پەروەردەی نیشتیمانی و خوێندنی کوردی “پارە ناکات”!


د.دڵشاد زاموا

Dlshad Zamua


ئەو رۆژەی بەهاری ساڵی ١٩٩١ کە ڕاپەڕین دژی دیکتاتۆرکرا،
شڕەخۆری و تاڵانچێتی برەوی سەند، پەلاماری دام و دەزگای
نیشتیمانی درا و تاڵانکران، تاڵانچی پێش ئەوەی هەر
کەلوپەلێکی دام و دەزگایەک بە کۆڵیدا بدات، لە تاڵانچییەکی
تری ئەپرسی”ئەمە پارە ئەکات؟!” هەموو شتێک تاڵانکرا، تەنها
کتێبەکان نەبێت!
ئیتر لەو رۆژەوە تاڵانچییەکان بەشێکی زۆریان بوونە بەرپرس و
کاربەدەستی ئەم نیشتیمانە، و ئێستاش تاڵانچییەکان هەمان
پرسیار دەربارەی هەموو شتێکی مادی و نامادی ئەم
نیشتیمانە لەیەکتر دەکەنەوە، تاڵانچییەکان لەهەموو
جومگەیەکی دەسەڵاتی ئەم نیشتیمانەدان، لە
کۆبوونەوەکانیاندا دەربارەی بەڕێوەبردنی حکومەت، لەباسی
نەوت و شوێنەوار و پەروەردە و کەلەپور و زمانی کوردی و
خوێندن و زانکۆ و بازاڕدا هەر پرسیارەکەی ئەوەڵ ڕۆژی
ڕاپەڕین لەیەکتر دەکەنەوە، و دەڵێن “پارە ئەکات”؟!
ئێ دیارە زانکۆ و قوتابخانەی نیشتیمانی بە مامۆستا و
فێرخواز و کتێبییەوە بە دیدی تاڵانچییەکانی ڕاپەڕین “پارە
ناکەن” و پارەیەک پەیدا ناکەن کە بەرپرسان لەڕێگەی سەرانە و
زەوتکردن و شەریکی بێ سەرمایەوە گیرفانیانی لێ پڕ بکەن.
لەبەرئەوە نەک دوو مانگ، سێ مانگی تریش هەموو پەروەردە
و قوتابخانەی ئەم نیشتیمانە دەرگەی دابخرێت، و نەوەیەک
خوێندنی بفەوتێت و نەخوێندەوار دەربچێت، بەرپرسی
تاڵانچی نیشتیمان باکی نییە، چونکە خوێندنی نیشتیمانی
“پارە ناکات”.
دایک و باوکی مناڵانی ئەم نیشتیمانە و مامۆستاکانیان باش
بزانن، کە داخستنی قوتابخانە نیشتیمانییەکان، ئاواتی
تاڵانچییەکانی دەسەڵات و تاڵانچییەکانی بەناو موعارەزەن،
چونکە، تاڵانچی دەسەڵات و موعارەزە، هیچیان مناڵی خۆیان
لە پەروەردەی نیشتیمانی دانەناوە، و زۆربەیان خۆیان باخچە و
قوتابخانە و زانکۆی ئەهلی کۆمپانیاکانی خۆیان هەیە.
داخستنی دەرگەی قوتابخانە، بۆ بەرپرسی تاڵانچی خاوەن
بەناو “کۆمەڵگەی پەروەردەیی نێودەوڵەتی” دەرفەت و
دەستکەوتێکی لەبن نەهاتووە، بۆ ئەوەی لە هەر منداڵێکی ئەم
نیشتیمانە ساڵانە چەند هەزار دۆلارێک لە دایک و باوکی بە
تاڵانبەرێت لە پای خوێندنێکی ڕووکەشی ناوبۆشی لە
نیشتیمان و زمانی دایک دابڕی مناڵەکانتان.
بۆ بەرپرسانی بەناو موعارەزەی لە ژێرەوە شەریکی بەرپرسی
تاڵانچی خاوەن خوێندنگەی ئەهلی و کۆمپانیا و تەلەفزیۆنی
ئەهلی، بایکۆت دەستکەوتێکی فرە جەمسەرە، چونکە هەم
وەک بەرپرسانی تر بە هەزاران مناڵی تر دەچنە قوتابخانە
ئەهلییەکانی کۆمپانیاکانی ئەو بەرپرسە بەناو موعارەزانەوە.
هەم لەلایەکی تریشەوە، مامۆستای بایکۆتچی سەرجادە و
خۆپیشاندان دەکاتە کاڵایەک بۆ برەودان بە هەڵمەتی
هەڵبژاردن و گەوجاندنی دەنگدەری بێ زاکیرە.
گێچەڵی ڕاگەیاندنکاری موعارەزە بە مامۆستای ناڕازی
سەرجادە، هیچی کەمتر نییە لە گێچەڵی بەرپرسی تاڵانچی،
چونکە بەناو “ڕاگەیاندنکاری” ئەم سەردەمە گرنگ ئەوەیە لەلای،
