چریکەی شار

شاری سلێمانی وەک باقی شار و ناوچەکانی تری کوردستان خاونی هونەری گۆرانی و مۆسیقای بەرزو تایبەت بە خۆی هەیە و وەک قوتابخانەیەک گەلێ ژن و پیاوی پێگەیاندووە کە جێگای پەنجەیان لە بەرەوپێش بردن و زیندوو راگرتنی هونەری کوردی دیار و ئایانە.

چەند تیپی مۆسیقای کارامەوە و چالاکی هەبووە وەک: مەولەوەی کۆن و سلێمانی و…هتد کە لە تەمەنی خۆیاندا گەلێ خزمەتی شایان و بە پێزیان پێشکەش بە هونەری گۆرانی و مۆزیکی کوردی کردووە کە رەمزی ناو و ناوبانگ و زیندوو بوونیان لە دڵی تاک بە تاکی ئێمەدا دڵسۆزیی و خەمخۆریان بۆ هونەری بۆ کورد و کوردستان بووە تەنانەت لە بواری مۆسیقای مناڵانیشدا ئەم شارە سەرتۆپ بووە و مناڵانیشیان لەم هونەرە بێ بەش نەکردووە.

هەر وەها گەلێ ژەنیار و گۆرانیبێژی و باش و بلیمەتی لێهەڵکەوتووە وەک: مەلاکەریم، رەشۆڵ، رەفیق چالاک، شەماڵ سائێب، قادرکابان، کەریم کابان، برایم خەیات،سەلاح رەشید، حەمە جزا، شەوکەت رەشید، حاتەم سەعید، حەمەی کاکە، نەجات عەبدە، سەردار رەمزی، قادر دیلان، حەمەساڵح دیلان، ئەنوەر قەرەداغی، ولیام یوحنا، عەزولە، خالد سەرکار، زانا مەحموود هەژار، نیازنووری و سەدان دەست و پەنجە رەنگینی تر کە خزمەتی شیاو دیاریان بە هونەری مۆسیقا و گۆرانیی کوردی کردووە کە هەمیشە مێژووکەیان جێگەی شانازی نەتەوەکەمانە.

کە زۆربەی ئەم کەسایەتیانە لەوپەڕی بێدەنگیدا ماڵاوایان لە ژیان کرد کە هەتا ئێستە شاکاری ئەم هونەرمەندانە بە باشی نەکەوتووەتە بەر توێژینەوە و هەڵسەنگاندن بۆ نەوەی نوێ، تەنانەت لە بەر نەبوونی دەسەڵاتی سیاسی و کیانی سەربەخۆ کەس نەبووە پشتگیریان بکات تەنیا پشتیان بە هەستە نەتەوایەتیەکەی خۆیان گەرم بووە و بەس.

ئەم کەسانە بۆ مامۆستا “ساڵح دیلان” مۆسیقایان ژەندوە

شەوکەت رەشید، سەلاح رەشید، قادر دیلان، نەجات عەبدە، ولیەم یوحنا، حازم حەداد(عەرەب بوو) عەزولە و چەند هونەرمەندی تر، کە هەر کامیان بە قەد توانا خزمەتیان بە مۆسیقای کوردی کردووە و ناویان لە مێژووی گەلەکەماندا بە درەوشایی دەمێنێتەوە.

محەمەد ساڵح کوڕی مەلا ئەحمەدی دیلان لە ساڵی1927ی زایینی لە گەڕکی” گاوران”ی شاری سلێمانی لە بنەماڵەیەکی نیشتمان پەروەر و رووناکبیر چاوی بەڕووی ژینا هەلهَێناوە، لە سەرتای مناڵیدا لە حوجرە قورئان و کتێبەکانی ئەو سەردەم دەخوێنێ، پاشان دەیبەنە قوتابخانەی” خالدیە” هەتا سێی ناوەندی دەرس دەخوێنی لە بەر هەژاری و قاتی و قڕی ئەوسای ناوچەکە دەس لە خوێندن هەڵدەگرێ.

