کڕین و فرۆشتنی نوخبە!

برایم فەڕشی

 

لە ساڵی ١٩٨١ و ٨٢ دوای هێرش بردنە سەر ماڵەکەمان لە تاران و ڕاپێچکردنی برایەکم بۆ زیندانی ئەوین، لە شارەکانی ورمێ و تەورێز بە نیوەنهێنی دەژیام. کۆمەڵێک لە دۆست و هاوکارەکانم(شانۆکار، نووسەر، شاعیر…) گیران و کوژران. بە ویستی خۆم پێوەندیم لە گەڵ زۆر لە نووسەران و شانۆکاران و هونەرمەندان و سیاسیکارەکان پچڕاند و تەنانەت چەند جارێک کە ڕووبەڕوی هاوکلاسی و دۆستەکانم هاتم لە تەورێز و تاران، خۆم لێ گێل کردن. دوا دیدارم لە گەڵ کۆمەڵێک لە دۆستان لە سنە و کرماشان بوو، ئەوان کە لە کۆنەوە دۆست و هاوکار لە بواری هزر و هونەر بە تایبەت شانۆ بوون. لە سنە لە “قاوە”خانەیەک کە تەنیا چایی تێدا دەخوارایەوە دانیشتبووین، لە مێزی تەنیشت ئێمە چەند سەربازێک بە زاراوەی ئیسفەهانی قسەیان دەکرد، دۆستێکم لێیانی پرسی” لە کوردستان چ دەکەن” وڵامیان داوە، بە “مەئموریەت” لێرەین. دۆستەکەم پێیانی گوت”سنە بۆتە موستعمێرەی ئیسفەهان”!
دەیان ساڵ لەو ڕۆژانە تێپەڕیوە، نەک سنە، سەرجەم کوردستان بە خاک و خەڵک و “نوخبەکانیەوە” موستعمرەیە، تا ئەو جێگایەی ڕەفتاری “ئیستعمارگەر” لە گەڵ خەڵک و خاک دڕندانەترە لە موستعمەرەچییەکانی سەدەی شازدە هەتا بیست کە ئاسیا و ئافریقا و ئامریکایان ڕووتاندەوە. ئاوی سنە گواستراوەتەوە بۆ قووم، ئاوی بۆکان بۆ تەورێز. گەنم و دەغل و دانی کوردستان نانی تاران دەدات. هەرچی کارگا و کارخانە و تیجارەتی کوردستانە بە فێڵی حکوومەتی و زەبروزەنگی ئەمنیەتی و نیزامی لە کورد ئەستێندراوە و دارودەستەی نیزامی و ئەمنیەتی و سیاسی حکوومەت بە هاوکاری ” تێکنۆکرات، بروکرات”ی کورد، هەڵیانلوشیوە.
دوو ساڵ بەر لە ئێستا لە گەڵ کەسێک بە تەلەفوون قسەم دەکرد، پییگوتم دەزانی هەر ئێستا دەنگی کێ لە بڵیندگۆی مزگەڤتەوە دێ، خۆی وڵامی داوە” دوکتور…”. دوکتور، ڕەفیقی سەردەمی مێرمنداڵی و سەردەمی لاویتەی و یەکێک لە کەسانی سیاسی و خاوەن ئیدئۆلۆژیی بوو. چالاکێکی بواریی دێمۆکراسی، مافی مرۆڤ، بەرابەری ژن و پیاو، عەداڵەتی کۆمەڵایی و لایەنگریی مافی نەتەوایەتی خەڵکی کورد هەتا جیابوونەوە و سەربەخۆیی. نەک دوکتور، دۆستەکانی تریشم کە زۆرینەیان پلەی باڵای خوێندنیان هەیە و هەبوو، چ لە کوردستان و چ لە دەرەوەی سنووری کوردستان، بوون بە خاوەنی کارخانە، شیرکەت و دامودەزگا و هاوکار و هاودەستی حکوومەت، سەمەد گوتەنی بوون بە”چۆخ بەختیار” و لە نیزامی ئیسلامی ئێراندا پلە و پایەیان پەیدا کرد. هەر لە سەر پێوەندی پێشتر چەند کەسێکیان لە ئووروپا بوون بە میوانم. جەرگبڕ ئەوە بوو، خۆیان باسی کارەکانی خۆیان دەگێڕایەوە و هەرچی کردبوویان لە چوارچێوەی سەرزەمینی ئێران، بۆیان ئاسایی بوو، ئەوان ئێرانی بوون و لە سیستەمی ئێراندا ڕۆژانە کاری ئاسایی خۆیان دەکرد.

ئەوە درۆیە کە ئیستعمار لە ڕێگای لەشکرکیشی، دەمێنێتەوە. هیچ ئیستعمارگەرێک لە ڕێگای نیزامی، نەیتوانیوە بۆ درێژخایەن بمینێتەوە. ئیستعمار لە ڕیگای کڕینی نوخبەوە جێگیر دەبێت و سینگی خۆی دادەکوتێ. پسپۆر و ئاکادمی و نووسەر و هونەرمەند و بوروکرات و تێکنۆکرات و پسپۆڕەکانی نەتەوەی داگیرکراو، دەبنە ستوون و کۆڵەکەی مانەوەی ئیستعمار.
لە ساڵی ١٣٥٧ هەتا ١٣٥٩ ڕژێمی ئیران دام و دەزگای جێگرکراوی نەبوو، بە دەگمەن جگە لە چەکداری پارەوەرگر، نوخبەی کوردی لە گەڵ نەبوو. ئێستا بە هەزاران هەزار نان و ئاوی سیستەم دەخۆن کە لە هەموو بوارێکدا دەوری موستەشار و مۆرەی حکوومەت دەگێرن، هەر لە مێدیاوە هەتا شانۆ و سینەما و کاری هونەریی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووریی، ئیداریی، نیزامی و پەروەردە. نان و ئاوێک کە دزراوی وڵاتەکەی خۆیانە و خوێنی لێدەچۆرێتەوە و دەرخواردی ئەوان دەدرێ.
ئەو کەسانەی بۆ وەرگرتنی دوو قڕان چەکیان بۆ حکوومەت هەڵگرتووە، حکوومەتیان لە کوردستان ڕانەگرتووە، ئەوانەی بوونەتە دەست و لاق و چاو و مێشکی ئیستعمار لە کوردستان نوخبەکانن. نازییەکان کاتی گرتنی پاریس لە پیشدا سەری نوخبەکانیان ژێ کرد، لە کوردستان سەری ئەو کەسانە ژێ کران و دەکرێن، کە نوخبەی نەتەوەکەی خۆیانن، نەک نوخبەی “ئیستعمار”گەران.
چارەڕەش ئەو کۆمەڵگایەی کە کەوتبێتە ژێر سوڵتەی ئەو چەشنە “نوخبانە”ی خۆی، کە مێشکیان بە پارە و کورسی یان بەلاش فرۆشراوە. ئەو دەم سنە بە چەند سەت کەسێک ئیسفەهانی، تارانی و قووم و مەشەدی کرابووە مستعمرە، ئێستا کوردستان لەم سەر تا ئەوسەری بە دەستی “نوخبە”ی کورد خۆی موستعمرە کراوە. ئەوەش یانی تڕاژێدی فکریی، سیاسی نەتەوەیەک، کە لە داگیرکەرەکەیدا خۆی دەبینێتەوە.

+ posts