەمانەوێت باسی بکەین، شەڕە جیهانییەکان توندوتیژیی گەورەن و کاریگەریی باڵایان لە سەر ئابووریی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان هەیە، ئەو شەڕە جیهانییانەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاران، بە تایبەت لە ساڵی نەوەدەکانەوە، دیسانەوە لە ئێراقەوە دەستیان پێ کرد. ئەو شەڕەی لە غەزە و سووریا و ئێستاش لە ئێران بەردەوامە، هەمان گرووپ و تاقمن.
نەوەکانی لۆرەنسی عەرەب و شەریفی مەککە ئەمڕۆ دیسان لەسەر کارن، جارێکی تر نەخشەی ناوچەکە دەکێشنەوە. ناهێڵن ئارامیی و خۆشگوزەرانیی لە ناوچەکەدا هەبێت. ئارامیی و خۆشگوزەرانیی ناوچەکە مەترسیی لەسەر ئەوان و ئیسرائیلیش درووست دەکات.
لە ساڵی ١٩٤٧ـدا نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری دا دەوڵەتێکی یەهوودیی و عەرەبیی سەربەخۆ لەسەر خاکی فەلەستین دامەزرێنێت. بەڵام گەلی عەرەبی ناوچەکە ئەمەیان قەبووڵ نەکرد. بۆ ساڵی داهاتوو واتە، ١٩٤٨ وەکالەی یەهوودیی دەوڵەتی ئیسرائیلی لەسەر خاکە ئینتدابکراوەکان ڕاگەیاند. ئەگەر زیاتر لە پرسەکە ورد بینەوە، شەڕی جیهانیی یەکەم ١٩١٤- ١٩١٨ ئامادەکاری بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی یەهوودیی، شەڕی جیهانیی دووەمیش (١٩٣٩-١٩٤٥) دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل بوو، ئەم شەڕە بە هەژموونگەرایی ئەمریکا کۆتایی هات، شەڕی جیهانیی سێیەمیش ڕاگەیاندنی هەژموونی یەهوودییەکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بێگومان بە پشتگیریی تەواوی ئەمریکا و ئینگلتەرا. تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئەمریکا و ئینگلتەرا هەڵوێستێکی جیاوازتریان بەرانبەر پڕۆژە هەژموونگەراییەکەی ئیسرائیل هەبێت، ئەگەر ناکۆکییەکیش هەبێت، ئەوا لەنێوان خودی یەهوودییەکانی ئینگلتەرا و ئەمریکایە نەک دەوڵەتەکانی ئەمریکا و ئینگلتەرا.
هەژموونگەرایی یەهوودیی لەسەر ناوی پەیمانی ئیبراهیمیی دەستی پێ کردووە، ئەمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە گەورەترین و بەهێزترین پڕۆژە هەژمار دەکرێت. ڕێڕەوی داود و پەیمانی ئیبراهیمیی دووڕووی هەمان دراون، واتە دوو ناوی جیاوازن بۆ پڕۆژە گەورەکەی ئیسرائیل.
