مەتەڵی کوردانە و پرسیاری فەلسەفی



من کێم، یەک لەو پرسیارانەیە کە نەک بۆ مرۆڤی کورد، بەڵکوو بۆ مرۆڤی سەردەم پرسیارە. ئەم پرسیارە وڵامی هەمەچەشنی دەدرێتەوە. کۆمەڵێک خۆیان بە ئێرانی دەزانن و خۆیان لەواندا قاڵ کردووە و توواندۆتەوە، ئەویتر خۆی لە گەڵ ناسنامەی عوسمانلی و عێراقی و سووریی ڕێکخستووە. زۆرینەش خۆی لە ئیسلامدا دیتۆتەوە و حەول دەدەن ئەمڕۆ و دواڕۆژی کورد بە ئیسلامەوە هەڵواسن، هێندێک گەرەکیانە کورد لە ڕابووردودا بخنکێنن، ئەوانی دی هەموو ڕابووردو دەکەنە قووربانی ئەوڕۆژانەیان کە بە مودێڕن و پێشکەوتووی دەزانن.

لە بەینی ئەوانەشدا دەیان تیرە و ئایین و باوەڕ هەیە، کە لاینەگرانی لە جەغزی خۆیاندا دەسووڕێنەوە. جوغرافیای “من کێم” لە کوردستان گەلێک ئاڵۆزە و “ڕووناکبیر و نوخبە” لە خەڵکی ئاسایی ئاڵۆزتر دەنوێنن و خۆیان زۆرترین دەوریان لە ئاڵۆزکردنی پرسیار و وڵامی “من کێم”دا هەیە. “من کێم” لە جیاتی پرسیار، بۆتە مەتەڵ!

گەر ئەم توێژە بە سەدان ساڵ خۆی لە ناو ئایینەکان و نەتەوە و تیرەکانی دژ بەخۆیدا دیتبێتەوە و مریدی ئەم و ئەو بووبێ، ئێستا کە ماوەکەی لە سی ساڵ تێناپەڕێ، پەنجەرەیەکی تر بۆ خۆبێگانەهێشتنەوە و خولانەوە لە بیروهزری ئەم وئەودا دۆزراوەتەوە. ئەوەش لە زانستگا و بازنەی “ڕووناکبیر و نوخبە” و بە ناو فەیلەسووفی فارسەکانەوە دەستی پێکردووە و گواستراوەتەوە بۆ زانستگا و بازنەی “ڕووناکبیری” باشوور و ڕۆژهەڵات!

ئاوڕدانەوە لە بیروهزر و فەلسەفەی ڕۆژئاوا بە درێژایی سێ هەزار ساڵ بوونی، پێویستە و دەبوو کورد هەر لە گەڵ یۆنانییەکان ئەو رێگایەی بڕیبا، کە دەرفەتی مێژوویی هەڵبژاردنی ڕێگایەشی هەبوو. ئەوەی ئەمڕۆ دەبیندرێ چەرخەکە هەروەک پێشوو دەسووڕێ و لە پاڵ بازنەکانی پێشووی مورید و موراد، بازنەی مورید و مورادی نوێ پەیدا بووە، کە گەرەکیە خۆی بە مێتۆد و تئۆریی و تێگەیشتنی فەیلەسووفانی کۆن و نوێی ڕۆژئاوا گۆژ بکات، کە جگە لە ئاڵۆزی فرەتر، پرسیارەکانیان هەر وەک خۆی بێ وڵام دەهێڵێتەوە!

فەلسەفەی ڕۆژئاوا گەلێک سوودی دەبێ، گەر فراوانی بە بیر و تێگەیشتن ببخشێ و کەسەکە “سەر و تێگەیشتنی” هی خۆی بمێنێتەوە و نەبێتە لاساییکەرەوەیی “زەین و هزری” ئەو کەسەی کتێبەکەی دەخوێنێتەوە. چەپ و کۆمۆنیستەکانی کورد کتێبە بە فارسی و عاڕەبی و تورکی کراوەکانی مارکس و لەنین و ستالین و مائۆیان لە بن هەنگڵیان دەنا و ڕێک وەک مەلاکانی قوڕعانخوێن دەکەوتنە شەڕەقسە و شەڕە چەقە لە گەڵ یەک، شاعیر جێگای خودا و ستالین و لەنینی لە گەڵ یەک دەگۆڕییەوە و دەپاڕاوە کە ڕزگاریان بکات.