چۆن باوکی دەنگخۆش و شێعر دۆست بووە هەروەها زانیاری باشی لەشێعر فارسی و کوردیدا بووە هەر لە تەمەنی مناڵیەوە خولیای شێعر وتن بووە و لە نێو ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی و فارسی و عەرەبی قاڵ بووە، لە تەمەنی لاویدا بەرهەمی شێعری بڵاو کردووەتەوە هەر بۆیە ئەم شاعێرە مەزنە بە سوار داکێکی مەیدانی وێژەی کوردی دێتە ئەژمار بەردەوام هاوکاریی رۆژنامەی “ژینی” کردووە و لە بواری روشنبیری سیاسیی نەتەوەیی و داکۆکی لە مافی رەوای کورد زۆر بە هەڵوێست بووە، لە خزمەت کردن بە کێشەی رەوای نەتەوەکەی و دژ بە کۆنەپەرەستی جێگەی بەرزو بە نەرخی هەیە. بەم بۆنەوە “یازدە” ساڵ لە ژیان و تەمەنی پڕباری کە کونجی بەندیخانەکانی داگیرکەرانی کوردستان بە سەر بردووە.

ساڵح دیلان سەرەڕای بەهرەی ئەدەبی لە بواری گۆرانی و مقام و سروودا گەلێک بەرهەمی باش و شاکاری بەرهەم هێناوە کە مۆرکی مەکتەبێکی تایبەتی هونەری بۆ خۆی هەڵکۆڵیوە.

“ساڵح دیلان” سەرەڕای ئەوەی کە شاعێرێکی گەورە بوو دەنگخۆشێکی هەرەباش و ئاوازدانەر و مقام زانێکی دەگمەن و دانسقە بووە، کە نموونەیەکەی بەرجەستە و هەمیشە زیندوو گۆرانی حەماسی نەورۆزە لە شێعری شاعێری گەورە مامۆستا” پیرەمێرد” کە لە ساڵی1948 بە دەنگە زوڵاڵەکەی مامۆستا “حەمەساڵح دیلان” بە سەرانسەری کوردستاندا بڵاو بووەتەوە کە لە نێو خەڵک دا بە سروودی (نەورۆز) ناوی لێ دەبرێ، زۆربەی بەرهەمەکانی بە هاریکاری رادیو “خاک” و تۆمارگەی” ئۆسکار” لە شاری “سلێمانی” خراونەتە سەر پێنج ئەڵقە “سی دی” کە ئەمانەن 1- بەردەقارەمان 2- زیندان3 – بەهاران 4- پاییز 5- ساقی کە سەرجەم 62مقام وگۆرانی و سروودی لە خۆ گرتووە، کە وەک کۆڵەکەیەک لە رەدیفی مۆسیقادا دێنە ئەژمار، بواری مقامدا مێتۆدیکی نوێی داهێناوە کە لەگەڵ مقام بێژانی تر جیاوازە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بە ئاگایی و تێڕوانینی سەردەمیانە و ئاستی رۆشنبیری خۆی ئەو سەبک و ستایلەی داهێناوە

دەنگی دیلان دەنگێکی زوڵاڵ و رەسەنە کە هەڵقوڵاوی قوتابخانەی هونەری شاری “سلێمانیە” ، شێوەی وتنی تایبەت بە خۆیە ئەگەر چی هێندێک لە لەرینەوەی دەنگی(تەحریر) لە شێوەی فارسی دەچێ((بۆ خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێ: حەز لە مۆسیقای فارسی دەکەم نەک هەر حەزی لێ دەکەم بەڵکۆ چۆتە خوێنمەوە))

“ساڵح دیلان”ی شاعێر، ستران بێژ ، مقام بێژ و سروود چڕی کورد پاش نیو سەدە تێکۆشان لە رێگای وێژە و هونەری نەتەوەکەیدا لە تەمەنی 63 ساڵیدا لە رێکەوتی1810 1990ی زایینی بە رابەربە 681369 هەتاوی ماڵاوایی لە گەل و نیشتمان و هونەری کوردی کرد و لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بە خاک ئەسپەردە کرا.