هەرچی وڵاتانی عەرەبییە ئەمڕۆ لەلایەن سعوودییەوە پێشەنگایەتیی دەکرێت، میسڕيیش پێشەنگایەتیی باکووری ئەفریقا دەکات، واتە ئەمانە نەوەکانی محەمەد عەلی میسر و نەوەکانی شەریفی مەککەن و جارێکی تر لە شەڕی جیهانیی سێیەمدا ڕۆڵ دەبینن. بێگومان ڕۆڵەکەیان سەرخستنی پڕۆژە هەژمونگەراییەکەی ئیسرائیلە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
گەرەکە لێرەدا ئاماژە بە خاڵێک بکەم، ئەگەر ناپاکیی چینە ئەرەستۆکراتە عەرەبییەکە نەبێت، ئەوا ئەو هەژموونەی ئیسرائیل ئاوا بە ئاسان نابێت و گەشە ناسەنێت. هەمان شت بۆ گەلی کوردیش ڕاستە، واتە گەر کورد نەبێتە هیی خۆی، ئەوا دەبێتە پارچەیەکی ئەو پڕۆژەیەی ئیسرائیل و بۆ سەد ساڵی دیکە لەژێر هەژموون و داگیرکەرییدا دەمێنێتەوە. ئەو ڕووبەڕووبوونەوانەی لە غەزە کران، دەتوانرێت لەو چوارچێوەیەدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. هەرچەندە لە غەزە ملکەشبوونیش هەبوو، بەڵام ڕووبەڕووبوونەوەش لە ئارادا بوو، دەتوانرێت بگوترێت غەزە ئاماژەیەک بوو بۆ دواهەناسەکانی کۆمەڵگەی عەرەبیی لە دژی ملکەچیی ئەرەستۆکراتی عەرەبیی و هەژموونگەرایی ئیسرائیل. ئەو توندوتیژییەی بەرانبەر گەلی غەزە کرا، توندوتیژییەکی بێوێنە بوو، کە لەلایەن هەژموونگەرایی ئیسرائیل و ناپاکیی ئەرەستۆکراتی عەرەبیی لە چوارچێوەی پەیمانی ئیبراهیمییدا کرا. واتە ئەرەستۆکراتی عەرەبی ڕۆڵی سەرەکییان گێڕا لەو توندوتیژییەی بەرانبەر غەزە کرا. ئەرەستۆکراتی کوردیش هەمان شتن، دەستیان لەگەڵ دەوڵەتە سەردەستەکانی کوردستان تێکەڵە، تەنانەت نکۆڵیی لە کوردبوونی خۆشیان دەکەن، لە ئەرستۆکراتی عەرەب چەوتترن. ڕۆڵی ناپاکیی و ئەرستۆکراتی کورد لە کوردستان، لە هی عەرەب کەمتر نەبووە. تا ئێستا ئەرەستۆکراتی کورد و عەرەب بەرژەوەندیی بنەماڵە و داگیرکەرییان بۆ خۆیان کردووەتە ئامانج و لەگەڵ ئەوانەدا خۆیان گونجاندووە، ناکرێت بەرخۆدانی گەلی کورد و عەرەب بکرێتە موڵکی ئەوان و لە تای هەمان تەرازوودا بپێورێت، نابێت ناپاکیی و بەرخوەدان وەک یەک ببینرێت و لێک جیا نەکرێتەوە. گەرەکە زەمینی توندوتیژیی بەو شێوەیە ببینرێت کە زیاتر لە ڕاستییەکان نزیکمان دەکاتەوە، هەمیشە کوڕی هەژار و چینە هەژارەکەیە باجەکەی دەدات، بەرهەمەکەشی ئەرەستۆکراتەکان دەیخۆن، تایبەتمەندیی هەژارێک و ئەرەستۆکراتییەک نابێتە یەک و دوو شتی پێچەوانەن. چینە ئەرەستۆکراتەکە ئەگەر خۆیان دەسەڵات نەبن، زۆر بە ئاسانیی خۆیان لەگەڵ سەردەستەکان دەگونجێنن. بەڵام ئەمە لای چینە هەژارەکە نییە، چونکە ویژدان و ئەخلاقیان ڕێگە نادات پاشکۆییەکی بەو شێوەیە قەبووڵ بکەن. لە بەرخۆدانی کۆمۆنەی پاریسدا ئەرەستۆکراتەکان بوونە هاوکاریی دەوڵەت و ڕێگەیان دا سوپای فەڕەنسا دزە بکاتە نێو پاریسەوە. ئەو کوشتارە زۆرەی لە پاریس کرا، بڕیاری دەوڵەت بوو کە هەموو جۆرە گفتوگۆیەکی ڕەت کردەوە. لوولەی تۆپەکان زمانی دەوڵەت بوو.
