د. كامەران مەنتك
پەیامێك بۆ هێزە نیشتمانی و رۆشنبیرە دڵسۆزەكانی كوردستان
20\1\2026
ئەو شەڕەی لە رۆژئاوا روودەدات دەرئەنجامی رێكەوتنی زلهێزەكانە لەسەر داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەكەو جیهان بەگشتی، بۆیە شەرێكی نابەرابەرەو هەرگێز ناكەوێتە چوارچێوەی شەڕ بە چەمكە زانستییەكەیەوە، ئەوەی روودەدات پڕۆسەی كوشتن و لەناوبردنی میللەتێكە، راستە گیانی قوربانیدان و خۆبەختكردن لە رۆژئاوای كوردستان لە لوتكەدایە، بەڵام ئەو هێرشەی دەكرێت، هێرشی چەند دەوڵەتێكە، تەنانەت دەتوانین بڵێین هێرشی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە بۆ سەر گەلێكی ئاشتیخواز، كە تەنیا دەیەوێت لەسەر خاكی خۆیدا بە ئازادی بژیت. بێدەنگبوونی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەو شێوە ترسناكەی ئێستا، بەشداریكردنێكی ناڕاستەوخۆیە لە لەناوبردنی گەلی كورد، ئەمە جگە لەوەی، كە هەموو دەوڵەتەكانی ناوچەكە، لەسەر لێدانی كورد رێككەوتوون، توركیا ئێراق، سوریا، ئیسرائیل، ئێران بەو شپرزەییەی خۆیەوە، هەموویان بەشدارن لەو شەڕە، ئەمە جگە لەوەی هیزەكانی كوردیش لەناوخۆیانەوە رێكنین و بەشێكیان ئیرادەیان لەدەست داوەو ناتوانن هەنگاوێكی پۆزەتیڤانە هەڵێنن.
وەك لە نووسینەكانی پێشوودا ئاماژەمان پێكرد، دەیانەوێت حكومەتە ناوەندییەكان بەهیز بكەنەوە، تۆم باراكی باڵوێزی ئەمریكا لە توركیاو نوێنەری ترامپ لە سوریا راشكاوانە ئاماژەی بەوە كرد، دەسەڵاتی لامەركەزی و فیدڕاڵی و … هتد شكستی هێنا پیویستە نەتەوەو كەلتوورە جیاوازەكان لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی یەكگرتوودا رێكبكەون، ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت، كە چارەنووسی كوردان جاریكی تر درایەوە دەست ئەو دەولەتانەی بەدرێژایی سەدەی بیستەم كوردیان جینۆسایدكرد. ئەمە مەترسییەكی گەورەیە لەسەر بوون و هەبوونی كوردو جێگەی داخە كورد تا ئێستا لەو هاوكێشەیە نەگەیشتووە.
ئەمە هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو كوردستان، پەیامێكە بۆ ئەو دەوڵەتانەی كوردیان بەسەردا دابەشكراوە، بۆئەوەی ئەوەی سڕیینەوەو لەناوبردنی كورد دەست پێبكەن، واتە هەموو لایەك دەیەوێت شەڕەكان لەسەر خاكی كوردستان یەكلایی بكاتەوە، ئەو حالەتە دەبێت بەهەند وەربگیرێت یەكێك لەو رێگایانەی، دەبێت بیگرێتە بەر پەڕاندنەوەی شەرەكانە بۆ ناو سنووری ئەو دەولەتانەی لە پشت پەردەوە گەلە كۆیی لەكورد دەكەن، دەبێت هەوڵبدرێت چوارچێوەی شەڕەكە فراوان بكرێت تاوەكو مەترسییەكە هەموو رۆژهەلاتی ناوەڕاست بگرێتەوەو بەرژەوەندی ئەو هیزانە بخرێتە مەترسییەوە، كە یاری بە چارەنووسی كورد دەكەن.
بۆ ئیدارەدانی شەڕیكی لەم شێوەیەش، دەبێت دەستبەجێ هێزە كوردیەكانی هەموو بەشەكانی كوردستان، ئەوانەی تا ئێستا كەمیك غیرەتی كوردایەتییان ماوەو نەبوونەتە خواجەو داردەستی داگیركەران، ئەنجومێەنێكی ئیدارەدانی ئەو قەیرانە پێكبهێنن و وەكو یەكەیەك مامەڵە لەگەل جوگرافیای كوردستان بكەن، بەمەش دەتوانرێت ڕووبەڕووی سیاسەتی پەرتكەو زاڵ بكە ببێتەوە، ئێستا دوژمنانی كورد دەیانەوێت پارچە پارچە خەونەكانی كورد لەگۆڕبنێن، سەرەتا لە رۆژئاواوە دەستیان پێكردووە، پەڕینەوەشی بۆ باشووری كوردستان لە ئان و ساتدایە، دەیانەوێت دوای ئەوەی لە ئیران دەدرێت كورد هیچ هێزێكی نەبێت بتوانێت هاوشێوەی دوای بەكۆتاهاتنی بلۆكی رۆژهەڵات و دەستپێكردنی بەهاری عەرەبی حالەتێكی دیفاكتۆ بسەپینێت، دەیانەوێت هەموو بەشەكانی كوردستان، بخەنەوە چوارچێوەی دەولەتە مەركەزیەكانەوەو لەرێگەی شەڕێكی نابەرابەرەوە ئیرادەی تێبشكێنن، ئەو شەڕەی ئێستا لە كوردستان دەگوزەرێت لە هەموو شەڕەكانیتری مێژووی كورد ترسناكترە، چونكە لەو شەڕەدا شكست نییە، بەڵكو دۆران هەیە، لەو شەرەدا كورد وا ەریكە خاك لەدەست دەدات و دیمۆگرافیای وڵاتەكەی دەگۆڕێت، بۆیە دەبێت وەكو یەكەیەك بەرەنگاری ئەو هەولە ترسناكە بێتەوە.
خۆپیشاندان و نارەزایەتی گرنگە، بەڵام وەك راستەقینەیەكی تال دەتوانین بڵێین بەشێكە، یاخود پلانێكە لە بەتاڵكردنەوەو پووچەلكردنەوەی تووڕەیی خەڵك، زلهێزەكان پێویستییان بەوە نییە داواكانی كورد بگەیەنرێتە گوێیان، چونكە ئەوان خۆیان سیناریۆكەیان داڕشتووەو سەرپەرشتی ئەو تاوانە گەورە دەكەن، ئەوەی گرنگە ئەو تووڕەییە ئاڕاستەی رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوژمنانە بكرێتەوە، كە ئەمڕۆ پەلاماری رۆژئاوا دەدەن.
- بڕیارەكانی دادگای فیدڕالیی چیمان پێدەڵێت!؟ - 01/21/2026
- بەرەو دامەزراندنی ئەنجومەنێكی كوردستانی بۆ ئیدارەدانی شەڕەكان - 01/21/2026
- ژن بۆ کیفاح یان بۆ جیهادی نیکاح ؟ - 01/18/2026