 

سەبارەت بە هونەری مقامات، گۆرانی، سروود و هەڵبژاردنی شێعر مامۆستا”ساڵح دیلان” لە گەڵ سێ کەسایەتی ناوداری کورد،

خالد سەرکار ژەنیار، سەلاح رەشید گۆرانیبێژ و ژەنیار و سەعدوڵا نەسیری گۆرانیبێژ و ژەنیار

وتو وێژیکم ئامادە کردووە، کە بە شیوەی جیا جیا و دەخرێتە بەردیدی خوێنەران.

 

حەمە ساڵح دیلان) بە رای من دەنگێکی سلێمانی ئەسیل، ڕەسن

خالد سرکار: (حەمە ساڵح دیلان) بە رای من دەنگێکی سلێمانی ئەسیل، ڕەسن هەڵقوڵاوی ئەتوانم بڵێم قوتابخانەی هونەری سلێمانیە.ئەم دەنگە لە هیج شوێنێکی دیکە دووبارە نەبوەتەوە ئەم جۆرە ستایل، دەنگ، ئەدا و ئێحساسە، رەنگە گۆرانیبێژەکانی دیکە دووبارە بوونەوە بووبێ لە پارجە کانی تری کوردستاندا بەڵام “حەمە ساڵح دیلان” غەریبە دەنگێکی هەڵقوڵاوی شاری سلێمانیە کە سەردەمانێک ئەم شاری سلێمانیە ئێستاش و هیوادارم لە داهاتووشدا وابێ، کە بە ڕاستی فێرگە بووە یا خوت ئەتوانم بڵێم قوتابخانەیەکی هونەری گەورە بووە بۆ پێگەیاندن و گۆش کردنی کۆمەڵێکی زۆر لە داهێنەران، هونەرمەندان، گۆرانیبێژان و شاعیرانیش.

” حەمە ساڵح دیلان” جۆرێک ئەدای تایبەتمەندی خۆی هەیە، راستە ئەم پیاوە لە ژیانی خۆیا چەند جارێک ئێمە گوێمان لێ بووە وتوویەتی: من گۆرانیبێژ نیم من شاعیرم! بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێ چەند گۆرانییەکی وتووە بمانەوێ و نەمانەوێ چەند مقامێکی وتووە، ئەم پیاوە تازە ئەرشیڤیکی کوردی تۆمار کراوی هەیە، هەر چەندە تۆمار کردنەکەیشی زۆر لاوازە، زۆربەی لە ماڵاندایە لە شونێک ستۆدیوی بۆ نەکراوە لە شوێنی هونەری بۆی نەکراوە، ئەو چەند ئامێرە مۆسیقایە لە گەڵیایەتی هەر لە ماڵان دانیشتوون لە رووی ستایل و لە رووی نوعیەتی ئەو ئامێرانەی وەکوو پێویست هونەری نیە ناڵێم وەکوو ژەنین، دیارە هەمووی لە ماڵان بووە، دیارە خۆیشی مەبەستی نەبووە بۆیە، ئەگەر مەبەستی بوایە ئەچووە ستۆدیو، وەکوو گۆرانیبیِژانی دیکە، وەکوو تایەر تۆفیق، عەلی مەردان، خاڵە سێوە و حەسەن زیرەک، بۆ نموونە عەلی مەردان کۆمەڵێکی لە بەغدا تۆمار کردووە کە چی چووە بۆ تارانیش تۆماری کردووە معنای ئەوە بووە گەڕاوە خۆی مەبەستی بووە، بەڵام “حەمە ساڵح دیلان” نەْ مەبەستی نەبووە.

