بەرگری لە ڕۆژئاوا

بەختیار عەلی

بەرگری لە ڕۆژئاوا بەرگرییەکی سیاسی یان ئینسانی ڕووت نییە. بەڵکو بەرگرییەکە کە دەموچاوی ڕاستەقینەی سیاسەت لە جیهانی ئەمڕۆدا نیشاندەدات، سیاسەتی تورک و کۆمەکی ترامپ و پۆتین بە ئۆردوگان سەرەتای کۆتاییە بۆ ئەو دەموچاوە هیومانیستییەی کە گلۆباڵیزمی سیاسی دەیویست بیداتە خۆی.

دڕندەیی سوپای تورک بەشێکە لە دڕندەییەکی گەورەتر کە لە هەموو ناوچەکەدا بڵاوبۆتەوە، لەیەکدانی وەحشییەتی دەوڵەتی ناسیونالیستییە لەگەڵ دیوە بەربەرییەکەی کەپیتالیزم و گلۆبالیزمی نوێدا. لەم دۆخەدا دەوڵەتی ناسیونالیستی تورک بە هەموو هێزێکی دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت کە فۆرمی دەوڵەتی ناسیونالیستی زیندووە و بەهایەک نییە لەسەرو بەها سیاسییەکانی دەوڵەتی ناسیونالیستییەوە، سیستمی گلۆباڵیش دەیسەلمێنێت کە سیستمێکە تەنیا هاتوچوی ئازادی کاڵا و پارەی بۆ گرنگە.

ئەوە ترامپ نییە بە تەنیا کە مرۆڤی بۆ گرنگ نییە، بەڵکو تەواوی سیستمی گلۆباڵە کە لەسەر لەبیریکردنی ئینسان دروستبووە.

هەموو ئەو وەهمانەی کە لیبراڵە نوێکان لەسەر گلۆبالیزەیشن بڵاویاندەکردەوە، کە گوایە بەهای سیاسی و ئەخلاقی گلۆبال دروستدەکات و ئەخلاقێکی نوێ دەهێنێت، لێرەدا کۆتایی دێت. گلۆبالیزەیشن وەک هاوکارێکی دڕندەی دەوڵەتی ناسیونالیست دەردەکەوێت.

ئەم جەنگە هەوڵێکی دەوڵەتی تورکە بۆ دەرچوون لە قەیرانی ناوەکی کۆمەڵگای دابەشبووی تورک. تورکیا لە ئێستادا لەبەردەم دابەشبوونێکی قووڵدا دەژی، ئەو بەشەی تورکیا کە چاوی لە خۆرئاوایە، قووڵ لەو بەشەی جیابۆتەوە کە چاوی لەسەردەمی خەلیفەکان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامییە. تورکیا لە ناوەوە و دەرەوە تووشی کێشەی جدی بۆتەوە. ئەم دۆخە واپێویست دەکات، ئۆردوگان ترس لە کورد زیندووبکاتەوە، بۆئەوە پێویستی بە جەنگێکە تا ترازانی ناوخۆ رابگرێت و یەکێتییەکی فاشیستیانە لە نێوان پارچە لە یەک ترازاوەکانی کۆمەڵگای تورکیدا دروستبکاتەوە و خۆی وەک بەرگریکار لە تورکیا نیشانبدات.

ئەم دەوڵەتە مێژووی خۆی لەسەر جەنگ بونیادناوە، لەسەر ئینکارکردنی شوناسەکانی تر، لەسەر دروستکردنی دۆخی جەنگ. ئەوەی لە بەردەم کورددا ماوەتەوە، بەکارهێنانی هەموو شێوە شەرعییەکانی بەرگریکردنە لە خۆ. ئەمڕۆ جگە لەوەی هەوڵبدەین دەموچاوی فاشیزمی دەوڵەتی تورک زیاتر دەربکەوێت، ڕێگایەکی ترمان نییە. ئەمڕۆ کێشەی ئێمە ئەو کێشەیەیە کە پارادۆکسەکانی ناو سیستمی جیهانی زەقتردەکاتەوە، ڕووی نائەخلاقی خۆرئاوا زیاتر ئاشکرادەکات. ئێمە جگە لە ئیرادەی خۆمان و هێزی بەرگری خۆمان، هێزێکی راستەقینەی ترمان نییە. جگە لەوەی کە چەکی ئیرادە و کولتوور و داهێنان بەکاربهێنین، جگە لەوەی بەرگری لە بەها ئینسانییەکان بکەین، هیچ ڕێگایەکی ترمان نییە. پێداگری لەسەر ئاشتی و لەسەر بەکارنەهێنانی چەک، پێداگری لەسەر مافی مرۆڤەکان و نەتەوەکان تاکە زمانە کەدەبێت قسەی پێبکەین.

فاشیستەکان نابێت بمانکەن بە فاشیست. من خۆم پێم باشترە وەک مرۆڤ بمرم نەوەک دڕندە بژیم. جوانی خەباتی ڕۆژئاڤاش لەوەدایە کە خەبات و بەرگرییەکە لە ترۆپکی مافی ئینسانەوە هاتووە بۆ بەرگری.

بەرگی ڕۆژئاوا بەرگریی میللەتێکە کە قەدەرێتی جەنگ لەگەڵ هەموو شێوەکانی فاشیزمدا بکات، بێئەوەی ئینسانییەتی خۆی بدۆرێنێت.

“بەختیار عەلی”
بەشێك لە نامەیەك بۆ «خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا»

Website | + posts