ئەوەی لە سەرەوە باسمان کرد، ئەگەر زیاتر لێکۆڵینەوەی لێ بکەین، توندوتیژیی یەکەمین لەلایەن ئەو پیاوە ڕاوچییەوە کراوە وا دواتر دژی کۆمەڵگەی دایک خۆی ڕێک خستووە، بوو بە هێزی کاست و دواتریش بووە بە ئەرەستۆکرات و دەوڵەت. زۆر جار ڕۆشنبیران داوایەک لە دەوڵەت دەکەن، تەنانەت ئەحمەدی خانیی، شاعری ناوداری کوردیش باسی دەوڵەت دەکات، ئەوەی من تێگەیشتبم، مەبەستی ئەحمەدی خانیی و زۆربەی ڕۆشنبیرانیش وڵاتە نەک دەوڵەت، چونکە سەرچاوەی توندوتیژیی خودی دەوڵەت بۆ خۆیەتی، بەڵام لە ئەنجامی پڕپاگەندە و گەمەکردن بە هەستەکان و پیرۆزکردنی دەوڵەت و ناساندنی وەک باوک و سەرچاوەی داهات، فۆرمێکی جیاوازتری دەدەنێ، واتە لای کۆمەڵگە شیرین دەکرێت و دەکرێت بە شەربەت و تامەکەی خۆش دەکەن، هەر کە خواردت، ناتوانی وازی لێ بهێنی. ئیتر خۆت بە شتێک دەزانی و دەبیتە دەسەڵات و دەرفەتی ماددیی زۆرت دەست دەکەوێت، کار بۆ پاراستنی دەکەیت، هەمیشە دوژمنت بۆ دەسازێت..
مادام باسەکەمان شەڕی جیهانیی سێیەم و هەژموونی ئیسرائیلە، پێویستە باسی پێکهەڵپژانەکانی ئێران – ئەمریکا – ئیسرائیل بکەین و پرسیارێکی وەها لە خۆمان بکەین، ئەگەر ئەم شەڕە شەڕی ئێران – ئەمریکا – ئیسرائیل بێت، بۆچی ئێران هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی عەرەبیی و تەنانەت باشووری کوردستانیش؟ وەڵامەکەی ئاسانە! دەتوانین بڵێین شەڕی ئیبراهیمیی و شیعەیە، واتە ئێران پەیمانیی ئیبراهیمیی بە دژی خۆی دەبینێت، لەبەر ئەوەشە هێرش دەکاتە سەر وڵاتە عەرەبییەکان و دەستیان لێ ناپارێزێت. پێشتر ئاماژەمان پێ دا، نەوەکانی شەریفی مەککە لە سەر کارن! ئێستا ئەوان لە بەرەی ئیبراهیمییدان.
پێشتر ئێران پڕۆژەیەکی بە ناوی هیلالی شیعیی هەبوو، بەڵام سەرنەکەوت. ئیسرائیل ئەو پڕۆژەیەی تێک دا، ئیسرائیل خاوەنی پڕۆژەی بەهێزتر بوو، توانی پڕۆژەکەی ئێران تێک بدات، لێدانی کوشندە لەم شەڕەدا ئەو کاتە بوو، کە هیلالی شیعیی لێک دابڕێنرا. هێرش کرایە سەر ئێراقی شیعیی، سووریایی شیعیی – عەلەویی، حزبوڵلای لوبنانیی شیعیی و یەمەنی شیعیی، لە جێی سووریایی شیعیی، سووریای ئەمەویی، لە جێی حزبوڵلای شیعیی، جۆزێف عەونیی دەسکەلای ئەمریکا، (ژنەکەشی ٢٣ ساڵە بەرپرسی پەیوەندییەکانی زانکۆی لوبنانی – ئەمریکییە)، هەروەها لە جێی مالیکیی لە ئێراق، عەلی زەیدیی بازرگان، دانرا، یەمەنیش بەشێکی زۆری کەوتە دەست سعوودییە، لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا هەوڵ بۆ کاڵکردنەوەی شیعە و نەمانی دەدرێت، هەرەوەها هەوڵ دەدرێت گورز لە هەژموونی ئەرەستۆکراتی شیعە بوەشێنرێت. ناتوانرێت بگوترێت گەلی ئێران بەرانبەر هاوپەیمانی ئیبراهیمیی بەرخۆدان دەکەن، بەڵکوو شەڕی هەژموونی نێوان ئەرەستۆکراتییەکانی ئێران و ئیسرائیلە، ڕاستتر ئەوەیە کە خۆری ئەرەستۆکراتی شیعەی ئێستای ئێران ڕوو لە ئاوابوونە. بێگومان شیعەگەرایی کۆتایی نایەت، بەڵام کاڵ دەبێتەوە، عەلی خامەنەیی ئەمەی بینی بوو، بۆیە خۆی کردە قوربانیی تا ڕێگریی لەم هێرشە بکات و ئەرەستۆکراتی شیعگەرایی بەهێز بکات، بەڵام تا چەندە ئەم ڕێبازە ئەنجام دەگرێت؟ ئەوەش جێی پرسیارە! بە کۆی گشتیی باسەکەمان دەتوانرێت بۆچوونێکی وەها باس بکرێت کە لە سایەی سیستەمی هەژموونگەرایی سەرمایەدارییدا، توندتیژیی بە هەموو شێوەکانییەوە بەردەوام دەکات. شەڕی نێوان ئێران – ئیسرائیل شەڕی هەژموونی سەرمایدارییە، لەم شەڕەدا براوە لەگۆڕێ نییە، ئێران سەر بکەوێت یان ئیسرائیل، هەژموونی سەرمایەداریی بەردەوام دەبێت و گورزێکە لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
با فرەتر ڕوونی بکەینەوە؛ بۆ نموونە عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی ئێراق بەرانبەر گەندەڵیی هەندێک هەڵوێستی هەبوو! لەبیرمان نەچێت بناغەی ئەم حکومەتە لە دوای ڕووخانی سەدام حسێن، ئەمریکا دایناوە، تا ماوەیەکیش پۆل برێمەر حاکمی ئێراق بوو! ئەو هەموو گەندەڵییە دیار و ئاشکرا بوو، یەک لەدوای یەک حکومەتی گەندەڵ یەک دەهات و دەچوو، ئەمریکا تا ئەمڕۆ قسەی نەکرد و هەڵیگرت بۆ ڕۆژی خۆی، ئەمڕۆ عەلی زەیدیی لەسەر داوای ئەمریکا گەندەڵیی چەند کەسێکی ئاشکرا کرد، لە کاتێکدا عەلی زەیدیی حزبێکیشی نییە پشتگیریی بکات و لە هەڵبژاردنەکانیشدا زۆرینە نەبوو، باشە ئەم هێزەی لەکوێ هێنا تا ئەندام دزە- پەرلەمان و دزە- چەتەکانی دەوڵەت دەگرێت؟! مەبەست لەم بابەتە چییە؟ ئاشکرایە ئەمە لێدانە لە حوکمی شیعە، ناشرینکردنی حوکمی شیعەیە، لەدوای سەدام حسێنەوە لە ئێراقدا شیعە حوکم دەکات.
بەم هەنگاوە توانی ئەرستۆکراتی شیعەی ئێراق بەلای ئەمریکادا ئاڕاستە بکات، بۆ ئەمەش عەلی زەیدیی، پێشەنگایەتیی بۆ دەکات، بە هەمان شێوە جولانیی سەرۆکی سووریا کەسوکارەکەی خۆی دەکاتە ئەرەستۆکرات و سووریا دەخاتە خزمەتی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، جۆزێف عەونیش هەمان شتە، ئێستا جۆزێف عەون لوبنانی پارچە کردووە و ڕەشبگیریی دژی ئەندامانی حزبوڵڵا دەست پێ کردووە. ئیسرائیل و ئەمریکا سەرسەختانە پشتگیریی دەکەن. لەسەر ئەرزی واقع بەم چەشنە کار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئیبراهیمیی دەکرێت. هەرچەندە پڕۆژەی ئیبراهیمیی پڕۆژەیەکی زۆر بێتاوان (پاک)ـیش دیار بێت، بەڵام خوێنی لێ دەچۆڕێت. ئەقڵی ئەرەستۆکراتی شیعە توانی پڕۆژەی هیلالی شیعە درووست بکات، ئەقڵی ئەرەستۆکراتی یەهوودییش پڕۆژەی ئیبراهیمیی درووست کردووە. هەردوو ئەقڵەکەش هەمان ئامانجیان هەیە. تا ئێستا ئەگەری سەرکەوتنی ئەقڵی ئەرستۆکراتی شیعە لاوازە.