من خۆم بۆ نموونە داوام لێکردووە کە با لە تیپی مۆسیقای سلێمانی ئەو کاتە ئێمە گەنج بووین بەرهەمت بۆ تۆمار کەین لە ستۆدیوەکەی خۆمان رەفزی کردۆتەوە وتوویەتی: من گۆرانیبێژ نیم حەزم لە شێعرە من ئەمەوێ شێعر بنووسم ئەو چەند گۆرانییەش کە وتوومە هەروا بۆ خۆشی خۆم و برادەران بووە.

بەڵام لە گەڵ ئەوشدا دەنگی خۆش ئەدای چاک مەقام بێژێکی چاک، ئەو مقامانەی وتوویەتی بە ئەدایەکی جوان بەرز بوونەوەی پلەی دووهەمی پلەی سێهەمی دابەزینی بۆ پلەی ناوەڕاست بۆ ئێستقراری مقامەکە زۆر بە جوانی ئەدای کردووە، زۆر جار تەحویلاتی مقامیشی کردووە، مەقام سەیر ئەکەی بەیاتە تەحویلی ئەکا بە سێگا، ەقام تەسلیمەکەی ئەکا بە ڕاست! نە دەراسەێ مقاماتی کردووە و نە ئەوەی بڵێ بزانم ئەم مقامەی کامەیە و ناوی چیە، رەنگە ناوەکانی زانیبێ بەڵام وەکوو زانستییەکی نەیزانیوە، بەڵام بە حێسە جوانەکەی خۆی لەو مقامەوە بازی داوە بۆ ئەو مقامە و زۆر بە جوانیش ئەدای کردووە.

ئینجا هەندێک بەستە ئینجا شێعری جوان خۆیشی کە شاعێر بووە زۆربەی شێعرە جوانەکان خۆی هەڵیبژاردووە، ئینجا لە رووی سرودی کوردیەوە وەکوو بۆیان باس کردووم لە لایەن شاعێرانەوە بە تایبەت “ئەحمەد هەردی” و “مستەفا ساڵح کەریم” کە ئێستاش رۆژنامەنووسێکی گەورەی کوردە، “پیرەمێرد” کە شێعری نەورۆزی داناوە داوای لە “حەمە ساڵح دیلان” کردەبوو کە ئاوازی بۆ دابنێ! ئەویش ئەو ئاوازەی بۆ داناوە لە ماڵانیشا تۆماریان کردووە، من خوشبختانە ئەو بەکرەیەم لە ماڵی “قادر بەگ” دەستم کەوت تنویتی نۆتەکەیم کرد و لە کتێبی “سروودی کوردی” بە چاپمان گەیاند سێ جاریش جاپ کرایەوە، ئەوە پارێزرا چونکە پاراستنی ئەم جۆرە بەرهەمانە لە کتێبدا نەبێ ئەفەوتێ هەر تۆمار کردنەکەی کافی نییە نۆتەکیشی لە گەڵا بێ زۆر زانستیترە.

“ساڵح دیلان” بە راستی یەکێکە لەو گۆرانیبێژە هەڵکەوتوانەی میللەتەکەمان، لەو دەنگە تایبەتمەندیەی کە هەیەتی و لە هەڵبژاردنی ئاوازیش و سروودەکانی و شێعرەکانی زۆر سەر کەوتوو بووە چونکە شێعری لاوازی نەبووە، لاوازی و جێی رەخنە بێ، ئەو شێعرانە شێعری جوان یا هی خۆی بووە یا هی “مەحوی” یا هی شاعێرە کلاسیکە کوردیە جوانەکان ئەوانەی وتووە، یان خود ئەو ئاوازانەش کە دایناوە و ئەو ژنیارانش لە گەڵی بووە وەکوو “قادر دیلان”ی برای، کاک “ئەنوەر قەرەداغی” ژەنیاری بە توانا بۆیان ژەندوە.

