تەجزیەتەڵەبی و سەربەخۆییخوازی

موسلیم ئەحمەدی


تەجزیەتەڵەبی چییە؟

تەجزیەتەڵەبی دەڵێ ئێمە دەمانەوێت لە ئێران (ئێراق، تورکیا، سووریا) جیا بینەوە، چونکوو حکوومەت دەمانچەوسێنێتەوە، زوڵممان لێ دەکا، مافەکانمان پێ ڕەوا نابینێ، لێمان دەکوژێ، گەنجەکانمان لەسێدارە دەدا، ناهێڵێ بە زمانی خۆمان بخوێنین، هتد. واتە ویستی تۆ مەرجدارە و ئەگەر دەوڵەت باشتر بجووڵێتەوە دەسبەرداری ویستی خۆت دەبی. ئەمە واتە تۆ لەبنەڕەتدا کێشەت لەگەڵ ئێرانیبوون (ئێراقیبوون، سووریبوون، تورکیەییبوون) نییە، واتە تۆ کوردستان بە داگیرکراو نازانی.

دەی ئەمە بەڕای من سەربەخۆییخوازی نییە، ئەمە جیاییخوازی یا تەجزیەتەڵەبییە. ئەمە جۆرێک کاردانەوەیە. بکەرێتی تێدا نییە. واتە ویستی تۆ، ئامانجی تۆ، کاری تۆ هەموو کاردانەوەیە لەبەرانبەر ئەوی تردا. واتە تۆ بکەرێتی، ناوەندێتی، دەسەڵات دەبەخشی بە تاران و ئەنقەرە و دەمیشق و بەغا و چاوت لە دەستی ئەوە بزانی چ دەکا. لەڕاستیدا ویستی نەتەوەیەک دادەبەزێنیتە ئاستی کایەیەکی مناڵانە. تۆ وەک کورد مناڵێکی کە دەگریت و دەناڵێنیت و ڕۆڵی باوک و دایک دەدەی بە فارس (تورک و عەرەب) کە ئەمەم دەوێ و ئەوەم دەوێ و ئەگەر نەمدەیتێ قار دەکەم و دەتۆرێم.


سەربەخۆییخوازی چییە؟ سەربەخۆییخوازی لەسەر بنەمای مافێکی زاتی یان پێشینی (a priori) بنیات نراوە. واتە تۆ دەڵێی کورد نەتەوەیەکی سەربەخۆیە و وەک نەتەوەیەک مافی بنەڕەتیی خۆیە چارەنووسی خۆی خۆی دیاریی بکا. ئەم مافە هیچ دەوڵەت و نەتەوەیەکی تر پێی نەداوە کە بتوانێت لێی بسێنێتەوە. دۆخی هەنووکەییی کوردستان دۆخی داگیرکراوی و پارچەپارچەکراوەییە. ئێران (ئێراق، سووریا، تورکیا) دەوڵەت نەتەوەی داگیرکەری کوردستانە و لە پارچەپارچەکردنی کوردستاندا دەستی هەبووە و بەدرێژاییی تەمەنی دەوڵەت نەتەوەکەی لە سەندەنەوەی دەسەڵات لە کورد و بە داگیرکراوی و پارچەپارچەکراوی هێشتنەوەی کوردستاندا دەستی هەبووە.

ئامانج ئازادکردنی خاکی کوردستانە، دەرکردنی داگیرکەرە، گەڕاندنەوەی بکەرێتی، دەسەڵات، سەروەریی سیاسییە. هیچ گرنگیش نییە دەوڵەت نەتەوەی داگیرکەر چلۆن هەڵسوکەوت دەکا، دێمۆکراتیک یان نادێمۆکراتیک. لێرەدا تۆ بەرکار نیت. لێرە تۆ بکەری. تۆ بڕیار دەدەی چ بکەی. هەڵسوکەوت و ئاکارت کاردانەوە نین. چاوت لە تاران و بەغا و ئەنقەرە و دەمیشق نییە. دەزانی چیت دەوێ و هەوڵی بۆ دەدەی.

بۆیەش لەو یەکەم هەنگاوەوە کە لەسەر ڕێی سەربەخۆییخوازی دەیپێوی هێز و متمانەبەخۆییت گەشە دەکا. پێچەوانەی تەجزیەتەڵەبی کە هەرچی بەرەوپێش دەچی شەرمێونتر و خوێڕیتر و ترسەنۆکتر دەبی