لەمەڕ وشەی کاک


ئەم وشەیە لە کوێوە دێت؟

هێدین

ڕەنگە هەر کەسێ ئەم پرسەی بۆ هاتبێتە پێش و لە خۆی پرسیبێ: کاکە یانی چی و بە چ مانایە؟
هاوکارێکم هەیە، هندی یە، ناوی سینگە. لێم پرسی ئەم سینگە بە چ مانایە؟ گوتی ئێمە سیکین، لەناو ئێمەدا بۆ هەموو پیاوێ سینگ بەکار دێ و بۆ هەموو ژنێک کەور.
زانیم سینگ جۆرێک پێشناوە وەک “کاک”ی کوردی بۆ پیاگ و، ست و دێ بۆ ژنان.
بەڵام وشەی کاک کە ئێستا هەمووان پێیان وایە جۆرێک وشەیە بۆ ڕێزگرتن و بەس، مانایەکی مێژوویی و کولتوری تایبەتی هەیە، جۆرێک ناسنامەیە. هەژار کە لە پێشەکی شەرەفنامەدا لەجیاتی کەی خەسرەو، پاتشای ساسانی، دەنووسێ “کا خەسرەو” بەڕێکەوت لەم شتە نزیک دەبێتەوە، بەڵام بیری بۆ ئەوە ناچێ کە فەلسەفەی پشتەوەی کاک و کەی بناسێ و ڕوونی بکاتەوە.
لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکەم: یەکەم، کورد لە زمان، دین و کولتوردا نەوەی کەیانیان/ مادەکانە. کە هەر دوو ناوی کەڤی و کەیانی لەگەل وشەی کاک خزمن. بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە کەیانی بە چ مانایە؟
دووهەم، خەڵکی “کاکەیی” لای کەرکووک کە بە دین یارسانن، باشتر لە کوردانی تر دین و کولتوری کەیانیان پاراستووە. لێرەدا خودی ناوی کاکەیی نیشانەیە و هاوار دەکا…
سێهەم، ئەم ناوە دەگاتەوە بە ژنخودایەکی میدی کە لە میتۆلۆژی ئێمەدا زۆر مەزن و خاوەن شکۆیە. بەجۆرێک کە ئێستاش بە زۆری لە زمان و کولتوری کوردی دا زیندووە. لە گاتادا کە یەکجار ناوی دیاکۆ هاتووە، ئەڵبەت ناوی ڕەمزی، هەمان ناو کە ئێستا لای یارسان و ئێزیدیان زیندووە، ناوی ئەم ژنخودایەش لەگەلی هاتووە. لە یەشتیش دا هەر جارەو کە ناوی دیاکۆ دێت، ئەم ناوەی لەگەل دێت. ئەم پرسە کاتێ گرنگتر دەبێ، کە وەختێ ئەهورا مەزدا داوا لە دیاکۆ دەکا کە ببێ بە پێغەمبەری وی، دیاکۆ قەبووڵی ناکا. لە وەڵام دا دەڵێ: “من بۆ ئەوە پەروەردە نەکراوم کە پەندێر و پێغەمبەری دینی تۆ بم!“
ئەمە پرسێکی یەکجار گرنگە لە مێژووی ئەندێشەی بەشەردا کە تا ئێستا بەدروستی نەناسراوە و ڕاڤە نەکراوە. هەر پێغەمبەرێ کە وەها پێشنیارێکی پێکراوە، لە خۆشیا گەزێ زمانی دەرهێناوە و دواتر بووە بە پاسەوانی دینێکی سەرکوتگەر و تۆتالیتر. بەڵام دیاکۆ قەبوڵی نەکرد. وای چ شکۆ و شانازییەک لەم شتە دایە!
ئەوە بوو کە دواتر ئەهورا مەزدا لە دیالۆگ لەگەل زەردەشت بەگلەییەوە باسی ئەم پرسەی کرد، وتی بەر لە تۆ پێشنیاری پێغەمبەریم بەو کردووە، بەڵام ئەو قەبووڵی نەکردووە… لامەسەو ئەو قەبوڵی نەکرد!
هەر بۆیە دیاکۆ لە گاتادا بە کافر و بە لادین ناسێندرا. بارتۆلۆمە و هیرتسفیلدی ئاڵمانیش کە بەم خاڵە گەیشتوون، وەک باقی کاوڕەکانی ئاکادمی لێی تێنەگەیشتوون. هەر ژاژیان داوە و قسەی موفتیان کردووە. ئەڵبەت خاڵی گرنگ لێرە دایە، چما دیاکۆ لە گاتادا کافرە، بەڵام لە یەشتەکان دا بەفەڕترین و مەزنترین کارەکتەرە؟!
دیاکۆ بۆیە ئەو پێشنیارەی قەبووڵ نەکرد، چون لە کولتوری ژنخودایی دا دەڵاڵ و پێغەمبەر هیچ مانایەکی نییە. مرۆڤ ڕاستەوخۆ لەگەل سروشت، لەگەل خوەدا/ خوەزا، لە پێوەندی دایە و خۆشی دەتوانێ ببێ بە خودا… وشەی کاک و کاکەیی لە ئاوا کولتورێکەوە دێت…
تا ئێرەو، پێم وایە ئاوا ئاماژەیەک بەس بێ.
“ئەو شایە کە لە پەرسگەی دلفەوە دێ، خۆ هەموو شتێ بە زماندا ناهێنێ، تەنیا بە ئیشارە دەدوێ.
ئاماژەیەک دەکا و دەڕوا

Website | + posts