مانای ژیان چییه

زیاد ئەسعەد

ساڵی ۱۹۳۱ ویل دوڕانت (۱۸۸٥-۱۹۸۱)، نووسەر و فەیلەسووفی ئەمەریکی، کاغەزێک بۆ بێرتراند ڕەسێڵ، فەیلەسووفی بریتانی، دەنووسێت: “ٚ[…] ڕوو دە ڕووی پرسیارێکی زۆر گرنگ بوومەتەوە کە پێم وایە نەوە دوای نەوەی پاشی ئێمەومانان بە گیر بێنێت. جا دەبەردام لە کتێبی ئەم جارەمدا چەند سەرەداوێکی وەرامی پرسیارەکەم دە مست خوێندەوارانی بەسەروسەلیقە و پرسا بنێم. بیرم کردەوە پرسیاری خۆم لە کێ بکەم، لە کێ نەکەم.. لە تۆ باشترم شک نەبرد. ئەوە من بۆ وەرامدۆزی ڕووم لە جەنابت نا و دوای عەرزی پرسیار، چاوەچاوی نامەی شیرینی هێژاتانم. پرسیارەکەم ئەوەیە: مانا و بایەخی ژین چییە؟!
ڕەسێڵ بەکورتی نامەکەی دوڕانت وەرام دەداتەوە. دوای سڵاوداخستن و سوپاس سوپاسی لوتفی نامەنێر، دەنووسێت: “[…] دوڕانت گیان، زۆر زۆرت تکای بووردن لێ دەکەم! چەندی کردم و کۆشام نەمتوانی پرسیارەکەت وەرام بدەمەوە. دەبێت بمبووریت. حاڵی حازر هیچ مانایەک لە ژینی خۆمدا شک نابەم. ئەوی ڕاست بێت، چەند ساڵە ئەو پرسیارە چەتوون و دژوارە بۆ بەرسڤی خۆی هەڵی‌پێچاوم، بەڵام دەڵێی چی کە ئەوەندە سرکە و بە دەستەوە نایەت!”
[…] خەڵکی دەبینن هەموو دەم خەریکی ئیشوکارم و هەر وا دەردەکەوێت بە بەرهەم و کاروبارم شاد و بەختیار بم، بەڵام هەیهات وا نییە!
ئەوی ڕاست بێ، لێم بووە بە خوو قەت بێ کار دانەنیشم. پێم خۆشە هەمیشە شتێکم بە دەستەوە بێت. بۆیەش دەچمە دەرێ و بە دۆستایەتی و خۆشەویستیی خەڵک دڵ گەرم دەکەم تا هیچ نەبێت باری گرانی بێهوودەیی و ناهومێدیی ژینی خۆم نەختێک لێ سووک ببێت. بەڵام هەیهوو.. هەیهوو.. وەها لە دەست نەچوومە بە فڕوفیشاڵ و درۆ و کەڵەکان بتوانم ئەم دڵە سەگەم ڕاگیر بکەم.. ئەو دەمانەی کەسم لەکن نییە و بەتەنێم، زۆر نزیکە پەڕوباڵم لێ بڕوێن. جا خوا نەکا دەست بەتاڵ بم.. نازانم چۆن بە خۆم بڵێم کە ژینم خاڵی لە مەبەست و ئامانجە. نازانم بە چی دڵی خۆم بدەمەوە کە چاو لێ دەکەم ئەو تەمەنەی ماومە ترووسکەی هومێدی پەیدابوونی مەبەست و ئامانجێکی ڕاستەقینەی تێدا بەدی ناکەم..”
| بە یادی هاوڕێیەک کە یەکەم جار لەگەڵ وی باسی ڕەسێلم کردەوە و دەمێکە هیچ هەواڵم لێی نییە.
وێنە: بێرتراند ڕەسێل خۆی ئامادە ئەکات، وتاری دژی چەکی ناوەکی بخوێنێتەوە. مەیدانی ترافالگار، ۱۹٦۱

Website | + posts