بۆ دەرباز بوون بە کورتی

بۆ سەرخستنی شۆڕش لە ڕۆژهەڵات و ڕزگار کردنی نیشتمان و بەدی هێنانی ئازادی پێویستە تۆکمەتر لە جاران هێزو توانای خۆمان لە هەموو بوارێک بخەینە گەڕ.

وەگەڕخستنی هێزو توانای ئێستای گەلی کورد لە چوارچێوەی حیزب و دواتر شۆڕش پێویستی بە بەڕێوەبەری سەرکەوتوو هەیە.

بەڕێوەبەری سەرکەوتوو لە ئاکامی نوێبوونەوەو سەردەمی بوون بە زانستی و زانابوون لە هەمان کات دەبێ ئاوێتەی ورەی شۆڕشگێرایەتی بێت.

گەلێکی ڕاپەریو لە نەورۆز و ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ کۆڵبەرو شادی بۆ ڕیفراندۆم و حەماسە خولقێنەری هاوکاری کرماشان لە لایەک خوێنی ئاڵی شەهیدانی ڕاسان و هێزی پێشمەرگەی قارەمان لە شاخەکان لە لایەک ئامادەی وەگەڕخستنی ئەو هێزە گەورەیەیە ئەگەر بەڕێوەبەری سەرکەوتوو هەبێت!!!

هەمیشە گووتومە و دەڵێم بەڕێوەبەرایەتی ئێستا شەڕەفی شۆڕشگێری و بەردەوامی شۆڕش و بەرز ڕاگرتنی ئاڵای شۆڕش و قوربانیدانی چەندین و چەند ساڵەی هەیە کە وێڕای کڕنۆش بردن بۆی بە سەنبولی گەلەکەمان دەزانم. بەڵام ئەگەر ئەو باوەڕە شۆڕشگێریە بە ڕێبەرایەتیەکی لێزان و لێهاتووتر ئاوێتە نەبێت ئاکامەکەی ئەمڕۆ دەبێت کە لە ئاستی پێویست دا نین.

لە هەمان کات دا بە گرنگی دەزانم بڵێم بە تایبەتی لە سەرماوەزی پێشمەرگەی گیانفیدا دا مەرجی بەردەوامی خەبات و شۆڕش ئەگەر بوە پۆست و دەنگ، ئەوا لە فەلسەفەی وجودی پێشمەرگە بۆ شۆڕش دور دەکەوینەوە، لە ناخ دا هەڵپەرستی و بەرژەوەندی خوازی گەشە دەکات کە بەر لە هەموو شتێک و کەسێک زیان بە شۆڕش دەگەینێ و ڕێگرە لە دروست بوونی بەڕێوەبەریەکی سەرکەوتوو.

ئەگەر سەیری مێژووی خەباتی خۆشمان بکەین وێڕای هەبوونی تابلۆی گیانفیدای و قارەمانێتی بەڵام کەمیش نین ئەوکاتانەی خەسارمان تێکەوتوو بە هۆی بە مەرج بەردەوام بوون لە شۆڕش دا.

ئێمە دەبێ سەیری چواردە ملیۆن کوردی بن دەستی داگیرکەر بکەین ئێمە دەبێ ئەو کوردستانە جوانەی ژێر چەکمەی پاسدار ببینین. ئەو کات زیاتر هەست بە گەورەی و پیرۆزی ئەو ئەرکەی هەڵمان گرتووە دەکەین. ئەو دەم دەبینین ئەگەر شانازی خەباتمان بۆ کوردستان پێ بڕاوە دەبێ کارێک بکەین شۆڕش ببوژێینەوە تا سەربکەوێت چاکسازی و باشتر کردن و بەرەو پێش بردنی بەڕێوەبەری ئەرکمان دەبێت. چونکە ئامانجی ئێمە خەبات کردن بۆ سەرکەوتنە نەک خەبات کردن لە پێناو خەبات دا.

باش دەزانم لە گۆڕەپانێکی وەها دا کەس ناڵێ کە من خرابم هەموو کەسێک بە گوێرەی خسلەتی ئینسانی خۆی پێ لە هەموو کەسێک باشتر دەزانێت کە مافێکی سروشتیە و جێگای ڕێزە. بەڵام ڕێگەی بەرئاورد و لێکدانەوەو مێژووی ڕابردووی کارو تەجروبەمان دەتوانێ نیشان بدات کە چەندە سەرکەوتوو بوین لە بوار و کاری خۆمان دا، ئەوە یەکێک لە فاکتەرەکانە هەمووی نیە. ئەگەر سەرکەوتوو بوە ئەوە دەبێ بە هەموو لایەکمان پشتیوانی بکەین ئەگەر نا پێویستە شانسی تر تاقی بکەینەوە. ئەوەندە ئاسان.

بێ گومان کە دەڵێم بەڕێوەبەری سەرکەوتوو مانای ئەوە نیە بۆ دەرباز بوون تەنیا پێویستیمان بە ڕووخساری نوێ هەیە بەڵکو لە هەمان کات دا چوارچێوەو ساختارو ڕێساو و یاسای نوێش پێویستە، ئەوە ئەسلێکی پێشکەوتنی کۆمەڵگا و حیزب و شۆڕشە کە سەردەم پێش دەکەوێ پێداویستی نوێ دێتە کایەوە ئەوانە سەرکەوتوو دەبن کە لە گەڵ سەردەم و پێداویستیەکانی خۆیان دەگونجێنن.

بەڵام هەمووی ئەوانەش کاتێک دێتە دی کە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێز دا بیروو بۆچوونی خۆمان بگەینین ئەو کات ئەگەر هەمیشە وا نەبێتیش بەڵام زۆر جار هەبووە کە زۆرینە حوکمی باشی داوە ڕێز لە حوکمی زۆرینە بگرین تەنانەت ئەگەر بە دڵمان نەبوو.

ئەلبورز ڕۆئین تەن

Website | + posts