تیپی مۆسیقای “مەولەوی” جاران هێندێک بۆنەیان بووە، بۆ نموونە من مناڵ بووم لافاوێک دای بە شاری سلێمانیا تیپی مۆسیقای “مەولەوی” و “حەمە ساڵح دیلان” بۆ ئەوەی پارە بۆ ئەم شارە کۆ بکەنەوە وەکوو شتێکی خێری باشترین کار بووە!! کە جێی شانازییە، ئەم کۆنسێرتەیان ئەنجام داوە لە شار و شارۆچکە کانی کوردستانا، پارەکەی بە بیتاقە بووە ئەو پارەی بیتاقەیان هێناوەتەوە داویانە بە لێقەوماوانی لافاوەکەی شاری سلێمانی ئەم هەستە زۆر جوان بووە، لە لای من ئەم تیپە مۆسیقایە زۆر گەورە بووە کە بەم کارانە هەڵساوە کە هم لە خەزمەتی لێقەوماوانیش بێت ئەم هونەرە جوانەشیان باتێ “حەمە ساڵح دیلان”

لەو رووەوە وەکوو شاعێرێکی گەورە کە بەرهەمی شێعری جوانی هەیە بەرهەمی گۆرانی ەقام و سروودی جوانیشی هەیە.

ئاواز دانەر و مەقام بێژ بوو

سەلاح رەشید: ئێمە قۆناغێکی دوور و درێژ پێکەوە بووین، هەموومان خەڵکی شارێک بووین، ئیتر لەو شەو دانیشتنانەی کە لە ماڵان ئەکرا دۆست و برادەرانی خۆمان هەمیشە پێکەوە بووین، ئێمە وەکوو مۆسیقی، ئەو شەوانە کاری مۆسیقامان بۆی ئەکرد، ئەویش بە میزاجی خۆی هەر کاتی زەوقەکەی بگەیشتبایە گۆرانی ئەوت، هەمیشە ئەوە لە شەو دانیشتنی ماڵانا ئامادە نەبوو بۆ گۆرانی وتن، وەکوو میوانێک ئەهات دائەنیشت، بەڵام ئێمە بە شێوازێک ئەمان هێنایە گفتوگۆ ئەمان هێنایە وتن بە باشی گۆرانی ئەوت.

مامۆستا “حەمەساڵح دیلان” تەبعەن زۆر پێی خۆش نەبوو وەکوو گۆرانیبێژ و مقام بێژ بناسرێ، زیاتر وەکوو شاعێر حەزی ئەکرد بناسرێ وە حەقی خۆیشی بوو شاعێرێکی زۆر چاک بوو یەکێک بوو لە شاعێرە چاکەکانی سەردەمی خۆی بە رای من، بەڵام مامۆستا “حەمە ساڵح دیلان” دوو سێ سیفاتی چاکی هەبوو یەکێک لەوانە شاعیرێکی چاک بوو دوو لەوانە مقام بێژێکی زۆر چاک بوو سێ لەوانە خۆیشی ئەیتوانی ئاواز دابنێ، وەکوو ئاوازی بەستە، وەکوو سروود، هەچەندە من دوو دڵم لە قسەیەک کە ئەو سروودی نەورۆزە بە دەنگی ئەو یەکەمجار بڵاو بووەتەوە لە ساڵی پەنجاکانا، ئەو کاتە نەورۆز مەنع بووە حوکوومەتەکانی ئەو سەردەمە محاربەی ئەو خەڵقانەی دەکرد کە شوێن ئاگری نەورۆز و ئاگری نەورۆز کردنەوە و سروود بۆ نەورۆز ئەڵێن و ئەمانە، بەڵام وەکوو مێژووەکە ئەڵێ لە ژێر رێژنەی گولە و راودونان، راودونانی پۆلیس و ئەمانە، لاوەکان و پیاوەکانی ئەم شارە نەورۆزی خۆیان هەر کردووە بە هەر نرخێک بووبێت، دوو دڵیەکەی من ئەوەیە قسەیەک هەیە ئەڵێن گوایە مامۆستا “قادردیلان” برای مۆسیقاژەنێکی زۆر چاک بوو ئەو ئاوازەی داناوە، مامۆستا “حەمە ساڵح دیلان” مۆسیقا ژەن نەبوو هیچ ئامێرێکی نەدەزانی بە کار بێنێ بەڵام ئەویش وەکوو وتم گوێی مۆسیقی زۆر زۆر چاک بە قۆوەت بوو زۆر شارەزا بوو.