لایەنی مێژوویی بابەتی توندوتیژیی کۆنە و لە ئەقڵی پیاوسالارییەوە سەرچاوەی گرتووە. هەروەها لە سەردەمی سارگۆنی ئەکەدیی( ٢٣٣٤- ٢٢٧٩پ.ز)ـەوە، بناغەی ئارتەشبوونی نیزامیی و فەرمانداریی شەڕی داهێناوە. سارگۆنی ئەکەدیی یەکەمین ئیمپڕاتۆر و یەکەمین فەرماندەی شەڕ بووە، هەموو دەوڵەتشارەکانی سۆمەریی کردووە بە یەک. سەبارەت بە ئاشوورییەکانیش، ئاشوور پانیباڵی پاشای ئاشووریی، بە شانازییەوە باس لەوە دەکات لە کەللەسەری مرۆڤ دیواری قەڵاکەی درووست کردووە. هەردوو ئیمپڕاتۆرییەکەش لە سەر دەستی باوباپیرانی کورد لەناو چوون.
ئەقڵی بازرگانیی هەموو شتێک دەکاتە کاڵای بازرگانیی، لەوکاتەدا ئاشوورییەکان بازرگانی هەرە گەورە بوونە، ئەوەی ئەمڕۆ لە کەسایەتیی سەرۆکی ئەمریکا (ترامپ)ـیشدا دەیبینین، هەمان شتە، بۆ ئەوەی چەک بفرۆشێت، پێویستی بە شەڕە، داهێنەرێکی باشی چەکفرۆشییە، ئەرەستۆکراتی ناوچەکەش پێشوازیی گەرمی لێ دەکەن، ئەوەتا سەرۆکی تورکیا بۆ ئەوەی ئەوەی فڕۆکەی جەنگی دەست بکەوێت ئامادەیە هەموو سازشێک بکات.
فتوحاتی ئیسلام لە دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر، بە تایبەت لە سەردەمی خەلیفەکانی ڕاشدین و ئەمەوییەکاندا دەستی پێ کرد (٦٣٢ز-٧٣٢ز). وەک فەتح و غەزووی مەملەکەتی فارس، بەشێکی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بێزەنتییەکان، وەک شام، ئەفریقای باکوور و میسڕ، هەروەها توانی پەل بۆ چین، ئەندەلوس و ئیتاڵیاش بهاوێت. لە سەردەمی شارستانییەتی ئیسلامدا زۆر شار درووست کران، وەک؛ کوفە، حەڵەب، حومس، بەسڕە، دیمەشق، بەغداد، قاهرە، سەمەرقەند، قەندەهار، ئەسفەهان و ڕەقە و هتد.. لە سەردەمی فتوحاتی ئیسلامدا کۆیلایەتیی کلاسیک کۆتایی هات. لەبری ئەوە وەلاء یان موالیی هاتە ئاراوە. ئیسلام توانی هۆزەکانی ناوچەکە یەک بخات و گەلی عەرەب وەک قەوم بێنێتە مەیدانەوە.
واتاکەی تری فتوحات، توندوتیژییە، لە سەردەمی ئیسلامی عەرەبیی، کوردیی ئەیوبیی و عوسمانییشدا توندوتیژی نەبڕاوەتەوە، ئەگەر فتوحاتیش نەبووبێت، توندوتیژیی هەر بەردەوام بووە، چونکە ئیسلام لە ئیسلامی محەمەدیی دوور کەوتەوە، ئیسلامی محەمەدیی لەسەر بنەمای فەلسەفە پێش کەوتبوو، ژیانی هەرەوەزیی لەگەڵ ئەسحابەکانی بەبنەما دەگرت، بەڵام دواتر ئیسلام لە فەلسەفە دوور کەوتەوە، ماددیات، دەوڵەت، سەڵتەنەت، تاکڕەویی و دەسەڵات جێیان گرتەوە، ئەمانەش پشت بە توندتیژیی دەبەستن. دەتوانم بڵێم لە دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر و بەشێکی خەلیفەکانی ڕاشدینەوە، لادانی زەق لە ئیسلام ڕووی دا، ئەو پەیوەندییەی پێغەمبەر لە نێو هۆزەکاندا لەسەر بنەمای ئیسلام درووستی کردبوو، هۆزەکانی پێ یەک خستبوو، گۆڕا بۆ پەیوەندیی خوێن، واتە خزمایەتیی و بنەماڵەیی، ئەم قۆناغە لە سەردەمی عوسمانی کوڕی عەفانەوە دەستی پێ کرد. لەگەڵ ئەمەویی، عەباسیی، ئەیوبیی و عوسمانییەکانیش بەردەوام بوو. ئیتر وەلائی هەموو هۆز و قەومەکانی عەرەب لە ئیسلامەوە گۆڕا بۆ بنەماڵە و سەڵتەنەتەکان. ناکۆکیی، سەرهەڵدان و شەڕی ناوخۆ لەو کاتەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆمان بەردەوامە، سەڵتەنەت گەورەترین توندوتیژیی بەرانبەر نەیارەکانی بەکار دەهێنا. فتوحاتەکانیش بە زۆری شمشێر بەڕێوە دەبرا.