پەمپی خەڵک بدات، بیکاتە مەیمون و هەڵیپەڕێنێت، یان
پەستی بکات، و هەر وازی لێ نەهێنێ، تا قسەیەکی پێ
دەکات، گرنگ نییە، قسەکەی بێ مانایە، یان نا، قسەکە بە کێ
دەڵێ، تەنانەت ئەگەر قسەکە بە راگەیاندنکارەکەش بڵێ هەر
بڵاوی دەکاتەوە، چونکە ئامانجی بەشێکی زۆری دەزگای
ڕاگەیاندنی ئەمڕۆ بە جەماعەتی (سێبەر) و (بەر هەتاو)یشەوە،
هەمووی لەوەدا کۆ دەبێتەوە، چۆن خەڵک سەرقاڵ بکەن، شەڕ
و دووبەرەکی لەناو خەڵکدا بنێنەوە، خەڵک بەکاربهێنن بۆ
ڕیکلامی هەڵبژاردن…سەرقاڵیان بکەن بەیەکترەوە، تا دزەکانی
پشت پەردە و بەر پەنجەرە بە بێ خەمی تاڵانچێتی خۆیان
بکەن.
جاران دز و ڕێگر هەر یەک دەستەبوون، لە دەربەندێکدا لە
ڕێگەی کاروانچی تاڵانییان دەکرد. ئێستا نەک دز،
سەردەستەی چەتەکان ناوندراوە “بەرپرسی گەندەڵ”. ئێستا
دزی و تاڵانی نیشتیمانیان بۆ خۆیان داناوە، و ڕێگرییەکەش
بۆ خەڵک، مامۆستا موچەی نییە، خوێندکار دەرماڵەی نییە، با
بڕوات ڕێگری بکات، جادە و شەقام دا بخات، خۆ بەرپرسی
ئێستا وەک پار بینیمان رۆژی خۆپیشاندان و ڕێگە و شەقام
داخستن بە هەلیکۆپتەر لەم کۆشکی شار دەچوونە ئەو
کۆشکەی تریان.
پەروەردەی نیشتیمانی و خوێندنی کوردی پارە ناکات، ئەگەر
لە بری بایکۆتی پەروەردە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی و
باج و دەرامەت، هاتوچۆ و گومرگ بایکۆتیان بکردایە، نەک
دوو مانگ، بگرە نەیان دەهێشت دوو کاتژمێر بایکۆت بکەن،
بە هەڕەشەبێت یان خۆشی دەیانبردنەوە سەر دەوامەکەی
خۆیان، چونکە ئەو شوێنانە “پارە پەیدا دەکەن”، وە نەبێت
کارمەندانی ئەوێ لە ناز و نیعمەتی ئەو پارەیە موچەکانیان
وەربگرن.
دایک و باوکان، مامۆستایان، هەموو دەبێت ئەوە بزانن، کە
چارەنووسی نەوەکانمان و خوێندنیان دەخەینە بەردەستی
بەرپرسانێکی تاڵانچی کە هیچ سوودێک لە پەروەردەی
نیشتیمانی و خوێندنی کوردیدا نابینن، چونکە بۆ ئەوان
پەروەردە “پارە ناکات”، یان ئەوەتا مامۆستایان بیر لە
چارەیەکی تر ئەکەنەوە، و چیتر خۆیان ناکەنە کاڵای بەردەم
کامێرای ڕاگەیاندنی بەرپرسانی تاڵانچی دەسەڵات و
موعارەزە، بەرپرسانی تاڵانچی، نەوەیەکی نەخوێندەواریان
دەوێت، چونکە ئەو نەوەیە دەتواندرێت بکرێتە چەکدار، شەق
وەشێن لە مامۆستا و پیر و ژن، بەڵام ناتوانێت بیر بکاتەوە و
پێش بکەوێت، یان شۆڕشێکی ڕاستەقینە بکات.
لە رۆژهەڵاتی نیشتیمانی داگیرکراو لە شاری سنە، مامۆستا
زارا لەسەر خوێندنی کوردی زیندان دەکرێ، و لەباشوری
نیشتیمانی “ئازادکراویش”، هەموو مامۆستایان و خوێندنی
نیشتیمانی ڕیسوا دەکرێن، مامۆستا زارا زۆر خۆی بە
بەختەوەرتر دەزانێت لە مامۆستاکانی باشور، چونکە ئەزانێت
دوژمن وای لێ دەکات، دوژمن دژی وشە و زمان و پیتی
کوردییە، بەڵام مامۆستایانی باشور، ئازاریان بە هەزارە،
چونکە ئەزانن، دوژمنی خوێندنی کوردی و پەروەردەی
نیشتیمانی هاوزمانی خۆیانە، هاوزمانێک دوژمنی شا
گەشکە کردووە، و دۆستیش پەست و خەمبار!

Website | + posts