بە ستایلێک مقامی وتوە لە کەس ناچێ، نە لە عەلی مەردان ئەچێ نە لە تایەر تۆفیق ئەچێ، نە لە مقام بێژێکی تر ئەچێ، نە لە سێوە ئەچێ، مامۆستا “حەمە ساڵح دیلان” ئەتوانێین بڵێین خۆی لە خۆی چووە، لە بەر ئەوە بەو ستایلە خۆشانە بەو نەبرە بە قۆوەتانە بەو تاقەو توانا گەورەی خۆی ئەو مقامانەی وتوە.

توانای زۆر بوو ئەیتوانی ئەگەر وای باوەڕ بە خۆی بوایە کە بەردەوام بێ لە سەر گۆرانی وتن و مقام وتن، رەنگە زۆر زۆر پێشکەوتووتر بوایات لەو کاتەی کۆتایی بە تەمەنی هات.

مامۆستا “حەمە ساڵح دیلان” ئەوەی ئێمە تێ گەیشتبووین لە رێگای هاوکاریمان لە گەڵیا، مانەوەمان لە گەڵیا، لەو ماڵانە کەس نەیئەتوانی تەکلیفی لێ بکات بڵێ مامۆستا “حەمە ساڵح” زەحمەت نەبێ ئەتوانین تەکلیفی گۆرانی بکەین؟ کەس نەیئەوێرا لەوانە بوو یەکسەر پێڵاوەکانی لە پێ بکاو دانیشتنەکە بە جێ بێڵێ، تووڕە دەبوو! چاوەڕوانی ئەوەمان ئەکرد کەی ئەم کابرایە پێ ئەگا و دێتە سەر ئەو نەشئەیەی کە گۆرانی بڵێ، بەڕای کاک “شەوکەت رەشید” و کاک “ئەنەوەر قەرەداغی” پارچە مۆسیقایەک عەرەبی هەبوو پێیان ئەوت “روباعیاتی خەیام” زۆر مەشهوور بوو، وەختی خۆی بۆ گۆرانییەکی “ئوموکڵسووم” کرابوو زۆر بەناوبانگ بوو! ئێمەش وەکوو ژەنیار حەزمان لێ ئەکرد ئەمان وتەوەو وەکوو پارچە مۆسیقا لێمان ئەدا، کە ئەو روباعیات خەیامەمان لێ ئەدا مامۆستا “حەمە ساڵح دیلان” بە رەحمەت بێ، پێکەکەی هەڵئەگرت ئیشارەتی ئەدا ئەیوت گۆرانی ئەڵێم، ئیتر ئەهات چەند ئارەزووی بوایە چوار مقام سێ مقام پێنج مقام لەوە زیاتر ئەیوت، بۆ نموونە وابزانم لە ساڵی 63یا64دا بوو لە ماڵی مامۆستایەکی هاوڕێمان مامۆستا”قادرخەلیل” لەو مامۆستایانەی سلێمانی تاک و تەراک ماڵی لێ کرابوو، شەوێک بوو بەفرێکی زۆر باریبوو سەهۆڵ لە عەرزا بوو زۆر سارد بوو، ئەو دەعوەتی کردین بۆ ئەوێ، مامۆستا حەمە ساڵح دیلانیشمان لە گەڵ بوو، لەوێ مامۆستا” قادرخەلیل” بە من و کاک شەوکەت و مامۆستا ئەنوەرقەرەداغی وت، وتی: من چۆن کارێ بکەم ئەم گەورە دانیشتنەی ئەم شەوە تۆماربکەم ئەم پیاوە نەزانێ؟ بزانێ هەرچێ رەنجەکەمە بە خەسار ئەڕوات، تەدابیرەکە وا کرا وتیان بابە تۆ لە ژێر کومبارەکەوە وایرەکە بەرە بۆ ژوورەکەی ئەودیو با تەسجیلەکە لەوێ بێت میکروفۆنەکە بەستمان بە قاچی ئەو کورسیەی کە بڕیارە مامۆستا حەمەساڵح دیلان لەوێ دابنیشێ وە فەرقی پێنەکرا لە سەر کورسیەکە دانیشت، ئیتر مامۆستا “قادر خەلیل” بەردەوام ئەهات ئێرەو ئەچووە ئەوێ چۆنکە چاودێری تۆمارکردنەکەی ئەکرد، وای لێهات مامۆستا حەمەساڵح وتی: قادر تۆ ئێمەت دەعوەت کردووە کاکە دە وەرە لامان دانیشە ئەوە چییە هەر ئەڕویتە ئەودیو؟ ئەویش بە رەحمەت بێ جوابی داوەو وتی: مامۆستا حەمەساڵح ژنەکەم گیپەی بۆ دروست کردوین تەنیایە حەزئەکەم جارجارە یارمەتی بدەم! مەسەلەکە ئاوا پینە کرا.