هەوڵی پێغەمبەر بە ڕێبازی ئیسلام بۆ یەکێتیی هۆزە عەرەبەکان، هاوکات کێشەیەکی تری لەگەڵ خۆی هێنا، وەک دەزانرێت، ناکۆکیی نێوان هۆزی قوڕەیش، ناکۆکییەکی کۆنە؛ بەنی هاشم کوڕی عەبدولمەناف، کە ئەهلی بەیتن و پێغەمبەریش لەوانە، بەنی عەبدولشەمس کوڕی عەبدولمەناف، کە ئەکاتە بەنی ئومەیە، عوسمانی کوڕی عەفان و معاویە لەوانن، ئەمانە ناکۆکیی دەسەڵاتدارییان هەبووە، لەگەڵ سەرکەوتنی ئیسلامدا بەنی ئومەیە ئیسلامی وەک سەرکەوتنی بەنی هاشمییەکانیان بینیوە، لەبەر ئەوە هەر لە سەرەتاوە دژایەتییان بەرانبەر ئیسلام بۆ ئەو ناکۆکییە دەگەڕێتەوە وا لە ڕابردوودا لەسەر دەسەڵات هەیان بووە. دواتر بە شەڕی ئەهلی بیت و ئەمەوییەکان بەردەوام دەبێت، دواتر عەباسیی و ئەمەویی، شیعە و سوننە، سەفەویی و عوسمانیی، شەڕی ئێراق و ئێران درووستکردنی داعش و ئاژاوەکەیان لە ئێراق و سووریا، ئێستاش هەوڵ دەدرێت شەڕی شیعە و سوننە زیندوو بکرێتەوە، ئەگەر لە سووریا باسی سوننەی ئەمەویی و سەلەفییەت دەکرێت و گرووپەکەی جۆلانیی هەڵهاتنی بەشار ئەسەد لە سووریا وەک سەرکەوتنی ئەمەوییەکانی دەبینن بەسەر پاشماوەی عەباسییەکاندا، ئەوا بۆ ئەو ناکۆکییە مێژوویە دەگەڕێتەوە وا لەنێوان هاشمیی و ئەمەویەکاندا هەبووە.
سەبارەت بە کیمیاباران و شاڵاوی ژینۆسایدی بە ناو ئەنفالی ١٩٨٨، کە تیادا زیاتر٢٠٠٠٠٠ خەڵکی بێتاوانی گوندەکانی باشوری کوردستان بە شێوەیەکی دڕندانە ژەهراویی و زیندەبەچاڵ و بێسەروشوێن کران، ئەمە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ئەقڵییەتی فاشیزمی نەتەوەپەرەستی دەوڵەت-نەتەوەی عەرەبەوە هەیە، تێگەیشتن لەو زهنییەتە زیاتر ڕاستیی ڕووداوەکانمان بۆ دەردەخات. ئەو زهنییەتە لە ئەڵمانیا ژینۆسایدی یەهوودییەکان، زهنییەتی فاشیزمی مۆسۆلۆنیی لە ئیتاڵیا، کەمال ئەتاتورک لە تورکیا و سەدام حسێن لە ئێراق، هەمان شتن و هەمووشیان خاوەنی زهنییەتی دەوڵەت-نەتەوەن، ئەمانە هەموویان خاوەنی هەمان زیهنی فیشیستین. بەپێی یاسای نەتەوە یەکگرتووەکانیش بێت، ئەو شاڵاوە ژینۆسایدە و نابێت ناوێکی تری لێ بنرێت، ناوێکی تر ڕاستیی شاڵاوەکە کەم دەکاتەوە و بەلاڕێیدا دەبات، ئەگەر تەنیا بگوترێت ئەنفال؛ ئەوا واتای ئەنفال دیارە، کە مانای تاڵانی زیاتر دەدات، سوورەتی ئەنفال لەدوای شەڕی بەدرەوە، کراوەتە ڕۆژەڤ، بە تایبەت بۆ ڕەوایەتییدانە بەو کەمینەیەی بۆ دەستبەسەراگرتنی کاروانە بازرگانییەکەی ئەبوسفیان