لە شاعر بۆ جێگری سەروک کۆمار

بەڕێز جێگری سەروک کۆمار

 

هەم بەجێهێنانی ئەرکە هەم شەرەفیشە بۆ من بە شیعر و وەرگێڕان خزمەتی گەلەکەی خۆم بکەم. (نەخاسمە بەکوردیکردنی واڵت ویتمان)
من کاردانەوەی بەڕێزتانم بینی، دوای بڕیاری لەپڕ و وێرانکارانەی سەرۆک ترەمپ لەسەر کێشانەوەی لەشکرەکەی لە باکووری سووریا و بەجێهێشتنی شەڕڤانانی دڵسۆزی کورد و خەڵکی سیڤیلی بێگوناه، بۆ ئەوەی لەشکری تورکیا و وەحشییە بەکرێگیراوەکانی قڕیان بکەن. لە کاتێکدا ترەمپ کارێکی سەرەڕۆیانەی کرد، ئێوە هەڵوێستێکی شەرەفمەندانەتان نواند. ئێوە وەبیرتان هاتەوە کە باکووری سووریا تاکە مەڵبەندێکی ئارام بوو، کە گەلان، بە ژن و مێرەوە، بە هەموو زمان و دین و مەزەبەکانەوە، پێکەوە بە ئاشتی دەژیان و قەتیش لەم مەڵبەندەوە، بەدرێژایی ئەو چەند ساڵەی هەبووە، دەستدرێژیی نەکردۆتە سەر تورکیا.

سەرۆک ترەمپ هەر بەوە قایل نەبوو هاوپەیمانانی بەجێبهێڵێ، بەڵکو کەوتە سەودا و مامرەت لەگەڵ ئەردۆگان. ڕێی بەوە دا خاکی کوردان داگیر بکا و باری دێمۆگرافیش بە هەوەسی خۆی بگۆڕێ.

ئەگەرچی کورد نەتەوەیەکی گەورەیە، بەڵام دەوڵەتی نییە. سەرۆک ترەمپ هەڵەی کرد کە وای زانی دەتوانێ نەتەوەیەکی وا بفرۆشێ و بکڕێ. ئەوەی لەبیر چوو، کە کورد ڕەگیان قووڵ و نەفسیان بەرز و خۆبەهەند گرن.

بەڕێز بایدن، جێگری سەرکۆمار، با کۆک بین لەسەر ئەوەی، ئەو گەلی کوردەی بەعەزرەتە لەسەر خاکی دیرۆکیی خۆی بەئاشتی بژی، لەدواییدا دواڕۆژ هەر دەباتەوە. دە لەگەڵمان بن، وەک چۆن پێشتریش لەگەڵمان بوون. لەگەڵ ئێمەیەک بن، کە بە تاریکترین ڕۆژانی مێژووی پڕ لە چەرمەسەری و کارەساتبارماندا تێدەپەڕین.
پشتگیری بکەن لە ناوچەی دژهەفڕین بە سەرپەرشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
کۆتایی بێنن بە ئاوارەیی و دەربەدەری. بەشێک بن لەو ئاشتییەی بەڕێوەیە.

هاوپێچ لەگەڵ ئەم نامەیەدا چاپی پێشوەختەی دیوانی خۆم بەزمانی ئینگلیزی دەنێرمە خزمەتتان، وەک نیشانەی پێزانینی ئەوەی بۆ دۆزی ڕەوای ئێمەتان کردووە. ئەگەر پێویست بکا، دەکرێ بە ناونیشانی وەشانخانە ئەمەریکاییەکەمەوە، کە لە سەرەوە نووسراوە، پەیوەندیم پێوە بکرێ.

Website | + posts