ئیتر ئەوشەوە جەوەکە زۆر خۆش بوو ئەو روباعیات خەیامەمان بۆ لێدا، هات ئەو شەوە هەشت مقامی لە سەر یەک بە بەردەوامی وتوە، ئێستەش ئەو شریتە مەشهوورە بەو هەشت مقامە چاک ترین شریتی مامۆستا حەمە ساڵح دیلانەکە ئێستە لە بازار و تۆمارگاکانا دەس ئەکەوێ.

مامۆستا”ساڵح دیلان” حەقی نەتەوایەتی خۆی لە گۆرانی نەورۆزدا ئەدا کردووە

سەعدوڵا نەسیری: هە میشە من بڕوایەکی تایبەتیم هەیە کە ئەڵیم خەڵکی سنەو سلێمانی بە تایبەت رۆشنبیرەکانی وئەوانەی کە لە بۆاری فەرهەنگی وهونەریدا هەنگاویان هەڵگرتووە هەست ئەکەم بنەماڵەیەکن لە دووجێگا، یانی وەک یەک گەشەیان کردووە و گەیشتوونەتە ئاستێ کەچ لە بۆاری شیعرو چ لە بۆاری مۆسیقادا ئەو پیاوە گەورانەی کە هەڵکەوتوون، هەر لە سەردەمی بابانەکانا ئەتوانم بڵێم وەک ماڵی کەسی خۆیان چ ئەو پیاوە گەورانەو چ ژنە گەورانە کەلە سنە بووگن هاتوچووی سلێمانیان کردووە، لەهەمان کاتیشدا لە سلێمانیەوە هاتوچووی سنەیان کردووە یانی پێکەوە پێوەندیان هەبووە.

ئیستا چون باسەکەمان لەسەر مامۆستا “ساڵح دیلانە” و ئەویش هەرلەو کەسایەتیە بەرزانەیە کەلە سەدەی رابردوودا هەڵکەوتووە گەر چی هەرلەو سەدەمەدا دەستی پێکردووە هەتا ئەمڕۆ گەیشتووەتە مامۆستا شێرکۆ بێکەس و کەسانی تر کە شایەت من لە نزیکەوە ئاشنایەتیم لە تەکیانا نەبێ، بەڵام مامۆستا “ساڵح دیلان” لە پلەوپایە بەرزانەیە کە بەراستی ئێمە ئەتوانین لە سەر بنەڕتی مۆسیقا و شیعری کلاسیکی کورد بۆ گۆرانی، یا ئەوەی کە لای ئێمە پێ ئەڵێن”تەرانە” حێسابی لە سەر بکەین.