ئەمە بواری هونەر و فەرهەنگ و سینەما و شانۆشی گرتبووە و زۆرکەس کڵاوی لاریان لە سەری خۆیان دەنا و پێیانوابوو بوونەتە بڕێشت و ستانسڵاوسکی و…! کابرا ریش وسمێلی هەڵدەپاچی و خۆی وا دەنەخشاند کە سیمای لە سیمای ولادیمیر بچێ. سەرئەنجامی ئەم ڕێگایە، داماڵین لە خۆ و گەیشتنە نامۆیی و بێگانەبوون و وەڕەزبوون لە خۆ بوو.

هزر و بیر و فەلسەفە و تێگەیشتنی جیهان وەک سفرەیەک لە بەر دەستی هەرکەس و هەموو کەسدایە، بە تایبەت لە سەردەمی دیژیتاڵی، هەر ئەوە خۆی دەبێتە هۆی خۆ گووم کردن، خۆنەدیتنەوە. هەر وەک چۆن لە کەرەسەکانی سەردەم کەڵکوەردەگرین، دەبێ بیر لەوە بکەینەوە کە وڵاتی ئێمە کەرەسەی تایبەت بە خۆی دەوێ بۆ ئەوەی هەم بە ڕێگا ڕاستەکاندا بڕۆین و هەم بە شاخ و چیا و دۆل و لێڕەوارەکاندا تێپەڕین.

هاوکات کە ئێمەی کورد و وڵاتەکەمان بەشێک لە جیهانە، لە هەمان کاتدا دەبێ بزانیین خۆمان کێین. ئێمە لە ئاوێنەی بەرانبەرەکەماندا ناتوانیین خۆمان ببینیننەوە، ناتوانیین وڵامی پرسیاری “من کێم” لەوان وەرگرین. ئەوان سەدەکانە بە دڵی خۆیان ئێمە پێناسە دەکەن، بۆشیان گونجاوە لە بەر ئەوەی ئێمەی خۆمان وڵامی پرسیارەکانی خۆمان لە خۆماندا نەدۆزیوەتەوە. ئەو ڕووناکبیر و نوخبەیەی کە خۆی بە پێوانەی “ئوستادەکەی، مورادەکەی، پەیامبەرەکەی، خوداکەی” دەناسێنێ، “خۆی” نییە.

ئەمڕۆ بیرمەندان و فەیلەسووفانی سەردەم لە ڕۆژئاوا خۆیان ڕووبەڕووی گەلێک پرسیار بوونەتەوە کە وڵامی نوێی پێویستە، نۆیڕۆلۆژیی، دیژیتالیسم، فیزیک و ماتماتێک و گەلێک بەستێنی تر، گۆڕانیان لە ژیان و بیرکردنەوە و بایخ و نڕخەکانی پێشوو پێکهێناوە، کە فەلسەفە و فەیلەسووفی ڕووبەڕووی چەشنێک لە وەستان کردووە، بۆ ئەوەی بیر لە وڵامەکان و ئێستا و داهاتوو بکاتەوە.

کوردیش لە سەردەم و بارودۆخێکدا خۆی دەبینێتەوە کە زۆرێک لە پرسیارەکانی پێشووی وڵام نەدراوەتەوە و سەرباری ئەوە ڕووبەڕووی پرسیاری نوێ بۆتەوە، کە ئەو توانایە لە خۆی نیشان نادات، تاوتۆیان کات.
لەوە دەچێ “ڕووناکبیر و نوخبە”ی کورد نەک خۆی لە وەستاندا ببینێ، بەڵکوو لە گێژاودا دەسووڕێتەوە، کە ترسناک دەنوێنێ.

برایم فەڕشی

+ posts