لە کاتی گەڕانەوەی لە شام دانرابوو. ئەوەیە مانای ئەنفال. سەدام حسێن ئەو ناوەی بۆ ئەوە بەکار هێنا، تا ڕووی فاشیزمی خۆی لەژێر پەردەی ئیسلام و سوورەتی قورئاندا بشارێتەوە. لە هەرکوێ فاشیزم هەبێت، لەوێ ژینۆسایدیش هەیە. لە هەر کوێ نەتەوەپەرەستیی و میللیگەرایی هەبێت، لەوێ ژینۆساید هەیە. ژینۆساید ڕەنگدانەوەی ئەو زهنییەتەیە. قڕکردنی گەلێک ژینۆساید نەبێت چییە؟ یان بەکارهێنان چەکی کیمیاویی بەرانبەر گەلێک، ژینۆساید نەبێت چییە؟
ڕاستییەکەی گەلی کورد لە پەیمانی لۆزان بەدوا لە نێو ژینۆسایدێکی بەردەوامدایە، پارچەکردنی گەلێک، قەدەغەی زمانەکەی، قەدەغەی کەلتوورەکەی و دەستبەسەراگرتنی ئابوورییەکەی و چۆڵکردنی گوندەکانی، ژینۆسایدە. با تەماشای بەندەکانی تایبەت بە ژینۆساید بکەین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژە بە ئەو چوار خاڵە دەکات، هەموو ئەو خاڵانە لە ماوەی ئەم سەد سەد ساڵەی دواییدا بەسەر گەلی کورددا هاتووە. بێگومان ئەم ڕەوشە کارگەرییەکی دەروونیی قووڵی لە سەر گەلی کورد درووست کردووە، سەد ساڵە لە نێو مەترسیی و دڵەڕاوکێدا دەژێت، نکۆڵیی لە هەبوونەکەی کراوە، بە بیرکردنەوەی لە هەبوونی خۆی، وەک گەورەترین تاوان سزا دراوە، بەرانبەر ناسنامەکەی خۆی، خۆی بە بچووک زانیوە، ئەگەر تیکۆشانیشی کردبێت، بە تیرۆر ناسراوە، هەوڵی ڕزاندنی بە خیانەت دراوە، هیچ تایبەتمەندییەکی کۆمەڵگەبوونی لێ قەبووڵ نەکراوە. ڕێگە نەدراوە خۆی ڕێک بخات و سیاسەت بکات. دەرفەتێکی بچووکیشی بۆ نەهێڵراوەتەوە.
هەرچەندە لە باشووری کوردستان قوربانییەکی زۆر دراوە، دەستکەوتێک بۆ گەلی کورد ڕەخساوە، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتەکەیەوە نەبووەتە هێز بۆ پارچەکانی تری کوردستان، تا دیواری سنوورە دەستکردەکان لەلایەن خودی گەلی کوردەوە نەشکێنرێت. کۆماری کوردستان (مەهاباد) زیاتر نەتەوەیی بوو، بۆ نموونە پێگەی بارزانییەکان لە کۆماری مەهاباد، بەرچاو و دیار بوو، بەڵام باشووری کوردستان بووەتە جێی تەسفییەکردنی جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان، کوشتنی سڵێمان موعینیی، مەلا ئاوارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەعید ئەلچیی و سەعید قرمزی تۆپراقی باکووری کوردستان و دەیان سەدانی تر نموونەی دیاری ئەو تاوانەن کە دەرهەق بە جووڵانەوە شۆڕشگێڕەکانی کورد کراوە. هێشتاش ئەم هەڵسوکەوتانە بەردەوامە.