مامۆستا”ساڵح دیلان” هونەرمەندێک بووە لەو هونەرمەندە گەورانە کە بە زانستەوە کاری کردووە، یانێ زانست لە پشتیەوە بووە، مەسەلەن ئێمە گۆرانی بێژمان هەیە تەنیا گۆرانی بێژە،شیعری پێ ئەدەن و گۆرانی بۆ دروست ئەکەن ئەیچڕێ، بەڵام مامۆستا”ساڵح دیلان” وەک چۆن لە “ئێران” ئەڵێن یەکێ لە پایەگەلی مۆسیقای ئێرانی لە ناو فارسەکانا”عەبدوڵا دەوامی”ە، ئەتوانم بڵێم مامۆستا”ساڵح دیلان” لە بواری مۆسیقای کوردیدا لە پلە و پایەکی ئاوا دایە، لە بواری هەڵبژاردنی شیعریشدا زۆر زانستیانە شیعری بۆ مقام وگۆرانیەکانی هەڵبژاردووە، هەوا بە خۆڕایی نەبووە، چۆن بە بڕوای من هەم رەدیفە فارسییەکانی ناسیوە هەم رەدیفە کوردییەکانی باش ناسیوە هەر کامەیشی لە جێ خۆی بە باشی ئەدا کردووە.

لە بارەی گۆرانی نەورۆزدا باسێکی دەرونی ئەکەم رەنگە هەستی من وابێ، حوزنێکی تێدایە، ریتمەکەی ریتمێکی توند بێ یا بۆ دەستپێکی نەورۆز ، حوزنێک یا غەمێکی تێدایە، تەنانەت لەمەو دواش کە”موجتەبای میرزادە” ئەو ئووێرتۆرەی بۆ مامۆستا”حەسەن زیرەک” داناوە هەر ئەو غەم و حوزنەی تێدایە، من هەر جارە کە ئەیبیستم بە راستی تێک ئەچم غەمێکی شیرین دەستم پێوە ئەدات.

بڕێ کەس پێوایە کە مامۆستا”قادر دیلان” دایناوە، بە بڕوای زۆر کەسیش دانەرەکەی مامۆستا”ساڵح دیلانە”، بەڵام ئارمێکە رەمزێکە، وە هەر مناڵە کوردێک ئەو گۆرانییەی لە بەرە، هەرکاتێ نەرۆز دێ من لە تەنیای خۆشمدا ئەیخوێنم، هەر وەها یەکێک لەو گۆرانییە سەرکەوتوانی مۆسیقای کوردیە کە بەراستی مامۆستا”ساڵح دیلان” حەقی نەتەوایەتی خۆی لە گۆرانی نەورۆزدا ئەدا کردووە.

مامۆستا”ساڵح دیلان”وەک مامۆستا”عەلی مەردان” وەک مامۆستا”تایەر تۆفیق” وەک مامۆستا”حەسەن زیرەک” ئەمانە ئارمێکن ئوستوورەیەکن ناوەکانیان بووەتە مەلەکەی زەین.

مامۆستا”ساڵح دیلان” نەخشێ کە لە گۆرانی کوردیدا ئەدای کردووە، ئەگەر رۆژێ بنەڕەتەکانی مۆسیقای کوردی ناو ببەین، مەسەلەن لە ئێران بۆ نموونە ئەڵێن (عەبدوڵا دەوامی، مووسا خان مەعرووفی، نەی داود و دەرویش خان) بۆ مۆسیقای کوردی ئەگەر زەمانێ گەرەکمان بێ یەکێک لە کۆڵەکانی مۆسیقی ناو ببەین یەکێ لەوانە مامۆستا ساڵح دیلانە.

جەلال هانیسی

Website | + posts