تاتڵیسەکانی ناو کورد

شاهین کەریمی

من هەمیشە لەوە بێزار و نیگەرانم کە سنوورەکانی ئێمە وەک نەتەوە لەگەڵ داگیرکەران و کۆڵۆنیاڵیستەکانی کوردستان(عەجەم، عەرەب، تورک) کاڵ ببێتەوە و وەک یەکمان لێ بێت.
لە دۆخی سڕینەوە و لاوازبوونی سنوورەکان و کۆڵەکەکانی ناسنامە، ئەوە ئێمە نین کە زاڵ دەبین، بەڵکوو ئەو، بەهۆی سیستەم و ئەزموون و پەروەردە و دەسەڵات و وەزارەت و تەلەفزوێن و پۆلیس و بووجە و هتد، بەسەر ئێمەدا زاڵ دەبێت و ناسنامە و زمان و سایکۆلۆژی خۆی بەسەر ئێمەدا دەسەپێنێت.
ڕوانگەیەک لە ناو کوردەکاندا هەیە کە دەڵێت ئێمە لە ڕێگەی هەنارەی کەلتووری و موزیک و کۆمەڵایەتییەوە، ڕەسانەیەتی خۆمان دەناسێنین و ئەوان ملکەچ دەکەین کە ڕێزمان لێ بگرن و دانمان پیا بنێن.
بەڵام، ئەم هەناردکردنی کولتوورییە، لە کۆتاییدا تەنیا دەبێتە دەوڵەمەندبوونی ئەوان و عەجەماندن/فارساندنی ڕەسەنایەتی خۆمان، لێرەدا موزیک و دەف و گۆرانی، کە دواتر نموونەیەک ئاماژە پێ دەکەم.
لە ڕاستیدا، بۆ ئێمە وەک نەتەوەی داگیرکراو، باشترین رێگە ئەوەیە کە خۆمان و ڕەسانەیەتی خۆمان بپارێزین. یەکێک لە ڕێگەکانی ئەم پاراستنەش، تێکەڵ نەبوون و دوورکەوەتنەوە و پاراستنی مەوداکانە.
هونەرمەندێکی کورد بە ناوی زانیار حیسامی نەو، لە تاران فێرگەی دەفی داناوە و مێلۆدییە کوردییەکان فێری فارس دەکات. واتە لە ڕاستیدا، فارس فێر دەکات و دەوڵەمەندی دەکات کە لەو چەقبەستووییەی لە دەزگاکانی موزیکی خۆیان وەک شوور و ماهوور و چهارگاه ڕزگاریان بێت و دەوڵەمەندیان بکات.
ئەم فێرکردنە/خزمەتکردنە، شتێکی بۆ کورد تێدا نییە و هەرگیز فارس سوپاسی کورد ناکات بۆ ئەو گەنجینە مەزنەی کە دەیخاتە خزمەتی، وە هەرگیز سەرچاوە و ڕەسەنایەتی ناپارێزێت و ئاماژە بە مێلۆدییە کوردییەکان ناکات، بەڵکوو خۆی پێ خەنی دەکات و دواتر وەک جیهانی فارسی بە کورد و خەڵکی تری دەفرۆشێتەوە.
ئەنجام
جارانی تر فارس خۆی دەهات و دەیبرد، ئێستە خۆمان بۆیان دەبەین و شانازیشی پێوە دەکەین، بەشکوو پێمان بێژن کوڕە خاسەکە.
نا بۆ تێکەڵبوون و خزمەت بە عەجەم.

وێنەی ناوبراو

Website | + posts