پێویستە ئاماژە بە پیگەی باشووری کوردستان بکەم؛ باشووری کوردستان و قەوارە سیاسییەکەی لەبەر خاتری چاوی جوانی کورد، لە دەستوری ئێراقدا ڕێی پێ نەدراوە، ئەگەر بەرژەوەندیی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی لەبەرچاو نەگیرابێت. لە ئێراقدا ئەرەستۆکراتی کورد لە چاو عەرەب نە دەوڵەمەندترە نە ژمارەشی زیاترە، تا ئێستا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن ئێراقەوە دابین دەکرێت. هەرچەندە پارەیەکی خەیاڵیی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام دەچێتە دەرەوە، ئەمە بۆ ئێراقیش ڕاستە و هەمان شتە. بەڵام تەرازووی سیاسیی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی ڕێگەی داوە تا کورد لە باشووردا ئەو پێگەیە بەدەست بهێنێت. بەرژەوەندیی نێودەوڵەتیی لەوەدایە ئێراق لاواز بێت، بوونی هەرێمێکی کوردی لە ئێراق، لاوازکردنی ئێراقە، ئەمە لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل دایە، مەترسی ئێراق لەسەر ئیسرائیل کەم دەبێتەوە، ئەوەش لێ لەمەودوا لە هەرێمدا چی ڕوو دەدات دیار نییە، داخۆ ئەم قەوارەیە چی بەسەر دێت، هێشتا ئەمە دیار نییە.
بەرژەوەندیی هەرێمیی و تورکیا بە تایبەت، لەودایە ئەم هەرێمە دژی کوردەکانی باکوور بەکار بهێنێت و تا ئێستا وا بووە. تورکیا لەمەدا سەرکەوتوو بووە. ئەرەستۆکراتی باشوور لەم بوارەدا خۆی گونجاندووە. بە هەموو شێوەیەک کاری بۆ کردووە، لەمەدا هیچ دوودڵ نەبووە.
هەرچەندە ئێستا گەلی کورد هۆشیار بووەتەوە، توانیویەتی کێشەی هەبوون چارەسەر بکات، کورد وەک گەلێک لە مەیدانەکەدایە، بەڵام هێشتا مەترسیی کۆتایی نەهاتووە، ناوماڵی کورد یەک نییە، ئەرەستۆکراتی کورد تا ئێستاش بەرژەوەندییەکانی خۆی لە لای دوژمن دەبینێت، نەک گەلەکەی خۆی، هێشتا نەیتوانیوە ناوکی خۆی لە دوژمن دابڕێت، کارکردن بۆ یەکخستنی ناوماڵی کورد، زۆر لاوازە، کۆمەڵگە ئامادەیە، بەڵام ئەرەستۆکراتی کورد بە پێچەوانەوە لە دژیەتی.
هێشتا ئەقڵێکی هاوبەش درووست نەبووە، ئەقڵێکی خاوەن بڕیار لەئارادا نییە، ڕۆشبیران پەرتەوازەن، شتیان پێیە، قسەی خۆش دەکەن، بەڵام هەنگاوی پراکتیکی نانێن. ئاڕاستەی تێکۆشانیان بۆ درووستکردنی ئەقڵێکی سیاسیی نەتەوەیی لاوازە. هێڵی سیاسیی باشووری کوردستاندا ناڕوونە، لەژێر کاریگەریی بیانیی دایە، نەبووەتە خۆماڵیی. کارکردن بۆ درووستکردنی ئەقڵێکی کوردیی هەنووکەییە و لە هەرکاتێک زیاتر پێویستە. گەشەدان بە کارە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، کار بۆ درووستکردنی ئەقڵێکی هاوبەشی نەتەوەیی، جێنەهێشتنی ئەم خەباتە بۆ ئەرەستۆکراتەکان و چاوەڕێ نەکردندیان، بڕوابەخۆبوون، ڕێ لەپێش خۆری ئازادی کوردستان دەکاتەوە. ئەمەش ئەرکی هەموو کەسێکی شۆڕشگێڕی دڵسۆزی ئەم وڵاتەیە.
- ئێراق؛ سەد ساڵ لە نێو گێژاوی ئینگلیزدا - 08/01/2026
- کنترل اسلحه و جنگ علیه مواد مخدر - 07/24/2026
- آنارشی در آخن - 07/20/2026
